دەکرێت شۆڕشی چەوساوەکان سەرکەوتووبێت …

نووسینی: عبدالرحمن رسول

تێکۆشانی بەدەستهێنانی نان و کارو ئازادی پێویستە تێکۆشانی هەموو دڵسۆزانی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتربێت. چەوساوەکان و کۆیلەکان بەردەوام خوێنیان داوە وشیلەی گیانیان لەلایەن چەوسێنەرانەوە مژراوە و بێڕوحمانە ئازارو ئەشکەنجەو چەوساونەتەوە. ئەوا لەقۆناغی ئێستا خۆشبەختانە مرۆڤە چەوساوەکان وشیاربوونەتەوە و هاتونەتە سەر خیابانەکان بەیەکگرتووانە داوای هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر دەکەن، کە هەموویان بێ جیاوازی ببنە خاوەن نان، کار، ئازادی، خۆیان و خانەوادە و هاوڕێکانیان ئاسوودەو خۆشگوزەران بژین. بۆئەوەی خواست و ئامانج و داواکاری چەوساوەکانی ناو خیابانەکان وشۆڕشگێڕانی ڕاپەریو بەدیبێت، دەبێت دڵسۆزانی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەری مرۆڤەکان باشتر بێنەمەیدان لەبواری تێکۆشانی کرداریدا. پێویسته تێکۆشانەکان تەنها لەچوارچێوەی نووسین وخستنەڕووی ئامۆژگاری وپێنشارەکان نەبێت، بەڵکو پێویسته باشتر لەڕابردوو هەنگاوبنێین.

ئەم وتەیەی کارڵ مارکس بۆ قۆناغی سەردەمی ئێستا زۆر گونجاو ڕاستە کە دەڵێت (کاتی تواندنەوەی تایەفە سۆشیالیستیەکانە لە بزووتنەوەی چینایەتیی پڕۆلیتاریادا )

هەر وڵات و کۆمەڵگەیەک بگریت بەگشتی و لەئێران وعێراق بەتایبەتی چەندەها حیزبی چەپ و کۆمۆنیست و شیوعی هەیە هەر یەکەیان خۆی پێ لەوانی تر سۆشیالیستی ترو چەپ وکۆمۆنیست ترە بۆ دڵسۆزیان بۆ هێنانەدی مافەکانی کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوەکانی کۆمەڵگە، بەڵام کاریگەرییان وەکو هێزی کۆمۆنیستی و چەپ لەسەر گۆرانکارییەکانی کۆمەڵگ زۆر لاوازە، سەرەڕای هەبوونی ڕادەی زۆری چەوسانەوە و نایەکسانی ونابەرابەری وبێکاری وهەژاری لەکۆمەڵگەدا، لەلایەکی تر هەبوونی وشیارییەک لەلایەن خەڵکی چەوساوە و کرێکار وهەژار بۆ هاتنە سەر خیابان وتێکۆشان بۆ هێنانەدی ماف وئازادییەکانیان، بەردەوام بوونی ناڕەزایەتی و تێکۆشانەکان وێڕای سووربوونی خیابانەکان و زیندانەکان بەخوێنی جەستەی ئازادیخوازان و چەوساوەکانی کۆمەڵگە. لەنێو ئەو ڕاپەرین و شوڕشەدا چەپ و کۆمۆنیست و شیوعییەکان بەهۆی پرش و بڵاویانەوە کاریگەرییان لاوازە و وەکو پێویست نییە کەبتوانن ببنە ڕابەرو سەرکردەی شۆڕشی چەوساوەکان لەقۆناغی ئێستادا، سەرەڕای تێکشکان وشکستی بەرەی ناسیۆنالیستی و دینی و بۆرژوازی لەنەخشەی ئیدارەدانی کۆمەڵگە و دەوڵەتدارییاندا.

ئەگەر حیزبە کۆمۆنیست و چەپ وشیوعییەکان بەقسەی کاڕل مارکس بکەن دەتوانن گۆڕانکاری داهاتوو کە بەهۆی شۆڕش و ڕاپەرینەکانەوە ڕوودەدات لەبەرژەوەندی چینی کرێکارو چەوساوەکاندا بێت، هێزی فکری مرۆڤایەتی وئازادیخوازی ویەکسانیخوازی تێدا بەهێز بکەن، کۆمەڵگە لەڕێگای شووراکانی خەڵکەوە ئیدارە بدرێت و نان، کار، ئازادی و ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەر بۆ چەوساوەکان بەدیبێت.

وشیاری خەڵک لەئاستێکی زۆر باشدایە بۆڕەتکردنەوەی بەدیل ودەسەڵاتی دینی وقەومی وحیزبی کە شایانی دڵخۆشی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز ویەکسانیخواز ومرۆڤ دۆستە. لەکاتی هەڵبژاردنی پەرلەماندا زۆرینەی خەڵک دەنگی بە دەسەڵاتداران و چەوسێنەری سەرمایەی ئێستا نەداوە. بەزۆر بەبێ خواستی خەڵک لەدەسەڵاتدان و وازیان لەدەسەڵات نەهێناوەو نە وازیان لە تاڵانی ودزی وگەندەڵی وسەرکوت هێناوە، ئێستا زۆرینەی خەڵک هاتونە سەرجادە دەڵێن ئێوەمان ناوێت لەجیاتی دەست بەرداربوون لەدەسەڵات دەیانگرن دەیان فڕێنن ودەیان وکوژن، لەبەندینخانەکاندا ئازارو ئەشکەنجەیان دەدەن، دواتر لەسێدارەیان دەدەن. کەچی بەرپرسانی دەسەڵات زۆر بێ شەرمانە هەرکە دێنە سەر شاشە تەلەفیزیۆنەکانیش دەڵێن داخوازیەکانی خۆپێشاندەران ڕەوایەو پشتگیری لێدەکەین. زۆرینەی خەڵکی ڕاپەریوی سەر خیابانەکان متمانەی بەوجۆرە قسەو بەڵێنانەی بەرپرس وچەتەکانی دەسەڵاتی چەوسێنەر نییە. خەڵک دەڵێت نابۆ دەسەڵاتی تائیفی وئاینی تاڵانچی وخوێنڕێژ، سەرکەوتوبێت خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی بێبەش  ناڕازی.

بەهۆی چەتەو مافیاکانی ئیسلامییەوە لەماوەی چەند ڕۆژێکی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران وکوردستان لەژێردەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێراندا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە زیاترلە۳۰۰کەس کراوەتە قوربانی و ٤۰۰۰ کەس بریندارە ۱۰۰۰۰ زیندانیکراون.

وەڵامدانەوەی بەم جۆرەی دەسەڵاتی سەرکوتی ئێران و هاربوونی ئەم فاشیزمە نیشانەی گۆڕ هەڵکەندنی خۆیەتی، چونکە ئەگەر ئەم جارەش بەزەبری هێزو کوشتن وفشارهێنان ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان خامۆش بکات ئەوە بەدڵنییایەوە هەر ئەو خوێنەی ڕژاوە دەبێتە کڵپەی شۆڕشێکی بەهێز کە لەڕەگەوە ئەوڕژێمەو سیستەمە بۆگەن و دژە مرۆڤایەتییەکەی بڕوخێنێت وکونە مشک لەمەلا و ئاخوندە مرۆڤکوژەکان بکاتە قەیسەری. ئەمڕۆ وەکو دوێنێ نییە!

خەڵکی شۆڕشگێری سەرشەقامەکان، کاتی گوێگرتنیان لە قسەی فەیلەسوفی درێژدادڕ و ئاخوندی فێلباز و سیاسەتمەداری درۆزن نەماوە!

باوەڕیان بە ئۆپۆزیسیۆنی بازرگانی ساختەچیش نییە، کە لەژێرەوە بەناوی خەڵکی شۆڕشگێڕ لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان، جارێکی تر ڕژێم لە ڕوخان ڕزگار بکەن، داوای دانوسان و دانیشتن و ڕێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەم فاشیزمە بکەن. خەڵکی ئازادیخوازی شۆڕشگێر خەریکی هەڵکێشان و بڕینەوەی درەختی کۆنەپەرستین، ڕیشەکەی تەنها لە ئێران نییە، زۆربەی ولاتانی ناوچەکەی گرتۆتەوە، بەڵام فاشیزمی ئیسلامی ئێران کارگەی بەرهەمهێنانی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی وتوندڕەوی وتیرۆریستییە لەناوچەکەدا. ئەگەر تا دوێنێ و ساڵانی ڕابردوو بە نهێنی و ترسەوە، باسی ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامی و دامودەزگاکانی دەکرا، ئەمڕۆ بە ئاشکرا خەڵکی ئازادیخوازی ناڕازی لەخیابانەکان ئاگر لە شوێنە پیرۆزەکانی کۆماری پەت و سێدارە بەردەدەن، وێنەکانی خومێنی وخامەنەیی وجانەوەرەکانی دەسەڵات دەسووتنن ودەدڕێنن. ئەمڕۆ خەڵکی شۆڕشگێڕ بە ئیرادەو بیروباوەڕێکی بەهێزەوە، هاتونەتە مەیدان و دەیانەوێت، کۆتایی بە دەسەڵاتی هەڵاواسین و تیرۆر، بەردباران و حیجاب، زوڵم و ستەم، ئاخوند و کۆنەپەرستی بهێنن.

دەرهێنانی ڕیشەی داری کۆنەپەرستی پێویستی بە پشتیوانی جیهانی و ناوچەکەیی هەیە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دەرەوەی ولات، پشتیوانیەکی گەورەیە بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئێران و عێراق. دەستیان خۆش بێت و ماندوونەبن، بەڵام لاوازی ئەم خۆپیشاندانانە لەوەدایە کە زۆر پرش و بڵاوە وبێ بەرنامەیی پێوە دیارە. پلاتفۆرمێکی ئینسانی و ئازادیخوازی هەڵنەگرتووە کە مۆری خۆی لەشەقام و ناوەندە ئەوروپی وجیهانی بدات. واتە نەیتوانیوە جیهانی مرۆڤایەتی وئازادیخوازی ومرۆڤ دۆستی بەلای خۆی کێش بکات. هەربۆیەش کەمترین قسەی لەبارەوە نەکراوە. بۆسەرکەوتنی ڕاپەرین وشۆڕشی چەوساوەکان دەکرێت ئەمە زۆر باشتربکرێت ئەویش بەمەرجێک دڵسۆزانەترو لێهاتووانەتر خەڵکی کۆمۆنیست وچەپ و مرۆڤ و دۆست وئازادیخوازان بێنەمەیدان لەتێکۆشان بۆپشتیوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان. ئەویش بەهەڵگرتنی پلاتفۆرمێکی جیاوازتر لەڕابردوو بە بەرزکردنەوەی نەخشە ڕێگایەک دوور لەحیزبایەتی و گڕووپبەندی وڕاێکخراوبەندی ئامانج خستنەڕوویی تاوانەکان و وێنەی قوربانییەکان و دروشمە ئازادیخوازی ویەکسانیخوازەکان وپشتیوانیکردن لەداواکاری و خواستە ڕەواو بەرهەقەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان. پێویستە لەڕووداوە مێژووی و شۆڕشەکان فێربین بۆ ئەوەی لەشۆڕشی ئەم جارەی چەوساوەکان سەرکەوتووبین. هەروەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ دەڵێت (مێژوو تەنھا مامۆستای ڕاستەقینەیە، شۆڕش باشترین قوتابخانەی پرۆلیتاریایە (چینی کرێکار)). حیزبەکۆمۆنیست شیوعی وچەپەکان ئەرکێکی گرینگ وپێویستیان لەبەردەمدایە کە پێویست دەکات بێ دوودڵی دڵسۆزانە ئەنجامی بدەن ئەویش هەنگاوێکی جدی وکرداری بنێن بۆ تێکۆشانی هەماهەنگ، کاری لەسەر بنەماو پڕۆژەیەکی ئینسانی و ئازادیخوازی وبەرابەری دوور لەگۆشەگیری وسێکتاریستی وحیزب وگرووپ بەندی بکرێت. ئەبێت ئەوە بزانین لە قۆناغی ئێستادا کێشەیەک لە ئێران و عێراق و کوردستان هەیە ئەویش ئەوەیە حیزبە کۆمۆنیست وچەپەکان پرژو بڵاون وکاریگەریییان لاوازە، بەڵام کێشەی گەورەتر ئەوەیە حیزبە کۆمۆنیست وچەپەکان نایانەوێت لەڕێگەی بزووتنەوەی جەماوەری خەڵکەوە بزووتنەوەی شوورایی بێتەکایەوە. حیزبە کۆمۆنیستەکان دەیانەوێت لەڕێگای حیزبە کۆمۆنیستەکانەوە جەماوەر ئاراستەی دامەزراندنی شووراکان بکات، ئەم کارەش لەتوانا وهێزی حیزبە کۆمۆنیستەکاندا نییە. بۆیە چارەسەر ئەوەیە لەبارودۆخی ئێستایی شۆڕش و ڕاپەرینی خەڵکی ئێران و عێراق و خەڵکی ناڕازی کوردستاندا کە بزووتنەوەی جەماوەری خەڵکی ڕاپەری و ناڕازی ئاراستەی هەڵبژاردنەکانی شووراکانی خەڵک بکرێت جێبەجێکردنی ئەم نەخشە ڕێگایە محاڵ نییە. چونکە لەئێستادا لەناو گۆڕەپانی تەحریر خەڵک کاری هەرەوەزی کاری خۆبەخشانەی خۆی دەکات، نموونەش وەک شەقام بۆیاخکردن و گواستنەوە وچارەسەری برینەکان و دروستکردنی درعی خۆپارێزی و خواردن دروستکردن و ..هتد. کەواتە تەنها کار ئەوەیە حیزبە کۆمۆنیست وچەپەکان کار لەسەر ئەم گیانی هاوکاری و هەرەوەزکارییە بکەن بکرێنە کۆمێتەی شوورایی شۆڕشگێڕی گەرەک وشارەکان.

چۆن لەژێر سایەی فاشیزمی ئیسلامی ئێراندا، لەئێران و ڕۆژهەڵاتی کودستان خەڵک لەخیابان وبەندیخانەکان خوێنی خیابان وبەندیخانەکان سوور دەکات لەعێراقیش بەدەستی هێزە مافیا وچەتەکانی ئیسلامییەکانی پارێزەرانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق خەڵکی تێکۆشەری ئازادیخوازی ناڕازی لەخیابان وکوچەی شارەکان و بەندینخانەکان خوێنی خیابان وبەندیخانەکان سوور دەکات، بەئاشکرا بەر گوللە و فیشەک دەدرێن. ڕاگەیاندنەکان ئەمڕۆ لە عێراق بڵاویانکردەوە کەعێراق ڕۆژێکی خوێناوی بەڕێکرد

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی تەندروستیەوە بڵاویکردۆتەوە، هێزە ئەمنیەکانی عیراق ئەمڕۆ لە شاری نەجەف ٢٨ خۆپیشاندەریان کوشتووە. ھەروەھا بە پێی چەند سەرچاوەیەکی تر عێراقی لە پارێزگای ناسرییە ٢٥ خۆپیشاندەر و لە زیاقار ٨ خۆپیشاندەر کوژراون تێکڕای خۆپیشاندەرانی کوژراو بۆ   ٢٨/١١/ ٢٠١٩پێنج شەممە بریتتیە لە ٥٩ کوژراو و بە سەدان کەسی تریش بریندار بوون هەر چەندە لە ماوەی خۆپیشاندان وناڕەزایەتی خەڵکی تێکۆشەری عێراق بەسەدان قوربانی و بەهەزاران بریندار وبەهەزاران زیندانی کراو هەیە. کەواتە لەعێراقیش دەسەڵات لەڕێگای چەقوکێش ومافیاو چەتەکانەوە دەپارێزرێت ودەیانەوێت بەکۆمەڵکوژی وسەرکوت وەڵامی خەڵکی ناڕازی وخۆپیشاندەرانی ئازادیخواز بدەنەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دەسەڵات باکی لەکوشتن و زیادبوونی قوربانیکردنی خەڵک نییە. ئەودەسەڵاتە تەنها دەیانەوێت بەرپرسە دزو گەندەڵکاران وکۆنەپەرستان لەدەسەڵاتدا بمێنن. بەمەش ئەم دەسەڵاتە خۆی گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت، چونکە تا خوێن زیاتر بڕژێت لەخیابان و بەندینخانەکان ئەوا ئەگەری بەهێزبوون و گەشەی شۆڕشێک دێتە ئاراوە کە لەداهاتووی نیزیکدا خەڵکی ناڕازی بەیەکگرتوویی وتێکۆشانی باشتر سیستەمی چەوسێنەر لەڕەگەوە دەڕوخێنن و ژیانێکی باشترو کۆمەڵگەیەکی باشتر بۆخۆیان بنیاد دەنێن. دەرئەنجام دەبێت ئەم قۆناغەش بگۆڕدرێت بە قۆناغێکی تر، چونکە بەم جۆرە نامێنێتەوە. بۆئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی چەوساوەی ناڕازی و ئازادیخوازو یەکسانیخواز وەڕسوڕێت پێویستە ڕاپەرین وشۆڕشی لەئێستادا خەڵکی ناڕازی دەست بە کاری ڕێکخراوەیی خۆیان ببەن بە ئاراستەی ئیدارەدانی کۆمەڵگە وخۆپیشاندانەکانیان، ئەرکی حیزبە کۆمۆنیست وچەپەکان وئازادیخوازەکان لەم قۆناغە دەستبردنە بە ڕێکخستن وتێکۆشانی هاوبەش ویەکگرتووانەیە بە ئاراستەی ئیدارەدانی شوورایی کرداریدا، چونکە بەبڕیاردانی شوورایی، کۆمەڵگ ئاراستەی کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی ئینسانی یە و بەدیهێنانی ماف وئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووانە بەبێ جیاوازی، کەبەمەش کۆمەڵگەیەکی باشتر دێتەدی.

ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە ٦٥ی ١ی دیسەمبەری ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *