دوای ٩ ساڵ بەسەر ١٧ شوباتدا، زەمینەی ڕاپەرینێکی تر بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێرانەوە لەئارادایە! …

عەبدوڵا مەحمود:
17
ی شوباتی ئەم مانگە، ٩ ساڵ بەسەر یەکەمین خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستان، بەدژی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و تاڵانچی و سەرکوتگەری بزوتنەوەی کوردایەتیدا تێدەپەڕێت.
٩ ساڵ لەوەپیش، خەڵکی کوردستان بە ئیلهام وەرگرتن لە ڕاپەرین و خرۆشانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لە باکوری ئەفریقیا، بەدژی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا ڕاپەرین.
هاتنە مەیدانی جەماوەری کوردستان، بەرئەنجامی کەڵەبوونی تورەیی نزیک بە ٢٠ ساڵەی جەماوەری بوو، لەدژی حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان. تورەیی بوو لە دزی و تاڵانی ئاشکرا. نەفرەت بوو لە بێکاری و گرانی. ڕاوەستانەوە بوو بەدژی نەبوونی خزمەتگوازرییەکان و کەم کردنەوەیان. ڕاسان بوو بەدژی سەرکوت و بێمافیدا. “نا” وتن بوو بە نابەرابەی ئابوری و خۆشخزمەتی بەوڵاتانی ناوچەکە. بێدابوونەوەیەکی بەکۆمەڵ بوو بەدژی دەسەڵاتی ڕەشی بزوتنەوەی کوردایەتیدا….
خەڵکی کوردستان لەبەشێکی زۆری شارو شارۆچکەکانی زۆنی سەوزدا، هاتنە مەیدان و بەدەنگی رەسا پەیامی “نا” وتنیان بەدەسەڵاتی حزبۆکراتی کورد ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەدا ئەم ڕاپەرین و هاتنە مەیدانە جەماوەرییە زۆنی سەوزی تێپەرنەکردو نەپەرییەوە بۆ زۆنی زەرد، بەڵام ئەمە بەمانای تەبایی و گونجانی جەماوەری لەگەڵ دەسەڵاتی زۆنی زەرد نەبوو، بەڵکو هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو پارتی لەڕێگای سەرکوتێکی سیستماتیکی مەکەزییەوە، نەیهێشت تورەیی و نەفرەتی جەماوەری بێتە سەرشەقامەکان و ئاوێزانی بزوتنەوەی نارەزایەتی زۆنی سەوز بێت، بەڵام ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە رەوایەی جەماوەری کوردستان بەدژی سەرجەم دەسەڵاتی رەشی بزوتنەوەی کوردایەتی بوو لەهەردوو زۆنەکەدا. وەڵامی ئەو دەسەڵاتە بە خۆپیشاندەران و خواستە زۆر سادەو رەواکانیان، هەروەکو چاوەڕوان دەکرا سەرکوت و راوەدوونان، زیندان و ڕفاندن و کوشتن بوو.
خواستی” نان و ئازادی و عەدالەت و نەفرەت لە تاڵانی و دزی، گێرانەوەی بەها و شکۆ بۆ هاوڵاتیان” میحوەری داخوازییە جەماوەییەکانی ١٧ شوبات، بوو. بەڵام ئەو دەسەڵاتە رەشە کەبەهۆی خۆبەستنەوە بە جەنگ و ملهوری ئەمریکا، شانسی داسەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر سەری خەڵکی کوردستاندا بەنسیب ببوو، نان و ئازادی و شکۆی ئینسانی ناتەبا بە ماهیەتی کۆنەپەرستانەی بوو. بۆیە جەنگی وەرێخست و هەرچی لەدەستی هات بۆ خامۆشکرنەوەی خۆپیشاندانەکان و سەرکوتکردنی بەدەستیەوە گرت… لە ئاکامدا بەدەیان هاوڵاتی خوازیاری نان و خزمەتگوزارییەکان و تینوی ئازادی و عەدالەت و خەڵتانی خوێن کران و بەسەدانیان برینداربوون و بەدەیان کەس لەهەڵسوڕاوان و خۆپیشاندەران ڕفینران، یان خرانە زیندانەکانی دیموکراسی کوردایەتییەوە.
ئەم خرۆشانە جەماوەرییەی ١٧ شوبات، هەر وەکو چۆن یەکەمین چەخماخەی جەماوەری بە کۆمەڵ بوو بەدژی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و تاڵانچی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردیەتیدا، هاوکات یەکەمین ڕاچەنین و تەکان بوو کە سەراپای دەسەڵاتی سیاسی و بۆرژوازی کوردی توشی لەرزین و ترس کرد. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی لەپاڵ سەرکوت و پیلانگێرییەکانیدا، ناچار بوو بەڵێنی چاکسازی بدات، لەژیر گوشاردا دەیان بەڵێنیدا، وە سوێندی!! خوارد، لەسەرکوتکەران و بەڵتەجیەکانی بپرسێتەوە و ڕادەستی یاسایان!! بکات و بکوژانی خۆپیشاندەرانیش بداتە دادگا!!.
باڵێکی ناڕازی بۆرژازی کوردی لە بەشی خۆی نیگەران “بزوتنەوەی گۆڕان” لەگەڵ ئیسلامیەکانی هاوپەیمانی، خۆیان هاویشتە ناو نارەزایەتی جەماوەرییەوە، بڵندگۆکانیان بەدەستەوە گرت، لاسایی برا ئیخوانیەکانیان لە میسر کردەوە نوێژی سیاسییان بردە بەردەم سەرای ئازادی، بانگەشەی چاکسازی و پاکیچی شەفافیەتیان… بەدەستەوەگرت…سەرئەنجام ئاسۆی سیاسی خۆیان کردە ئاسۆی زاڵ بەسەر خۆپیشاندان و نارەزایەتی ١٧ شوباتدا. بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکان لە غیابی بزوتنەوەی بەهێزی چینی کرێکاریی رێکخراو و چەپ و کۆمۆنیستییدا خواستی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریان بۆ نان و ئازادی و گێرانەوەی شکۆی ئینسانی، بەلارێدا برد و ئاسۆی سیاسی تەماحکارانەی خۆیان بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی حزبۆکراتیدا، جێخست.
سەرئەنجام دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد لەرێگای زەبرو زەنگ و سەرکوت، و بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکانی چاوتیژ بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی تاڵانچی و گەندەڵی، بە فریوکاری و زاڵکردنی ئاسۆی کۆنەپەرستانەیان، ئامانج و خواستەو رەواکانی بزوتنەوەی ١٧ شوباتیان پەک خست و راپەرین و خرۆشانی رەوای جەماوەری ١٧ شوباتیان، خامۆش کردەوە.
بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکان، دوای گورز وەشاندن لە راچەنینی جەماوەری و بەلارێدا بردنی، زۆر زوو نەخشەی بەشداری لەدەسەڵاتیان بەکردەوە دەرهێنا و بە بەڵێنی” چوار ساڵی ئارام” بوونە هاوبەشی لەدەسەڵاتدا و خوێنی بەناحەق ڕژاوی خۆپیشاندرانیان کردە دەستمایەی بەشداری لەدەسەڵات و تاڵانی و دەستراگەیشتنیان بە ژیانێکی شاهانە بۆ خۆیان و ئایندەی دورودریژی دوای خانەنشینی بوونیان لەپۆست و سیاسەت.
ئێستا دوای ٩ ساڵ بەسەر بزوتنەوەو خرۆشانی ١٧ شوباتدا، دەسەڵات سیاسی مەنفورترە، گرانی و بیکاری، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو کارەبا، ئاو، غاز، نەوت، خزمەتگوازری تەندروستی، وێرانەیی سیستەمی پەروەردە، دزی تالانی ئاشکرای نایاسایی و بەیاسایی کراو، تورەیی جەماوەری چەند بەرابەر کردووە، هوشیاری سیاسی جەماوەری بردۆتە سەرەوە، خۆشباوەری بە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی تا رادەیەکی زۆر فراوان رەویوەتەوە، نارەزایەتی جەماوەری قوڵپ دەدات. زەمینەی دوبارە بوونەوەی ١٧ شوباتێکی تر، بە ئاسۆیەکی رۆشنترو بە ریزیکی رێکخراوتر و بە ئاستێکی سەراسەری ترەوە،… ئامادەیە. ئەرکی چینی کریکاری رێکخراو و چەپ و کۆمۆنیستەکانە، ئامادەی نەبەردی داهاتوو، ١٧ شوباتێکی تر بە نەخشەو ئامانجدارانەوە بن، بۆکۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشتبەستوی جەماوەری و کە زامنی ژیانێکی ئازاد و بەرابەرو خۆشگوزەران بێت.

ناوەراستی شوباتی ٢٠٢٠

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *