حزبی کرێکارانی بەریتانی لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست!

نووسینی: سالار حمەسەعید

حزبی لەیبەر لەوکاتەوە کە ڕابەرایەتیەکەی کەوتۆتە دەست ”کیر ستارمر”ەوە ئاراستەکەی بەتەواوی گۆڕاوە لەحزبێکی چەپەوە بۆتە حزبێکی تەواو ڕاست وە یا باشترە بوترێ بۆتە سێبەری حزبی پارێزگاران (موحافزین). ئەگەر بڕوانینە کارنامەی ئەم چەند مانگەی پێشووی بەتایبەتی لە سەردەمی پەتای کۆرۆناوە دەبینین حزبی لەیبەر تەنانەت ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارامەو چالاکی نەبینیوە. لەیبەر بەردەوام لەم دەورانی پەتای کۆرۆنایەدا مۆری ڕەزامەندی لەسەرهەموو کاروکردەکانی حکومەتی بۆریس جۆنسن داناوە و گەر نووزەیەکیشی لێهاتبێ نەبیسراوە و دەنگی لێوەنەهاتووە. هەر لەسەرەتای هاتنی یەوە ”ستارمر” ئامانجی خۆی دیاریکردوە و بە ڕۆشنی ویستویەتی لە چەپی ناو لەیبەر بدات و بیانکاتە کەنارەوە. کیر ستارمر زۆر ئاشكرا دەستی داوەتە پاکسازی لەناو حزبدا ئەویش پاکسازی گروپە چەپەکانی ناو حزبی کرێکاران. پیشنیاری قەدەغەکردنی گروپە چەپەکان لەناو حزبدا خرایە بەردەم ئۆرگانی بەرێوبەرایەتی حزب و ستارمر پشتیوانی لەم هەنگاوە کرد. هەفتەی پێشوو ئەم پیشنیارە خرایە بەردەم ئۆرگانی ناوبراوەوە و پەسەندکرا. پیشنیارەکە تەنها بۆ یەک مەبەست بووە ئەویش قەدەغەکردنی چەپەکانی نێو حزب کە باڵی ڕاستڕەو نازناوی” توندڕەوەکانی نێو حزب”ی لێ ناون. ئەم گروپانەش مەبەست ئەوانەن کە لایەنگری ئاشکرای ڕابەرایەتی جێرمی کۆربن بوون. تەنها ١٥ مانگ پاش هەلبژاردنی ستارمر بە رابەری حزبی لەیبەر ئێستا تەواوکاردەکات بۆ قەدەغەکردنی ئەو ٤ گروپە لەنێو حزبدا. ئەم پیشنیارە سەرەتا لە رۆژنامەی ”دەیلی میرەر”دا بلاوکرایەوە کە بوە هۆی تووڕەکردنی ئەندامانی باڵی چەپی نێو لەیبەر کە لەوباوەڕەدان ئەمە کەمپینێکی گەورەیە بۆ پاکتاوسازیەکی بەرین لەناو حزبدا. لە پیشنیارەکەیاندا داوای دەرکردن یا هەڵپەساردنی ئەندامێتی ئەم دەستەو گروپەیان کردبو. سۆشیالیست ئەپیل (بانگەوازی سۆسیالیستی) کە گروپێکن خۆیان بە دەنگی مارکسیستی ناوحزبی لەیبەرو لاوان دەزانن کە گروپێکی قەدەغەکراون و هەرکەسێک دەرکەوێت کە ئەندامی ئەم گروپانەیە یەکسەر لە حزبی کرێکاران دەردەکرێ. ئێستا چەند گروپێکی چەپ دەستیان داوەتە نارەزایەتی پیشاندان لەبەردەم بارەگای سەرەکی حزبی کرێکاران لە ڤکتۆریا لە لەندەن دژ بە پشنیارەکانی ئۆرگانی بەرێوبەرایەتی حزب تەنانەت داوای لابردنی ستارمر دەکەن لە رابەرایەتی حزب. نۆرمان تۆماس کە دامەزرێنەری گروپی ”تۆڕی لەیبەر لە تاراوگە” یە لە لێدوانێکی دا دەڵێ: ”ستارمر جێگەی بەزەیی پێهاتنەوەیە لە شەڕیدا دژ بە کۆنسێرڤەتیڤ. ئەو زۆر بە پەلەیە لە پەلاماردانی ئەندامەکانیدا، ئەو دیموکراسی تێکشکاندوە لەناو حزبی لەیبەردا تا هەزاران کەسی لەکۆڵ ببێتەوە کە پاش هەڵبژاردنی جێرمی کۆربن بە سەرۆکی حزب پەیوەست بوون بەحزبەوە”. ئەم جمووجۆڵە نیشاندەری جەنگێکی سکتاریستی یە کەلەناو کۆنفرانسی داهاتووی حزبی لەیبەردا لە برایتن دا ڕوودەدات وە پێشبینی دەکرێ کە ستارمر هەوڵی ئەوەبدات کە مۆری دەسەلاتی خۆی بدات لە حزب. نۆرمان تۆماس هەروەها دەڵێ: ”ئێمە بۆ داهاتووی حزبی لەیبەر دەجەنگین ئەمە سەرەتای تێکۆشانە” هەروەها پێی وایە کە لەکۆنفرانسی داهاتووی حزبدا لە مانگی سپتمبەر، کارو کرداری زۆرتر و ڕووداوی زیاتر ڕووبدات. ئەوەی شایەنی باسە، ئەو چوار گروپە بریتین لە ”تۆری لەیبەر لە تاراوگە” و سۆشیالیست ئەپیڵ و بەرگری سۆسیالیستی و لەیبەر دژی ڕاوکردنی نەیاران (هەنت وچ). کۆمەڵێک ئەندامی گەورە و بەرچاوی حزب لە ئەندامێتی ڕاگیراون لە چەند مانگی رابردوودا. هەر ناوبەناوێک گروپێک لەناو حزبدا قەدەغە دەکرێ. ئەوەی کە لێکۆڵینەوەی لەسەرکرا لە سێ شەممەی ڕابردوودا دەربارەی ئەوەبوو کە ئایا ئەو گروپانە لەگەل ئامانج و یاساو ڕێساکانی حزب دا هاوئاهەنگیان هەیە؟ جێرمی کۆربن لە مانگی ئۆکتۆبەری سالی رابردوودا لە ئەندامێتی ڕاگیردرا تەنها لەبەرئەوەی وتی کێشەی ئەنتی سیمیتیزم لەناو لەیبەردا لەبەر هەندێ هۆکاری سیاسی گەورەکراوە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و میدیاکانەوە. بەلام ستارمر بەم کارەی هیچی بەدەست نەهێنا. ستارمر یەکێک لە قەلاکانی لەیبەری لەدەست دا لە ”هارتلپوول” کەلە ساڵی ١٩٧٤ەوە مەڵبەندی لەیبەر بووە، بەلام ئەمسال لەیبەر لەدەستی دا لە هەلبژاردنی شارەوانیەکاندا و کەوتە بەردەستی حزبی کۆنسێرڤەتیڤ. هوارد بێکیت لە ئەندامێتی حزب ڕاگیردرا کاتێ لە وەلام بە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ”پرتی پاتێل”دا کە هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی دوو پەنابەری دابوو لەسەر تویتر نووسیبووی: دەبێ پرتی پاتێڵ دیپۆرت بکرێتەوە نەک پەنابەران. “ئەندام پەرلەمانانی سەر بە باڵی چەپی حزبی لەیبەر تووڕەن لە پیشنیارەکان. ماکدۆنێل پێێ وایە رابەرایەتی ئێستای لەیبەر دەیەوێ لەڕێگەی گرتنەبەری ڕێگەیەکی سەیر وسەمەرە ئەویش دەرکردنی ئەندامانەوە پیشانی بدات کە چەند ڕابەریەکی بەهێزە. ئەو چوار گروپەی ناو حزبی لەیبەر یەکیکیان ”سۆشیالیست ئەپیڵ”ە (بانگەوازی سۆسیالیستی) کە تاوانباردەکرێت بەوەی کە جێنشینی ڕەوتی میلیتانتی (توندرەوی) تروتسکیستە کە لە لایەن حزبی لەیبەرەوە لە ساڵی ١٩٨٢ ەوە قەدەغەکراوە لەکاتێکدا ئەو ٣ گرووپەی تر دەگووترێ کە تێوەگلاون لەجمووجۆڵ و چالاکیە ئەنتی سیمیتیزمەکانی جێرمی کۆربن. ڕەخنەگرانی ناوخۆی ستارمر دەڵێن ستارمر شەڕ دەخوڵقێنێ و خۆی بزوێنەر وداهێنەری ئەم پاکسازیەی ئێستایە. ستارمر دەیەوێ لە کۆنفرانسی سپتمبەری داهاتوودا بەڕاستی حزب بگرێتە دەست و کۆنترۆل و ڕابەری حزب بکات بە شیوەیەکی فیعلی. نیازی ئەوەی هەیە کە لەم کۆنفرانسە دا ئەو گروپانە و کەسانێک کە پەیوەندیان هەیە بەو گروپانەوە ڕیشەکێش بکات. ئەمە دەرفەتێکە نایەوێ لەدەستی بدات. دەرکردنی زیاتر لە هەزار ئەندامی حزب دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بڕیار و پیشنیارانەی ڕابەری حزب.


٢٨ی تەمموزی ٢٠٢١

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *