سەردانەکەی نێچیر و پرسی هەڵبژاردن!

موحسن کەریم:

لە چەند رۆژی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی کرد. ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی، ئەگەرچی وا نیشان درا کە دەیەوێ کۆدەنگی حزبەکانی کوردستان بەرامبەر بە پرسەکانی پەیوەست بە حکومەتی ناوەندیەوە مسۆگەر بکات، بەڵام بۆ هێورکردنەوەی بارگرژی نێوان یەکێتی و پارتی بوو.  پارتی و یەکێتی دوو هێزی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتن و بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر ئێران و تورکیادا حکومەتەکەشیان تووشی قەیران و بنبەست بووە کە ئەگەرەی لێکترازانی یەجگار نزیك بووە. بەجۆرێك کە لەلایەکەوە پارتی دەیویست وەکو خاوەنی شەرعی حکومەت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر پرسەکان سەوداو گفتوگۆ بکات، بەڵام لەولاوە یەکێتی دەیویست سەربەخۆ لە پارتی و حکومەت، وەکو دەسەڵاتی ناوچەی خۆی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی رێکەوتن دەکات. ئەمەش هیچ مانایەکی بۆ حکومەتی هەرێم نەدەهێشتەوە.

یەکێتی و پارتی ماوەیەکی زۆرە هێرشێکی ڕاگەیاندنیان بۆسەر یەکتر دەست پێکردوەو دەیانەوێ باری ئەو قەیرانەی تووشی هاتوون و ئەو بێ ئاسۆییە سیاسیەی گیرۆدەی بوون، بەهۆی گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکەوە، بەسەر یەکتردا بشکێننەوەو لای جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان وا نیشان بدەن کە ئەوی دیکە خەتابارە لەو دۆخەی بەسەریاندا هاتوە. نێچیرڤان بارزانی سەرەتا دوای ئەوەی کە لەگەڵ یەکێتیدا بارودۆخەکەی هێورکردەوەو زەمینەی دانیشتنی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی سازکرد، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وەکو مەسەلەیەکی دیکە خستە بەردەم یەکێتی و دواتریش حزبەکانی دیکەیان بانگەواز کرد بۆ ناو ئەڵقەکەی خۆیان بەناوی بەرژەوەندی گشتی خەڵك و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم!

بێگومان هۆکاری سەرەکی کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی ئەوە نیە کە ئەویان بودجە نانێرێت و ئەوی دیکە داهاتی ناوخۆ دەدزێت و نایخاتە ناو خەزێنەی حکومەتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بزوتنەوەی کوردایەتی و حزب و هێزەکانی و لە سەروو هەموویانەوە یەکێتی و پارتی، روبەرووی بنبەستێکی سیاسی و حکومەتی بوونەتەوەو هیچ ئاسۆیەکی سیاسی لە ئایندەی عێراقدا بۆ خۆیان نابینن. ئەوەش وایکردوە هەرجۆرە رێکەوتنێکیان لەبەریەك هەڵوەشێتەوەو هەریەکە ئەوی دیکە تاوانبار بکات بەرامبەر بەو فەوزایەی کە روبەرووی ژیانی خەڵکیان کردۆتەوە، کە ئەویش بوەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی فراوانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و خواستی روخان و ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتەو ئەو دوو حزبە بوەتە خواست و ئارەزوویەکی فراوانی بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان.

درێژەکێشانی ئەو بارودۆخەو بێئاسۆیی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو هاوبەشەکانیان، لە هەلومەرجی سیاسی تازەی عێراقدا، هیچ گرەنتیەك ناهێڵێتەوە بۆئەوەی کە دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە بەسەر کوردستاندا بەردەوام دەبێت. ئەو دوو حزبە لە ئایندەی مانەوەی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان دەترسن. ئەو فەوزایەی کە روبەرووی بونەتەوە مەترسی ئەوەی بۆ دروست کردون سەروماڵیان تیابچێت لەناو گێژاوی کێشمەکێشە ناوچەیی و جیهانیەکاندا. نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە عێراق چەندجار هوشداری ئەوەی پێداون کە ئەگەر بەوجۆرە حزبەکانی ناو دەسەڵات دابەش بن، ئەوا ئایندەی دەسەڵاتی هەرێم لە مەترسیدایە، واتە ئایندەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەهۆی دابەشبوونیانەوە بەسەر تورکیاو ئێرانەوە لە مەترسیدایە. ئەم پەیامەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان سەرچاوەی لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و رۆژاواوە وەرگرتوە کە دەیانەوێ بەهەر نرخێك بوە نفوزی ئێران لە کوردستان وعێراق کەم بکەنەوە. بەوجۆرەش پرسی سازدانەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو حزبە بە پلەی سەرەکی و حزبەکانی دیکەی خێزانی بۆرژوازی لە دەوری ئەجندای سیاسی ئەمریکاو رۆژاوا بایەخێكی زیاتری پەیداکردوە.

بەڵام ئەم سازدانەوەیەی ناوماڵی بۆرژوازی کورد، لە دەوری سازدانەوەی حکومەتێك دەچێتە پێشەوە کە لەو چەقبەستووییە رزگاری بێت و بتوانێ لانی کەمی بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و ئابوری کۆمەڵگای کوردستان ئەنجام بدات. لە ڕاستیدا ئەو مەترسیە کەم بکاتەوە کە لەلایەن خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانەوە ڕوبەروی دەبێتەوە و ئەگەری ئەوە دوور نیە خەڵکی کوردستان لە دەرفەتێکدا کە بۆیان بێتە پێشەوە تەختی ئەو دەسەڵاتە بەسەریەکدا تێك بدەن. بۆ ئەو مەبەستە پرسی هەڵبژاردن وەکو فریشتەی نەجاتی بۆرژوازی لە دەستی خرۆشانی جەماوەری توڕەو ناڕازی کوردستان لەلایەن هەموو هێزەکانی بۆرژوازیەوە، بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە، بانگەشەی بۆ دەکرێت و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە عێراق هەمان چارەسەر دەخاتە بەردەم حزبەکانی بۆرژوازی کورد.

بەڵام خەڵکی کوردستان کە هیواو ئارەزووی رزگاربوونە لە دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کورد، بەخوێن و پێستەوە ئەزمونی بێمافی و ستەم و نایەکسانی ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەی کردووە، لە هەڵبژاردنی پێشوودا بۆ پەرلەمانی عێراق، سەرباری پڕوپاگەندەی هێزەکانی بۆرژوازی کورد بۆ پەلکێشکردنی خەڵك بەناوی مافەکانی کوردەوە بۆ دەنگدان، بەڵام ریسواییەکیان کرد بە نسیبیان کە تا ئێستاش سەرکردەکانی خۆیان باسی دەکەن و دەیڵێنەوە، ئێستاش ناچنە ژێر باری پڕوپاگەندەی حزبەکانی کوردایەتی و بۆرژوازی بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ بایەخێکی نابێت لایان. ئەو خەڵکە خۆی کۆدەکاتەوە بۆئەوەی دەسەڵاتی ئەمانە ڕابماڵێت نەك جوانکاری بۆ دەسەلاتەکەیان بکرێت. بۆیە کۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی ئەگەر بۆ حزبەکانی خێزانی بۆرژوازی بایەخێكی هەبێت بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان جێگایەکی نیەو ئەوان خەریکن کاروانی خەباتی خۆیان بەڕێدەخەن لەپێناو ژیانێکی باشتر و شەرافەتمەند!

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *