تکایە ناتوانین هەناسە بدەین!! …

عەبدوڵا مەحمود

جۆرج فلۆیدی ڕەش پێست، ئەوکاتەی ملی لە ژێر ئەژنۆی پۆلیسی راسیستی ئەمریکادا بوو، چەند جار وتی: تکایە ناتوانم هەناسە بدەم، کەچی هاوار و ناڵەی لە پێناو مانەوەی لە ژیاندا، بوو بەقوربانی راسیزمی هەساوپچراوی بۆرژوازی ئەمریکا، و دەنگ و رەنگ و بوونی بۆ هەمیشە خەفە کرا.

لەبەرامبەر بەو تاوانە دەستی ئەنقەستەی پۆلیس و راسیزامە رێگە پێدراوەی دەوڵەتدا، تورەیی نەفرەتی جەماوەری چەغماخەیدا و بەدەیان سەدان شاری ئەمریکا بوونە مەیدانی نمایشی، نارەزایەتی و دروشمی” Black Lives Matter”. هاوکات بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپایی بوونە مەیدانی پشتیوانی لە بزوتنەوەی دژی راسیستی دنیای نیو لیبرالیزمی نوێ.

کوشتنی جۆرج فلۆید، ئەگەر سەرەتا بووە مایەی نارەزایەتی فراوانی جەماوەری بەدژی راسیزم و ئاپارتایدی رەگەزی… ئەوا زۆر زوو لەپاڵ راوەستاوی جەماوەریدا بەرووی هەڵاواردنی نەژادی و سیاسەتی راسیستی دەوڵەت و رەوتە فاشیستییە هەڵاوێرد ئامیزەکان، تورەیی لە بێکاری، برسێتی، گرانی، بێخانەو لانەیی، نائامادەیی بۆرژوازی بۆ وەڵامدانەوە بە گرفتە تەندروستییەکان، بێ بەهاکردنی ژیانی تاکەکان،… ناوەرۆکی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە ئەمریکاو ئەوروپادا، نەخشاند.

لە هەل ومەرجی ئیستای کوردستاندا، تکایە ناتوانیین هەناسە بدەین، هاواری چینی کریکار و موچەخۆران و بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەی کوردستانە.

ئەگەر پۆلیس و راسیزمی دەوڵەتی و نادەوڵەتی بۆرژوازی هاواری جۆرج فلۆیدیان نەبیست کە چەندین جار، وتی تکایە ناتوانم هەناسە بدەم، ئەوا دەسەڵاتی رەشی بزوتنەوەی کوردایەتی هاوار و ناڵەی زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەی کوردستان نابیستێت، کە رۆژانە هەزاران جار، دەڵێن” تکایە ناتوانین هەناسە بدەین”.

خەڵکی کوردستان و لەپێشیانەوە چینی کرێکار و بەشی پیشرەوی ئەو چینە، پیویستە لەبەرامبەر بەو هەلومەرجەی چینی کرێکار و تەواوی کۆمەڵگە بینە مەیدان. بۆرژوازی لە ڕێگای دزینی و سەروەت و سامانی کۆمەڵگە، نەدانی موچە، بڕینی موچە، درێژکردنەوەی مانگەکان و دەستکاری کردنی رۆژمێر و ژمارەکان، بێکاری فراوان، بێدەربەستی لەبەرامبەر بە خزمەتگوازرییەکان، نەبوونی هیچ بیمەیەکی سەلامەتی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی، لە پاڵ بەڵای کۆرۆنا و کەرەنتینەی بێ نەخشە و سفری خاڵییەوە…. تاد، زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەی هەناسە سوار کردووە. بۆیە پێویستە چینی کریکار و بەشی پیشرەوی ئەم چینە، ئاڵای رزگای تەواوی بێبەشانی کۆمەڵگە، بەدەستەوە بگرن و رۆڵی شایستەی خۆیان بە ئاقاری ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتەدا، بگێرن. وە هەر لە ئیستاوە درۆ و ساختەکاری بەشە نارازییەکانی بۆرژوازی کە خۆیان لەبەرگی ئۆپۆزیسیۆندا، نمایش دەکەن، لە قاو بدەن و رێگە نەدەن، کایە بە چارەنووسی نارەزایەتی و خۆپیشاندان و راپەرینی جەماوەییەوە بکەن…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٧ی ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *