سەردانەکەی مەکگۆرك و کازمی!

موحسن کەریم

لە چەند رۆژی ڕابردوودا برێت مەكگۆرك، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق کۆبوەوە. بڕیاریشە کازمی لەم رۆژانەدا سەردانی ئەمریکا بکات و چاوی بە سەرۆکی ئەو ووڵاتە بکەوێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی نوسینگەی مستەفا کازمی، چەند تەوەرەیەك گفتوگۆیان لەسەر کراوە، لەوانە دەستپێکردنی خولی چوارەمی دانوستانی ستراتیژی نێوان ئەمریکاو عێراق، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پەرەدان و فراوانکردنەوەی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانی و کەلتوری و تەندروستیەکان و… هەروەها فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش ڕایگەیاند کە سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا بەمەبەستی ئەنجامدانی خولی چوارەمی دانوستانە ستراتیژیەکانی نێوان عێراق‌و ئەمریکایە، کە بەشێکی تایبەتە بە ڕێکەوتن لەسەر خشتەیەك بۆ کشانەوەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لەعێراق.

بەدەر لەو ئامانجەی کە نوسینگەی کازمی و فوئاد حسین سەبارەت بەو کۆبونەوەو سەردانانە خستویانەتەڕوو، دەبێ ئێمە بپرسین کە ئامانجی ڕاستەقینەی سەردانەکانی برێت مەکگۆرگ بۆ عێراق و کوردستان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و عێراق و ئەم سەردانەشی بۆ لای کازمی و هەروەها سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا، چیەو هەرکام لەو دوو لایەنە بەشوێن چ بەرژەوەندی و ئەجندایەکی سیاسیەوەن!؟

وەکو لە راگەیاندنەکاندا بڵاوکرایەوە، هاوکاتی بوونی مەکگۆرگ لە بەغدا و کۆبونەوەی لەگەڵ کازمیدا، شاندێكی باڵای ئێرانیش بەسەرۆكایەتی مەحمود عەلەوی وەزیری هەواڵگری  لەعێراق بوون و لەگەڵ بەرهەم ساڵح و عەبدولغەنی ئەلئەسەدی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبووەتەوە.

لەدوای ٢٠٠٣ەوە ئەمریکا لەرێگای بەرپارکردنی جەنگێکەوە بوونی سەربازی خۆی لەعێراقدا جێگیرکرد، بەڵام نەیتوانی دەسەڵاتی سیاسی بەوجۆرە سازبدات کە هاوپەیمانی ئەمریکا بێت. بەجۆرێک دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت کەوتە دەست کۆمەڵێك هێزو میلیشیای سیاسی و چەکدار، کە هاوسەنگی هێزی بەقازانجی نفوزی ئێران لە عێراقدا شکاندەوە. لەوکاتەوە ئەم ململانێیە لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا لە گۆڕەپانی عێراقدا بەردەوامەو هەمیشە یەکێك لە سیاسەتە راگەیەنراوەکانی ئێران کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق و ئەم سیاسەتەشی لەڕێگای گروپە چەکداریە شێعەکانی سەربەخۆیەوە جێبەجێ کردوە. ئەمریکاش بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابووە نفوزی سیاسی و سەربازی ئێران لە عێراقدا کۆتایی پێ بهێنێ، چونکە کۆتایی هاتن بە نفوزی ئێران لە عێراقدا دەتوانێ سەرەتایەك بێت بۆ کۆکردنەوەی قاچ ودەستی ئێران لە ناوچەکەدا، کە ئیستا لە عێراقەوە بۆ سوریاو فەلەستین و یەمەن بڵاوی کردۆتەوە.

پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق خواستی ئێرانەو حکومەتی عێراق و خودی کازمی لەژێر ئەو فشارەدان.  کازمی ناتوانێ خۆی لەو فشارە دەرباز بکات، ئەگەرچی نە خۆی دەیەوێ و نە لەبەرژەوەندی دەسەڵاتەکەی ئەوە. کازمی دوای خرۆشانە جەماوەریەکانی دوو ساڵی رابردووی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی باشووری عێراق کە گورزێکی لە نفوزی سیاسی ئێران وەشاندو حکومەتی تووشی قەیران کرد، وەکو بەدیلێکی مەقبول بۆ ئەو هەلومەرجە دەستی گیرا بۆسەر کورسی دەسەڵات. ئەمریکاو ووڵاتە عەرەبیەکانی دۆستی ئەمریکا لەپشتی کازمیەوە وەستان و ئێستاش دەیانەوێ وەکو پیاوی دەوڵەت لە عێراق شەرعیەتی هەڵبژاردنی بخەنە پشت!

بەڵام کازمی بەهۆی ئەوەی خاوەنی هێز و میلیشیای چەکدار نیە، لەبەرامبەر تواناکانی ئێراندا بۆ تێکدان بارۆخی سیاسی و سەربازی عێراق لەرێگای میلیشیاکانیەوە کە پێگەیەکی دەسەڵات و حکومەتەکەی کازمیشیان پێكهێناوە دەستی کراوە نیە. بۆیە کازمی ئەگەر بە نابەدڵیش بووە ناچارە ئەم پرسە لەگەڵ ئەمریکا باس بکات و هەوڵی دزۆینەوەی رێگایەکی گونجاو بدەن و میکانیزمێك پەیدا بکەن کە ئەم فشارەی ئێران و میلیشیاکانی لەسەر خۆی و بەرنامەی سیاسی داهاتووی کاڵتر بکاتەوە. ئەمریکاش لەوە تێدەگات. بۆیە ئەو ستراتیژەی کە ئەمریکا ئێستا بۆ بەهێزکردنی پێگەی کازمی دەیگرێتەپێش، مەسەلەی دوورخستنەوەی عێراقە لە ئێران لەڕووی ئابوریەوە بەجۆرێك کە وابەستەیی عێراق بە ئێرانەوە کەم بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پرسی وەبەرهێنانی ئەمریکا لە پیشەسازی نەوتی عێراقدا، هاوکاریکردنی کردنی عێراق لەرووی بەرهەمهێنانی غاز و کارەباوە لەلایەن سعودیەو ئیماراتەوە و تەرخانکردنی چەندین ملیار دۆلار بۆ ئەو مەبەستە و … تاد. بە تایبەتی لە هەلومەرجێکدا کە مەسەلەی ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریە گشتیەکان بوونەتە پرسی گەرمی خەڵکی عێراق و خرۆشانەکانی ئۆکتۆبەری دوو ساڵ لەمەوبەر کە سەدان قوربانی و نزیکەی ٢٠ هەزار برینداری لێکەوەتەوە، بەپلەی سەرەکی بۆ ئەو مەسەلەیەبوو، مەسەلەی ژیاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و پێدانی ئومێدێك بۆ باشبوونی خزمەتگوزاریەکانی دەتوانێ ئەو میکانیزمە بێت کە ئەمریکاو ووڵاتان بەرەی دژ بە ئێران و خودی کازمی و ئەو هێزو لایەنە عێراقیانەی کە دەیانەوێ خۆیان لە بەرەی ئێران دووربخەنەوە، دەستی بۆبەرن لە بەرامبەر نفوزی سیاسی و سەربازی ئێران لە عێراقدا ، کە نفوزە سیاسیەکەی بەهۆی خرۆشانەی ئۆکتۆبەرەوە گورزێکی بەرچاوی بەرکەوتوە.

بارودۆخی سیاسی و حکومەتی عێراق لە قەیراندایەو پرسی دامەزراندنی حکومەتێکی سەقامگرتوو کە شەرعیەتی پەرلەمانی وەربگرێت و کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت کە بەهۆی خرۆشانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە هاتۆتە پێشەوە، مەسەلەی سەرەکیە لە ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران لە عێراقدا. هەریەکەیان هەوڵی ئەوە دەدات کە حکومەتی داهاتوو بەلای بەرەی خۆیدا یەکلایی بکاتەوە. پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن ئێرانەوە کە هێزەکانی سەر بە ئێران بەرزیان کردۆتەوەووەکو فشارێك بەسەر سەری کازمیەوە ڕایانگرتوە، بۆ ئەوەیە کە تای ترازوەکە بەلای خۆیدا خواربکات. مەسەلەی بوژاندنەوەی ئابوری عێراق و وەبەرهێنانی ئابوری و پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەمریکاو سعودیەو ئیمارات و هاوکاریکردنی سیاسی و دروستکردنی بلۆکیك لەو هێزانەی کە لە ئەمریکاو ووڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکاوە نزیکن، بۆئەوەیە کە حکومەتی داهاتووی عێراق زیاتر لە بەرەی ئەمریکاو ئەو ووڵاتە عەرەبیانەو بەرەی نەیاری ئێران نزیكتر بێتەوە. هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری عێراق، بۆ هەردوو ئەم بەرەیە ئەو مانایەی هەیە کە دەیانەوێ نەخشەی داهاتووی دەسەڵات لەعێراقدا خۆیان بیکێشن! بەڵام دوو فاکتەری گرنگ دەتوانن ئەم بارودۆخە بە ئاقارێکی دیکەدا بگۆڕن!

یەکێکیان ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراقە کە هێشتا گەرمی خرۆشانەکانی ئۆکتۆبەری دوو ساڵ لەمەوبەری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوەو دەتوانێ سیناریۆی هەڵبژاردنەکەیان پووچەڵ بکاتەوە قەیرانی حکومەت و دەسەڵات قوڵیتر بکاتەوە و یاریەکە لەهەردوو تیمەکە تێك بدات و ئاڕاستەیەکی دیکە بخاتە بەردەم ئایندەی سیاسی عێراق و ئەوی دیکەیان ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکیش و ناڕازی و ئازادیخوازی ئێرانە کە هەر ئێستا لە چەند گۆشەو کەنارەوە قوڵپ دەدات و دەتوانێ لە بەرینبوونەوەیدا دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی بلەرزێنێ و دەستوپێوەندەکانی لە عێراقیشدا کۆبکاتەوە!

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *