ئەگەری دەستپێکردنەوەی  شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژ بە ئێران

گفتوگۆ لەگەڵ خەسرەو سایە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب 

ئۆکتۆبەر: وەکو ئاگادارن دوای ٤٠ رۆژ جەنگ لەنێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لەلایەك و ئێران لەلایەکی دیکەوە، ماوەی دوو هەفتە ئاگربەست ڕاگەیەنرا. هەر لەوماوەیەدا کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان تیمی دانوسانکاری ئێران و ئەمریکا لە پاکستان بەرێوەچوو، بەڵام کۆبوونەوەیەکە بەئاکامێکی ئەوتۆ نەگەیشت! دوای ئەوە سەرۆکی سوپای پاکستان سەردانی ئێرانی کردو پەیامێکی ئەمریکای بە ئێران گەیاند. ئێستاش سەرباری ئەوەی باسی گەڕێکی دیکەی دانیشتنی نێوان هەردوولا دەکرێ، بەڵام لە پڕوپاگەندەی ئێران و ئەمریکادا ئەو ئەگەرە زۆر لاوازە کە بە رێکەوتنێك بگەن و مەترسی شەڕێکی وێرانکەر دوبارە لەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا هاتوچۆ دەکات؟ ئێوە لەمبارەوە دەڵێن چی؟

خەسرەو سایە: بێگومان هەم خودی جەنگی ٤٠ ڕۆژەو هەم ئەو ئاگربەستەی کە لەئارادایە  هێشتا مەترسی خوڵیکی تری شەڕێکی ماڵوێرانکەری بەسەر ناوچەکەوە نەڕەواندۆتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو راستیەی کە ترامپ ودەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا، جەنگ و سیاسەتی جەنگخوازی ومیلیتاریزم وهەموو ئەو کاوڵکاریەی لەغەزەوە دەستی پێکرد، بۆتە یەک زەرورەتی بنەرەتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشمەکێشە سیاسی و ئابوریە جیهانیەکانی خۆی لەبەرامبەر هێزە ئیمپریالیستی و جەمسەرە ڕەقیبەکانیدا، بەتایبەتی بەرامبەر بە پەرەسەندنی ڕۆڵی ئابوری چین لەجیهان و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا. بەواتایەکیتر زەرورەتی جەنگو میلیتاریزم بۆ ئەمریکا لەدەورەیەکدا کەسەرهەڵدانی دونیای چەند جەمسەری پێگەی ئەمریکای بەرەوخوارەوە بردوە و هاوکات مەسەلەی سازدانەوەی جیهانی سەرمایەداری و دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوزی لەئەولەویاتی هێزە ئیمپریالیستی و بلۆکبەندیەکانی نیوانیاندا داناوە، ترامپ و ئیدارەکەی دەیەوێت لەڕیگای جەنگو ڕاکێشانی هیزی میلیتاریستی ودروستکردنی فەوزا وقەیرانە ناوچەییەکانەوە بەپشتبەستن بەهاوپیمانی ئیسرائیل، لەلایەک بەربە پەرەسەندنی نفوزی چین و هیزە رەقیبەکانی خۆی بگرێ ولەلایەکی تریشەوە  ئیعادەی هەژمونی یەکلایەنەی خۆی بەسەر جیهان و ڕۆژهەلاتی ناوەرستدا جێگیربکاتەوە، کەبێگومان ئەمەش بەنرخی راکێشانی جیهان و ناوچەکەیە بۆ کارەساتێکی گەورەی مرۆیی وسەپاندنی کاولکاری ودۆخێکی سەختی ئابوری وکۆمەلایەتی…

بەڵام ئەوەی کە لەستراتیژی جیهانی وناوچەیی ئەمریکادا، ئێران کراوەتە نیشانەی سەرەکی هێرشەکان وئەو جەنگە ٤٠ ڕۆژەیەی بەدوادا هێنا، دەگەڕیتەوە بۆ پێگەی ئێران وەک ئەڵقە و ناوەندێکی گرنگی ئابوری وهێز چ لە پڕۆژەکانی بلۆکی چین وروسیادا وچ لەدەخالەت ونفوزی لەئاست ولاتانی ڕۆهەلاتی ناوەراستدا. واتە بەدەر لە پڕوپاگەندە جەنگیەکانی ترەمپ بۆ پاساودانی جەنگەکەی، سەبارەت بەلەناوبردنی پرۆژەی ئەتۆمی ئیران ومەسەلەی ئازادی ومافەکانی خەڵکی ئیران وشتی لەم بابەتە، سەپاندنی جەنگ وکاولکاری بەسەر خەڵکی ئێراندا، لەبنەڕەتدا لەلایەک بۆ دابڕاندنی ئێرانە لەچین و روسیاو تێکدانی هەموو ئەو پڕۆژە ئابوری و سیاسیەیە کە بە ئێرانەوە گرێی خواردووە، وەلەلایەکی تریشەوە، گوڕین وتەسلیمبونی ئیرانی ئێستایە بەدەوڵەت و هیزێک کەنەک هەر چیتر بەربەست نەبێت لەبەردەم پڕۆژەی سازدانەوەی ڕۆژهەلاتی ناوەراست لەدەوری ڕۆڵی یەکلایەنەی ئەمریکاو پێگەی مەرکەزی ئیسرائیل لەناوچەکەدا، بەڵکو ئیرانێک بێت بسازێت لەگەڵ سیاسەت وئامانجەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل وهاوپەیمانەکانیدا. ئەمریکا و ئیسرائیل کەلەدورەی پێشوتردا وبەتایبەتی لەدڕێژەی شەری غەزەدا، هەم کاریانکرد بۆ روخانی ڕژێم لەسوریا وهەم کەوتنە پەلاماردانی هێزەکانی “بەرەی مقاوەمەت”، بەلام هەموو ئەمانە ئێرانی تەسلیم بەویست وئامانجەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل نەکرد و وەک بەربەستێک مایەوە و ئەمەش زەرورەتی جەنگی بەکردەوە دەرهێنا.

 ئەوەشی کە جەنگ پاش ئەو کوشتار وبۆردومان و کاولکاریە چل ڕۆژیەی  کە بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا سەپا و پێینایە ئاگربەستێکی لەرزۆکەوە، خۆی بەرئەنجامی بنبەست وبێئاکامی ترەمپ ودەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکایە لەگەیشتن بەئامانجە راگەیەندراوەکانیان. بەواتایەکیتر حساباتێک کە ترەمپ وئیدارەکەی کردبویان ئەوەبوو کە ئەمریکا لەڕیگای بۆردومانێکی چڕی چەند ڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیلدا،  بەکوشتنی سەرانی کۆماری ئیسلامی، دەتوانێ ڕژێم تەسلیم بکات وەیا بەجۆرێک بگۆڕێت کەمل بەخواستەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بدات. بەلام ئەم حیساباتە نەک وادەرنەچوو بگرە خودی درێژەکێشانی جەنگو بۆردومانەکان کۆمەلە فاکتۆرێکی بەدوای خۆیدا هێنا کە سیاسەتە شەرخوازەکانی ترەمپی لەقاودا و ناچاری کرد بە ئاگربەستێکی کاتی. واتە ئاگربەست کاتێک بوە بڕیارێکی ناچاری بۆ ترەمپ کەهێرش وبۆردومانەکان بەپێی راگەیاندنەکانی خودی ئیسرائیل و ئەمریکا، پێگەو بنکە سەربازیەکانی ئێران چ لەئاسمان وچ لەزەوی و دەریا نەما تێکی نەشکێنن، بەرادەیەک کە لەماوەی ١٥ ڕۆژی یەکەمدا زیاتر لە ٣٠هەزارجار پەلاماری ئێران دراوە، تەنانەت بەشی زۆری سەرکردە سیاسی و جەنگیەکانی ئێران کوژران، بەلام کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر تەسلیم نەبوو، بەڵکو بەداخستنی گەروی هورمز و بۆردومانکردنی بنەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لە ولاتانی تر، درێژەدانی جەنگەکەی لەلایەن ترەمپەوە خستە دۆخێکی بنبەست وسەختەوە. سەرهەڵدانی ناکۆکیە نیوخویەکانی دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا، لەسەر ئەنجامە بەدەست نەهاتوەکان و مەسروفاتی جەنگ، نیگەرانی و دورکەوتنەوە لەناتۆ و هاوپەیمانانی ئەوروپایی، تێكچونی باری ئەمنی ولاتانی کەنداو، بەستنی بازاڕی وزەو بازرگانی، هاتنەمەیدانی ملیۆنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەدژی جەنگ لەناوخۆی ئەمریکاو.. هەموو ئەمانە ڕاگرتنێکی کاتی و ئاگربەستی جەنگەکەی بەسەر ترەمپدا کردە بڕیارێکی ناچاری.

وەک بەرئەنجامێک لەم قسانە دەمەوێت تەئکید لەو ڕاستیە بکەمەوە کە چ بڕیاری جەنگ خۆی و چ ئاگربەستەکەی، لەبنەڕەتەوە بەرهەمی میلیتاریزم وملهوڕی ئەمریکاو سیاسەتی جەنگخوازانەی ترامپ وئیدارەکەیەتی، لەدژی خەڵکی جیهان و ناوچەکە بەگشتی و خەڵکی ئیران و خەباتەکەیان بەروی کۆماری ئیسلامیدا بەتایبەتی، هەربۆیە خواستی راوەستانی دەستبەجێ وبێمەرجی ئەم جەنگە، بۆتە یەکێک لەپیداویستییەکانی خەباتی چینایەتی وئەنتەرناسیونالیستی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان، لەئاستی جیهان و ناوچەکەدا.   

ئۆکتۆبەر: بۆچوونێك هەیە کە پێیوایە ئەمریکا لەم شەڕەدا شکستی هێناوەو بگرە ئەم بۆچوونە لەناو هەندێ ناوەندی رەسمی و غەیرە رەسمی ئەمریکادا دەخرێتەڕوو. ئایا بەڕاستی ئەمریکا شکستی هێناوەو ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێناوە؟ ئەم لێکدانەوەیش لەسەر ئەو بنەمایە ڕاوەستاوە کە ئێران توانیویەتی بەرگری بکات و خۆی لەبەردەم بەهێزترین و تازەترین چەک و هێرشی ئەمریکاو ئیسرائیلدا رابگرێ و لەوەش زیاتر بەشێك لە بنکەکانی ئەمریکاو لەناوچەکەدا وێرانکردوە! ئایا ئەم مەسەلەیە تا چەندە ڕاستی تێدایە و پێوانەی سەرکەوتن و شکست لەم شەڕەدا بەلای ئێوەوە چیە؟

خەسرەو سایە: لەپێشدا ئەوە بڵێم کە خودی پرسیارکردن لەسەرئەوەی کەکێ سەرکەوتوەو کێ شکستی خواردووە، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو جەنگەی ئەمریکا بەسەر ئێران وناوچەکەدا سەپاندویەتی، نەک هەر ئەو ئامانجانەی کەترەمپ ڕایگەیاندووە، بەدینەهێناوە، بەڵکو لەبنبەستێکی ئەکیدا چەقیوە و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکای خستۆتە نێو زەلکاوێکەوە کەگەران بەشوین دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ دەربازبون لێی، بۆتە بنەمایەک بۆ ئاگربەستەکەی ئێستا وتازەکردنەوەی. لەلایەکی ترەوە، باسی شکست و نەگەیشتن بەئامانجەکانی جەنگ، لەنیو ئەندامانی کۆنگرێس وسەرکردەکانی حکومەتی ئەمریکادا و ئەوەشی کە لە ڕۆژنامەکانی واشنتۆنگ پۆست و نیورک تایمەزەوە، ڕۆژانە ئاشکرادەکرێ،  دیسانەوە ئاماژەن بۆ شکستی ئەو سیاسەتەی کەجەنگ لەدرێژەیەدا سەری هەڵداوە.

ئەمریکاو ئیسرائیل سەرەرای زەربەیەک کە لەتوانا سەربازیەکانی ئێرانیان داو توانیان ژمارەیەک لەسەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بکوژن وکاولکاریەک ئەنجامبدەن، بەلام ئەگەر ئەو خالانەی کە تڕەمپ و ناتانیاهۆ وەک ئامانج لەشەرەکە رایان گەیاندووە، بکەین بەپێوانە،  ئەوا دەتوانین بڵیین کە ئەمریکاو ئیسرائیل لەم شەرەدا سەرکەوتونەبون و لەگەڵ شکست بەرەوروبونەتەوە.  ئەوەی کە بڕیابوو بۆردومانەکان لەچەند ڕۆژێکی کەمدا “گۆرانکاری لەڕژێمی ئێران”، وتەسلیمبوون بەخواستەکانی ئەمریکا ئیسرائیل بەدیبهێنی، ئەوەی کە چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی لەناوببرێت، ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەست لەهاوکاری گروپەکانی مقاوەمەت ودەخەڵەتگەری لەناوچەکەدا بکێشێتەوە، هێچیان نەک هەر بەدی نەهاتوون، بەڵکو جەنگ لەدرێژەی ٤٠ ڕۆژەی خۆیدا، لەسەرکار مانەوەی کۆماری ئیسلامی و توانا سەربازیەکانی لەهێرشەبردنە سەر ئیسرائیلدا نەمایەوەو تەقریبەن بۆ ئاستی سەرجەم ناوەند و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەرینتر بۆیەوەو زیانێکی زۆریشی پێگەیاندن. لەمانەش زیاتر بەداخستنی گەروی هورمز ئابووری جیهانی و بازاڕی بۆرسەی ڕووبەڕووی کێشەی جددی کردەوە، ئەمە وێرای هەڵکشانی مەسروفاتی ڕۆژانەی جەنگ وناکۆکی و نارەزایەتیە ناوخۆییەکان لەحکومەتەکەی ترەمپ، لەئاستی کۆمەلگای ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیدا.. بەگشتی ئەمریکاو جەنگەکەی خستنە حاڵەتێکی بنبەست و چەقبەستوویی واوە کە ناچاربێت بەبڕیاردان لەئاگربەست وڕاگرتنی جەنگەکە، هەرچەندە کاتیش بێت. ئەمانە ئیتر شکستێکی گەورەی ئەمریکا لەم جەنگەدا دەسەلمێنێ وهەموو ئەو پروپاگەندانە بەدرۆدەخاتەوە سەبارەت بە”عەزەمەتی سەربازی وجەنگی ئەمریکا” وملهورێ و دەسەڵاتخوازیەک کەبانگەشەی بۆدەکات. بێگومان ئەمە بەمانای ئەوە نییە کە ئیران زەربەی نەخواردبێت و بێ زیان لەشەڕەکەدا مابێت، بەڵام ئەوەی سەرکەوتنە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە کە هەم خۆی لەبەرامبەر هەڕەشەو پەلامارەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدا راگرتوەو هەم توانیویەتی نارەزایەتیەکانی ناوخۆ سەرکوت بکاو لەپاشەکشەکردندا ڕای بگرێ ومەترسی روخان لەسەرخۆی دوربخاتەوە. بەکورتی ئەگەر بڵێم تا ئێستا ئەوەی کەتێچووی شەڕەکە تادێت قورساییەکی زەبەلاحی بودجەو ئیمکاناتی بەدواوە بوە ودەبێت، ئەوەی کەئەم جەنگە تاهاتوە ئەمریکای راکێشاوەتە نیو گێژاوێکی سیاسی و پڕلەناکۆکیەوە ولەئاست هاوپەیمانە دەرەکی و ناوچەییەکانیدا وتەنانەت لەناوخۆی ئەمریکادا، لەگەڵ تەنگانەو کێشەدا بەرەوڕووی کردۆتەوە، مەسەلەی دەرچون لەم جەنگەو دۆزینەوەی ڕیگای ڕزگاربون لەم شکستەو گۆڕینی بۆ “سەرکەوتنێکی ئابرومەندانە”، بۆتە خەیاڵ و خۆاستێکی بنەرەتی ترەمپ وئیدارەکەی.

ئۆکتۆبەر: ئەگەرچی بانگەشەی ئاشکرای ترامپ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و هێزە پرۆکسیەکانی لەناوچەکەداو مووشەکی بالیستی بوو، بەڵام ئێستا زیاتر مەرجەکانی ئەمریکا لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمە بۆماوەی دوو دەیە؟ ئەم گۆرانکاریە لە داواکاری و مەرجەکانی ئەمریکا بۆ رێکەوتن چ مانایەك دەگەیەنێ؟  

خەسرەو سایە:  ئەو گۆڕانکاریەی کەلە داواکانی ترمپدا سەری هەڵداوە، لەلایەک بەرئەنجامی وەدینەهاتنی ئەو ئامانجانە وشکستی ئەمریکایە لەجەنگەکەدا ولەلایەکی تریشەوە، خودی درێژەکێشانی جەنگ مەسەلە سەرەکیەکانی نیوان هەردولای شەڕەکەی گۆڕیوە. بەتایبەتی دوای کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، جەنگەکە بوعدێکی ئابوری وبازرگانی جیهانی بەخۆیەوەگرت، و ئیتر مەسەلەی “ڕژێم چەینج وتەسلیمبووونی ئیران” چووە دواوە وبڕیاری ئاگربەستە هاتەئاراوە. وەک لەقسەکانی پێشتردا ئاماژەم پێدا کە سەرەڕای هەموو ئەو هێرشە بەربلاوەی ئەمریکا وئیسرائیل بۆسەر ئیران وڕاگەیەندنی ئەوەی کەتەواوی توانا سەربەزایەکانی ئیران لەبار براوە، سەرەڕای کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لەسەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەرای هاندنانی هێزە کوردیەکان بۆ بەشداری لە جەنگ و چەندیدن تاکتیکی تر، بەلام بەهەموو ئەمانەوە دەرکەوت کەئێران لەم ڕێگایانەوە نەدەڕوخێ ونەتەسلیم دەبێت. ئەم واقعیەتەش هەموو ئەوحساباتەی ترامپی برد بەئاسماندا و ناچاربووە بەوەی کەڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ خۆدەربازکردن لەشەڕەکە، بۆئەمەش گۆڕانکاری وکەمکردنەوەی سەقفی داخوازیەکان ڕێگایەکیەتی، خودی ئەوەی کە لەئیستا گەروی هورمز داخراوە وئەو دۆخەی بەدوایدا هاتوە بۆتە گڕییەکی گەورە لەنیوان ئەمریکاو ئێراندا بۆیە کرانەوەو دۆزینەوەی ڕیگەیەکی ڕیکەوتن لەسەر بەڕیوەبردنی، بۆتە داخوازی وئەولەویاتیکی سەرەکی  لە دانوسانەکاندا.

بەڵام لەبارەی چەکی ئەتۆمی و بالستیەوە، بەبڕوای من بابەتەکە جیاوازی هەیە، ئەمەش بەومانایەی کە ترەمپ دەیەوێت وەک خاڵیکی سەرکەوتن و دەستکەوتێک بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگەکە بەکاری بەرێت. لەمەشدا، ناوخۆی ئەمەریکا و هێزە نەیارەکانیەتی تا دەستکۆتاکردنی ئێران لەچەکی ئەتۆمی. بەدیاریکراوی تڕەمپ دەیەوێت بەهێنانەگۆڕی ڕیکەوتنێکی تازە لەگەڵ ئێراندا لەسەر چەکی ئەتۆمی لەلایەک ئەو ڕیکەوتنەی کە لەسەردەمی ئۆبامادا دیموکراتەکان بەستیان بەیەکجاری بخاتە لاوە وبیکاتە دەستکەوتێک بۆخۆی، وە لەلایەکیترەوە، ڕۆڵی ولاتانی ئەوروپا لە چارەسەری کێشەی ئەتۆمی ئێراندا، کە هەمیشە وەک تەرەفێک ئامادەیی هەبووە، کۆتایی پێبهێنی و ئەمریکا یەکتەرەفە لەپەیوەندی لەگەڵ ئیراندا لەسەر چەکی ئەتۆمی ڕابگرێت. 

ئۆکتۆبەر: دانوسانەکانی ئیسلام ئاباد نەچووە قۆناغی دوهەمی خۆیەوە، تەنانەت هیچ یەک لەوەفدی ئەمریکاو ئێران ئامادەی کۆبونەوەکان نەبون و ترەمپیش وەک ئەوەی رایگەیاند کە لەسەر داوای پاکستان ماوەی ئاگربەستەکەی بەکراوەیی درێژکردەوە. هەروەها هۆکاری ئەم درێژکردنەوەیەشی بۆئەوە گەراندەوە تا فرسەتێک بە ئیرانیەکان بدات ڕیکبکەون وناکۆکیەکانی خۆیان لەسەر خالەکانی دانوسانەکان یەکلایی بکەنەوە.. تاچەند ئەم قسانەی ترەمپ ڕاستن؟ هۆکار چیبوو کە وەفدی ئێران لەکۆبونەوەکەدا بەشداریان نەکرد؟

خەسرەو سایە: بەبڕوای من هەموو ئەو قسانەی ترەمپ نەک هەر ناراستن، بەڵکو زیاتر بەشێکە لەپڕوپاگەندەی جەنگی و بۆ داپۆشینی بنبەست و شکستێکە کە تێیکەوتوە، بەتایبەتیش بۆ دڵنەواییکردنی ناوخۆی ئەمریکایە، ئەگینا ئەوە ڕۆشنە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، هەڵگری دەستەبەندی و ناکۆکی و کیشمەکێشی باڵە ناوخۆیەکانی خۆیەتی وهەرجارەو لەسەر ئەو بابەتانەی دێنە پێشەوە چالاک دەبنەوە. بەڵام ئەوەی کەکۆماری ئیسلامی لەمێژووی خۆیدا یەکدەست کردووە، ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر ئەمریکاو ئیسرائیل و ئەم هەڵویستە هاوبەشەی باڵە ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی خۆی بەشێکە لەناسنامەی جدی ئەم ڕژێمە. بۆیە ئەوەی ترەمپ دەیلێت راستی تێدانیە وبەشداری نەکردنی وەفدی ئێران لەجەولەی دوەمی دانوسانەکاندا، دەگەڕیتەوە بۆ تێگەیشتنی ئێران لە مەوقعی ئەمریکا لەجەنگەکەدا و ئەو تاکتیکانەی لەسەردەمی ئاگربەستەکەدا گرتویەتیەبەر. واتە ئێران دەزانێ کەئەمریکا کارتە فشارەکانی لەوە زیاتر نابێت کەدەستی بۆبردووە وهێشتا دەتوانێ خۆی رابگرێ. ئەگەر سەرنج بدەین ئەو هەرایەی کە هەرلە یەکەم کاتژمێرەکانی راگەیاندنی ئاگربەستەوە، لەپەیوەند بەمەسەلەی ئەوەوە کە ئایا ڕاگرتنی شەر لەلوبنان شاملی ئاگربەستەکەیە یان نا؟ ئیسرائیل زۆر هەوڵیدا درێژە بەشەر لەلوبنان بدات، بەلام کاتێک وەفدی ئێران رایگەیاند کەئەگەر لوبنان دەرکرێت لەمەرجەکانی ئاگربەست ئەوا ئەوان دەکشێنەوە. ئەم هەلویستەی ئێران دوای دەخالەتی پاکستان، سەرەنجام فەرزکراو ترمپ بەخشکەیی ملی پێدا، ئەمە نمونەیەکە لەتێگەیشتن و خوێندنەوەی ئیران بۆ پێگەی ئەمریکا لەجەنگەکەدا. ئەوەشی کە لەجەولەی دووەمدا بەشداریان نەکرد پەیوەندی بەبڕیاری گەمارۆی کەشتیەکانی ئێرانەوەیە لەلایەن هیزەکانی ئەمریکاوە. واتە ئەمریکا لەهەوڵدایە بەگەمارۆخستنە سەر کەشتیەکانی ئێران خالێک بۆ دانوسانەکان زیاد بکات وناچاری بکات بەرازی بون بەوەی گەروی هورمز بکاتەوە لەبری هەلگرتنی ئەم گەمارۆیە. بەلام ئێران لەم تاکتیکە تێگەیشت و ملی پینەداو نەچووە گەڕی دووەمی دانیشتنەکانەوە.

ئۆکتۆبەر: ئێستا هەرچۆنێک بێت شەر لەسەر بنەمای ئاگربەستێک راوەستاوە، ئێوە ئایندەی ئەم دانوسان وئاگربەستە چۆن دەبینن و تاچەند هەردولا ویستی ڕیکەوتن وئاشتیان لەناوچەکەدا هەیە ؟ پاش جەنگێکی ٤٠ ڕۆژە داهاتوی جیهان و ناوچەکە چۆن دەبینن، ئایا ئەگەری سەرهەلدانەوەی جەنگ لەئارادایە ؟

خەسرەو سایە: لەروانگەی ژیان و سەلامەتی خەڵکی ئێران و ناوچەکەوە، ئەوەی کە شەر هەرچۆنێک بێت راوەستاوە، یەک دەستکەوتە. واتە هەرچۆنێک بێت خەلک هەناسەیەک بداو لەو کوشتارو کاولکاریە و لە ئاسەوارەکانی جەنگ دورکەوێتەوە، خاڵیکی ئەرێنیە. بەڵام بێگومان ئەوەش مەعلومە کە ئەو ئاگربەستەی لەئارادایە هەروەک چۆن ئەمریکاو ئیسرائیل جەنگیان سەپاند، ئاواش لەژێر سێبەری هەڕەشەو شمشیر راکێشاندا سەپاندویانە و بەشێوازە بێپرەنسیپیەکانی ترەمپ و لەدەرەوەی ئەتەکیەتی دیبلۆماسی بەڕیوەدەچێت. هەربۆیە ئەم ئاگربەستە لەفەزای سیاسی و کێشمەکێشە جیهانی و ناوچەییەکاندا یەکجار لەرزۆکەو ناتوانێ ببیتە بنەمای “ئاشتیەکی پایەدار” و “ڕیکەوتنێکی قانونی” وبەردەوام. بەڵام پێموایە هەردولای جەنگەکە، واتە هەم ئەمریکاو ئیسرائیل وهەم ئیران، پیویستیان بە ئاگربەست هەیە، هەردولا بەوە گەیشتون کە جەنگ قورساییەکی گەورەی لەسەر داناون و هەردولایان لەبەردەم لێکەوتنەکانی درێژەدان بەجەنگەکە زەرەرمەندی گەورەدەبن، بۆیە هەوڵدەدەن هەرچۆنێک بێت بەوەرگرتنی ئیمتیازات و دەستکەوتێک لەیەکتر و وانیشان بدەن کە سەرکەوتوون و دەستکەوتیان لەشەڕەکەدا بەدەست هێناوە. بۆیە پیدەچێت دانوسانەکان و ئاگربەست لەحالەتی” نەشەڕ نەئاشتیدا” درێژە بکێشێت تا هەردولا دەگەن بەئیمتیازاتێک کەوەک دەستکەوت بۆخۆی ناوزەدی بکات. بەدڵناییەوە لەحالەتێکی ئاوادا ئەگەری هەڵگیرسانەوەی خوڵیکیتری جەنگەکە لەئارادا دەمێنتەوە. بەتایبەتی جەنگ بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، یەک زەرورەتی بنیادیە بۆ گەیشتن بەئامانجەکان ویەکلاییکردنەوەی کێشمەکێشە سیاسی وئابوری و سەربازیە جیهانی وناوچەییەکان، ئەمەش لەدۆخێکدا کە دونیا لەنیو گێژاوی شەرو بەریەککەوتنی جەمسەرە ئیمپریالیستی وناوچەییەکاندا، لەسەر دوبارە سازدانەوەی دونیای سەرمایەداری ودابوشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز ڕاگیراوە. خودی ڕاکێشانی هەموو ئەو هیزە دەریایی و ئاسمانیەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەراست، بێمەبەست نیە وتا ناتانیاهۆ وترەمپ لەسەر کار بن و هەژمونیان بەسەر دۆخی ناوچەکەوە هەبێت بەدڵناییەوە ئەگەری سەرهەلدانی جەنگ یەک واقعیەتە.

لەدوا وتەدا دەمەوێت بڵیم کە جەنگی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی خەلكی ئێران ڕوداوێکی یەکجار گەورەی جیهانیە وبەکردەوە ڕوخاساری جیهان دەگۆڕێ وکاریگەری راستەوخۆ لەسەر هێزەکان وپێگەی دەولەتان وسەراپای بلۆکبەندیە سیاسی وئابوری سەربازیەکان دادەنێ، تەنانەت ڕێگا دەکاتەوە بۆ سەرهەلدانی نەزمێکیتر لەڕیکخستنەوەی جیهان و ڕۆژهەلاتی ناوەراست. بەدڵناییەوە دۆخێکی ئاواش ڕەوتی خەباتی چینایەتی و شۆڕشی کرێکاری دەخاتە هەلومەرجێکی تازەوەو لەگەڵ بەربەست و ڕەوت ومەیلی جیاجیای بۆرژوازی بەرەوڕودەکاتەوە.

بەبڕوای من ڕاوەستان لەکەنار چینی کرێکاری ئێران وپشتیوانیکردن لەخەباتی خەڵکی زەحمەتکێش بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەچوارچیوەی توندکردن وفراوانکردنەوەی خەباتێکی هەمەلایەنەو جیهانیەوە بۆ کۆتایی هێنانی فەوری وبێمەرجی ئەم جەنگە، نەک هەر ئەرکێکی ئەنتەرناسیونالیستیە، بەڵکو دەتوانی سەرەتای هاتنەمەیدانی کۆمۆنیزم و کرێکاران بێت، بۆ دەربازکردنی چارەنوسی کۆمەلگای بەشەری لەچنگی سەرمایەداری و میلیتاریزم و جەنگخوازیەکەی…      

About wp_kurdistan

Check Also

شاكر ئەلناصري لە نێوماندا نەما!

دوای تێكۆشانێكی درێژ و دژوار لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، هاوڕێی خۆشەویست شاكر ئەلناصري، كە لە ناوماندا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *