ئەم دونیا پێچەوانەیە دەبێت ڕاستبکرێتەوە !

بەرزو بەڕێز بێت یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران !

هەموو ساڵێک لەیەکی ئایاردا بە سەدان ملیۆن کرێکار، جەژنی هاوپشتی چینیایەتی خۆیان دەگێڕن و لەم ڕۆژەدا شەقامی شارەکان ڕەنگی ناسنامه‌ی ئینسانی دەگرنەخۆ. هەموویان پێکەوە دەبن بە یەک ڕەنگ و یەک سرود ده‌خوێنن. پڕوپوچی وەک نەتەوەو ڕاسیزم وهەڵاواردنی دینی و ڕه‌گه‌زیی و ڕەنگی پێست، لە بەردەم یەکگرتوویی ڕیزەکانی کرێکاران لەسەرتاسەری جیهاندا چۆک دادەدەن و تەسلیم دەبن. کرێکاران لەم ڕۆژەدا بڕیاری ڕاوەستانی بەرهەمهێنان دەدەن. لەم ڕۆژەدا دونیا بۆ ماوەیەك خامۆش دەبێت. بۆ هەموان دەردەکەوێت کە چ هێزیکە و ئەوانە کێن کە شارستانیەتی ئەمرۆ دەخولقینن. هیچ کەس ناتوانیت حاشا لەم راستیە بکات کە ئەوە کرێکارانن ئەم دونیایه‌ بە پێوە ڕاده‌گرن.

گومان له‌وه‌دا نیە کە ته‌کنه‌لۆژیا لە ئیستادا گەشتوەتە ئەوپەری خۆی، بەرهەم و کارو توانای ئینسان بەشیوەیەکی بێوێنە لەچاو رابردودا چوەتەسەر. ڕۆژبەڕۆژ داهێنانی تازە دێتەئاراوە کە هەموانی توشی سەرسورمان کردوە. به‌ڵام هێشتا هەژاری و برسێتی و بێ ئیشی و نەخۆشی باڵی بە سەر خەڵکی دونیادا کێشاوە. بە ملیۆنەها ئینسان لە برساندا دەناڵێنن، ملیۆنەها منداڵ دەمرن به‌هۆی ئه‌وه‌ی کە دایکو باوکیان ناتوانن بژێوییان دابین بکەن. ملیۆنەها ژن لە دەست هەلاواردنی جنسی دەناڵێنن. کەم نین ئەوانەی کە بەهۆی هه‌ندێ نەخۆشیەوە دەمرن. کە م نین ئەوانەی بە هۆی شەڕی دینی و تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ دەکوژرێن و ئاوارە دەبن و شارو گوندەکانیان وێران دەکرێن. هەرئێستا دەبینین کە دەوڵەتانی بۆرژوازی و نەتەوەپەرست و پێشبڕکێی نێوان ئەمەرێکاو ڕوسیا، لەپێناو دووبارە دابەشکردنەوەی دونیا بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ‌چ کارەساتێکیان بەسەر خەڵکی هەژاری ئۆکرانیاو ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناوە. بەدەیان هەزار کەس کوژراوەو ملیۆنەها مرۆڤ ئاوارە کراون. شارو گوندەکانیان کاولکراون. هەروەها بەهۆی کاری تیرۆری گروپە ئیسلامیەکانەوە بەشێکی زۆری ووڵاتانی جیهان نائارام بوە. ئه‌مانه‌ هه‌موویان نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که ‌بۆرژوازی و ده‌وڵه‌ته‌کانی، نه‌ک هه‌ر فرسه‌تی ژیان و ئاسایشیان له دانیشتوانی سەر گۆی زەوی سه‌ندۆته‌وه‌، بەڵکو ئایندەی مرۆڤایەتیشیان لەسەر لێواری کارەسات و تیاچوون راگرتوە. ئەم جیهانەیان بۆ چینی کریکاران وهەژاران کردوە بە دۆزەخ .

لەلایەکی دیکەوە بڵاو بونەوە و بەردەوام بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهاندا و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی لەلایەن دەوڵەتانی سەرمایەداریەوە، زۆر لە جاران زیاتر ناوەڕۆکی دژە ئینسانی و بۆگەنی ئەم سیستەمەمان بۆ دەردەکەوێت. لەکاتێکدا کە خۆیان  هاواریان دەکرد ئەم ڤایرۆسە  خەتەرێکی گەورەیەو بەرۆکی بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گرتوەو داوایان دەکرد لەماڵەکانتان مەیەنە دەرەوە، بەڵام هەموو کرێکاران وەک جاران لەکارگە گەورەکاندا کاردەکەن و تائێستا سەرمایەدارن دەرگای هیچ کارگەیەکیان دانەخستوە بەهۆکاری ئەم ڤایرۆسەوە، بۆیە دووبارە ئەم سیستەمە ئەو ڕاستیەی سەلماند کە بەتەنگ سەلامەتی و ژیانی ئێمەی کرێکاران و هەژارانەوە نیە.

ئەم بارودۆخه‌ خراپانه‌ لە ئاسمانەوە نەباریوە بۆ هەژاران، بەڵکو سەرچاوەکەی نیزامی سەرمایەداریە. له‌پێناو کەڵەکەبونی سەرمایەکانیان ئەم هەموو کاره‌ساته‌ بەسەر ئینساندا دێنن. لە ڕاستیدا ئەم دونیایە کە تیایدا دەژین، دونیایەکی پێچەوانەیە. بەچاوی خۆمان دەبینین ئەوانەی کە رەنج دەکیشن و بەرهەم دەهێنن خاوەنی هیچ نین، بەلام کۆمەڵێک گەندەڵخۆری تەمەڵ، خاوەنی هەموو شتێکن و ده‌وڵه‌ت‌ و حکومەتیشیان دروست کردوە تا سەرو ماڵیان بپارێزن.

بۆ راستکردنەوەی ئەم دونیا پێچەوانەیە، تەنها رێگایەک کە لەبەردەم کرێکارندایە بۆ ڕزگاربونیان لەو هەمو موسیبەتە کە نیزامی سەرمایەداری بۆی هیناون، خەباتی شۆرشگێرانەی کرێکارانە بۆ ژێرەوژورکردنی ئەم سیستەمە زاڵمە. هه‌روه‌ها ڕیکخستنی ڕیزەکانیانە و دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکاریەکانە و کۆبونەوەیانە لەدەوری یەکترو پەیوەست بونیانە بە حزبە کۆمۆنیستەکانەوە. بەبێ بوونی ئەحزابی کۆمۆنیستی شۆرشگێڕ کە لەپێناو بەرژەوەندی چینی کرێکاردا هاتببێتە مەیدان، ناتوانرێت هیچ ئاڵوگورێک بە قازانجی چینی کرێکار بەدی بێت. بەمانە کرێکاران دەتوانن ئەم دونیا پێچەوانەیە ڕاستبکەنەوەو لەشوێنیدا دونیایەکی یەکسان و خۆشگوزەران بۆ تەواوی کومەڵگای بەشەری بەدەست بێنن. به‌بێ ئەمە ناتوانریت ئەم نیزامە زاڵمە کە بە ملیۆنەها سەربازو پۆلیسیان دروست کردوە بۆ پاراستنیان، لەناو ببرێت و لە چنگی کارەسات و تاوانەکانی رزگارمان ببێت!

بەرزو بەڕێزبیت یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاران

مستەفا باهر

٢٣/٤/٢٠٢٢

هێڵسنکی

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *