ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە وەڵامی کۆمۆنیزمە!…

دەشتی جەمال …

بەبۆنەی ١٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان…

١٥ی مانگ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە. بەمبۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان و هەڵسوڕاوانی حزب دەکەم.

لەکاتێکدا ئەمساڵ ئەم یادە دەکەینەوە کە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان و ناوچەکە، لەجەرگەی کێشمه‌کێشی دەوڵەتان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، پێشبڕکێی هێزە ئیمپریالیستی و حەلیفە ناوچەییەکانیان لەسەر زیاتر کاولکردنی ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، پێکدادان و ئاڵۆگۆڕێکی هەمەلایەنەی هێناوەتەکایەوە. بێگومان دەخاڵەتکردن لەم دۆخە و لەم ئالۆگۆڕانەدا، حزبێکی پێشڕەو و مارکسیستی پێویستە کە ڕێکخەری چینی کرێکار بێت بۆ شۆڕش.

  چاوەڕوانییەکان ئەوەیە کۆمۆنیزمێکی چالاك و بەدەستوبرد بەپیر ئەو ئالگۆڕانەوە هەنگاو هەڵگرێت. حزبی ئێمە ڕەوتی کرێکارانی کۆمۆنیست دەخاتە بەردەم ئەرکێکی گەورەوە، بەجۆرێك کە ئەم هێزە دەرك بە گرنگی ئەو ئاڵۆگوڕانە بکا و بەرەوپیریەوە بچێت و ئاڵای کۆتاییهێنان بەم قەیران و سەرەگێژەیەی کۆمەڵگا، بەڕێگایەکی شۆڕشگێڕانە، هەڵبڕێ و کاریگەریی خۆی لەسەر دابنێت. 

 هێزە ئیمپریالیستی و حەلیفە ناوچەییەکانیان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردۆتە مەیدانی ساغکردنەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی خۆیان و دەستی هەرچی هێزی کۆنەپەرستی نەتەوەپەرست و ئیسلامییە گرتویانە و بەریان داونەتە گیانی خەڵکی ناوچەکە. جەنگ و ماڵوێرانی، میلیتاریزم، دەستدرێژی سەربازی و داسەپاندنی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان ئاکام  و دەرهاویشەی قەیران و سەرمایەدارین کە بارودۆخی عێراق و سوریا و ناوچەکە بەدەستی ئەم دەوڵەت و هێزانەوە لەناو شەڕ و ئاوارەیی و گێژاوێکی لەکۆتا نەهاتوودا نقوم کردووە. بەمپێیەش کۆمەڵگای عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە و چەندین مەسەلە و گرفتی تازە زیادبووە بۆ گرفت‌ و کێشە کۆنەکان‌ و هەموو بەدیل و ڕێگاچارە بۆرژوازیەکان سەرلێشێواو و گیرۆدەی قەیرانی سیاسین. ڕیزەکانی چینی بۆرژوازی پەرشوبڵاوە ‌و دەسەڵاتدارانیش گیرۆدەی تەنگانەن ‌و بێتوانان لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ ئەو بنبەستی و قەیرانەی کە عێراق و ناوچەکە لەگەڵیدا دەژی. کوردستانیش بوەتە مەیدانێکی شەڕی نێودەوڵەتی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، دەور و سیاسەتی یەکێتی و پارتی وەك هەمیشە پاشکۆیەتی و ملکەچکردن بۆ سیاسەتی باڵادەستی ئەمریکا و یاریکردنە لەسەر پەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران… ناسیونالیزمی کورد و حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و شکستە یەك لەدوای یەکە سیاسییەکان و تێکچوونی هاوسەنگی هێزیان بەرامبەر دەسەڵاتی مەرکەزی عێراق و لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانیانەوە خۆیان بە تەوژمێکی زۆرەوە بەپیر ئەو دۆخەوە دەچن و خەریکی دۆزینەوەی هاوپەیمانی نوێن بۆ زامنکردنی دەسەڵاتی داهاتوویان. ئەم هێزانە بەمەبەستی سود وەرگرتن‌ و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە حزبیەکانیان‌ و بە فراوانکردنەوەی پێگەی دەسەڵات ‌و سەرچاوەی دارایی خۆیان‌، خەڵکی کوردستانیان پەلکێشکردوە بەدوا ئاسۆ و سیاسەت‌ و ستراتیژی خۆیان و خەریکن خۆشباوەڕی و چەواشەکاری لەنێو دانیشتوانی کوردستاندا  بڵاودەکەنەوە بەوەی کە کێشەیان لەگەڵ بەغدا لەسەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی موچەیە.

بەدڵنیاییەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە و گۆڕینی هاوسەنگی هێز بەقازانجی چینی کرێکار و شۆڕشی سۆسیالیستی، ڕاستەوخۆ بەدەوری حزب و جێگاوڕێگا سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەیەوە بەستراوە، واتە حزب قیبلەنمای بردنی هەلومەرجی ئێستایە بەرەو دەورانێکی شۆڕشگێڕانە، وە بەدەسەڵات گەیاندنی چینی کرێکار. بەداخەوە سەرەڕای فرسەتەکان و هەوڵ و ماندووبونێك کە دراوە هێشتا حزب نەگەیشتۆتە ئاستی ئەو ئەرکەی کە دەبێ بیگێڕێت. بەڵام  ئەم حزبە پۆتانسێل و ئەهلیەتی ئەوەی هەیە کە بەرەو حزبێکی کۆمۆنیستی جەماوەری و دەخاڵەتگەر بگۆڕێت. ئەم ئاڵۆگۆڕانە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی که ‌خه‌بات ده‌کات بۆ هێنانه‌کایه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌کی شایسته‌ بۆ ئینسان، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خەباتی خەڵك و تێکۆشانی حزب و بزووتنەوەی ئێمە دادەنێت. ئەرك و نەخشەی گرنگ دەخەنە ئەستۆی حزب و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و  ڕێکخستنەکانی حزب. 

ئاوڕدانەوەیەك لە خۆپیشاندانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کوردستان لە رابردودا کە بە تەوژمێکی گەورەوە دەستی پێکرد بۆ خواستی ژیان و کەرامەت و ئازادی و ئارامی و کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی تائیفی و ئیسلامی سیاسی و میلیشیایی و دەست کۆتاکردنی دەستی ئاین لە کاروباری سیاسی و حوکمڕانیدا ناوەرۆکی ناڕەزایەتییەکانی پێکدەهێنا.  دوای نزیکەی ١٨ ساڵ لە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی، ڕەمزەکانی ئیسلامی سیاسی لەناو مەڵبەندی نفوزی خۆیاندا کەوتە بەردەم ڕق و نەفرەت و بێزاری خەڵکەوە. ریزێکی بەرین لە قوتابیانی زانکۆکان و خوێندنگاکان، مامۆستایان  و خوێندکاران ، بەشداری بەرچاوی ژنان و لاوان لە خۆپیشاندانەکان و هاوکات گیانی هاوپشتی و ئینساندۆستی و هاوکاری بێوێنە لەنێوان خۆپیشاندەرانی ئەم دواییانەی عێراق و خەڵك بەگشتی، نموونەی جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێرانەی جەماوەری بەرچاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی لەخۆنیشاندا کە توانا و قابیلیەتی بۆ پێکهێنانی ئاڵۆگۆڕی ڕیشەیی هەبوو ئەگەر لەلایەن حزبێکی کۆمۆنیستییەوە ڕابەری و ڕێنمایی بکرایە.. 

هاوکات ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەری و بەتایبەتی گەنجانی چەند مانگی ڕابردوو لە بەشێك لە شارەکانی کوردستان، کە بارەگای حزبەکانی تیا سوتا و بە سەرکوت و داپڵۆسین، کوشتن و تەقەکردن و گرتنی هەڵسووڕاوانی خۆپیشاندانەکان وەڵامی وەرگرتەوە لەلایەن هەردوو هێزی میلیشیایی یەکێتی و پارتییەوە، زریانێك بوو لە ڕق و توڕەیی و نەفرەتی قوڵی جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بە  شکست و بنبەستی سیستەمی سیاسی فەرمانڕەوای ئەو حزبانە کە بەکردەوە خەڵکی کوردستانی خستە بەردەم هەنگاو و تەمرینی وەلانانی ئەو دەسەڵاتەی بەرجەستەکرد. بانگەوازی کۆمۆنیستەکان و بەشی پێشڕەوی ڕێکخەری ناڕەزایەتییەکان دەکات کە کەم و کورتییەکانی ڕابردوو وەڵام پێ بدەنەوە، ئاڵای کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی بەرز ڕابگرن و ڕێگاچارەی کۆتایی ئەم قەیران و سەرەگێژەیەی کۆمەڵگا بخاتەڕوو و کاریگەریی خۆی دابنێت.

هەڵومەرجی عێراق و کوردستان داوای ئەو جۆرە لە کۆمۆنیزم دەکات. کۆمۆنیزمی جەنگاوەر و ڕادیکاڵ کە هەموو تاڵەکانی بە فکر و سیاسەتی  باڵەکانی بۆژوازییەوە پچڕاندوە و سەنگەرەکانی خەباتی چینایەتی کرێکار ڕابەری دەکات و چینی کرێکار بۆ شۆڕش ساز و ئامادە دەکات. دنیایەك کار، دنیایەك دەرگا بەڕووماندا کراوەتەوە. کۆمەڵگا چاوەروانی ئێمە کۆمۆنیستەکانە کە مۆری خۆمان لە ئالۆگۆڕەکانی داهاتوو بدەین، کۆمۆنیزمی دابڕاو و پەرشوبڵاو، کۆمۆنیزمیێك کە خەریکی تیۆرداتاشین و تەفسیرکردنی ڕووداوەکان بێت، کۆمۆنیزمێك بێ پەیوەند بە کۆمەڵگاوە، کۆمۆنیزمێکی بێ بەرنامە و بێ نەخشە بەشوێنێك ناگات. 

بەڵام بەدڵنیاییەوە لەم دۆخ و هەلومەرجەشدا حزبی ئێمە ڕووبەڕووی کۆمەڵێك ئەرکی تازە بۆتەوە و ئێمە کادران و ئەندامانی حزب دەبێت بەوریایی و یەکگرتوییەوە بەرەوپیری بڕۆین.. بەتایبەتی لەکاتێکدا کە کۆمەڵگا لەبەردەم ئاستانەی تەقینەوەیەکی گەورەدا قەراری گرتووە، هەربۆیە پێویستە  خۆمان بۆ ئەو نەبەردە چینایەتییە  ئامادە بکەین.. لە کوردستان دەسەڵاتێك لەسەرکارە کەوتۆتە بەردەم ڕق و بێزاری خەڵکی، ئەوەش بەستراوەتەوە بەوەی ئێمە چی دەکەین، خۆمان بەچییەوە خەریککردوە و چی لەبەردەمماندایە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان حزبی کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی کۆمەڵگا و حزبی هەموو ئەوانەیە نایانەوێت نەوەکانی داهاتوو چەوساندنەوە ژیانیان بهاڕێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان تەنها حزبی ئەندام و هەڵسووڕاوانی نیە، حزبی هەموو کرێکاران و لاوان و ژنان و مامۆستایانە، ئامڕازی تەفروتوناکردنی دەسەڵاتی سەرمایە وە ناحەقییەکانی کۆمەڵگایە. حزبی هەموو ئەوانەیە دڵیان بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشبەختی ئینسانەکان لێدەدات، حزبی هەموو ئەو ژنانەیە کە لەژێر چەقۆی پیاوسالاریدا ڕاگیراون، حزبی لاوانی  دڵ پر لەهیوایە بۆ گەیشتن بەژیانێکی شکۆمەندی… کەواتە بەڕیزەکانیەوە پە یوەستبن.  با ئەم سەنگەرە بەدەستەوەبگرین و لەدەوری کۆببینەوە، وەرن باپێکەوە سیاسەت و ئامانجەکانی ئەم حزبە بکەینە ئاڵای خەباتمان و بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی ئیستا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان پێ بنێینە مەیدانەوە..

بژی ئازادی و یەکسانی..

سەرکەوێت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٥مارسی ٢٠٢١

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *