ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا  لە ژێر سایەی ترەمپ دا گەشە دەکات ! …

( ئایا ترەمپ بەڵێنەکانی کە بە خەڵکی ئەمەریکای دابوون بردە سەر بۆ لە ناوبردنی ئیسلامی سیاسی  و ئیسلام گەرایی توندڕەو؟! )

ئامادەکردنی: شوان عەزیز

سەرچاوە: گۆڤاری میدڵ ئیست کوارتەرلی/ ژمارەی وەرزی زستانی ساڵی ٢٠٢٠

سام وێستڕۆپ،   بابەتێکی لە گۆڤاری میدڵ ئیست دا  بڵاوکردۆتەوە لە ژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوەدا.  بابەتەکە دەربارەی پەرەسەندن و بوژانەوەی ئیسلام گەرایی و موسڵمانی توندڕەوە لە ئەمەریکادا لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە ڕەخنەی ڕاستەوخۆیە لە ترەمپ کە ئەو بەڵێنەی لەوبارەوە بە ئەمەریکیەکانی دابوو جێبەجێی نەکرد.  من لێرەدا تەواوی نووسینەکەم پیت بە پیت و وشە بە وشە وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بەڵکو لەبەر درێژی نووسینەکە هەوڵم داوە کورتی بکەمەوە بێئەوەی زیان بە ناوەڕۆکی نووسینەکە بگەێنم .

ترەمپ لە کەمپینی خۆهەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڵێنی دا بە ئەمریکیەکان کە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی بریتی دەبێت لە دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەت بە ئیسلامیزم و موسڵمانە تووندڕەو و ڕادیکاڵەکانی ناو ئەمەریکا. بەڵام وا سێ ساڵە لەسەر کورسی سەرۆکایەتیەوهێشتا هیچ لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە درووست نەکراوە.

لە مانگی ٨ی ٢٠١٦ دا  لە یەکێ لە کەمپینەکانی دا لە ویلایەتی ئۆهیۆ،  ترەمپ بە ڕاشکاوی قسەی بۆ خەڵکی دەکرد دەربارەی ئەو هەڕەشانەی کە ئیسلامی سیاسی و موسڵمانە توندڕەوەکان لە ئەمەریکادا دروستیان کردووە. ئەو وتی : ” تێکشکاندن و لەناوبردنی ئیسلامی سیاسی و توندڕەو پێویستی بە شەڕو جەنگانە لەدژی بیروباوەڕە بنچینەییەکانی ئیسلام گەرایی. ئەو وتی:” دەبێت بیروباوەڕی ڕقاوی و بوغزاندن نەمێنێ چونکا دەبنە هۆی خولقاندنی زەمینەو کەشی توندوتیژی لەئەمەریکادا”. ئەو بەڵێنی دا کە یەکەمین کاری ئەو دوای هاتنەسەرکاری، پێکهێنانی لیژنەیەک دەبێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەوکێشانەی کە پەیوەندی بە ئیسلام گەراییەوە هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەو بەڵێنیدا کە ڕاستەوخۆ پشت بە موسڵمانە ڕیفۆرمیستەکانی ناو ئەمەریکاو کۆمەڵگای ئیسلامی ببەستێ. ئەو بێ پەردە بەڵێنی دا کە هەموو سەرچاوە داراییەکانی موسڵمانە توندڕەوەکان و ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا بنبڕ بکاو نەهێڵێت هیچ تۆڕێکی هاوکاری بۆ ئەوان بمێنێ. هەروەها بڕینی هەموو چەشنە ئیمکانیاتێکی دارایی و پشتگیرییەک  کە لە ناو ئەمەریکادا لێیان دەکرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی دوای سێ ساڵ لە بوون بەسەرۆک، هێشتا ترەمپ هیچی لەوبارەوە دیار نیە؟ سەرباری ئەوەی کە مونتەدای میدڵ ئیست پڕۆژەیەکی لەوبارەوە داوە بە ترەمپ بەڵام لەو لایەنەشەوە هیچی لێ شین نەبووە. ئایا ئیدارەی ترەمپ لە پشتی دیوارەکانەوەو دوور لە چاوی خەڵکەوە خەریکی بەرنگاربوونەوەی ئەو کێشەیەیە یاخوود ئیدارەکەی ترەمپ شکستی هێناوە لە بەجێهێنانی بەڵێنەکانی لەوبارەوە؟.

بەڵێنی درۆ

لە مانگەکانی سەرەتای ٢٠١٧ دا ئاماژەکانی گۆڕان دەرکەوتن. بۆ نموونە ئەو بەرنامەیەی کە وەزارەتی ئاساییشی ناوخۆ دایڕشتبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تونڕەوی تەقریبەن بە تەواوی داخرا؛ هەندێک شایستەو مەنحە کە لە سەردەمی ئۆبامادا درابوون بە خەڵک ترەمپ  هەر کە هاتە سەرکورسی لایبردن و دیسان دوای حەوت مانگ لە لابرنیان وەک خۆی لێکردنەوە چونکە گرووپە ئیسلامیەکانی ناو ئەمەریکا بەشێوەیەکی کاریگەرو ڕاستەوخۆ هاتنە سەرخەت بۆ ئەوەی ئەو مەنحانەو شایستانە وەک زەمانی ئۆبامایان لێبکرێتەوە؛ سیباستیان گۆڕکە، کە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی و نووسەری وتاری مانگی هەشتی ٢٠١٧ بوو کە ترەمپ لە شاری یەنگست تاونی ویلایەتی ئۆهیۆ دا خوێندیەوە دوای حەوت مانگ لەسەرۆکایەتی ترەمپ ئەو بەرپرسە کاریگەرەی لە کۆشکی سپی وەدەرنا؛ گۆڕکە هەردوای وەدەرنانی لە کۆشکی سپی بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە هەر شتێک ناوی ئیسلام گەرایی یاخود تونڕەوی ئیسلامی و تیرۆریزمی ئیسلامی لەسەر بووبێ لە وتارو ناو کۆشکی سپی دا لابرا لە لایەن هێزێکی تایبەتەوە؛ هەر کەسێک لە ناو کۆشکی سپی دا ئیسلامی  توند ڕەوو تیرۆریزمی ئیسلامی لا گرنگ بووبێ وە ویستبێتی شتێک بکا بۆ کۆتایی هێنانی ئەو ئیسلام گەراییە لە ناو کۆشکی سپیدا وەدەرنراوە و دوژمنایەتی لە ناوخۆدا کراوە  یاخوود لە دەسەڵاتی کەم کراوەتەوە. هەموو ئەو کارانە بە بەرنامە لە بەرژەوەندی گەشەکردنی ئیسلامیزم دا ئەنجام دراون.

لە لایەکی ترەوە هەر لە دووەم ڕۆژی سەرۆکایەتی ترەمپ دا لە باتی ئەوەی دژایەتی چالاکوانە ئیسلامیەکان بکرێت ئیدارەی ترەمپ باوەشی بۆ زۆرێک لەوانە کردەوەو گرنگی پێدان. بۆ نموونە  ئاهەنگێکی گەورە بۆ ترەمپ ڕێکخرا لە واشنتۆن. لەو ئاهەنگەدا  موحەمەد مەجید ئیمام و خەتیبی  گەورەترین مزگەوت بە ناوی  ئادامز لە ویلایەتی داڵاس و کەسایەتی دیاری ئیسلامیەکانە و سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی ئیسنای ئیسلامی ( کۆمەڵگەی ئیسلامی باکووری ئەمەریکا) یە کە ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێکخستنی ئەو ئاهەنگەدا هەبوو..

جا با بزانین دوای ١٥ ساڵ چ جیاوازیەک ڕووی داوە؟

پێش ترەمپ لە ساڵی ٢٠٠٢ دا  هێزێکی تایبەتی فیدراڵی  بەشێوەیەکی کتوپڕی بەسەر ئەو مزگەوتە گەورەیەی ئادامزیدا دا بە بەهانەی تێوەگلانی لە تۆڕی ناردنی هاوکاری مادی و پارە بۆ تیرۆر؛ لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ئیسنا ( ئای ئێس ئێن ئەی) کە بە دائیرەی ئیسلامی باکوری ئەمەریکا دەگوترێت لەلایەن مودەعی فیراڵی ئەمەریکاوە  کرا  بە گەورەترین کەیس لە مێژووی ئەمەریکادا لە دادگادا وهەروەها وەک  گەورەترین هاوبەش و سەرچاوەی ماددی و هاوکاری تیرۆر لە جیهاندا ناوزەد کرا. هەر ئەوە وای لە وەزارەتی داد کرد کە بڕیار بدات هەر موناسەبەتێک موحەمەد مەجید بەشدار بێت تێیدا دەبێت هەڵوەشێتەوەو ڕێگەی پێنەدرێت؛ هەر چەندە هەندێک دەڵێن کە موحەمەد مەجید لەو ساڵەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەڵام هێشتا ئەو پیاوە پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ چالاکوانە تونڕەوە ئیسلامیەکاندا هەیە؛ ئەو موحەمەد مەجیدە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ئێوارە خوانێکی ڕێکخست بۆ ئیمام سیڕاج وەهاج کە ئیمام و خەتیبی مزگەوتی ئەلتەقوایە لە بڕۆکلین. هەر ئەو سیڕاجە بوو کە خەڵکی بە ئاشکرا هان دەدا بۆ جیهادو بانگەوازی کوشتنی زیناکەرانی دەکرد و هاوڕەگەزبازی ئیدانە دەکردو ئەمەریکای بە شەیتان ناو دەبرد.

ئێستا لە ژێرسایەی ئیدارە ی ترەمپ دا  هەردووک شوێنە گرنگە ئیسلامیەکە ئیسنا و ئادامز بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن پەیوەندیان هەبێ لەگەڵ فیدراڵ؛ پەیمانگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی بەردەوامە لە میوانداریکردنی موحەمەد مەجید لە بۆنەکاندا؛ بڕاون باک کە سەفیری لە پێشی ئیدارەی ترەمپە بۆ ئازادی نێونەتەوەیی دین و هەروەها ماڕک گرین کە سەرۆکی ( یو ئێس ئەی ئای دی)یە واتە سەرۆکی بەشی نێونەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە بۆ گەشەپێدان ، ئەم دوو زاتە بەردەوام تویت دەکەن بۆ موحەمەد مەجید و پەیوەندیەکی پتەویان بەیەکەوە هەیە و هەر لەو دواییانەدا تویتیان کرد و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی کە سەردانی مزگەوتی ئادامزیان کردووەو چاویان بە موحەمەد مەجید کەوتووە. ئێستا بڕاون باک و بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی ئەمەریکا بە بەردەوامی لە بۆنەکانی ئیسنا ئامادە دەبن و بەشێکی ستەیجی قسەکردن بۆ ئەوانە. ئیستاش پەنتاگۆن بە پێویستی دەزانێت ئەوانەی کە دەیانەوێت بچنە پێش لە بواری ئایینی ئیسلامیداو لەو ڕووەوە دەرکەون دەبێت لە لایەن ئیسنا وە پشتگیری بکرێن بە مانایەکی تر تەزکیە بکرێن. هەرچەندە ئەو سیاسەتەی پەنتاگۆن بە توندی ڕەخنەی لێگیرا  هەر لە سەرەتای ٢٠٠٣ وە لەلایەن  هەردووک سیانتۆری دێموکراتەکان چەک سکومەر و دایان فاینستاین بەڵام گوێیان لێ نەگیراو سوودی نەبوو.

ئیغاسەی ئیسلامی کە لە ئیماراتی عەرەبی و ئیسرائیل دا قەدەغە کراوە، هەروەها لە  بەنگڵادیش کە پەنابەرەکانی ڕوهینگیای لێن لە ترسی گەشەسەندنی موسڵمانی تونڕەو ئەو ئیغاسە ئیسلامیە قەدەغە کراوە و لە چەندین وڵاتی تریش قەدەغە کراوە . هەروەها  لە ئەڵمانیاو سویدیش وەک دامەزراوەیەکی ئیسلامی ناوی دەهێنرێت کە بە مەبەستی پەرەپێدانی لایەنی ئایینی دامەزراوە، کەچی لە ئەمەریکادا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و بەشی ئیدارەی فریاکەوتنی فیدراڵی ئەمەریکا وەک شەریک و هاوکار لە گەڵ ئەواندا ناوی دەهێنرێت!  بۆ نموونە هەر لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدان بۆ ڕۆژو و شکاندنی ئێوارە (بەربانگ) دەعوەتی ئیغاسەی ئیسلامی کردو و لە لایەکی تریشەوە لە ساڵی ٢٠١٨ دا جێگری گشتی مودەعی عام ڕازی بوو بە دەعوەتکردنی ئیغاسە بۆ ناو پەرلەمانی ئەمەریکا. ئەمانە لە کوێ و بەڵێنەکانی ترەمپ لە کوێن؟

جا لێرەدا مەسەلەکە هەر ئیسنا و ئادامز نین وەک دوو شوێن و دامەزراوەی ئیسلامیزمی کاریگەرو ترسناک، بەڵکو زۆر شوێن و کۆمەڵەو دامەزراوەی تری ترسناک ترو کاریگەرتر هەن کە هەموویان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە ڕێگەیان پێدراوەو بە ئارەزووی خۆیان ئیسلام گەرایی توندڕەو گەشە پێدەدەن. بۆ نموونە یو ئێس ئەی ئای دی( ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدان) بە ئاشکرا بانگەواز دەکات کە خەڵک پارە وەک خێر بدات بە ڕێکراوی : ژیان بۆ هاوکاری و گەشەپێدان. کە ئەو ڕێکراوە هەر لە کۆنەوە جێگە گومانی حکومەتی فیدراڵ بووە کە هاوکاری تیرۆری جیهانی دەکا. هەروەها ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدان داوا لە خەڵک دەکات کە پارە وەک زەکات و سەرفترەی ئیسلامی بدەنە دامەزراوەی زەکات لە ئەمەریکادا کە هەموو کەس دەزانێت و حکومەتیش بەڵگەی تەواوی لەلایە کە ئەو زەکات و سەرفترەیە دەڕوات بۆ ڕێکخراوی حەماس لە فەلەستین و گروپە توندڕەوە تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیا. وە هەروەها دەڕوات بۆ کۆمەڵەی ئیخوانی موسلیمین کە ئاشکرایە چ ڕێکخراوێکی ئیسلامیەو چۆن کاردەکات بۆ زیندوکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی لە نموونەی خەلافەتی عوسمانی!. هەروەها ڕێکخراوی کەیر(سی ئەی ئای ئاڕ) کە ناوی ئەنجومەنی پەیوەندیەکانی ئەمەریکی و ئیسلامیەکانی لە خۆناوە  و چەندینی تر کە لە ناو ئەمەریکادا بە ئارەزووی خۆیان پەرە بە ئیسلام گەرایی دەدەن و ئیسلامی تونڕەو پەروەردە دەکەن،  بەڵام حکومەتی ترەمپ لێی بێدەنگە.!

تەنها هەندێک جارانی لێ بەدەربێت کاتێک حکومەتی ئەمەریکا کە بەتوندی  دەکەوێتە ژێر ڕەخنەی خەڵک لە بەرامبەر ئەو پەیوەندیەی لەگەڵ گروپە ئیسلامیەکان دا هەیەتی هەوڵ دەدا هەندێک جار تۆزێک وەلایان بنێت و گرنگیان پێ نەدات. بۆ نموونە لە ئابی ئەم ساڵدا کاتێک تەلەفزیۆنی فۆکس ڕەخنەی لە حکومەت گرت بەوەی چیە ئەو هەموو گەرموگوڕیە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە ئیسلامیانە هەیەتی لە کاتێکدا هەر هەموویان پێشتر تۆمەتی تیرۆریان دراوەتە پاڵ ؟

هاوکاری ئیسلام گەرایی و گروپ و ڕێکراوە ئیسلامیە تونڕەوەکان دەکرێت و لەولاشەوە هیچ بایەخێک بە ئیسلامیە مۆدێرن و ڕیفۆرمیستە ئیسلامیەکان نادرێت.

لە ژێر سایەی ئیدارەی ترەمپ دا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە موسڵمانن و وڵاتی ئیسلامی پێشووی خۆیان بەجێ هێشتووە لە ترسی ئیسلامی سیاسی توندڕەو و ئێستا لە ئەمریکادان و وەک چالاکوان دەردەکەون لە دژی ئیسلامی سیاسی و توندڕەو، بەڵام لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە هیج بایەخیان پێ نادرێت و گوێشیان لێ ناگیرێت. لە بەرامبەردا بە تەواوی لە هەموو بوارێکەوە هاوکاری کۆمەڵە ئیسلامیە سیاسیەکانی تر دەکرێت.

لە نێوانی ساڵی ٢٠١٧ داو ساڵی ٢٠١٨ دا داتاکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا نیشانی داوە کە پارەی حکومەت وەک هاوکاری کە دراوە بە ڕێکخراوە ئیسلامیە سیاسیەکان سێ قات زیادی کردووە. لەو بارەوە میدڵ ئیست فۆروم ملیۆنان دۆلاری ئاشکرا کردووە بە بەڵگەوە نیشانی داوە کە حکومەتی ئەمەریکا لە ژێر سایەی ترەمپ دا هاوکاری کۆمەڵەو ڕێکخراوە سیاسیە ئیسلامیەکانی کردووە.

لە کاتی ئۆبامادا نزیکەی ٤ ملیۆن دۆلار دراوە بەو کۆمەڵە ئیسلامیانەی کە لەلایەن چالاکوانە ئیسلامیە توندڕەوەکانەوە کۆنترۆڵکراون بەڵام لە زەمانی ترەمپدا تەنها لە ساڵی ٢٠١٧و ٢٠١٨ دا ١٣ ملیۆن و نیو دۆلار  دراوە بەو کۆمەڵە ئیسلامیانە.. بۆ نموونە جەماعەت ئەل ئیسلامی کە لقێکە لە ئیسنا و لە موقاتەعەی کشمیری هیندوستان چالاکی هەیە ٨.٧ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە کە جێگەی باسە ئەو ڕێکراوە لەلایەن حکومەتی هیندوستانەوە قەدەغە کراوە لە بەر کارە تیرۆریستیەکانی.

هەروەها بە بەڵگەوە دەرکەوتووە کە لە ناو ئەمەریکادا پارەی زۆر دراوە وەک هاوکاری بە  هەندێک کۆمەڵەو گروپی ئیسلامی سیاسی. بۆ نموونە : ٨٠٠ هەزار دۆلار بۆ ڕێکخراوی ئیغاسەی ئیسلامی، ٧٨٠ هەزار دۆلار بۆ پەیمانگای ئیسلامی بۆ زانیاری کە جێگەی باسە ئەو پەیمانگایە پەیوەستە بە حزبوڵای لوبنانی و ئێرانەوە، ١٦٠ هەزار دۆلار بۆ لقەکانی کۆمەڵگەی موسڵمانانی ئەمەریکا کە ڕاستەو خۆ لەلایەن ئیخوان موسلیمینەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەر لقی ئەو کۆمەڵگەیەش بوو لە ویلایەتی فیلپدەلفیادا کە ڤیدۆی مناڵانی بڵاوکردەوە کە گۆرانی دەڵێن و بە پێکەنین و دڵخۆشیەوە گۆرانی ” پلانمان هەیە بۆ پارچە پارچەکردنی سەری جولەکەکان” یان دەچڕی !

ڕێکراوی ئیسنای ئیسلامی کە بنکەکەی لە ئەمەریکادایە لە داڵی ٢٠١٧ دا هاوکاری پارەی نارد بۆ ڕێکخراوی( لەشکر ئەل تەیبە) کە بنکەکەی لە پاکستانەو هەر ئەو ڕێکخراوەش بوو کە  کارە تیرۆریستیە گەورەکەی شاری مۆمبای هیندوستانی ئەنجامدا لە ساڵی ٢٠٠٨ دا.

دەرکەوتووە بە ڕوونی کە موسڵمانە چالاکوانە ڕیفۆرمیستەکان بایەخیان پێنادرێت لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە سەرباری ئەو بەڵێنەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا دای لە کاتی کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا. دەرکەوتووە کە تەنها لە ١٥٪ی ئەو هاوکاریەی بۆ کۆمەڵە ئیسلامیەکان دانراوە دەدرێت بەو کۆمەڵانەی کە ریفۆرمیستن و وەک دەڵێن ئیسلامی مۆدێرن و دژە توندڕەون، باقیەکەی هەمووی دەدرێت بە ئیسلامیە سیاسی و تونڕەوەکان.

لەو بارەوە شیرین قودوسی کە چالاک و نوسەرێکی ڕیفۆرمیستی ئیسلامیە بۆ میدڵ ئیست فۆروم قسە دەکاو دەڵێت:” ئەمەریکا پێویستی بە پلانێکی بەهێز هەیە کە ڕووبەڕووی ئیسلام گەراییەکان ببێتەوە لە ناو وڵاتانی جیهانی ئیسلامی دا. ئەو پلانەش دەبێ ئێمە ڕاستەوخۆ تێیدا بەشدار بین. هەر وەک ئێستا دەرکەوتووە کە ئەوە ئێمەین لە بەرەی پێشەوەی جەبهەداین لەو بارەوە لە دژی ئیسلامیە سیاسیەکاندا. ئێمە لە شەڕێکی ئادیۆلۆجیداین لە دژی ئەو ئیسلام گەراییانە لە ئەمەریکادا. دەرکەوتووە لەوەتی ترەمپ لەسەر کارە ئیسلامیەکان توانیویانە خۆیان بخزێننە ناو دامودەزگا حکومیەکان و خۆیان زیاتر بەهێز بکەن و زیاتر تەشەنە بکەن. ئەمەریکا بە هاوکاری و پشتگیریکردنی ئێمە دەتوانیت بەسەر ئەو ئیسلامیە سیاسیانەدا زاڵ بیت، ئێمەی ئازاد لە بیرکردنەوە دا دەتوانین ئەو کارە ئەنجام بدەین”.

لەو بارەوە هەندێک لە چالاکوانە موسڵمانەکان لە دژی ئیسلامیە سیاسیە توندڕەوەکان قەت خۆشباوەڕ نین بە کۆتاییهاتنی ئیسلامی سیاسی لە ئەمەریکادا. بۆ نموونە ئۆز سوڵتان کە ڕاوێژکاری بەشی سایبەر سیکیوریتی و پەیوەندیەکانی وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لە کەمپینی ٢٠١٦ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ترەمپ دا،  پێی وایە کە هێندە ئاسان نیە بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی سیاسی. ئێستا بەرپرسانی پلە باڵای ئیدارەی ترەمپ لە هەوڵی کارکردنن لەوپێناوەدا.

تۆ بڵێی ئەو خووەی کە حکومەت هەیەتی بۆ هاوکاری ئیسلامیەکان تەنها سیاسەتمەداران بن کە وا دەکەن و حکومەت بێ ئاگا بێت و هیچی لەدەست نەێت؟ شتێکی بەڵگەنەویستە کە هەموو ئەو هاوکاریانەی لەسەردەمی ترەمپ دا دراوە بە ئیسلامیەکان لەسەردەمی ئۆباماش دا ڕەزامەندی لەسەر دراوە بەڵام ئیدارەی ترەمپ بەشێک لەو کارانەی ئۆبامای هەڵوەشاندەوە، بۆ نموونە بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

ترەمپ بە شوێن پێی ئۆبامادا دەربارەی ئیسلامیەکان!

لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ دا ئیدارەی ترەمپ پلانی ستراتیجی نەتەوەیی لە دژی تیرۆریزم دا بڵاوکردەوە. زوربەی ڕەخنەگران پێیان وابوو جۆری بەکارهێنانی وشەکان و دەربڕین لە پلانەکەدا ئاڵۆزیەکی وای تێدا بوو کە ئاسانە بۆ زۆر ئیدارەو لایەنی تریش بەو شێوەیە بدوێن.

ئەوەی کە ئیدارەی ئۆبامای جیاکردەوە لە ئیدارەی ترەمپ بریتیبوو لە بەکارهێنانی تێڕمی ئیسلامی ڕادیکاڵ واتە تونڕەو. بەڵام لە ئیدارەی ئۆبامادا هەرگیز توخنی ناوی ئیسلام و موسڵمان نەدەکەوتن لەکاتی کردەوە تیرۆریستیەکاندا. ئەوەش وای کرد کە لە کاتی ئیدارەی ئۆبامادا لەلایەکەوە نەتوانرێت ڕووبەڕووی ئیسلامی سیاسی و ئیسلام وەک ئادیۆلۆجی ببنەوە وە لە لایەکی تریشەوە نەتوانرێت هاوکاری چالاکوانە موسڵمانە ڕیفۆرمیستەکان بکرێت.

بە کورتی بەڵێنەکانی ترەمپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی سیاسی و تونڕەو هەر لە چوارچێوەی بەڵێن و قسەدا مایەوە کە لە کەمپینی ٢٠١٦ دا دای بە خەڵکی ئەمەریکا. هەندێک کەس پێی وایە ئەوە خەتای بەربڵاوی ئەنتەرنێتە کە وای کردووە ئیسلامی توندڕەو پەرە بستێنێت بەڵام موسڵمانە ریفۆرمیستەکان پێیان وایە ئەوە بێدەنگی و نەرمی  ئیدارەی ترەمپە لە بەرامبەریان و هاوکاری ئیدارەکەیە بۆ ڕێکخراوەکانیان کە ئیسلامی سیاسی پەرەی سەندووە.

ئێچ ئاڕ مەک ماستەر کە ڕاوێژکاری ترەمپ بوو بۆ ئاسایشی نەتەوەیی پێی وابوو کە قەتەرو تورکیا دوو دەوڵەتی سەرەکین وە بە بەردەوامی پشتی ئیسلامی سیاسیان گرتووەو هەموو ئاسانکاری و هاوکاریەک پێشکەش بە ئیسلامی سیاسی ئیخوانی و گروپە توندڕەوەکان دەکەن. کەواتە لێرەدا ئیدارەی ترەمپ دەزانێت کێیە ئیسلامی سیاسی و هەروەها تونڕەوی گەشە پێداوەو لێشی بێدەنگە. کەواتە لە ژێر سایەی ترەمپ دا ئیسلامی سیاسی گەشەی کردووە نەک لاواز بووە.

ترەمپ بەڵێنی دا کە بە تایبەتی بەرەنگاری ئیسلامی سیاسی ببێتەوە لە ڕووی ئایدیۆلۆجیەوە بەڵام لە ڕووی کرداریەوە هیچ نابینرێت. لە ڕاسیتدا وا دەبینرێت لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ دا لە لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسی دا چی جیاوازیەکی وا نەبینرێت لەگەڵ ئیدارەکەی ئۆبامادا. گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی بەشێکیشی دەوترێت کە هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەو کەسانەی لە دژی ئیسلامی سیاسی بوون و توند بوون لەو بارەوە لە ناو کۆشکی سپیدا لابران و وەدەرنران، بۆ نموونە جۆن بۆڵتن.

دەبێت چی بکرێت و چی پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا!

لە ساڵی ٢٠١٦ دا ترەمپ لە کەمپینی سەرۆکاتیدا بەڵێنی دا کە ئیتر ئیسلامی سیاسی و توندڕەو نەهێڵێت تا ئەمەریکیەکان بە سەلامەتی و ئەمینی ژیان بەسەر بەرن. ئەو توانی و جورئەتی ئەوەی کرد کە ئیسلامی توندڕەو وەک هەڕەشە بۆ ئەمەریکا ناوبێنی لە وتارەکانیدا بۆ خەڵک کە ئەوە شتێک بوو لە سەردەمی ئۆبامادا نەتوانرا. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کە جێگەی دوودڵیە ئەوەیە کە ترەمپ و ئیدارەکەی لە رووی کرداریەوە هیچیتان دیار نیە و هەر قسە بوو وە کۆتاییهات.  لەلایەکی ترەوە تاکو ئێستا ئیدارەی ترەمپ خۆی دەبوێرێت لە دامەزراندنی کەسانی موسڵمانی چالاکی ڕیفۆرمیست و دژی ئیسلامی سیاسی کە بچنە ناو کۆشکی سپی و بەرپرسیاریەتی وەربگرن. لە بەرامبەردا ئیدارەی ئەمەریکا هاوکاری ماددی زۆر دەکا بۆ گروپە ئیسلامیە سیاسیە توندڕەوەکانی ناو ئەمەریکا.

ئیسلامیە سیاسیە توندڕەوەکان و ڕێکخراوەکانیان لە ناو ئەمەریکادا توانیویانە خۆیان بخزێننە ناو ئیدارەو شوێنە یاسایی و کاریگەرەکانەوەو ترەمپیش ئەوە دەزانێ و لێشی بێ دەنگە. هەر ئەو گروپە ئیسلامیانەشن کە بە چەپ و ڕاستدا دژایەتی ئیدارەکەی ترەمپ و هەموو ئەمەریکاش دەکەن لە کاتێکا لەلایەن حکومەتەوە بە ئارەزووی خۆیان ڕێگەیان بە کارکردن پێدراوە.، کەسانی دژە ئیسلامی سیاسی و چالاکوانانی موسڵمانی ریفۆرمیست و کەسانی سیاسی هەڵاتوو لەدەست ئیسلامی سیاسی کە ئێستا لە ئەمەریکادان هیج هاوکاریان ناکریت تا رووبەڕووی تیرۆری ئیسلامی ببنەوە. کەواتە ئەو ماستە بی موو نیەو ئیدارەی ترەمپ هۆیە بۆ بوژانەوەو گەشەی ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا.

بۆیە ئەگەر ئەمەریکاو ئیدارەی ئەمەریکا دەیانەوێت ئیسلامی سیاسی و تیرۆری ئیسلامی کۆتایی پێبێت دەبێت لە پێش هەرشتێک ئەمەریکا هاوکاریان نەکات لە هیچ بارێکەوە. دەبێت ئەریکا پشتی ئیسلامی ڕیفۆرمیستی مەدەنی تر بگرێت کە بە ڕاستی دژایەتی ئیسلامی سیاسی  دەکات و لە دژی تیرۆری ئیسلامی خەبات دەکەن.

لە کۆتاییدا من وەک ( ش .ع ) پێم وایە گەشەو هێشتنەوەی ئیسلام بە گشتی و ئیسلامی سیاسی بە تایبەتی وە پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی لەلایەن ئەمەریکاوە هیچ پەیوەندیەکی بە ئەم سەرۆک و ئەو سەرۆکەوە نیە. پەیوەندی بە ترەمپ و ئۆباماوە نیە. ئەوەی کە پەیوەندی بەم مەسەلەوە هەیەو ئیسلامی سیاسی ڕاگرتووەو ناهێڵێت تیرۆریزمی ئیسلامی و ئیسلامی ڕادیکاڵ، بە قەولی خۆیان کۆتایی پێ بێت، ئەوە سیاسەت و مێژووی ئەمەریکایە نەک سیاسەت و مێژووی ئەم سەرۆک و ئەو سەرۆکی ئەمەریکا. دەگونجێت بە کەمێک جیاوازیەوە جیاوازی هەبووبێت لە نێوان ئەم سەرۆک و ئەو سەرۆکەی ئەمەریکادا،  بەڵام لە ناوەرۆکدا هەر هەمووی کاری لەسەر سیاسەت و بەرژەوەندی مێژووی ئەمەریکادا کردووە. مێژوو هەروەها سیاسەتی ئەمەریکا هەمیشە بە شێوەیەک بووە  کە پشتی ئیسلامی سیاسی بگرێت وە نەهێڵێت بکەوێت. بە پلەی یەکەم بۆ دژایەتی ڕەوت و بزووتنەوەی دژە سیستەمی سەرمایەداری و بازاری ئازادی ئەمەریکا بووە لە لایەکەوەو لە لایەکی ترەوە بۆ بەکارهێنانیانە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو هێشتنەوەی هەژموونی پۆلیسی و میلیتاری ئەمەریکا بەسەر جیهانی دەرەوەی ئەمەریکادا.. بە کورتی تا ڕەوتی کۆنەپەرستی و دژە ئینسانی بەهێز بێت ڕەوتی پێشکەوتنخوازی و ئینسانی ڕوو لە پاشەکشەیە. هەر ئەوەشە کە سیاسەت و مێژووی ئەمەریکا هەوڵی بۆداوەو کاری لەسەر کردووە.!

٥ی دیسەمبەری  ٢٠١٩

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *