لەپێناو بەرگری لە کەرامەتی ژناندا!

موحسین کەریم

سوکایەتیکردن بەکەرامەتی ژنان بوەتە بەشێك لە سیمای جیاکەرەوەی کۆمەڵگای کوردستانی عێراق. ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردایەتی، کە خۆیان بە ناڕاستەوخۆ دەستیان هەیە لە پەرەدان بە توندوتیژی و کوشتنی ژنان بە بیانوی پووچی ناموسپەرستی، بەوەشەوە نەوستاون و بە ئاوەڵاکردنی دەرگای میدیاکانیان و فەزای گشتی و سۆشیاڵ میدیا بۆ ڕەوتە ئیسلامیە کۆنەپەرست و دژە ژنەکان، رۆژانە کەرامەتی ژنان دەخەنە ژێر پێوە. خەریکن ژینگەیەکی پڕ لەسوکایەتی و بێرێزکردن و بەکەمسەیرکردنی ژنان و تەنها وێناکردنیان وەکو ئامرازێکی تێرکردنی ئارەزوە سێکسیەکانی پیاوان لەناو کۆمەڵگادا ڕەواج پێبدەن.

دەسەڵاتدارانی ناسیۆنالیستی کورد، بۆ کەمکردنەوەی دەورو جێگای لایەنە ئیسلامیە سیاسیە نەیارەکانیان، دوای دەورەیەك لە موجامەلەو بەشداری پێکردنیان لەخوانی تاڵانی و دزیەکانیان، ئێستا فەرشی سوور بۆ کۆمەڵێك ڕەوتی دیکەی ئیسلامی دادەخەن کە لەگەڵ ئەو لایەنە ئیسلامیە سیاسیانەدا ناتەبان و دژایەکردنی فەرمانڕەوای موسڵمان، ئەگەرچی زاڵمیش بێت بە ناشەرعی دادەنێن! ئەم رەوتە ئیسلامیە تازەیە، بەپێچەوانەی لایەنەکانی ئیسلامی سیاسیە تەقلیدیەکانەوە، کە ئەوانیش کەمیان نەکرد لەدژایەتیکردنی مافەکانی ژنان و هەرجۆرە دەنگێکی ئازادیخوازانەی ژنان، خەریکن ژنان دەکەنە کاڵایەکی سێکسی پیاوان و هیچی دیکە. ئەگەر ئیسلامی سیاسی تەقلیدی کوردستان جێگایەك بۆ ژنان دادەنێن لەچوارچێوەی سیاسەتی خۆیاندا، ئەوا ئەمان هیچ جێگایەك بێجگە لە پێشکەشکردنی سێکس بە پیاوان، بۆ ژنان بەڕەوا نازانن!

ئێستا ئەم رەوتە ئیسلامیە کە زیاتر بە ئیسلامی سەلەفی ناسراوە، خەریکی ڕەواجدانە بەوەی کە کچان و ژنان لە کایەی کۆمەڵایەتی، وەکو خوێندن و کارکردن و چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دوربخاتەوەو بیانخاتەوە ناو کونجی ماڵەکانیان. بە ئاشکرا دژایەتی خوێندنی کچان دەکەن. بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە ژنان و کچان  نابێ کار بکەن و ئەوە ئەرکی ئەوان نیە، بەڵکو ئەرکی ئەوان دایکایەتیە! واتە سێکس و مناڵ بەخێوکردن! ئەم ڕەوتە لەڕێگای پڕوپاگەندەکردن بۆ زەواجی مسیار و جۆرەکانی دیکەی زەواجی ئیسلامیەوە، نەك هەر پەرە بە فرەژنی دەدەن، بەڵکو ژنان وەکو کاڵایەکی سێکسی کاتی( دیسپۆزەبڵ) چاولێدەکەن کە پیاوان بۆ تێکردنی ئارەزوە سێکسیەکانیان دەتوانن لەبەرامبەر بڕێك پارەدا و بۆماوەیەك، لەگەڵیان سێکس بکەن و پەردەیەکی شەرعیش بدەن بەسەر ئەمجۆرە لەشفرۆشیەدا! ئەم ڕەوتە ئیسلامیە، دەیەوێ هەموو کچان و ژنانی کوردستان بکاتە کۆمەڵیك لەشفرۆش بەپێی شەرع کە هیچ کارێکیان لەناو کۆمەڵگا بۆ نەماوەتەوە تەنها فرۆشتنی جەستەی خۆیان نەبێت!

ڕەواجدان و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەمجۆرە لە زەواج و ئەمجۆرە لە تێڕوانین بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی و شەخسی ژنان لەلایەن ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەوە و چاولێپۆشین و بگرە موجامەلەو هاوکاریکردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردایەتیەوە، مەترسیەکی جدیە لەسەر کەرامەت و کەسایەتی و پێگەی ئینسانی و کۆمەڵایەتی ژنانی کوردستان. دەسەڵاتدارانی کوردایەتی کە کەوتونەتە بەردەم رقی جەماوەری بێبەشی کوردستانەوە، لەڕێگای ژیاندنەوەو پەرەدان بە هەرچی بیروباوەر و نەریتی دواکەوتوانەو کۆنەپەرستانەو دژەمرۆیی و دژەژنیەوە دەیەوێ دەسەڵاتە داڕزیوو گەندەڵ و بەسەرچوەکەی خۆی رابگرێت. هەروەکو چۆن لەساڵانی نەوەدەکاندا بەرامبەر بەبزوتنەوەی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی و کۆمۆنیزمدا دەستیان لەپشتی گروپە ئیسلامیە سیاسیە تیرۆریستەکان دەدا و ئیمتیازاتی سیاسی و پۆست و پارەیان پێدەدان، ئێستاش بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی خۆیان بەرامبەر بەناڕەزایەتی خەڵکی کرێکارو بێبەش و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستان و بەرگرتن بە مەترسی شۆڕش و راپەڕینی جەماوەری پەنایان بۆ ئەم جڕوجانەوەرە سەیرو سەمەرانە بردوە…

ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستان، دەبێ رێگانەدەن سوکایەتی بەکەسایەتی و پێگەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی ژنان بکرێت. نابێ رێگابدەین ئەم ڤایرۆسە ئیسلامیە دژە ژنانە گەشەبکەن و کۆمەڵگای کوردستان دوچاری نەخۆشی کۆمەڵایەتی بکەن. دەبێ بەهەموو جۆرێك دژیان بوەستینەوە. هاوکات دەبێ دژی ئەو سیاسەتە قێزەونەی مافیاکانی دەسەڵاتیش بوەستینەوە کە ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا کەرامەتی ژنان لەبەردەم ئەم باندی لەشفرۆشیەی ئیسلامی سەلەفیدا هەرزانفرۆش بکەن! بەرگریکردن لەکەرامەت و کەسایەتی شەخسی و کۆمەڵایەتی ژنان ئەرکی هەر ئینسانێکی ئازادیخوازو یەکسانیخواز و مەدەنیە.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …