جەماوەری عێراق و ناوچەکە بە چاوی ئومێدەوە لە خەباتی ئێوە دەڕوانن

سەبارەت بە مانگرتنەکانی کرێکارانی نەوت و جەماوەری ئەهواز

کابوسێکی تۆقێنەر کە خەریکە لەئێرانی ئەمڕۆدا لانەی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی دەشێوێنێت، کابوسێک، پاڵ دەنێت بە ڕژێمی برسێتی، هەژاری، نەداری، رژێمی پێشێلکردنی ئازادیە سیاسیەکان، تیرۆر، سێدارە و جەنگەکان بەرەو ڕۆژانێکی تاریک و ڕوبەڕوبونەوەیەکی چارەنوسسازە: بە مان  یان نەمان .

لەلایەک مانگرتنە کرێکاریەکان لە چەندین شاری ئێراندا  بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەدەسێنن، هەر لە کرێکارانی شەکری( هەفت تەپە)ەوە بۆ کرێکارانی کارگەکانی  ئاسن و  پترۆکیمیاوی تا دەگاتە مانگرتنە بەهێزەکانی ئەم دواییەی کرێکارانی نەوت. بەشێوەیەك کە ١١٧ کارگە و ناوەندی کرێکاری گرتۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە مانگرتنی جەماوەری بەرفراوان پەلی کێشا بۆ  شارەکانی ئەهواز، لەبەرامبەر نەبوونی ئاوو دابین نەکردنی خزمەتگوزاریەکان و سایەکردنی وشکەساڵی و بێ دەربەستی و نابەرپرسیاریەتی بێ ئەندازەی ڕژێمێکی تاسەر ئێسقان  دژ بە جەماوەر، سەرئەنجامیش بۆ هاوپشتی لەم داخوازیانە شارەکانی تەهران و تەبریز پەیوەست بوون بەم ناڕەزایەتیانەوە، ئەم ناڕەزایەتی ومانگرتنانەش پاڵپشتی و کۆمەک وهاوپشتی بەرفراوانی لێکرا لەلایەن کۆمەڵانی  جەماوەری ئێرانەوە.

تەواوی کۆششەکانی سەرانی ئەم ڕژێمە دووچاری شکست بوە، لە سەرویانەوە خامەنەئی، کە هەوڵیاندا لە ڕێگای نیشاندانی هاوسۆزی درۆیانە و ڕوکەشانە لەگەڵ داخوازی و مافەکانی خۆپیشاندەراندا، کۆتایی بەتوڕەیی و نەفرەتی جەماوەری بهێنن و هێوریان کەنەوە، بە پلانگێڕی وتەڵەکەبازی و پەیداکردنی فرسەتێک بۆ سەرکوتکردنی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە بەرهەقە. لە کاتێکدا کەئەم ڕەفتارە فێلبازانەیان بۆ نەچوە سەر، دەستیانکرد بە جێبەجێ کردنی کارەکانی خۆیان، لە بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت  بەئامانجی ئەوەی بەر بگیرێت بە بڵاوبونەوەی هەواڵەکانی ئەم خۆپیشاندانانە و دەرنەکەوتنی سەرکوتی دەسەڵاتداران.  دواتریش  بە پەنا بردن بۆ بەخشینەوەی تۆمەت و پڕوپاگەندەی تێکدەرانە و ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشانداین، لەنمونەی ناوبردن بە (پیلانگێڕی) و (دەستی دەرەکی) ….تاد  ڕووبەڕوی چالاکوانانیان  کردەوە ، هەروەها بەدەستبردن بۆ کردەوەکانی کوشتن و تیرۆر و سەرکوتی وەحشیانە.

ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران نوقمی قەیرانێکی سیاسی و ئابوری سەرتاسەری و قوڵە، ئەو دەسەڵاتەی کە پارچەیەکی موتوربەکراوە بەسەر جەستەی کۆمەڵگاوە. زۆرینەی زۆری جەماوەر لە ئێران، لە کرێکاران و ڕەنجدەران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا، توڕەیی و نەفرەتێکی  بەرفراوانیان  لە بەرامبەر ئەم ڕژێمەی کە دووچاری کۆمەڵگا بۆتەوە هەیە، چونکە بەدرێژایی چوار دەیەیە تەنها بەڵاو ماڵوێرانی کردۆتە بەشیان. جەماوەری ئێران لە پێناو کۆتایهێنان بەم ڕژێمە بۆرجوازیە کۆنەپارێزەی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕۆژ دەژمێرن. باسکردن  لە هەر جۆرە شادی و  خۆشبەختی یاخود ئازادی ، یەکسانی و ئینساندۆستیەکی بەرز و ژیانی هاوچەرخانە، تا کاتێک ئەم ڕژێمە بەسەر سەری جەماوەرەوە بێت مەحاڵە، نەک تەنها لە ئێراندا، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەشدا.

چینی کرێکاری ئێران، بەتایبەت کرێکارانی نەوت، ئەرکێکی مێژوویی کەم وێنەیان لە سەرشانە. هەر بۆیە کۆمەڵگای ئێران و ناوچەکە چاویان بڕیوەتە ئەو ساتەی کە ئەمان، کۆتایی بەم دەسەڵاتە سەرکوتکەر و خوێناویە دەهێنن.

ڕەنگە هیچ ساتێکی مێژوویی هاوبەش لە نیوان جەماوەر لە عیراق و کوردستان و ئێران و ئەوانی دیکە، بەئەندازەی ئەم ساتانە نەبێت. ئەم ڕژێمە بەسەرچوەو میلیشیا تایفی و تیرۆریستەکانی، کۆمەڵگەی ئەم ناوچەیەیان ڕاپێچی نێو زەلکاوێکی خوێناوی کردوە.هەروەها ئەم ڕژێمە و میلیشیا تاوانکارە وەحشیەکانی، ئەم کۆمەڵگایانەیان غەرقی سیناریۆی تاریکی پڕ لە کوشتار وتیرۆر و گەندەڵی و تاڵانی و کوشتن و زەوتکردنی  ئازادیەکان و مافە مەدەنیەکان، کردوە. تیرۆرکردنی زیاتر لە هەزار چالاکوان و بریندارکردنی نزیکەی ٢٠ هەزارکەس لە نێو ڕیزەکانی چالاکوانانی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە عێراق، بەرجەستەترین نمونەیە.

تیکۆشانی جەماوەری عێراق وکوردستان، بە ئەندازەی هەمان تێکۆشانی جەماوەری ئێرانە لە مەسەلەی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە تیرۆریستە فاشیستە، ئەو جەماوەرەی کە لەمەیدانی خەباتدایە، ڕووبەڕوی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی سەر ئەم ڕژێمە بۆتەوە لە عێراقدا، بێگومان خەباتێکی هاوبەشی مەزن ، کۆمان دەکەتاوە.

خەباتی چینی کرێکار لە عێراق و کوردستان لەبەرامبەر کۆنەپەرستی و بوونی  ئیسلامی سیاسی لە ئاستی ناوچەکە، مەسەلەیەکە ناکرێت لەخەبات بۆ کۆتایهێنان بە سیستەمی سەرمایەداری وسەرجەم ڕەوتەکانی بۆرجوازی و دەسەڵاتەکەی، جودابکرێتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە  چارەنوسێکی یەکانگیرو خەباتێکی هاوبەشی  ئینتەرناسیونالیستی بخاتە بەردەم چینی کرێکار وجەماوەری ڕاپەڕیو لە ناوچەکەدا. لەم گۆشەیەوە، خەباتی کرێکارانی  ئێران و جەماوەری زەحمەتکێش لە شارەکانی ئێران بۆ ڕووخاندنی جمهوری ئیسلامی ئێران، دەبێتە ناوەندێکی خەباتی چینایەتی لە پێناو  سنوردانان بە دەستدرێژکاریەکانی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی وتێکشکاندنی قەڵای کۆنەپەرستی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەم ڕوانگەیەوە، هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان، خەباتی کرێکارانی ئێران و سەرجەم جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدە  لە سەراسەری ئێراندا، بەخەباتی خۆیان دەزانن و بەهەر شێوەیەکی کە بۆیان دەکرێت پاڵپشتی لێدەکەن. هەروەها هەردوو حزب لەگەڵ حزبی حیکمەتی(خەتی ڕەسمی) و سەرجەم کۆمۆنیستەکانی ئێران و تەواوی تێکوشەران لە یەک سەنگەردان  لە پێناو ڕزگاربوون لەم ڕژێمە  بۆرجوا ئیسلامیە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی.

ئەم ڕژێمە ڕوو لەنەمانە. مژدەی کاتی لە گۆڕنانی بەیەکجاری و بۆ هەتاهەتایی ڕاگەیەندراوە. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکە مێژووییە زۆر مەزنە، پێویستە هێزەکان کۆبکرێنەوەو ئاستی ناڕەزایەتیەکان لەسەرتاسەری ئێراندا  فراوان بکرێنەوە و ڕیزەکانیان یەکگرتوو بکرێن  و ڕێکبخرێن و ….. بە ئاسۆیەکی کرێکاری و شۆڕشگێرانە و ئینسانی چەکداربکرێن، کە هیچ پەیوەندیەکیان لەگەڵ ناسیونالیزم و دین و هەویەتی درۆینە وسەرلێشواودا نەبێت.

بژی خەباتی کرێکارانی ئێران!

بژی خەباتی جەماوەری ئێران لە پێناو ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی!

بژی سۆسیالیزم!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

کۆتایی تەموزی ٢٠٢١

Check Also

گیان له‌ ده‌ستدانی حسێن مورادبیگی (حه‌مه‌ سوور) خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌

به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ حسێن مورادبیگی (ناسراو به‌ حه‌مه‌ سوور)مان بیست، كه‌ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *