بەرز و بەڕێز بێت ٨ی مارس، ڕۆژی ڕاوەستانەوە بەدژی جیاکاری و ستەمکێشی ژنان!

نیزامی سەرمایەداری لەپێناو بەدەستهێنانی هەرچی زیاتری قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدا، جیاکاری ڕەگەزی و ستەمی سەر ژنانی کردۆتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیستەم و دەسەڵاتەکەی. چینی دەسەڵاتدار و حوکمەتەکەی لە کوردستان، بە هەمانشێوە ئەم جیاکاری و ستەمەی سەر ژنانی لەهەموو بوارەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و یاساییدا، بەقێزەونترین شێوە برەو پێداوە.

ژنانی کوردستان لەڕویی کۆمەڵایەتیەوە، بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاری و فەرهەنگی دینی و قەومیەوە، کە خودی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی پارێزەریەتی، ڕووبەڕووی هێرشێکی سیستماتیک بوونەتەوە، توندوتیژی خێزانی، تا سوکایەتی و هەڕەشەو لێدان و بڕینی جەستە “خەتەنە” ی ژنان، تا دەگاتە بەدەستدرێژی سێکسی و کوشتنی ژنان بە پاساوی شەرەف و ناچارکردنیان بە خۆکوژی و خۆسوتاندن و ڕێگریکردن لە تیکەڵاوبون و ئازادی سەفەر و هەڵبژاردنی هاوسەر و دەیان سەرکوتگەری تر.. گۆشە سەرەکیەکانی کارنامەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردە لە ٣٠ ساڵی رابردوودا کەبەهۆیەوە ژیانی ژنانی کوردستانی لە تراژیدیایەکی ئینسانیدا ڕاگرتووە و تا ئێستاش بەهەزارن قوربانی لێسەندون.

لەڕووی یاسایەوە، پێشنیاری ئەوەی کە “شەریعەتی ئیسلام” لەدەستوردا سەرچاوەی یاساکانی هەرێم بێت، وەیا خودی ” کۆتا “کردنی ژنان لەهەڵبژاردنەکاندا، تادەگات بەیاسا شەرمەزاریەکەی پەرلەمان کەمافی فرەژنی بۆ دەوڵەمەندان و پیاوانی سەرمایەدار، بەڕەسمی ناسیوە، نەک هەر مافی هاوڵاتی بوونی یەکسانی لە ژنان سەندۆتەوە، بگرە ئەوانی کردۆتە کۆیلە و هاوڵاتی پلەدووی ژێردەستی پیاوان.

لەڕووی ئابوریەوە، ئەگەرچی لەبەرئەنجامی دەورەیەک لەپەرەسەندنی سەرمایەداری لەکوردستان، ژنانێک فرسەتی کار و هاتنەمەیدانیان لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و دامەزراندنیان لە بەڕێوەبەرایەتی و کۆمپانیاکاندا بۆ کرایەوە و پەیوەست بوون بە ئۆردوی کارەوە، بەڵام بەردەوام لەژێر هێرشی کۆنەپەرستان و سوکایەتی پێکردن و دەستدرێژی سێکسیدا، ڕاگیراون. ئەمە جگەلەوەی لەوەرگرتنی موچە و هەڵبژاردنی کار و پیشەدا، لەچاو پیاواندا ڕووبەڕووی جیاکاری بونەتەوە. ژنانی کوردستان لەکاری ناوماڵدا نەک هەر هیچ بیمە و پاداشتێکیان پێنادرێت، بەڵکو کارەکەیان وەک “کارێکی تەحقیرکراوی ژنانە” بەچاوێکی سوکەوە سەرنجی بۆ دەدرێت. ژنانی کرێکاریش جگەلەوەی بە نانئاوەری ماڵ حساب ناکرێن، لەبەرامبەر کاری پیاواندا، چ لە موچەی یەکسان و وەرگرتنی ئیمتیازاتەکانی تردا، بەئاشکرا جیاکارییان لەبەرامبەردا دەکرێ، هاوکات لەدەورانی دوگیانی و مناڵداری و سوڕی مانگانەدا، ڕووبەڕووی لەسەرکار دەرکردن دەبنەوە و ناچار دەکرێن بە ئەنجامدانی کاری سەخت و ناتەندروست.   

سەرباری هەموو ئەم ستەم و جیاکاریانەی کە بەژنان دەکرێ، ئەوە گرانی و بێکاری و هەژاریە، کەبەشێک لە ژنانی ناچارکردووە بەکاری لەشفرۆشی و فرسەتیداوە بە باندەکانی بازرگانی سێکسی و لەشفرۆشی تا بەهرەبەرداری لە دۆخی دۆزەخی ژنان بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زوربەی ئەو باندانە وابەستەن بەدەسەڵاتدارانەوە. بێگومان ئەم واقعیەتە تاڵەی کە ژنانی کوردستان بەگشتی و ژنانی کرێکار بەتایبەتی تێیدا ڕاگیراوە، باشترین پێودانگە بۆ نیشاندانی ناوەرۆکی چینایەتی و چاوچنۆکی دەسەڵات و سیستەمێک کە بۆرژوازی کورد و حزبەکانی بەسەر سەری کۆمەڵگاوە ڕایانگرتووە.

بەڵام سەرای ئەم واقیعە تاڵەش یەشتا سیما و نەریتە ئازادیخواز و ئینسانیەکانی ژنان، واقعیەتی حاشا هەڵنەگری کۆمەڵگای کوردستانە و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ڕاوەستاوی ژنان و ملنەدانیان بە زوڵم و زۆری دەسەڵات و یاسا و ڕێسا کۆنەپەرستەکان، مایەی نیگەرانی بۆرژوازی کورد و بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگەیە. بەم جۆرەش خەبات و تێکۆشانی ژنان و جوڵانەوە یەکسانی خوازانەکەیان، بەشێکە لە خەباتی چینی کرێکار بۆ ڕزگاری لە هەرجۆرە ستەم و نابەرابەریەک کە لە کۆمەلگادایە.

لەهەلومەرجی ئێستادا و لەکاتێکدا کە یادی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەینەوە، بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا، ڕۆژانە یەخەی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە دەگرێ، ئەتوانێ هێزێکی گەورە و کاریگەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی کە بەسەر ژنان و جەماوەری ناڕازیدا داسەپەێندراوە. کەواتە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەجیا لەوەی کەدەبێت خەبات بکات بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵەی ئەو خواستانەی کە ژیانی ژنانی کوردستان لەڕووی ئابوری و سیاسی و مافە شەخسی و مەدەنیەکانیەوە باشتر دەکات، هاوکات دەبێ وەک بەشێکی کاریگەر لەبزوتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بۆ کۆتاییهێنان بەم سیستەم و دەسەڵاتەی ئێستا کە سەرچاوەی تەواوی بێمافیەکانی ژنانە، لەمەیداندا ڕاوەستێ. 

 ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، ڕۆژی گێڕانەوەی حورمەتی ئینسانیە بۆ ژنان، ڕۆژی توندکردنەوەی خەباتە لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەرجۆرە ستەم و بێمافیەک، کە لەژنان دەکرێ. ئەگەر ئازدی ژنان مەرج و پێوانەی هەر کۆمەڵگایەک بێت، کەوایە با ٨ی مارس بکەینە ڕۆژی یەکگرتووکردن و لێکهەڵپێکانی ناڕەزایەتی و هەوڵ و تێکۆشانی بێبەشانی کۆمەڵگا، ڕۆژی کۆتاییههێنان بە دەسەڵات و سیستەمێک کە نەک پارێزەری جیاکاری و ستەم و بێمافی ژنانە، بەڵکو لەسەر بنەمای جیاکاری چینایەتی و کۆیلەیەتی بەکرێ ڕاوەستاوە.

بەرز و بەڕێزبێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٩/٢/٢٠٢٢

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *