باڵەکانی بۆرژوازی کورد لەسەر درێژەدان بە بڕینی قوتی هاوڵاتیان و دزی و تاڵانی داهاتی کوردستان کۆکن! …

عەبدوڵا مەحمود

 لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کورستاندا کە ٢٧/١٠/٢٠٢٠ ئەنجامدرا، سەرجەم فراکسیۆنەکانی حزبەکانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی” پارتی، یەکێتی، گۆڕان”، وەڵامەکانی سەرۆکی پارتیان وەکو سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی لە جێگرەکەی کە یەکێتی و وەزیری داراییەکەی کە گۆڕانە، قبوڵ کرد. پاساوەکانی سەرانی حزبەکانیان لە حکومەتدا!! بەوەی کە چاکسازی بەردەوامە، داهاتی ناوخۆ و بڕە پارەی بەغدا، بەشی موچەی تەواوی موچەخۆران ناکات، پشتراست کردەوە.

پارتی کە زوربەی هەرەزۆری جومگەو بڕیاری سیاسی دەسەڵاتی هەرێمی بە شێوەی فەرمی قۆرغ کردووە، لەکایەکی داسەپاندنی دەسەڵات و قایمکردنی جێگە و پێگەی خۆیدا، حزبەکانی تری دەسەڵاتی پەلکێشی پشتی خۆی کرد و هەنگاوەکانی خۆی بەپشتیوانی ئەو حزبانە، یاسایی کرد. لەوەش زیاتر کارتی مزایەدەی سیاسی لەدەستیان دەرهێنا و روخساری ڕاستەقینەیانی خستە ڕوو….کەم نەبوون لەسەرانی یەکێتی و گۆڕان، کە لەهەموو بۆنەو کۆبونەوەو دیدارێكی میدیایی و جەماوەریدا، پێداگیریان لەسەر ئەوە دەکرد، کە داهاتی ناوخۆی کوردستان بەشی بودجە دەکات. ڕایان دەگەیاند کە سەرچاوەکانی داهات بەگشتی و فرۆشتنی نەوت و خاڵە سنورییەکان رۆشن نییەو ئەوان لێی بێ ئاگان. باسی ئەوەیان دەکرد، کە ئەوان لەگەڵ بڕینی قوتی هاوڵاتیان و برینی موچەو دواکەوتنی نین…تاد.

هەموو ئەو مزایدە سیاسیانە، لە کۆبونەوەی پەرلەماندا بوونە بڵقی سەر ئاو… ئەوەی پارتی لەماوەی پێکهینانی کابینەی نۆهەمەوە هەوڵی بۆدەدا، سەرئەنجام لە رێگای پێدانی پۆست و ئیمتیازاتی راوێژکاریدا، توانی یەکێتی و گۆران بێدەنگ بکات و بیانخاتە پشتی خۆی و رازییان بکات، کە درۆی چاکسازی بەردەوامە، داهات کەمە، موچە بڕین ناچاری و خۆ گونجاندنە، دواکەوتی موچە نارەوایی نییە…تاد. هاوکات پەیامێکی رۆشن بوو بۆ بێدەنگ کردنی عەلی حمە ساڵح و کاروان گەزنەییەکان، کە رۆژانە بەڵگەنامە و دیکۆمینتی دزی و تاڵانیان رادەگەیاند.

بەکورتی ئەم هەنگاوەی پارتی کە لە پەرلەمانی روکەش و حزبیاندا، گرتییە بەر و گۆران و یەکێتیان پێ مل کەچ کرد، کە بێدەنگ بن و داهات هەر ئەوەیەو برینی قوتی هاوڵاتیان رەوا و یاساییە!!، تەنها بردنەوەی پارتی لە پەرلەمان و گەمەی فریوکارانەی پەرلەماندا نییە، بەڵکو پاشەکشە و گورزێکی ترە لە مەیدانی سیاسی و بەرامبەرکێی هەژموونی دەسەڵاتدا لەکوردستان. بەڵام ئەمە تەنها لایەنێکی مەسەلەکەیە، مەسەلەی گرنگتر هەوڵە بۆ بێدەنگکردنی جەماوەری ناڕازی کوردستان بە دژی دزی و گەندەڵی و نابەرابەری ئابوری قوڵی چینایەتی.

پارتی لەم گەمەیەیدا لە پەرلەمان و تا رادەیەکیش لەسەر ئاستی سیاسی کوردستان، گورزی وەشاندە نەیارە سیاسییەکانی لە حکومەتی دیکۆر و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا، بەڵام ئەمە نەک ناتوانێت چینی کرێکار و جەماوەری نارازی قایل بەوە بکات کە داهات نییەو بۆیە موچە دوادەکەوێت و لێی دەبردرێت، یان  خزمەتگوزارییەکان، بەرەو وێرانتر بوون دەچن. بەپێچەوانەوە جەماوەری توڕەو نارازی کوردستان، هیچ بەرژەوەندیەکی حزبی و پۆست و پلەو پایەیان لەگەڵ پارتی و دەسەڵاتدا نییە، تا بە بانگەشەو فریوکاری پەرلەمان و حکومەت خۆشباوەڕ بن. خەڵکی کوردستان بەگشتی و چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە، بەرۆشنی ئەو نابەرابەرییە دەبینن، کە رۆژانە بەرینتر دەبێتەوە، سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا و بازرگانە حزبیەکان، رۆژ بەرۆژ دەوڵەمەندتر و چینی کریکار و توێژە بیبەشەکان، هەژار تر و برسی تر دەبن.

چوونە پشتی یەکێتی و گۆڕان بەشیوەی فەرمی بۆ پشت پاساوەکانی پارتی و بۆ دواکەوتنی موچە و لێبرین و بێدەربەستی بەرامبەر بە سەرەتاییترین خزمەتگوازرییەکان، ئەو راستییە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەی پشت راستکردەوە، کە یەکێتی و گۆڕان، هاوبەشە دز و تاڵانچین و بەشداریشیان لە حکومەت و پەرلەماندا بۆ رەسمیەت بەخشینە بەو دزی و تاڵانیەیان، لەڕێگای دەسەڵاتەوە.

چینی کریکار و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، موچەخۆران و مامۆستایان، پێویستە لەبەرامبەر بە دواکەوتنی موچە و لێبرینی، رێکار و شیوازی خەباتکارانە نوێ بگرنە بەر، تا ریگە لەو تاڵانییە بە یاسایی کرا و نا یاساییە بگرن، کە نزیک بە سی ساڵە رێژەی هەیە. رێکخراوبوون و یەکگرتووبوون، پیکهێنانی ریکخراوەی سەربەخۆی جەماوەری و پیشەیی، سەراسەری کردنەوە تواناییەکان، لێک هەڵپیکان و ریکەوتن لەسەر داخوازییە هاوبەشەکان، کارکردن بۆ بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی جەماوەری ناوخۆ و پشتیوانی ریکخراو و یەکێتییە کریکاریی و جەماوەریی و پیشەیەکانی دنیای دەرەوە، پشت بەخۆ بەستن لەهەر جوڵەو کردەیەکی پیشەیی و جەماوەریدا… ئەو ئەرکە دەست بەجێیانەن، کە دەستی رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ماچ دەکات تا رۆڵی شایستەی خۆیان بگێڕن. 

بیگومان خەبات بۆ دابینکردنی موچە و خزمەتگوازرییەکان، بەشێکە لە خەبات لە راستای راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد. بەشێکە لە خەبات بۆ گێرانەوەی ئیرادەو بردنە سەری ئاستی چاوەڕوانی و توانای خەباتکارانە.

نابێ چیتر رێگە بدرێت دەسەڵاتی سیاسی بەدەست خستە ناو دەستی یەکتری، بە پاساوی نەبوونی داهاتی کوردستان، بە بیانوی نەناردنی پارە لە بەغداوە، موچە دوابخەن یان لێی بقرتێنن.

ئەگەر کۆبونەوەی ٢٦ ئۆکتۆبەر، رێکەوتنی هەموو حزبەکانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بوو، بۆ رەوایی دان بەلوشدانی قوتی خەڵکی کوردستان و دواخستنی موچەو لێبرینی، ئەوا هاوکات دەبێت ئەم هەنگاوەی دەسەڵات رووبەڕووی نارەزایەتی رێکخراو و هۆشیارانەی چینی کرێکارو سەرجەم موچەخۆران بێتەوە.

ئەو راستیەش سەلمایەوە، کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی سەرباری هەر ناکۆکی و جیاوازیەکیان لەسەر  مەسەلە و پرسە روکەشەکان، بەڵام لەسەر درێژەدان بە برینی قوتی هاوڵاتیان و دزی و تاڵانی داهاتی کوردستان کۆکن.

 

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

ئەم بابەتە لە ژمارە ٨٦ی بۆپێشەوەدا بڵاوبۆتەوە

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *