سوکایەتی بە ژنان چ کەلتورێکە و چۆن دەیگۆڕین؟ …

وتاری هاوبەشی گۆناسعید و ئاسۆکمال …

مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ و مەلاکانی هاوشێوەیەیان سوکایەتی بەژنان بە کارێکی ئاسایی دەزانن، چونکە بەپێی کەلتوری ئیسلامی ژنان پلەیەکی نزمیان هەیە و چەندین ئایەت و حەدیسیان هەیە کە ژنان بە ئینسانی کامڵ نازانێ و هەمان پلەوپایە و مافیان نیە کە پیاوان هەیانە.

هۆکاری ئەوەی ئەم کەسانە دەتوانن بە ئاسانی لە کوردستاندا سوکایەتی بکەن، دوو هۆکارە یەکەم؛ زاڵبونی کەلتورێکی پشت بەستوو بە بەها پیاوسالاری و ئیسلامیەکانە، وە دووەم سیاسەتی دەسەڵاتە بۆ پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی ئەم کەلتورە.

کێ لە پشت ئەم مەلایانەوەیە؟

دەمێ ساڵە هەموو شاهیدی بەهێزکردنی دەزگا دینیەکانین لەسەر دەستی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. هاندان و ئاسانکردنی پرۆسەی دروستکردنی هەزاران مزگەوت بە بێ باجدان، تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ وەزارەتی ئەوقاف، کردنەوەی دەیان و سەدان فێرگەی دینی و مەزهەبی، کردنەوەی دەیان کەناڵی ئاسمانی ئیسلامی، بەهێزکردنی پەروەردەی دینی لە قوتابخانەکان، بەهێزکردنی ڕەوتی سەلەفیەت و تەرخانکردنی کەناڵی ڕاگەیاندنی تایبەت پێیان، پێشبڕکێی حزبەکان بۆ بە ئەندام پەرلەمان کردنی مەلاکان، دانانی لیژنەی سانسۆری دینی لەسەر چاپەمەنی و شانۆ و سینەما و مۆسیقا، تەنها چەند نموونەیەکن لە چۆنێتی پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی سیاسی بەناو عەلمانی لە هەرێمی کوردستان لە بونیادنانی دەزگایەکی زەبەلاحی دینی کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەڵسوکەوتی تاک و خێزان و کۆمەڵگە داناوە و کەلتوورێکی گشتی برەو پێداوە کە تیایدا نرخ و بەهای ژنی وەک ئامرازی تێرکردنی ئارەزووی جنسی پیاو و منداڵ خستنەوە و ماڵ بەڕێوەبردن دیاریکردوە لەسەر ئاستی خێزان.

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی پشتگیریەکانی دەسەڵات بۆ دەزگای دینی، دروستبوونی دەیان بانگخواز و کەسایەتی دینی وەک مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ و د. عەبدولواحید و د. عەبدولەتیف و ئەوانی تر کە لە چەند ساڵی رابردوودا هەریەکە و بە شێوەی جۆراوجۆر باس لە پێگە و جێگەی ژن دەکەن لە کۆمەڵگە و لە خێزاندا، هەڵبەت دروستبوونی لە نموونەی ئەم جۆرە بانگخوازانە لە هەرێمی کوردستان تازە نییە، بەڵکو لە ساڵی نەوەدەکانیش کەسانی وەک مەلا بەشیر لەشاری هەولێر و مەلا ئەحمەدی خانەقا لە سلێمانی هەبوو و هەمان دەوریان دەگێڕا و هەمان کاریگەریان دادەنا لەسەر زەینی ئەوانەی هاتوچۆی مزگەوتەکانیان دەکرد. لە گوتارەکانیاندا یەکێ بە ژن دەڵێ جێگەی وا لە چێشتخانە و یەکێ دەڵێ ئەگەر ڕێگە نەدەن پیاوەکانیان فرە ژنی بکات داینەسۆرن، یەکێ تر دەڵێ ئەوەی سفور بێت پیاوانی خێزانەکەی “گەوادن”، یەکێ دەڵێت کچان دەبێت تا تەمەنی ١٤ ساڵی بخوێنن و لە دوای ئەوە بدرێن بە شوو و چەندینی تر کە ڤیدیۆکانیان خۆی دەدات لەچەند سەدێک. ئەوان هەروەها قسە دەکەن لە سەر ژنانی هونەرمەند و شانۆکار و گۆرانیبێژ. بەڵام زۆر بە تایبەت تر قسە دەکەن لەسەر چالاکیەکانی نێو ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەوانەی لە بواری وەستانەوە بە دژی توند تیژی خێزانی کار دەکەن.

بەڵام با بزانین بۆچی دەسەڵاتی “بە ناو عەلمانی و لەڕاستیدا خێڵەکی و ئیسلامی” هانی کەسانی کۆنەپەرستان و کەلتوری دژی ژن دەدا ؟

دوانەی دەسەڵات و کەلتوری دژی ژن

حزبە دەسەڵاتدارەکان لە پاراستنی کەلتوری دژی ژندا دەتوانن سود و قازانجێکی مادی زۆر بەدەست بێنن، کە بەپێی بانکی جیهانی ١٤٪ ژنان لەسەر کارن.*١ ئەم ڕاپۆرتەی ٢٠١٩ ڕادەی بەشداری ژنانی کوردستان لە کاردا بە نزمترین ئاست دەزانێ لە جیهاندا. واتە ٨٦٪ ژنان بێکارن و ئەم ملێون ژنە بێکارەش دەبێ لەباری کۆمەڵایەتیەوە لە دۆخێکدابن کە فرسەتی ناڕەزایەتیان بەم ژیانە سەختەیان نەبێ و داوای بیمەی بێکاری و بیمەی کۆمەڵایەتی نەکەن و لە ماڵەوە وەک ژنی بێکار خزمەتی خێزان و پیاو بکەن تاکو وەک ژنی ماڵەوە پێناسە بکرێن و هیچ بەرپرسیاریەتیەکی مادی و مافیاکیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ حساب نەکرێ. هەربۆیە کەلتورێک کە دەتوانێ ژن بە ژێردەستەی پیاو و کەم بایەخ و سوک سەیر بکا دەبێتە مایەی قبوڵکردنی بێ مافی نیوەی کۆمەڵگەی کوردستان و بەمەش دەسەڵات لە ناڕەزایەتی نیوەی کۆمەڵگە ڕزگاری دەبێ. هەربۆیە دەبینین بودجەیەکی زۆر بۆ دەزگا ئیسلامیەکان سەرف دەکرێ تا هەڕۆژەی فەتوایەک دژی ژنان بدەن و هەوڵ دەدەن یاسای فرەژنی و دژی ژن زیاتر پەرەپێ بدەن.

بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەی ئەم کەسانە دەتوانن بە ئاسانی لە کوردستاندا سوکایەتی بکەن بە ژنان، جگە لە پشتیوانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆیان، سەرچاوەکەی وا لە کەلتوری ڕەگ داکوتاوی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، کە مێژوویەکی درێژتری هەیە لە دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی و سەرهەڵدانی هێزە ئیسلامیەکان لە کوردستان .

شەریعەت و یاسا ئیسلامیەکان لەگەڵ کۆمەڵێک دابونەریت و بەهای پیاوسالارانە، پێگەی ژن و پیاوی لە نێو خێزاندا بە قازانجی سەرداری پیاو یەکلاکرۆدتەوە. ئەمەش لەباری کۆمەڵایەتیەوە تەواو قبوڵ کراوە نەک هەر لە لایەن پیاوەوە، بەڵکو لەلایەن ژنانەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دەگوێزرێتەوە. ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتیەی پیاوسالاری لە خێزاندا کەلتوری گشتی لە کۆمەڵگەدا پێک دێنێ. دەسەڵاتیش لەڕێگەی یاسا و ڕیساکانی بەڕیوەبەردن و دامودەزگای دینی فەرمیەوە هەمان سیستەمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا یاسایی دەکاتەوە.

ئەم سێ کوچکەی پیاوسالاری و دەسەڵات و دین، هەمویان بونەتە ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و یاساییە و ئەو داب ونەریتە خێڵەکی و دژی ژنە جێکەوتوە لە کۆمەڵگەدا، کە گوتاری ئەمڕۆی ئیسلامی سیاسی ومەلاکان لە ئەساسەوە پشتیان پێ بەستووە. ئەمەش بوەتە ئەو کەلتور و فەرهەنگ و زانیاریانەی کە زۆربەی کۆمەڵگە هەیانە دەربارەی ژن، وە تا ئەمڕۆ نەک بەردەوامە، بەڵکو هێزی بەبەردا دەکرێتەوە و زیندوو دەکرێتەوە. مانەوەی ئەم کەلتورە دواکەتوانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا فرسەتی بە هەندێ مەلای کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتیش داوە کە هێرش و سوکایەتی بۆسەر ژنان بکەنە کارێکی ئاسایی، کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا دژ بەژنان دەکرێ.

ئەم کەلتوورە گشتییە جگە لەوەی کە لەبەرژەوەندی پایە و دەسەڵاتی تاکی پیاوە بەگشتی، کاریگەری خۆی لەسەر تاکی ژنیش داناوە. بە پێی ئەم بەها گشتیە کە دانراوە بۆ ژن، باشترین نمونەی ژن دایکێکە کە ژنی ماڵەوەیە و خزمەت بەهەموو خێزان دەکات، دایکێکە کە مێردی نەماوە دانیشتوە بەدیار منداڵەکانیەوە بۆ خزمەتکردن پێیان، ژنێکە کە بێ دەنگە شەرمنە و قسە لە قسەی پیاودا ناکات و.. هتد. ئەم جۆرە لە ژیان تەواو بە دڵی دەزگا دینیەکانە و بە دڵی دەسەڵاتیشيە .

سەرمایەداری ژنانی ڕاپێچی کارکردن لەدەرەوە کردوە و لە ماڵ دەریهێناون. بەڵام هێشتا ئاستی هوشیاری بە مافەکانیان و بە بەها کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستێکی کەمدایە. هاوکات دەسەڵاتی سیستەمی پیاوسالاری خێزان و سیستەمی عەشیرەتی و میلیشیایی حکومەت و دەسەڵاتی دین بەسەر یاسا و بەڕێوەبردن و ژیانی گشتیدا هێشتا بەهێزە و زاڵە لە کۆمەڵگەدا.
بەڵام ئەو گۆرانکاریانەی بەسەر پێگەی سیاسی وئابووری راستەقینەی ژندا هاتووە لە کۆمەڵگای کوردستاندا، پێچەوانەی خواست و ئارەزووی دەزگای دینی و ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتیانەیە کە خوازیاریەتی، و بەشێکی زۆر لە ژنان پابەند نیین بەو بەهایانە و بە شایەنی خۆیان نازانن، بەڵکو هەوڵ بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانیان دەدەن. کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات .

ژنان بەهۆی هاتنەمەیدانی کار و فشاری بێکاریەوە دەستیان داوەتە کارکردن لە مەیدانی جۆراوجۆری کۆمەڵگەدا. هاوکات گۆڕان بەسەر کەلتوری کۆمەڵگەدا هاتوە بەهۆی گەورەبونی خێرای شارە گەورەکانیشدا لەئاکامی زیادبونی لەڕادەبەدەری دانیشتوان و دەست ڕاگەیشتنی هەموان بە ئەنتەرنێت و سۆشیال میدیا. ئەم دۆخە تازەیە هوشیاریەکی گلۆباڵی سەبارەت بە ژیانی مۆدێرن دروستکردوە، کە ئیتر ئەو کەلتور و دابونەریتە کۆنانە بونەتە ڕێگر وچیتر ژنان ئەو کەلتورە کۆنە قبوڵ ناکەن و ڕووبەڕووی دەبنەوە.

دەوری ناڕازیەتی ژنان لە گۆڕینی کەلتوردا

ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبونەوانەکانی ژنان چ لەناو خێزاندا دەسەڵاتی پیاوی لەزراندوە، و چ لە ئاستی کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دین و پیاوانی ئاینی دەبێتەوە و دەیانخاتە قەفەسی تاوانباریەوە، و چ لەئاستی حکومەت و پەرلەمانیشدا داوای پاراستن و یاسای مافەکانی ژنان دەکا.

لە ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاراندا سەبارەت بە موچە و ڕووبەڕووبونەوەی پلانەکانی حکومەت لەکاتی قەیرانەکاندا، کاریگەری بەشداری ژنان دەبینین لەسەر کاڵکردنەوەی کەلتوری زاڵی پیاوسالاری و بەکەم گرتنی ژنان .

ئەمانە هەموو زەمینە دروست دەکەن بۆ سەرهەڵدانی کەلتورێکی ئینسانی و مرۆڤدۆستانە لەکۆمەڵگەدا کە ڕێز لە جێگە و مافەکانی ژنان بگرێ. هەرچەند ئەمانە تەنیا زەمینەیەکی سەرەتایین و هێشتا نەبوونەتە هوشیاریەکی گشتی وکۆمەڵایەتی کە کاریگەری لەسەر کەلتوور دابنێت بەتەواوەتی، بەڵام کەلتووری کۆن ترسی لەناوچونی لێنیشتوە و پەلاماری هەر پێشکەوتنێک و گۆڕانکاریەک دەدەن کە ژنان لە کەلتوری کۆمەڵگەدا دروستی دەکەن، دەستدەبەن بۆ توند تیژی نواندن بەرامبەر بە ژنان .

ئەمە شەڕێکی کەلتوریە لەنێوان کەسانی کۆنەپەرستی وەک مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ و هاوپەیمانەکانیان لەنێو دەسەڵات و لە حزبە ئیسلامیەکاندا لەگەڵ ژنانی ئازادیخواز و هاوپەیمانەکانیان لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێكخراوە چەپ و سێکۆلار و کۆمۆنیست و پارێزەر لەمافەکانی مرۆڤدا.

هاتنە مەیدانی ژنان و پیاوانیکی ئازادیخواز لەدژی مەلا مەزهەر و ڕاپێچکردنی بۆ دادگا و خستنە قەفەسی تاوانباریەوە کارێکە کە سەری ئەو ڕمەیە کە ئەم گۆرانکاریە هێناویەتی، ئەوە پێگەی ژنانە کە جێی بە گوتاری ئەوان لێژ کردوە. ژنان و پیاوانێکی ئازا و جەسور کە نوێنەرانی ئەو کەلتورە دژە ژنە ڕاپێچی دادگا دەکەن، کارێکی گرنگ دەکەن بۆ تێکشکاندنی کەلتوری سوکایەتی بەژنان و ئەمە بەشێکە لە خەباتێکی ئاشکرا دژی کەلتوری زاڵی کۆمەڵگە.
هاتنەمەیدانی ئەم ژن و ڕێكخراوانەیان دژی سوکایەتی و فرەژنی درێژەی ئەو هەوڵانەیە کە بزوتنەوەی ژنان لە سێ دەیە دژی کوشتنی ژنان لە کوردستان دەیکەن. بەشێکی ڕێکخراوەکانی ژنان بەردەوام خەریکی پاراستنی ژنان بوون لە شێڵتەرەکان و بەهانا چونی ئەو ژنانەی لە توندوتیژی خێزانی هەڵاتون. ئەوەی دەبینین لە کوردستاندا کۆمەڵێک ڕێکخراو و چالاکی ژن هەیە و لە خەباتی بەردەوامدان بۆ پارێزگاری لە مافەکانی ژنان. ئەم کارە مەلا و لایەنە ئیسلامیەکانی هەراسان کردوە و بە هەڕەشەیان دەزانن بۆ سەر کەلتورێکی دواکەوتوانە کە ئەوان لەسایەیدا دەتوانن ڕاوی دەنگی خەڵکی پێ بکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆست و شەریک بون لە تاڵانی داهاتی کۆمەڵگە.

مەلا مەزهەر بە پشتیوانی لایەنە کۆنەپەرستەکانی هەولێر دەتوانێ خەڵک کۆبکاتەوە کە پارێزگاری لە سوکایەتی بەژنان و فرەژنی بکەن بە ئاشکرا. لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە هەزاران گەنج و پیاو سوکایەتیان بە ژنان دەکرد و بەو پیاوانەی بەرگریان دەکرد لە شکاتی ژنان. جوێن و سوکایەتی و بەکارهێنانەوەی دەستەواژەکانی مەلا مەزهەر، تێکەڵ کرابوون بە هاوار هاواری هیستریای گوایە هێرشکراوەتە سەر خودا و پێغەمبەر و دینەکەیان. پیاوانی فرە ژن هاتبونە سەرجادە و بەرگریان دەکرد، پۆلێک پێشمەرگە، بەبێ ئەوەی لە بیریان بێت کە هاوڕێکانیان لە شەڕی داعشدا گیانیان لە دەست دا، بەڵام ئێستا هاواریان دەکرد، ئێمە پشتگیری لە مەلا مەزهەر دەکەین. ئەمە سیناریۆیەک نیە دروست کرابێ بەڵکو ئەمە واقعیەتی بونی سێ کوچکەی دەسەڵات و دین و کەلتوری سوکایەتی بەژنە کە لە کوردستاندا ئامادەیە و جەماوەری خۆی هەیە. بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە پێویستە وشیارانە لەپەیوەندی نێوان ئەم سێ کوچکەی کۆنەپەرستیە بڕوانێ تاکو ڕووبەڕووی سیناریۆکانیان ببێتەوە و ڕێگاکانی شکانی تابوی ئەم کۆڵەکانەی کۆنەپەرستی لە یاسا و کەلتور و ژیانی ڕۆژانەدا نیشانی کۆمەڵگە بدا.

بۆچی زۆربەی کۆمەڵگەی کوردستان بەرامبەر سوکایەتی بەژنان بێ دەنگە؟

ئەوەی جێگای سەرنجە بێ دەنگی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەیە بە بیانوی جۆراوجۆرەوە، وەک ئەوەی ئێستا کاتی مەسەلەی ژن نیە و ئەمە بۆ لەبیربردنەوەی ناڕەزایەتیە بە دەسەڵات، یاخود ئەوەی شکات و دادگایی تەنیا مەلایەک سودی نیە و ئەوە مەلا گەورە دەکات و بیانوی ئەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان گەندەڵیان تێدایە، یاخود دادگا گرنگ نیە و هیچی پێ ناکرێ.

ئەمانە هەمووی نیشانی دەدا کە کەلتوری سوکایەتی بەژنان و ترس لە گۆڕینی ئەم کەلتورە ئەوەندە بەهێزە کە هەر ناڕەزایەتیەکی ڕەوا و پێشکەوتوانە دەخرێتەژێر پرسیارەوە لە لایەن زۆرینەی کۆمەڵگەوە. ئەم بیانوانەش جۆرێک لە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی بەشداری لە گۆڕینی کەلتوری دواکەتوانەی دژی ژن لە کۆمەڵگەدا.

ئەگینا هەموو ڕۆژێ خەڵک دەتوانێ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵات دەرببڕێ و دەریشی بڕیوە. ئیتر بۆ هاتنەمەیدانی ژنان بۆ مافەکانیان دەبێ ڕێگری بکا لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵات ؟
بەپێچەوانەوە ئەگەر هەر بەشێکی کۆمەڵگە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گۆشەیەکی نایەکسانی و نادادپەروەری دەسەڵات دەرببڕێ، ئەوا دەسەڵات دەکەوێتە ژێر فشاری بەشێکی زۆرتر لە کۆمەڵگەوە و بەرەی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی پێ بە‌هێزتر دەکرێ دژی دەسەڵات. گرنگی نەدان بە ناڕەزایەتیەکانی ژنان بەرامبەر بە کۆڵەکەیەکی کۆنەپەرستی دەسەڵات بەمانای خستنەلاوەی خواستێکی گرنگی ژنانە لە باشتربونی دۆخیاندا و لەبەر چاو نەگرتنی مەسەلەی ژنانە کە هەزارەهایان لێ بوەتە قوربانی دەسەڵات و کەلتور و هاندانی کۆنەپەرستانی دینی.

باسی دادگایی کردنی مەلایەک بەکەم دەگیرێ، بەڵام وەک لە بەیانی کەمپینی (#ئەوەستینەوە_بەرامبەر_سوکایەتی_کردن_بە_ژنان)دا هاتوە: “ئەم کەیسە وەک کەیسی چەند کەسێک و چەند ڕێکخراوێک سەیر نەکا کە سوکایەتیان پێکراوە، بەڵکو ئەمە کەیسی سوکایەتی کردنە بە هەموو ژنانی کوردستان.” بەڵێ، ئەمڕۆ دادگایی کردنی ڕەمزێکی کۆنەپەرستی و خستنەقەفەسی تاوانباریەوە بەمانای خستنە قەفەسی کەلتور و یاسایەکە کە سوکایەتی بەژنان و فرەژنی بەڕەوا دەبینێ. بەم پێیە ئەمە نیشانەی ئاشکرابونی توانا و ئیرادەی ئازایانەی ژنانی ناڕازیە کە ڕیگە بە هیچ کەس ولایەنێکی کۆنەپەرست نادەن سوکایەتی بەژنان بکەن و دەیکەنە نمونە بۆ هەموو کۆنەپەرستانی تر.

بیانوی ئەوەی دادگاییکردن ئەم مەلایانە گەورەدەکا! بەڵام ئەم مەلایانە پلەوپۆست و گرنگی خۆیان لای دەسەڵات هەیە و بەم دادگایی کردنە گەورە نابن. هەربۆیە ئەمەش بیانویەکی بێ هێزە بۆئەوانەی کە دەڵێن مەلا گەورەمەکەن و نازانن کە چ پەیوەندیەکی ڕۆحی و مادی لەنێوان دەسەڵات و ئەم جۆرە لە پیاوانی ئاینیدا هەیە. دادگاییکردنی هەر کەسێکی کۆنەپەرست و سزادانی ئیرادەی ژنان زیاتر بەهێز دەکا بۆ هاتنە مەیدان و ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵاتێک کە پارێزەر و سەرچاوەی مادی هەموو ئەم کۆنەپەرستیەیە لە کوردستاندا.

بیانوی ئەوەی بەشێکی ڕێکخراوەکانی ژنان بەشێکن لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ وبێگومان گەندەڵی ئەوانیشی گرتۆتەوە و کاریگەری خراپی لەسەر ناوی ڕێكخراوە پارێزەرەکانی ژنانیش داناوە، بەڵام ئەمە ناکاتە سڕینەوەی چالاکی ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوەی تری ژنان و هەڵسوڕاوانی ژنان، کە بەهۆی چالاکیەکانیانەوە بۆ پارێزگاری و داڵدەدانی ژنان و ڕزگارکردنیان لە توندوتیژی خێزانی و وەستانەوەیان بەرامبەر بە فرەژنی و فەتوای زانایانی ئیسلامی و سوکایەتی بەژنان، هەمیشە لە ژێر هەڕەشە و زمانی زبری مەلا و لایەنە ئیسلامیەکاندان.

ئەوانەشی دەڵێن دادگا گرنگ نیە چونکە حکومەت خۆی گەندەڵە و دادگانیشی گەندەڵن و هیچیان پێ ناکرێ. ئەمە جۆرێک لە پاسیڤیزم بەرهەم دەهێنێ کە هیچ نەکرێ بەرامبەر بەدەسەڵات. ئەم بۆچونە هیچ لە تەرازوی هێزی نێوان ژنان و دەسەڵات و دین نازانێ و پێی وایە کە ئەگەر هیچمان نەکرێت ئەوا شەرعیەت بە دەسەڵات نادەین! ئەمە چ لۆژیکێکە کە لە هیچ کردندا شەرعیەتی دەسەڵات نامێنێ!؟ ئەمە جگە لە پاسیڤیزم هیچی ترنیە و ناتوانێ ناوی هیچ شۆڕشگێڕیەتیەکی لێ بنێی. ئەم بۆچونە توانای ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵاتی نیە بە چەکەکانی خۆی وەک دادگا و یاساکان، وە فشار بۆ جێبەجێکردن و سەلماندنی خواستی خەڵکی ناڕازی و سەپاندنیان بەسەر دەسەڵاتدا بە پیویست نازانێ، چونکە خۆی بەشێک لەو خەباتە ڕۆژانە نیە کە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروست دەکا.

هاتنەمەیدانی ئێستای ژنان دژ بە سوکایەتی و دژی فرەژنی بەشێک لەو شەڕە کەلتوریەیە کە دەتوانێ بەهەر سەرکەوتنێک لە دادگا و یاساکاندا نیشانەی گۆڕانکاری ڕادیکاڵانە بێ لە کەلتوری کۆمەڵگەدا بەرامبەر بەژنان. ژنان کاتێک دەتوانن کەلتوری دژی ژن بخەنە قەفەسی تاوانباریەوە، بەمە نیشانی کۆمەڵگەی دەدەن کە کەلتوری دواکەوتوانە و دژی ژن دەبێ بگۆڕدرێ. هەرچەندە ئەم بزوتنەوەیە لە ئێستادا لاواز بێ و نەتوانێ خەڵکێکی زۆر کۆبکاتەوە، هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەی ژنان شەڕێکی گرنگ و چارەنوسازدەکا لەگەڵ کەلتوری دژی ژن و ڕەمزەکانیدا کە بەهەموو شێوەیەک لە لایەن دەسەڵات و ناوەندی دژی ژنانەوە پشتیوانی دەکرێن.

گرنگە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بزانێ کە پشتیوانی ئەم بزوتنەوەی ژنانە ڕێگای بەهێزکردنی ئەم کەلتورە پێشکەتنخوازی و مرۆڤدۆستانەیە لە کۆمەڵگەدا و بە هەوڵی هەمو ئازادیخوازان سەرکەوتودەبێ.

*١https://www.worldbank.org/en/news/feature/2019/03/21/helping-women-in-kurdistan-region-of-iraq-to-find-jobs

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *