ئەمریکا هێرش دەکاتەوە؟!

عوسمان حاجی مارف

ئەمریکا و ئێران لە یەکەم دانیشتنی ئیسلام ئابادا، نەگەیشتنە ڕێکەوتن لەسەر چارەسەری بەردەوامی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش ئاسۆی ئاگربەستی دوو هەفتەیی زیاتر لێڵکرد، میدیاکانی دەوڵەتی ئێران پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە خاڵە سەرەکیەکانی ناکۆکی، بریتین لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و تێپەڕین بە گەرووی هورمز و وەستانی شەڕی ئیسرائیل و حزبولڵا.

شکستی دانوستانەکان چاوەڕوانکراو بوو، بەوپێیەی ئاسان نییە لە خولێکی کورتی دانوستاندا چارەسەری پرسە دڕکاویەکانی ململانێی دەیان ساڵە بکرێت، بەتایبەتی کە هەردوولا بە لۆژیکی “سەرکەوتوو” لە شەڕەکەدا مامەڵە دەکەن، واتە کاتێک لایەنی سەرکەوتو دیاری ناکرێت، هەر لایەنێک دەیەوێت مەرجی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە بسەپێنێت، ئاشکرایە کە بەزوویی ناگاتە ئەنجام.

چۆنیەتی سەرنەکەوتنی دانوستانەکە، جێگەی سەرسوڕمان نەبوو، هەر لەسەرەتاوە بەڕێوەبردنەکە بە ئەنقەست بوە ململانێیەکی درێژخایەن تا بەکراوەیی بمێنێتەوە و وردتر ڕێکبخرێت، لەکاتی پێویستدا قسەی لەسەر بکەنەوە، لەڕاستیدا هیچ لایەنێک مەبەستی نەبوە فایلەکە بەو شێوەیەی کە لە وتارەکاندا ڕایانگەیاندوە دابخەن.

دەکرێ بڵێین، ئەو چەقبەستووەی ئێستا لەدانوستانەکاندا پێشهاتووە، ئەگەری سێ سیناریۆ دەخاتە ڕوو:

یەکەمیان گەڕانەوەیە بۆ شەڕ، کە ئیدارەی ئەمریکا و ترەمپ لە چەندین بۆنەدا ئاماژەیان پێکردووە، یان وەک هەڕەشەیەک بۆ دانوستانەکان بەکاریان هێناوە، ئێرانێش لەو بارەیەوە هیچ دودڵیەکی نیشان نەداوە و ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ شەڕ.

دووەمیان، وەستانی یەکلایەنە بۆ شەڕ لە لایەن ئەمریکاوە، دوای ئەوەی زیانێکی بەرچاوی بە توانا سەربازیەکانی ئێران گەیاندوە وە بە ئامانجگرتنی ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردەکانی، بەڵام  ئێران خۆی ڕادەستی ئامانجەکانی ئەمریکا نەکرد، لەهەمانکاتدا ئێرانیش ئەوە دەبینێت کە وەستانی شەڕ بەقازانجی دەبێت، هەربۆیە لەخۆئامادەکردنان بۆ خولی دووەمی دانوستانەکان، تاڕادەیەکیش هەندێجار نەرمیەک بۆ ڕێکەوتن پێشبینی دەکرێت.

سیناریۆی سێیەم، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان و بەکارهێنانی ئەوکاتەی کە لە ئاگربەستەکەدا ماوە، ئێستاش ئەوە دەبینرێت کە جگە لە ئامادەیی دوبارەی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستانەکان، لە هەمانکاتدا ئیسرائیلش لەگەڵ لوبنان چونەتە دانوستانەوە.

بەڵام لەنێو ئەو سیناریۆیانەدا، پێموایە مەیلی ئەمریکا بەجیا لەوەی بە مەرجەکانی ئێران بۆ ڕێکەوتن، لەسەر وەستانی شەڕ ڕازی نیە، بەڵام پێدەچێت بیانەوێت ڕێڕەوی دوخەکە لە ئاگربەستی کاتیەوە، بە شێنەیی بگۆڕن بۆ وەستانی شەڕ، بەمانایەک بەبێ ئەوەی دانوستانی تر دەکرێت یان نا، ئەگەری ئەوە هەیە لەباری عەمەلیەوە هەوڵبدەن پێداگری لەسەر هەڵنەگیرسانەوەی شەڕبکەن، کە دۆخەکە لە ئارامیەکی درێژماوەتردا ڕاگیرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە بەکارهێنانی هەر توانایەکی سەربازی ئاسمانی بێوێنە، کە لەم شەڕەدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نمایشکرا، بەڵام نەیانتوانی ئێران ملکەچ کەن، بۆ بەدەستهێانی ئامانجەکانیان لە “ئێران و ناوچەکە و لە جیهاندا”.

لەلایەکی تریشەوە دوای کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی زەمینی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران، ناتوانێت پێشبینی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بە ئاسانی و لە کورتماوەدا بکات، جگە لەوەش ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی خەسارەتی هێزی سەربازی  ئەمریکا دەبێت، کە دانیشتوانی ئەمریکا قەبوڵی ناکەن، واتە گەڕانەوە بۆ شەڕ نەک ناتوانێت سەرکەوتن بۆ ئەمریکا دەستەبەرکات، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەر شکستێکی گەورەتردا خۆی ببینێتەوە.

ئەوەی شایانی باسە، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ١١ی ئەپرێل، ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە ئەمریکا پێشتر بە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران، وە لەناوبردنی ژێرخانی سەرەکی سەربازی و وێرانکردنی شارەکانی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەروەها جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، گەر بگەنە ڕێکەوتن یان ڕێک نەکەوتن، هیچ جیاوازیەکی نیە و ئەمریکا هەر سەرکەوتووە، واپێدەچێت ئەمەش بیانویەکی تربێت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، بەبێ ئەوەی بچنە ناو دانوستانێکی ترەوە.

لەهەمانکاتدا دوای ٢١ کاتژمێر وتووێژ لە ئیسلام ئاباد، ڤانس جێگری ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە گەیشتن بە ڕێکەوتن هێشتا مومکین نییە، بەڵام ئایا شەڕ دەکەنەوە؟، لەم دانیشتن و دانوستانەدا، ئەم پرسیارە بێوەڵامە! لەهەمانکاتدا دەرگای دانوستان دانەخرا.

هەڵبەتە گومانی تیا نیە، ئێران بە کۆنتڕۆڵکردن و داخستنی گەرووی هورمز فشاری ئابووری خستە سەر جیهان، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەروەها گوشارە سیاسیەکانی لە سەر ترامپ گەورەتر کرد، لەهەمان کاتدا داخستنی ئەم گەرووە بە شێوەیەک هاوسەنگی شەڕەکەی بە قازنجی ئێران گۆڕی، وەک ئەوەی زۆر کەس بە گاڵتەجاریەوە دەیانوت، پێشتر گەرووی هورمز کراوە و ئازادبوو، بەڵام ئێستا ئامانجی ئەمریکا بۆتە ئازادکردنی گەرووی هورمز!.

چۆنیەتی ئەم ململانێیەی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لەئاستێکدایە هەر یەک لە لایەنەکان ئەوەیان پێوەدیارە، توانای بەردەوامی شەڕەکەیان نییە، بەتایبەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دوای چل ڕۆژ لە سەپاندنی هێزی ئاسمانی و وێرانکاری، ڕێگای بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بەتایبەتی بۆ باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا نەک بەدی نەهات، بەڵکو لەهەمانکاتدا ئەزمونی سەرنەکەوتنیان، پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بە وڵاتانی عەرەبی و خەلیجیشەوە بێمتمانە و لاوازکردووە.

لە هەمانکاتدا گەر شەڕەکە دوبارەبێتەوە، وێرانکەرترو کارەساتبارتر دەبێت، دۆخی نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فروانتر و هەمەلایەنەتر دەکات، زەحمەتە ئەمریکا و ترامپ ڕیسکێکی لەو چەشنە بکەن، هەربۆیە دەبینین زیاتر باس لە ئامادەیی بۆ دانوستان دەکرێت.

ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران، دوای نزیکەی چل ڕۆژ لە لێدانی وێرانکەر لە ئێران، کوشتنی هێماکانی ڕژێمەکە لەسەرویانەوە هێمای ڕەهبەری، لە خامێنەییەوە بۆ خوارەوە، لەژێر ڕۆشنایی چارەنووسی نادیاری موجتەبا میراتگری تەختی خامێنەیی، ناتوانرێت وەک پێشەکیەک بۆ ڕێکەوتنی هەمیشەیی ئاشتی بخوێنرێتەوە، واتە لەهەر حاڵەتێکدا بەردەوامی بەدۆخێکی ناسەقامگیر و نائارام ئەدەن.

لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، هیچ لایەنێکیان نایانەوێت بەو مەرجانە کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت کە لایەنەکەی دیکە داوای دەکات، واشنتۆن نایەوێت فایلەکە دابخات چونکە کاریگەری گرنگ لەدەست دەدات، تارانیش ڕادەستبون قەبوڵ ناکات چونکە ئەو پێگەیەی لەژێر ئاگردا دروستی کردبوو لەدەستی دەدا، لە نێوان ئەم دووانەدا ناوچەکە وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێی هەمیشەیی دەمێنێتەوەو بەڕێوەدەبرێت، لەم نێوەشدا دەورو دەخالەتی روسیا و چین بەشێکی سەرەکی ململانێکەن.

بۆ ئامادەیی بە خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە پلانێکی سێ لاپەڕەیی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەردەوامە، کە یەکێک لە مەرجە پێشنیار کراوەکان، بریتیە لە ئازادکردنی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار، لە سامانی بلۆککراوی ئێران، لە بەرامبەر دەستبەرداربونی تاران لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵام ترەمپ ئەم زانیاریانەی ڕەتکردۆتەوە و ڕایگەیاند، کە تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بەبێ هیچ شتێک ڕادەست دەکات، لە هەمانکاتدا عراقچی ڕایگەیاند، هاوپێچ لەگەڵ ئاگربەستی لوبنان، گەرووی هورمز بەتەواوی بەڕووی هەموو کەشتیە بازرگانیەکاندا بۆ ماوەی ئاگربەستەکە بەتەواوەتی کراوەیە، بەڵام دواتر جارێکی تر ئێران دایخستەوە، هەرچەندە ترامپ ماوەی وەستانی شەرەکەی درێژکردەوە، بەلام چارەنوسی دانوستانی خولی دووەم تا ئێستا نادیارە.

ئیدارەی ترەمپ ئاگربەستەکەی قبوڵ کردوە، یان وردتر بڵێین، بەپەرۆشەوە بەدوایدا دەگەڕێ، بۆ ئەوەی خۆی لەو بنبەست و تەنگانەیە بپارێزێت کە خۆیی و نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستیان کردووە. لە ڕووی لۆژیکیەوە هەرلایەنێک سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەی لە شەڕێکدا بەدەست هێنابێت، پەلە ناکات لە کۆتایهێنانی، هەروەها پاش نائومێدبونی ترامپ لە کاریگەری درۆ و هەڕەشە پوچەکانی، کە وایکردووە ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی و  سووکایەتی، دەبینین سواڵ دەکات بۆ دانوستان و ڕێکەوتن.

میدیاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا زیاتر لە میدیا ئێرانیەکان باس لە شکست و پاشەکشە و نائومێدیەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب دەکەن، جگە لە میدیاکان جەماوەری ئەمریکا تادێت ناڕازیبون لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەردەبڕن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارە ئابوریەی کە بەهۆی شەڕەکەوە دروست بووە،  هەروەها گرتنی ڕەخنەی توند لە ترەمپ چیتر تەنها لە نەیارانی دیموکراتەکانیدا سنووردار نییە، بەڵکو تەنانەت ئەندامانی پارتی کۆماریەکانی خۆیشی دەگرێتەوە. ئێستا باس لە ئەگەری لێپێچینەوە لە پۆستەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناو بازنەکانی سیاسی ئەمریکادا دەسوڕێتەوە. هاوکات ناتانیاهۆ بەردەوامە لە خۆدزینەوە لە دادگایکردنەکەی بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، لەگەڵ ئاماژەدان بە خراپبونی بارودۆخی ئەمنی.

کاردانەوەی شەڕی چل ڕۆژە هەر بەوانەوە ناوەستێت، ئەگەری ئەوە هەیە ترامپ و ناتانیاهو بخاتە خوارەوە، لە هەمانکاتدا نەخشەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە پەیوەند بە ململانێی لە بەرامبەر زلهێزەکانی دنیادا، پێویستیان بە پێداچونەوە دەبێت.

بەگشتی دۆخی ململانێکان ئەوە نیشان ئەدەن، کە ئاگربەست لە لێواری وەستانی جەنگدایە، لە هەمانکاتدا ئەگەری دوبارەبونەوەی شەڕیش چاوەڕونکراوە، ئەوەی لەم نێوەدا گرنگە، وەستان و کۆتایی شەڕەکەیە، بەردەوامی شەڕەکە هەر ئایندەیەک وەک دەستکەوت یان زیان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران پێشبهێنێت، هیچ پەیوەندیەکی بە دانیشتوانی ئێران و ناوچەکەوە نیە، جگە لە خولقاندنی کارەسات و وێرانکاری و ماڵوێرانی زیاتر، بۆیە دژایەتیکردنی ئەم شەڕە و خواستی وەستانی ئەم شەڕە بەبێ مەرج و چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دروشمی سەرەکی بزوتنەی دژی شەڕە لە جیهاندا.

About wp_kurdistan

Check Also

شاكر ئەلناصري لە نێوماندا نەما!

دوای تێكۆشانێكی درێژ و دژوار لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، هاوڕێی خۆشەویست شاكر ئەلناصري، كە لە ناوماندا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *