نابێ ڕێگابدرێت کرێکارانی ژینگەپارێز بکرێنە قوربانی کێشەی نێوان شارەوانی و کۆمپانیاکان! …

وەستا مەهدی…

سەرنوسەری رۆژنامەی دەنگی کرێکار

 ڕاگەیاندنێک لەسەرنوسەری رۆژنامەی دەنگی کرێکارەوە بۆ بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی:

 ماوەیەکە کێشەی نێوان شارەوانیەکان و ئەو کومپانیا و بەڵێندەرانەی کە لەگەڵ شارەوانیەکان گرێبەستیان هەیەو ئەرکی پاك کردنەنەوەی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانیان پێسپێردراوە، بۆتە هۆکاری دواکەوتنی موچەو حەقدەستی کرێکاران و هەر جارە لە شارو شارۆچکەیەك موچەی کرێکاران دوادەخرێ و خاوەن کومپانیاکان بۆیەك لای کردنەوەی کێشەی دواکەوتنی سلفەو ئەو موستەحەقاتانەی کەلای شارەوانیەکانە، کرێکاران دەکەنە ئامڕازی دەستیان ولەم کێشەدا بەکاریان دێنن و بەکرێکارەکان دەڵێن کار ڕابگرن تاحکومەت سلفە نەدات کارناکەین. ئەمە لەکاتێکدایە کەدەست هەڵگرتن لەکارو کار ڕاگرتن خواستی کرێکاران نییە، وخاوەن کۆمپانیاکان ئەم کارەیان بەسەردا دەسەپێنن ولەکێشەی خۆیاندا لەگەڵ شارەوانیەکان کرێکاران بێکار دەکەن ودواتریش قەرەبۆیان بۆناکەنەوە. کرێکارانی ژینگە پارێز سەرەڕای ئەوەی کە بەموچەیەکی کەم کاردەکەن، هەر ڕۆژێک کارنەکەن پارەی ئەو رۆژەیان لەلایەن خاوەن کۆمپانیاکانەوە لێ دەبڕدرێت.

ماوەیەك پێش ئێستە لەناو شاری سلێمانی وشارۆچکەی سەیدسادق وتەکیە چەمچەماڵ ودەوبەری کۆمپانیاکانی پاکەرەوە کرێکارانیان بۆ مەرامی خۆیان ڕاکێشایە نێو مانگرتنەوە وبەبێ ئەوەی خۆیان بیخوازن کاریان پێڕاگرتن، کەدواتر بەفشاری راگەیاندنەکان شارەوانیەکان ناچاربون سلفە بۆکومپانیاکان سەرفبکەن وکێشەکەیان چارەسەر کرد، بەبێ ئەوەی کرێکاران هیچ دەستکەوتێکیان پێبدرێ، بگرە بەهوی ڕاگرتنی کارەوە، کۆمپانیاکان موچەی ئەو ڕۆژانەشیان لەنیوان سەرفکردنو سەرفنەکردندا ڕاگرت. هەرلەم بارەوە دۆێنی چوارشەمە ١٥/٤/٢٠٢١ کۆمپانیای شکار لە چەمچەماڵ و دەوروبەری واتە تەکیە وئاغجەلەو سەنگاو قەرەهەنجیر هەموو ناحیەو شارۆچکانەی سەر بە چەمچەماڵن مانگرتنیان ڕاگەیاندوە، بێئەوەی کە حساب بۆ ژیانی ئەو کرێکارانەو خەڵکیش بکەن.. هەربۆیە ئێمە لە رۆژنامەی دەنگی کرێکارەوە حکومەت و یەکە ئیداریەکان وبەڕیوەبەرایەتی شارەوانیەکان بە بەرپرسی یەکەم دەزانین لە خوڵقاندنی ئەم کێشەیە وداشکانەوەی ئاکامەکانی بەسەر کرێکاراندا. لەسەرێکی تریشەوە خاوەن کۆمپانیاکان مافی ئەوەیان نییە بۆ بەرژەوەندی خۆیان وکێشەیان لەگەڵ شارەوانیەکاندا کرێکاران بەکار بهێنن وبیکاریان بکەن ودواتریش لەموچەکانیان ببڕن، خاوەن کومپانیاو بەڵیندەرەکان ئەرکیانە موچەو حەقدەستی کرێکاران وکارمەندەکانیان دابین بکەن وبەپێی یاسا ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کرێکاراندا کردویانە جێبەجیی بکەن و هەموو مانگیک بێ کەموکورتی مستەحەقاتی کرێکاران سەرفبکەن.

کرێکارانی ژینگە پاڕیز دەبێت بەهۆشیاریەوە لەدۆخی خۆیان بڕوانن وڕێگانەدەن لەم کێشە وگرفتانەی نیوان خاوەن کۆمپانیاکان وشارەوانیەکاندا بکرێنە وەسیلە، بەپێچەوانەوە ئەوان دەبێت بەخەباتی یەکگرتوانەی خۆیان لەسەر کارو موچەی خۆیانو مافەکانیان سەربەخۆ ڕاوەستن. هەرلێرەشدا داوا لەخەڵکی ئەو شاروشارۆچکانە دەکەین کەلەسەر مافی کرێکاران ولەسەر ژێنگەی گەرەک وناوچەکەیان بێنەدەنگ و یەخەی کاربەدەستانی بۆ بگرن. بەتایبەتیش کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا رێکەوتوە و ئیتر هیچ بیانویەك نەماوە بۆ ئەوەی کاری خزمەتگوزاری گشتی وموچەوحەقدەستی کرێکاران و کارمەندان ڕابگرن .

١٥/٤/٢٠٢١

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *