پارتی و ئوڵفەتگرتن بە خۆشخزمەتیەوە!

عەبدوڵا مەحمود

فازیل میرانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لەم دواییانەدا و لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پەیوەندی پارتی و جمهوری ئیسلامی ئێران دەڵێت: ئێمەو ئێران خوێنی هاوبەشمان داوە نەک هەر بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە”، بەڵام وردەکاری هاوبەشی ئەو خوێنبەخشین و بەرژەوەندییە هاوبەشەی لەگەڵ جمهوری ئیسلای ئێران، نەخستە ڕوو.

ئەگەر بۆ نەوەکانی پێشووی خەڵکی کوردستان، کارنامەی چەندین دەهەی پارتی و نزیکایەتی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر رۆشن بێت، بەڵام ڕەنگە بۆ نەوەی تازەی کوردستان بەپێێ پێویست ڕۆشن نەبێت ئەو خوێنبەخشین و هاوبەشییە چییە؟

پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو باڵ و حزبێکی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە ساڵی ١٩٤٦ لە ئێران دامەزراوە، تا دەگاتە ئەمڕۆ، سەرباری هەر هەڵبەزو دابەزو نزیکبوونەوەی لە عێراق و تورکیا و ئەمریکا و رۆژاوا، هیچ کاتێک نەبووە رۆڵی بەوێنەی رۆڵەی بەوەفای دەسەڵاتی سیاسی ئیران، نەگێرابێت. پارتی وەکو هێزێکی تایبەتی دەسەڵاتی ئیران، لەسەردەمی دەسەڵاتی شادا، خۆی هاویشتە باوەشی دەسەڵاتی شاهانشایی و لە هیچ هاوکاری و خۆشخزمەتیەک بۆ دەسەڵاتی شا، بەدژی خەڵکی کوردستانی ئێران و هێزە نەیارە سیاسیەکانی دەسەڵات دریغی نەکرد. سەرەتای کاریشیان لە سالی ١٩٦٨ دەستگیرکردنی سولەیمانی موعینی و دواتر رادەستکردنەوەی بە دەسەڵاتی شای ئێران بوو، کەدواتر لەلایەن رژێمی شاوە گوللەباران کرا. دواتریش جوڵانەوەی سیاسی و سەربازی پارتی لەپێناو بەشداربوون لەدەسەڵاتی ڕەشی بەعسدا، بەتەواوەتی پشتی بەهاوکاری هەمەلایەنەی رژێمی دیکتاتۆری شا، بەست و رژێمی دیکتاتۆری شا ش، لە چوارچێوەی ململانێی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی ئێراقدا، پارتی وەکو هێزێکی خۆشخزمەت بەدەستەوە گرت. کاتێکیش رژێمی بەعس و ئێران ناکۆکیەکانیان خستە کەنار، و رژێمی ئیران هاوکارییەکانی بۆ پارتی وەستاند ئەوەی پێی دەوترا شۆرشی ئەیلول، کۆتایی پێهات، کە ناونرا “ئاشبەتاڵ” و بارزانیش رایگەیاند” کاری من تەواو بوو!!”

لەگەڵ هاتنە سەرکاری رژێمی ئیسلامیش لە ئێراندا، جارێکی تر پارتی خۆی هاویشتە باوەشی ئاخوندەکانی ئێران و شان بەشانی سوپای پاسداران، کەوتە سەرکوتی بزوتنەوەی دژە دەسەلاتی جمهوری ئیسلامی ئیران و پاشانیش هێرشی چەکدارانە بۆسەر هێزە سیاسییە نەیارەکانی دەسەڵاتی ئاخوندەکان. بەوەشەوە نەوەستان و لەگەڵ هاوبەشە دەسەڵاتەکەیان یەکێتی نیشتیمانی، لە ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتدارێتیاندا، بەسەدان کادر و هەڵسوڕاو پێشمەرگە و پەنابەری چالاکی ئێران لەژێر سایەی دەسەڵاتیاندا و بەهاوکاری ئەوان ڕادەستی ئێران کراونەتەوە یان بە چاوساغی ئەوان تیرۆرکراون و بارەگای هیزە سیاسیەکانی کەوتوتە بەردەم هیرش و بۆمباباران. دیارە ئەمە تەنها چەند گۆشە لە نۆکەر پیشەیی پارتییە بۆ ئێران. بەمجۆرە هێرش بۆسەر خەڵکی کوردستانی ئێران، بۆسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی، چاوساغی و هاوکاری بۆ تیرۆری نەیارانی سیاسی ئێران… گۆشە بەگۆشەی کارنامەی پارتین. لە ڕێڕەوی ئەو خۆشخزمەتییە زنجیرەیی و مێژووییەدا، پارتی و ئیران خوێنی هاوبەشیان ڕشتووە و بەرژەوەندیەکانیان ئاوێزانی یەکتر بوون، بەرژەوەندییەک کە بنەماکەی دژایەتی لەگەڵ هەر بزوتنەوەیەکی جەماوەری شۆرشگێڕانەو ئازادیخوازانە و دژ بەدەسەڵاتی ئیران و چاوساغی بۆ تیرۆری هەڵسوراوانی ئۆپۆزیسیۆن و ژینگە سازکردن بۆ ملهورینواندی ئیران، لە هەلومەرجی سیاسی کوردستاندا.

دیارە خۆشخزمەتی پارتی تەنها بۆ ئێرانی شای لەگۆڕنراو و ئاخوندەکان سنوردار نابێتەوە، بەڵکو هاوکات لە ماوەی دەسەڵاتدارتیاندا لەگەڵ یەكیتی هاوپەیمانیان، هەرچی لەدەستیان هاتبێت، و داوایان لێکرابیت لە ئەنجامدانیدا درێغیان نەکردووە. بەجیا لەوانەی کە بۆ ئیرانیان کردووە، هاوکات خۆشخزمەتیان بۆ دەوڵەتی ناسیونال- فاشیستی تورکیا لەوەی ئێران کەمتر نییە. دەستپێکی کاری حکومەتی کارتۆنیان بە هێرش و جەنگ لەدژی پەکەکە لەسەر داوای تورکیا دەستی پێکرد. تا ئێستاش ڕۆژانە کادر و چالاکوانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، بە چاوساغی پیاوەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەكیتی و لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەرفێنرێن، تیرۆر دەکرێن و بارەگا و بنکەکانیان لە قوڵایی کوردستاندا دەکەونە بەر هێرشی ئاسمانی فرۆکەو درۆنەکانیان. هاوکات رژێمی فاشیستی تورکیا دەیان بنکەو بارەگای سەربازی کردۆتەوە و هێرش بۆسەر هەرێمیش بە پاساوی لێدان لە پەکەکە بۆتە کارێکی رۆژانە. هەر لەم ماوەیەدا چەندین کەسی لایەنگر لە پەکەکە لەناو شارەکان تیرۆر کراون و لەم هەفتەیەشدا لە قوڵایی کوردستان، کەمپی مەخمور و بنکەیەکی پەکەکە، لە ئاغجەلەر بۆمباباران کران، کە جگە لە چەند ئەندامی پەکەکە چەندین هاوڵاتیش بوونە قوربانی. هەروەها لە جەنگی دەسەلاتی ناوخۆیاندا پارتی بەرەی تورکیا و یەکێتی ئیرانی کردە قیبلەنومای هێز وەرگرتن و لەم جەنگەشدا بەهەزاران ئینسان بوونە قوربانی و دوبارە خوێنڕشتن و بەرژەوەندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی تیکەڵ بوون لەگەڵ بەرژەوەندی تورکیاو ئێران و بوونە میژوویەکی شەرماوەر بە تەوێڵی پارتی و یەكیتی و سەرجەم بزوتنەوەی کوردایەتیەوە. نابێ ئەوەش لەیاد بکەین، هەر ئەو پارتیی و یەکێتیەی خوێنی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ ئیران و تورکیا تیکەڵ بووە، ئاواش لەگەڵ دەسەڵاتی بەعسی لە گۆڕنراو ئەو بەرژەوەندیەیان تێکەڵاو بووە.

٣١ ئاب، گۆشەیەکی تری خوێنڕشتنی هاوبەشی پارتییە لەگەڵ هێزو سوپای بەعسدا بۆسەر هەولیر و کوردستان لە جەنگی دەسەڵات و هەژمونی بەسەر یەکێتیدا.

فازل میرانی لە کاتێکدا باسی خوێنڕشتنی هاوبەش لەگەڵ ئێران دەکات و خۆی لەباسی خوێنرشتن و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتی رەشی بەعس و تورکیا، نەبان دەکات… پێویستی بەوەیە لە ئێستای دۆخی عێراقدا، کە رۆژانە دەسەڵاتی سنوردار دەکرێت و پرۆژەی پەروباڵکردنی ناسیونالیزمی کورد، دەستی پێکردووە، لەبەر قاپی ئێراندا بپاڕێتەوە و مێژووی هاوبەش و خوێنی هاوبەش وەکو پسولەی خۆشخزمەتی بەبیر دەسەڵاتی ئاخوندەکان بێنێتەوە، تا کەمێک رەچاوی دۆخی ئەزمەگرتوویان بکەن.

بۆ فازل میرانی و پارتی، و هاوبەشە دەسەڵاتەکەی یەکێتی لە هەرێمدا، خزمەتکردن بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتیش ئەوانەیان کە دژی چارەسەری پرسی سیاسی کوردستان و دوژمنایەتی لە ئاشتی هەڵنەگریان لەگەڵ خەڵکی کوردستان هەیە، بۆتە عادەت پیشەیی و دریغی ناکەن. بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی و پارتی بە تایبەتی لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی و مانەوەی دەسەڵاتیان و بەشوەرگرتن و بەش مانەوەیان لەدەسەڵاتی عێراقدا، ئامادەی درێژەدان بەهەموو خۆشخزمەتیەکن.

ئەو دانپیانانەی میرانی بە مێژووی خوێنڕشتنی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ ئیران و وڵاتانی تری دیکتاتۆری ناوچەکە، چەندە نیشانەو دانپیانانێكی ئاشکرایە، کە بەرژەوەندی پارتی و بزوتنەوەی کوردایەتی، جوت و تەبان لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتانی کۆنەپەرست و ملهوری ناوچەکە، هێندەش بەرژەوەندیەکانیان دژ و ناتەبایە بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی.

بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی پارتی و یەكێتی وەکو دوو باڵی ئەو بزوتنەوەیە بەتایبەتی، بەجیا لە هەڵواسینیان بە کێشەی سیاسی کوردستانەوە، بوون و مانەوەیان بەندە بەکەڵک وەرگرتن لەبۆشایی و ململانێی وڵاتانی ناوچەکەو خۆبەستنەوەیان بە یەکێک لە وڵاتەکان و خۆشخزمەتی بە ئامانج و تەماحە سیاسیەکانیان. لەو راستایەشدا خوێنرشتنی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەشیان، تێکەڵی یەکتری بوون… هەربۆیە خەڵکی کوردستان لە راستای راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، گورزێکی کاریگەر لە پێگەو رۆڵی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەش دەدەن. دیارە چۆن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و خوێن و بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەو دیکتاتۆری وڵاتانی ناوچەکە هەیە، ئاواش چینی کریکار و جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان، بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ چینی کرێکاری و جەماوەری بێبەشی  ئیران و تورکیاو عێراق و وڵاتانی ناوچەکە هەیە و هێز لەیەکتری وەردەگرن. هەربۆیە دەبێت کە لەبەرامبەر هاوپەیمانی و خۆشخزمەتی سەرانی ناسیۆنالیستی کورد بۆ ووڵاتانی کۆنەپەرست و دژی ئینسانی و بۆرژوایی ناوچەکە، پەیوەندی خەباتکارانەی خۆیان لەگەڵ چینی کرێكارو بزوتنەوەی کرێکاری لەو ووڵاتانە بەهێز بکەن.

٢٣/٥/٢٠٢٢

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *