لە 33 هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی خەڵکی هەڵەبجەدا، جینۆسایدی خەڵکی کوردستان درێژەی هەیە! …

عەبدوڵا مەحمود
کۆمەڵکوژی خەڵکی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی، هێندە ڕوداوێکی دڵتەزێنە ئەستەمە بە دەیان دەهەی تر و بۆ ئەبەد لە بیر هیچ ئینسانێکی ویژدان زوو بچێتەوە. هەروەکو چۆن بۆمبارانی هێرۆشیما و ناکازاکی قابیلی بیرچوونەوە نین، جینۆسایدی دانیشتوانی هەڵەبجەش بەهەمان شێوە لە لە بیرچوونەوە گەورەترە.
جینۆسایدی خەڵکی هەڵەبجە و دەیان تاوانی تری لە چەشنی ئەنفال و سوتماککردنی سەدان و هەزاران گوند و سڕینەوەی چەندین دێهات و شارۆچکەو شار، ئیعدام و سەدان تاوانی تر کە بەعس ئەنجامیداون، لەگەڵ ئەوەدا رژیمی بەعس تاوانباری سەرەکیەتی، بەڵام هاوکات بێدەنگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشداری لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەو تاوانکاریانەدا، ناتوانێت جێگای چاوپۆشی و بێدەنگە لێکردن بێت.
تاوانەکانی بەعس لەدژی خەڵکی کوردستان بەشێوەی گشتی و کیمیابارانی هەڵەبجە، و ئەنفالەکان بەتایبەتی لە جەرگەی جەنگی عێراق و ئیراندا و لە چوارچێوەی ململانێی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی بەعسدا روویداوەو لەوەش زیاتر حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی رۆڵیان لەو تاوانکاریانەدا، بە بەڵگەی زیندو هەیە….
دوای گۆڕ بەگۆڕبوونی ڕژیمی بەعس، کەمترین چاوەڕوانی لە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئەوە بوو، کە دۆسیەی ئەو تاوانانە بەتایبەتیش کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و ئەنفالەکان و ببێتە جێگای هەڵوێستەو لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەو بردنی تۆمەتبارانی بۆ بەردەم دادگا و لێپرسینەوە. دەست نەبردنی ئەو حزبانە بۆ لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی ئەو تاوانانە، ئەو راستیەی سەلماندەوە کە بەشداری کاراکتەرەکانی ئەم حزبانە لەو تاوانکاریانەدا، بەشێک و بە بڕیاری خودی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بووە. بە واتایەکی تر بەشداری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەو تاوانانەدا بەڕیکەوت یان ناچاری نەبووەو بەشێک بووە لە ئەجندای سیاسییان.
چاوەڕوانی لەوەی کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئاوڕێک لە خەڵکی قوربانی لێکەوتوو بدەنەوە، هەوڵی سارێژکردن یان کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتوانی ناوچە بەرهیرش کەوتوەکان بدەن، چاوەروانیەکی بی جێگاو ریشەی لە نەناسینی ماهیەتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیدایە.
بەهۆی خۆشباوەرییەوە بە بزوتنەوەی کوردایەتی، بۆ کەم کەس چاوەروانکراو بوو، ئەو تاوانانەی لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا رویانداوە، ئەمجارە لەژێر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا رووبدات. کەچی پێچەوانەی ئەم چاوەروانییە مەرگەساتی جینۆسایدی یەزیدیەکان جاریکی تر ویژدانی هەموو ئینسانێکی تەکاندا و بێدەربەستی و بەزینی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەبەرامبەر بە تاوانکارییەکی کەم وینەدا، خستەوە ڕوو.
بەجیا لەوەش، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، لە ماوەی ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتیاندا هەلومەرجێکیان خوڵقاندووە، کە نەک هەر کۆپیەکی بەعسی تاوانکارە، بەڵکو ئەوەی بەعس نەیتوانی ئەنجامی بدات، ئەوان لە فۆرمێکی تازەدا ئەنجامیان دا.
ئاستی دزی و تاڵانی ئاشکرا و نهێنی، بەیاساییکرا و بێ یاسایی، بەراورد بەسەردەمی بەعسیەکان ناکرێت. خۆدزینەوە لە خزمەتگوزارییەکان و هەرزان فرۆشکردنی، لە دنیادا بێ وێنەیە. کارکردن بۆ بێئیرادەکردنی هاوڵاتیانی سنور نەناسە. پاشەکەوتی موچە و بێ موچەیی لەسەر هەسارەی ئەم زەویە نموونەی نییە. وێرانکردنی سیستەمی خوێندن و هێنانە خوارەوەی ئاستەکەی بۆ نزمترین پلە، کەس حەسودی پێنابات. داروخاندنی سلکی تەندروستی کە لەزمانی شارەزایانی بوارەکەوە تەنها ناوەکەی ماوەو ناوەرۆکەی بەتەواوی دەرگیری نەخۆشیەکی قوڵی بێچارەسەرە. بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵات لەسەر ژینگەی زونەکان، فۆرمی دەسەڵاتەکانی کەنداوی تێپەڕاندووە. ئاستی سەرکوت شەق دان لەسەرەتاییترین ئازادییەکان بەلەبەرچاوگرتنی دنیای ئەمڕۆ، نموونەیەکی ئاشکرای دەسەڵاتە خوێناویەکان دەخاتە ڕوو، کە لەسەر کۆمێنت نووسین و گروپ چاتێک، زیندان و لەپاڵیدا شکاندنی شکۆ و سیناریۆی ساختەی پێش وەختەی بۆ ئامادەکراوە. پەرەدان بە کۆنەپەرستی و دەرگا واڵاکردن بۆ رەوتە سیاسییە ئیسلامیەکان، پێشبرکێی لە دەسەڵاتە ئیسلامیەکانی وەکو سعودیە بردۆتەوە. بازاری کوردستان کراوتە تاقیگەی خراپترین کاڵای ماوە بەسەرچوو یان ئاست نزمی وڵاتانی ناوچەکە کە بەرپرسانی حزب دەستیان بەسەردا گرتووە، کە بەشێکی زۆری بە بەڵگە و دانپیانانی میدیاکانی دەسەڵات، ژەهرە. دەرمانی بەسەرچوو تەنانەت گەچ وەکو حەب بۆچارەسەری نەخۆشی دەرخواردی بیماران دەدرێت. تەنانەت غاز و بەنزین و نەوتیش، بە مواددی تر ژەهراوی دەکەن. ئایندەی سیاسی کوردستان نادیارە و ئاسۆیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی نابینرێت. لەدوا چاوگێرانیشدا ئەوەی زۆر رۆشنە، کەمایەتیەکی کەم داهات و سامان و زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانیان لەدەستی خۆیاندا قۆرغ کردووە. چەند بنەماڵەو گروپێکی سەرمایەدار بۆنەتە ملۆزمی کەم وێنەی سەر کۆمەڵگەی کورستان.
هەموو ئەمانە ئەو جینۆسایدەیە کەلەژێر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا رووبەڕووی جەماوەری بێبەشی کوردستان و دانیشتوانی قوربانیانی دەستی بەعس بۆتەوە.
ئەگەر بەعس جینۆسایدی هەڵەبجەی لەچەند دەقیقیەکدا ئەنجامدا. ئەگەر داعش کۆمەڵکوژی شەنگالی لەچەند رۆژێکدا، وەرێخست. ئەوا بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی ٣٠ ساڵە، لەهەموو زەمینەکان و بواری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری و فەرهەنگی و … بەردەوامن لە جینۆسایدکردنی کۆمەڵگەی کوردستان و نەخشەی دەیان دەهەی تری دریژەدان بەدەسەڵاتیشیان لەبەردەستە.
ئەو تاوانکارییەی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی ئەنجامی دەدەن، هەموو کات و هەموو ڕۆژەیە. وە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگەی تەنیوەتەوە. ئەو تاوانکاریانە بەشێوەیەکی گشتی درێژکراوەی هەمان تاوانکارییەکانی بەعسن، بەڵام بە فۆرمێکی تر کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی ئەنجامی دەدەن و قوربانیانیشی کەمتر لە تاوانەکانی بەعس نین. لەوەش زیاتر دڵنیاییەک نییە بۆ ئەوەی هەمان کۆمەڵکوژی هەڵەبجەو شەنگال و ئەنفال بەشیوەی تر و لە فۆرمی تردا، لە ژێرسایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، یان بەهاوکاری و چاوساغی ئەوان رووبەڕووی خەڵکی کوردستان نەبێتەوە.
بەواتایەکی تر بە کردەوە سەلما کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی نەک دەسەڵاتێکی جیاواز لەبەعسیەکان و دژی تاوانکاریی نییە، بەڵکو بە گرتنەبەری ئەو هەموو تاوانکارایانەی لە ٣٠ ساڵی رابردوودا ئەنجامیداوە یان لە ژێر سایەی ئەودا روویداوە، دەرکەوت کە درێژەی پێدەری هەمان سیاسەتی بەعسە، بە توانایەکی کەمتر لەوەی کەبەعس بوویەتی.
بیهێنە بەرچاوی خۆتان، ئەگەر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی هەمان توانا و دەسەڵاتی یەکدەستی بەعسی ببوایەو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا فەرمانڕەوایەکەی بە فەرمی ناسرابا، دەبوو ئاستی تاوانکاری و سەرکوت و داپلۆسینی چەندە بوایە؟ دوو دەسەڵاتی حزبی لە دوو زۆندا، بەبێ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە رەسمیەتی نێودەوڵەتی هەبێت، ئەوە کارنامەی ٣٠ ساڵەیەتی کە جەماوەری بێبەش و نەداری لەگەڵ سەخترین ژیان رووبەڕووکردۆتەوە.
دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەم ناوەرۆکە کۆنەپەرست و دژە ئینسانیەیەوە، کە لەهەموو زەمینەو مەیدانەکانی ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بە کردەوە نیشانی دا، میراتگری بەعسە. ئەو راستیەشی بەرجەستە کردۆتەوە کە درێژە پێدەری جینۆسایدکردنی جەماوەری بێبەشی کورستانە لە فۆرمێکی شینیەیی و بەردەوامدا بەتوانایەکی سنوردار لەچاو توانایی بەعس و رژێمە لە گۆڕ نراوەکەی.
جەماوەری بێبەشی کوردستان، لە خەباتی بەردەوام و نەپساوەی خۆیاندا بۆ کۆتاییهینان بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئەم فۆرمە لەدەسەڵاتی رەشیان، پێویستە بەردی بناغەی فۆرمێکی تری دەسەڵات بکەنە قیبلەنوومای دەسەڵاتی ئاییندە، فۆرمێک کە زامنی بەکردەوەی بەشداری چینی کریکار و جەماوەری بێبەش لە بەڕیوەبردن و دەسەڵاتدا بکات و دەستی رەوت و هیزە بۆرژوازیی و کۆنەپەستەکان ببەستێت لەوەی جارێکی تر سایەی رەشی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا دابسەپێنەوە، هەر ئەوکاتەش دەتوانرێت بیر لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشگوزەران بکرێتەوە، کە ڕیگە لە دوبارە جینۆساید و کۆمەڵکوژیەکان و تاوانکاراییەکان دەگرێت و ئەو دەسەڵات و کاراکتەرە تۆمەتبارەکانیشی دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی جەماوەری لە دادگای سەربەخۆدا.
هەر ئەوکاتەش جەماوەری زوڵملیکرا و جینوساید دیدە، دەتوانن هەست بەئارامی بکەن و سوێی ئازارەکانیان کەم بکرێتەوە.
١٥ ی ئازاری ٢٠٢١
تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٧ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *