یەکێتی و کۆنگرە …

عەبدوڵا مەحمود

وا بریارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ٧ دیسەمبەری مانگی داهاتوو، کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت.

یەکێتی نیشتیمانی، کە بەمانای وشە چەند حزب و رێکخراوێکی ناکۆک بەیەک تاڕادەی دوژمنایەتی لەناوخۆی یەکێتیدایە، دەمێکە سەرقاڵی بەستنی کۆنگرەیە، بەڵام خودی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆییەکان، بوونەتە رێگر لە بەستنی کۆنگرە و تا ئیستاش رۆشن نییە، یەکێتی لەم بەروارەدا کە رای گەیاندووە دەتوانێت کۆنگرە ببەستێت یان نا.

ئەوەی کەوای کردووە کۆنگرەی یەکێتی توشی نەخۆشی دواخستن ببێ، زۆری پرۆژە سیاسیەکان، بوونی نەخشەی جۆراوجۆ، دورنمای خسنەرووی هەمەرەنگ، گۆرێنی ئاراستەی یەکێتی، لە ئارادابوونی گفتوگۆ و راگۆرینەوەی دیموکراسی و سۆشیال- دیموکراسیانە!!، لەسەر ئالۆزی دۆخی سیاسی ناوچەکەو عیراق و کوردستان، تەنانەت هیز بەخشینەوە بە یەکێتی وەکو نەیاری پارتی،… نییە.

یەکێتی لە بێ پرۆژەیدا، پرۆژەی سیاسی و ستراتیجی بۆ ناوچەکە و بۆ عێراق و هەلومەرجی ئیستا و ئایندەی کوردستان… رۆژی بەم رۆژە گەیشتووە کە هەمووان دەیبینن. ئەوەش کەهیچ کام لەباڵ و رەوت و لقەکانی ناو یەکێتیش ناتوانن وەکو باڵی زاڵ و جیگا متمانە خۆیان نمایش بکەن، بەهەمان شێوە دەست خاڵی بوونیانە لەهەر پرۆژەیەکی سیاسی رۆشن و ستراتیجی.

هەر چاودیرێکی سیاسی هوشیار، هەر ئاشنایەک بە دۆخی یەکێتی، هیندەی لە سۆشیال میدیا، هۆڵی نادییە کۆمەڵایەتیەکان، کۆڕو کۆمەڵی داخراو ئاشکرا، گوێ بیستی پاشقول لەیەکتر گرتن، چەک بەخشین و پارە تەخشان پەخشان کردن دەبیستن، بەشێک لە چارەکیکی ئەوە نابیستن کە یەکێتی دەتوانێت کۆنگرەیەکی تەندروستی حزبی بکات.

هەر بۆیە یەکێتی بەواقعی هیندەی لەبەردەم لێکترازان و توندبوونەوەی ناکۆکیەکان لە ناو کۆنگرەدایە، هیندە لەبەردەم هیچ پرسێکی سیاسی و کۆنگرەیەکی رۆتیندا نییە.

هەر ئەم هەرەشەی لێکترازانەیە، کە وای لە خەت و رەوتە ناکۆکەکانی ناو یەکێتی کردووە، کە کۆنگرە پیش کۆنگرەو لەدەرەوەی کۆنگرە، لەسەر بەش و پشکەکان ڕیک بکەون و لە کۆنگرەیەکی روکەشدا، واژۆی بەشەکان بکەن.

دیارە کەباس لە باڵ و لاباڵەکانی یەکێتی دەکرێت، مەبەست لەو هیڵ و رەوتانەیە، کە دەستیان گیرە لە داهات و دارایی یەکێتی، دەستیان گیرە لە هیزی ئەمنی و هیزی چەکدار، وابەستەی وڵات و وەلائی هیزو  دەوڵەتەکانی ناوچەکەن… لەدەرەوەی ئەوانە هەر رەوت و باڵێکی تر پێش وەختە دەبێتە قوربانی یان لە نیوان بەرداشی باڵە خاوەن چەک و پارەو دەزگای ئەمنی و پیشمەرگەدا، دەتوێتەوە یان لەباشترین حاڵەتدا لەکەناردا دریژە بە بۆڵە بۆڵی بێ ئاکام دەدات.

جەنگ و ململانێی نیوانی ئەو خەت و رەوتانەش لەسەر میراتگرییە بۆ ئەو پشکانەی یەکێتی کردۆتە کۆمپانیایەکی گەورە.

لەو هەموو ماوە دورودریژەدا کە یەکێتی توشی ئەزمەیەکی قوڵی سیاسی و ریكخراوەیی بووە، هیچ کام لە هێڵەکانی ناو یەکێتی، نەیانتوانییوە رێگاچارەیەک بۆ یەکێتی بدۆزنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە لەلایەکەوە یەکیتی بەدەست نەخۆشیەکانی خۆیەوە بناڵێت و لەلایەکی تریشەوە هیواش هیواش بەرەو پوکانەوە و بچوک بوونەوە بکشێت…

هەموو پێشبینیەکانیش ئەوە ناخەنە روو یەکێتی بتوانێت، لەوچەق بەستن و دۆخە نەخوازراوە رزگاربێت… ئەوەی یەکێتی بەو حاڵەی ئیستایەوە هێشتۆتەوە، لەدەستدا بوونی چەک و هیزی چەکدار و داهات و دەستبەرسەراگرتنی داهاتی زۆنی سەوزو خۆبەستنەوەیەتی لەلایەک بە ولاتی ئیران و لەلایەکی تریشەوە بە پارتییەوە…

لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی بەستنی کۆنگرە، کادرە بڵند باڵاکانی سوشیاڵ دیموکراتی سەرقاڵن و ئومیدیان بە دوعایە بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە و نزا بۆ سەرکەوتنی لەسەر گڵکۆی مام بۆ کۆنگرە دەکرێت…  هێشتا هیچ کام لە باڵ و لاباڵ و لقەکانی ناو یەکێتی سەرقاڵی نیشاندانی پرۆژەیەکی جدی و ئومێدەوار نین بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەک کە یەکێتی لە بەڵاو غەزەبی لێکترازان و هونەر پیشەکانی پشتشکاندنی یەکتری بپارێزێت.

وەڵام بە دۆخی یەکێتی لەناو خۆی یەکێتیەوە بە شوێنیک ناگات… کیشەی یەکێتی نەبوونی ئەڵتەرناتیفی جیاواز و نەبوونی ئەجندای جیاوازە بۆ هەلومەرجی سیاسی کوردستان و تەنانەت بۆ خودی زۆنی سەوزی ژیر سایەی دەسەڵاتی خۆیشی. یەکێتی کە خاوەنی هیچ دورنمایەکی سیاسی نەخشەیەکی سیاسی بۆ هەلومەرجی ناوچەکەو عیراق و کوردستان و زۆنەکەی خۆیشی نییە، ناچارە ببێتە نێچیری روداوەکان تا بەجەستەی نەخۆشەوە پەلکیش بکرێت، یانیش ببێتە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی… بەڵام ئەم حاڵەتە ناتوانێ ئاوا بمێنێتەوە، یەکێتی ناتوانێت تاسەر ببێت پاشکۆی روداوکان، روادوەکان لەدرێژ ماوەدا دەتوانن یەکێتی لول بدەن… وە تاسەریش یەکێتی ناتوانێت خۆی بە سیاسەتەکانی پارتییەوە هەڵبواسێت، چونکە لە حاڵەتێکی وادا زەخیرەی بەشەری یەکێتی هیواش هیواش لە یەکێتی دوردەکەونەوە، رابردوش ناتوانێ وەکو سەرمایەکی درێژ مەودا بمێنێتەوە، نەوەی نوێ سیاسەتی نوێ و رووی لە ئایندەیە، حزب و لایەنێکی سیاسی ئایندە مەبنای نەبێت، رابردوشی هەر شتێک بێت، لەدەستی دەدات…

بەپێی ئەو هەنگاوانەی یەکێتی دەیانێت بۆ کۆنگرە، یان باڵ و هێڵەکان نیشانی دەدەن، کۆنگرە لەدنیای واقعدا بەشوینیک ناگات، ئەگەر توشی لێکترازن بێت، دۆخی خراپتر دەبێت و بچوکتر دەبێتەوە، ئەگەریش لەرێگای سازانی نیوخۆیی و تیپەراندنی کۆنگرە بەتەوافوقیش سەرکەوتوبێت، دیسان ریگایەکی بن بەستە و یەکێتی دەکاتە چوارچیوەیەک بۆ کۆبونەوەی خەت و باڵە جیاوازەکان و کە نە خاوەنی رابەریەکی خاوەن متمانە دەبێت و نەدەتوانیت سیاسەتیکیش بگرێتە بەر کە هەموو باڵەکان لەسەری کۆک بن… واتە یەکیتی بەو حاڵەی ئیستا هەیەتی، دەروازەی ئومێد بەخش بەروویدا داخراوەو شانسی بەستنی کۆنگرەیەکی ئاسایشی نییە.

ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە ٦٥ی ١ی دیسەمبەری ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *