نادادپەروەری و نایەکسانی کەڵەکەبوو ڕاپەرینێکی هێناوەتە بەرهەم لە ئەمریکا …

ئامادەکردنی: سالار حەمەسەعید

ریچرد ۆلف سەبارەت بە خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانی ئێستای ئەمریکا دەڵێ:

هەروەک دەبینین ناڕەزایەتی تەواوی ئەمریکای گرتۆتەوە بەتایبەتی دوابەدوای تەقەکردنی پۆلیس لە هاوڵاتیەکی ئەمریکی ڕەش پێست. ئەمە ساتەوەختێکە کە جێگەی سەرنج وگرنگی پێدانێکی زۆرە لە مێژووی ئەمریکادا و ئەتوانم بڵێم خاڵی وەرچەرخانە ئەگەر بمەوێ پێشبینی  لە داهاتوو بکەم.  خاڵی وەرچەرخانە بەهۆی ئەو نادادپەروەری و نایەکسانیەی کە کۆبۆتەوە و کەڵەکە بووە لەماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا وە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێشتر لەو مێژووە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ دواوە و بچینە قوڵایی مێژووی ئەمریکاوە. ئەو نادادپەروەریە کەڵەکەبووە و تراژیدیا قێزەونانە لەکۆتاییدا ڕاپەڕینێکی هێناوەتەبەرهەم کە ئەگەرچی زۆری خایاند بەڵام هەردەبوا ڕووبدات. مەبەستم چیە لەمە؟

مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە لە ناوەڕاستی شەڕێکی دوورودرێژی  چینایەتیداین کە تیایدا چینە خاوەن کارەکان/ چینە داراکان کە کەمایەتیەکی بچووکن لەشەڕدان لەگەڵ زۆرینەی خەڵکدا و بەشێوەیەکی سەرەکی چینی کرێکار واتە لەگەڵ ١٦٠ ملیۆن  کەس لەخەڵکی ئەمریکا کە کاڵا و خزمەتگوزاریەکان دەهێننەبەرهەم کە ئێمە لەسەریان دەژین و پێداویستیە سەرەکیەکانمان دابین دەکەن. ئەو ١٦٠ ملیۆنە چەندەها دەیەیە کەوتوونەتە بەر پەلامارەوە، پەلامار لەلایەن کەمایەتیەکی زۆر بچووک، ئەو مووچەیەی کە وەریدەگرن لە بەراورد بە بەرزبوونەوەی نرخی شتوومەکی پێویست  لە ٣٥ ساڵی رابردوودا هیچ بەرزبوونەوەیەکی بەخۆیەوە نەدیوە.

سەرمایەداری وەک سیستەمێک  توانی لە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ خۆی قوتاربکات هەروەک چۆن  لە ماوەی ٣٠٠ ساڵی رابردوودا  توانیویەتی خۆی قوتاربکات و ئەو قەیرانە تێپەڕکات وە توانیویەتی کارێکی وابکات کە بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی سیستەمەکەی بگۆڕێ و بە زۆر خەڵک دووبارە بگێڕێتەوە سەرهەمان کار و هەمان نایەکسانی پێشوو وە بۆ سەر هەمان باری قەرزی پێشوو، ئەمە کاتێ بوو کە خۆی بەرەو داڕمان و داڕووخانی دەبردن. بەڵام ئێستا کە ڕووبەڕووی پەتایەک دەبێتەوە هەروەک چۆن ناوبەناو ئەم ڤایرۆسانە بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرن، سەرمایەداری لە ئەمریکا  سەرمایەداری ساڵی ٢٠٢٠ دا کە سەرمایەداریەکی ماندوو و شەکەتە، شکستی خواردووە.

لە ماوەی ٩ هەفتەدا ٤٠ ملیۆن کەس لەسەرکار دەرکران، هەروەها لەگەڵ ئەوەی کە دەبێ لەماڵەوە بمێنیتەوە چونکە شوێنی کار تەندروست و سەلامەت نیە بۆ کارکردن بەهۆی بێ توانایی سسیتەمەکە لە وەڵامدانەوە  بەم پەتایە و  کەمی تێستکردن/ فەحسکردن و وەڵامنەدانەوەی خێرا، بەوە کرێکارانی ئەمریکا دەخرێتە بەر فشار و زەختێکی زۆر کە ناکرێ وەسف بکرێ، ئینجا تەنانەت ئەگەر لە باری بێکاریش بێیتەدەر ئایا ئەو ئیشە هەروا دەمێنێتەوە و کرێکاران دەتوانن کارەکانیان دووبارە بەدەست بهێننەوە. دڵەڕواکێی ئەو ٤٠ ملیۆن کەسەش ئەوەیە ئایا ئەو ئیشە هەربۆی دەمێنێ کاتێ لە ماوەی بێکاریەکەی دێتەدەر و دەگەڕێتەوە، ئەی چۆن بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە؟ ئەوە مومکین نیە و ئیمکانی نیە ئەوەی ئێوە دەیکەن و کرێکاران دەهێننە ژێر باریەوە.

قسەیەکم بۆ ئەو ١٢٠ ملیۆن کرێکارەی تر هەیە، دەزانن سەرمایەداری چۆن کاردەکات؟ ئەم سیستەمە سیستەمی منافەسەیە (ڕکابەری) یە، خاوەن کارەکان رکابەری دەکەن لەگەڵ یەکتر دا. دەزانی دەیانەوێ چی بکەن؟ خەرج وتێچوونی بەرهەمهێنان کەم دەکەنەوە و دەیهێننە خوارەوە تاکو نرخەکان نزم کەنەوە بۆ ئەوەی لە ڕکابەرەکەیان بەرنەوە و لێی بدەن. دەزانی چۆن لە تێچوون و خەرجی بەرهەمهێنان دەهێننە خوارەوە؟ لە مووچەکانتانی کەمدکەنەوە و لە یارمەتی و (مزایا) کانتان دەبڕن، پێتان دەڵێن سەعاتێک زووتر وەرنە سەرکار و سەعاتێک درەنگتر بڕۆنەوە ماڵەوە و هەروەها پشوویەکی کورت تر وەربگرن بۆ نانخواردنی نیوەرۆ. وە ئەگەر بڵێن ناتوانین و بەرگە ناگرین، خاوەن کاریش دەڵێت زۆر باشە، بڕۆن واز لەکارکردن بێنن، من ٤٠ ملیۆن کەسم هەیە کەهەفتانە  ناچارتر دەبن کە کاربکەن هەر کارێک بێت کە بیکەن بە پارەیەکی کەمتر لەوەی کە من ئێستا بە ئێوەی دەدەم.

ئێمە لە ئەمریکا لە ڕێژەی لەسەدا ٤ ی بێکاریەوە گەیشتووینەتە لەسەدا ٢٥ بەڵام لە ئەڵمانیا لە سەدا ٥ ەوە چۆتە سەرەوە بۆتە لەسەدا ٦ لە هیچ شوێنێکی ئەوروپا وەک ئەمریکای نەکردووە کە ئەوەی لە ئەمریکا دەکرێ بەرامبەر بە کرێکاران  سەرمایەداری لەو وڵاتانەی ئەوروپا توانا و ئیمکانیەتی ئەوەیان نەبووە کە ئەو کارە لەگەڵ کرێکاران بکەن کە لە ئەمریکا دەکرێ، لەکاتێکدا ئەوانیش سیستەمەکەیان سەرمایەداریە.

چینی کرێکار هێندە لەژێر زۆر و فشار دابووە کە ئەوە هیچ نیە بە بەراورد بەو فشار و زەختەی کە ئەم سیستەمەی ئێستا دەیخاتە سەر کرێکاران. بەڵام ترەمپ چۆن دەتوانێ لەم قەیرانەی ئێستا رزگاری بێت چونکە ئەم قەیرانە گەورەترین قەیرانە لە قەیرانی ساڵی ١٩٢٩ەوە کە داڕمانێکی ئابووری گەورە ڕوویدا کە هاوکاتە لەگەڵ  شکستیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆرۆناڤایرۆس کە نەیتوانیوە بەسەریدا زاڵ بێت و چارەسەری بکات.

سەرمایەداری پەنادەباتە بەرمیتۆد و رێگەو رەوشە کۆنەکەی خۆی.  پەرتکردن  و جیاکردنەوە لەنێوان کرێکاراندا، ئەو کرێکارانەی کە تووڕەن. کرێکارە سپی پێستەکان تووڕە بکە لە کرێکارە رەش پێستەکان و کرێکارە رەش پێستەکان تووڕە بکە لە کرێکارە سپی پێستەکان. هاندانی خەڵک بۆ وەستاندنەوە بەرامبەر یەک و هاندانیان تا لەناو خۆیاندا لەیەکتر بدەن. کێ گوێ ئەداتێ ئەوانەی لەسەرەوە فەرمانڕەوایی دەکەن، کەی گرنگی دەدەن؟ ئەوان پێدەکەنن و سەرگەرمی پارە و سەرمایەکانیانن.

ئەمە ئیتر ئەو کاتەیە کە دەبێ تێبگەن کە کێشەکە سیستەمەکەیە نەک خۆیان. سپی پیستەکان و رەش پپێشتەکان دەبێت تێبگەن کە کێشەکە سیستەمەکەیە نەک خۆیان.

مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە: لەیەکتر جیامەبنەوە و بەشبەش مەبن هێزو توانای خۆڕێکخستن فێربن، بزوتنەوەکە بکەن بە بزوتنەوەیەکی سیاسی ئابووری فەرهەنگی.

راسیزم و رەگەزپەرستی و شۆڤینیزم هەموو دەرهاویشتەی سیستەمی سەرمایەدارین و تا سەرمایەداری هەبن ئەمانەش لێرە و لەوێ دەردەکەون و ڕیشەکەشیان سیستەمەکەیە و پایە فیکری و ئایدیایەکانی بۆرژوایی پێک دێنن و هەرئەمەش دەگوێزرێتەوە بۆ دەزگاکانی دەوڵەتی سەرمایەداری لەویشەوە بۆ پۆلیس  و دادگا و پەروەردە و خوێندن و وەرزش و هونەر و سیاسەت و ئەدەبیات و هتد .. هەروەک مارکس لە ” ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی ” دادەڵێ:

”بیر و ئایدیای چینە سەردەستەکان لەهەموو سەردەم و رۆژگارێکدا بیر و ئایدیای حاکم و فەرمانڕەوایە واتە ئەو چینەی کە هێزی ماددی دەسەڵاتدارە لە کۆمەڵگادا کەلەهەمانکاتدا هێزی فیکری و رۆشنبیری دەسەڵاتدارە. ئەو چینەی کە هۆکانی بەرهەمهێانی ماددی لەژێر دەستدایە لەهەمانکاتدا هۆکانی بەرهەمهێنانی دەروونی و زیهنی لەکۆنترۆڵدایە و ئەوانەی کە لە هۆکانی بەرهەمهینانی عەقلی و دەروونی بێبەشن، بیر و فکریان وابەستەی ئەوانن”. لەبەرئەوە زۆرینەی خەڵک بێئەوەی ئارەزوو بکەن لەڕووی عەقڵی و زیهنییەوە وابەستەن بە بیر و فیکر و ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیەوە  کە دەسەڵاتدارە و هۆکانی بەرهەمهێنانی لە بەردەست دایە، وە لە ژێر کاریگەری سیستەمەکەدان.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *