ئێوە ماندونەبوون لە پێچەوانەیی ژیان؟ …

تارا ئەحمەد

ئێوە ماندونەبوون لەوەی دەیڵێن و پیشانی دەدەن ، بەڵام پێچەوانەکەی دەکەن؟. زۆریش توڕە نین لە وشەی جوانی نوسەرێک و مامۆستایەک و شاعیرێك و هونەرمەندێک و سیاسەتمەدارێک، کە دوایی قەڵەمەکەی و وشەکانی و بڕوانامەکەی دەفرۆشێت بۆ بە دەستهێنانی بڕێک پارە و کورسیەک؟. لە کاتێکدا ئەمانە ئەبێت خاوەن موراڵێکی بەرزبن، کە بتوانن کتێب و شانۆ و شیعری بەنرخ و بەرز و ڕاستگۆیانەمان بۆ بنوسن و سیاسەتێکی مرۆڤدۆستانەمان بۆ بکەن.

ماندونەبوون لەوەی کۆشک و بازاڕەکان ڕۆژ بە ڕۆژ جوانتر و فراوانتر دەبن، بەڵام مرۆڤە هەژارەکانی جیهان ژمارەیان زۆر و زۆرتر دەبن؟.

ماندونەبوون لە گەڕانەوەی جارێکیتری بۆچونە کۆنەپەرست و خێڵپەرست و کۆنەخواز و عەقڵدۆگماکانی دژەمرۆڤایەتی؟.

ماندونەبوون لەو وێنە جوانانەی کە سەرنجی هەموو میدیاکانی جیهان ڕادەکێشێت، لە کاتێکدا منداڵێک لە برساندا لە چاوەڕوانی مردندایە و قەلەڕەشەکەش چاوەڕوانی گیانلەدەستدانی منداڵەکە دەکات، بۆ ئەوەی بیکات بە ژەمێکی بەلەزەت بۆ ئەو ڕۆژە؟ . یان منداڵێک دەمی ناوە بە گوانی مانگایەکەوە لە برساندا بۆ شیرەکەی. لە کاتێکدا مرۆڤەکان خۆیان بونەتە جێگەی برسێتی و ئازاردان و دەستدرێژکردنەسەری منداڵانی جیهان.

ماندونەبوون لە کەسانێک، کە ئەبێت لە قەفەزەی تاوانباریدا لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا، کە یاسا سەروەربێت سزا بدرێت ، کەچی کۆمەڵگا وەک مەڕ دەبات بەڕێگەوە، بێتاوانیش وەک تاوانبار سزا دەدرێت؟.

ئێوەش ماندونەبوون لەو بیرکردنەوەیەی، کە ئەبێت بۆچی ژیان پێچەوانەبوبێتەوە لەم سەردەمەدا؟ لە کاتێكدا ڕاستی هەر ڕاستیە و درۆ هەر درۆیە و بێتاوان بێتاوانە و تاوانباریش ئەبێت سزا بدرێت. دوایی دەڵێـم لەوانەشە ژیان هەر خۆی وابێت کە بەهێز بێهێز لەناوببات، کۆنەپەرست ئازادیخواز تیرۆر بکات، گەورە بچوک بشێلێت، شتە بەناو ڕەواڵەت جوان و ناوەرۆک بۆگەنەکان چاکەکانی ژیان لە ناو ببات.

تەنها ئێمە دەتوانین پێکەوە جارێکیتر ئەم جیهانە بخەینەوە سەرپێکانی خۆی. هەموو پێکەوە بۆ دنیایەکی باشتر کۆشش بکەین و بڵێین کەسێک نیە ناشیرین بێت، شتێک نیە ناوی هەژاری بێت، شتێکیش نیە و نابێت هەبێت ناوی ڕوکەش و سازشکار و درۆ و ڕقبێت. لە هەمووی گرنگتر شتێک نەمێنێت ناوی کوشتن و سڕینەوەی بەرامبەربێت.

تێبینی: لەپەیجی تارا ئەحمەدەوە وەرگیراوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *