دوای تێكۆشانێكی درێژ و دژوار لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، هاوڕێی خۆشەویست شاكر ئەلناصري، كە لە ناوماندا بە ناوی “فهد ناصر” ناسراو بوو، چەند كاتژمێرێک پێش ئێستا لە نێوماندا نەما. بە كۆچی ئەو، بزوتنەوەی كۆمۆنیستی و كرێكاری وە بانگەوازكارانی ئازادی و یەكسانی یەكێك لە ھەڵسوڕاو و كەسایەتییە گرنگەكانی خۆی لەدەست دا.
هاوڕێی خۆشەویست شاكر ئەلناصري لە ناو خێزانێكی زەحمەتكێش گەورە بوو وە ژیانی ھەر لە سەرەتاوە پڕ بوو لە زەحمەت و هەوڵدان، لەناو خێزانێكدا كە بەھای مرۆیی و یەكسانیخوازی سایەی کردبوو. زۆر زوو لە ناوەڕاستی ھەشتاکانەوە بە ھەڵسوڕانی کۆمۆنیستی تێکەڵاو بوو، لە ناوەڕاستی ھەشتاکان ئەندامی ڕابەرایەتی و یەكێك لە دامەزرێنەرانی “بزوتنەوەی ڕزگاری كۆمۆنیستی” بوو، پاشان “بزوتنەوەی خەباتی كۆمۆنیستی” لە سەرەتای نەوەدەكان، و یەكێك لە دامەزرێنەرانیشی بوو. دواتر یەكێك بوو لە كادری پێشەنگ كە بە شێوەیەكی جیدی بەشدار بوو لە پرۆسەی دامەزراندنی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق لە ساڵی ١٩٩٣.
دوای ئەو پەلامارانەی كە ڕێكخراوەكانی حیزب لە شارى ناصریە لە ساڵی ١٩٩٥ تووشی هات، بەهۆی چالاكییەكی فراوانی نووسین لەسەر دیوارەكان دژ بە ڕاپرسی سەرۆكی ڕێژیمی بەعسی سەدام حوسێن، بەرەو كوردستان ھەڵھات و لەوێ زۆرینەی بەرپرسیارییە حیزبی و كۆمەڵایەتییەكانی گرتە ئەستۆ. بۆ ساڵانێك ئەندامی لیژنەی ڕێكخراوەكانی ناوەند و باشوور بوو، و ئەندامی دەستەی بەشی عەرەبی لە ڕادیۆی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری، وە سەرپەرشتیاری گۆڤاری “النضال الشيوعي”، هەروەها سەرۆكی یەكێتی گشتی ئاوارەكان لە كوردستانی عێراق بوو. لەگەڵ هەندێك هاوڕێی تر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەستگیر كرا، بەهۆی بەرگریكردنی لە مافەكانی ئاوارەكان. دواتر كوردستانی جێهێشت و پەیوەندی کرد بە ڕێكخراوەكانی حیزب لە توركیا و پاشان ڕێکخراوی دەرەوە لە دانیمارك. دوای جێهێشتنی ڕیزەكانی حیزب، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ حیزب و هاوڕێكانی پاراست وە هەتا كۆتایی ڕۆژەكانی نزیک بوو لێیان.
شاكر الناصري یەكێك بوو لە گەورەترین دڵسۆزەکان بۆ كۆمۆنیزم و ئازادیخوازی و یەكسانیخوازی، و یەكێك لە ماندوونەناسترین کەسی بەرگریکەر لە هەموو بەھا مرۆیی و پێشكەوتنخوازەكان. هاوڕێیەكمان لەدەست دا كە بەرزترین ئاستی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی و دڵسۆزی و فیداكاری و دڵپاکی و هەستێكی بەرزی مرۆیی هەبوو، ھاوڕێیەک کە ماندوونەناسانەو بەردەوام بەرگری دەكرد لە چینی كرێكار و بێبەشان وە دژی زۆرداری وبێمافی بوو. ئەو هەمیشە سەرچاوەی هیوابوو بۆ هەر كەسێك كە نزیک بوو لێی.
لێرەدا سەرخۆشی خۆمان دەردەبڕین بۆ هاوسەرە خۆشەویستەكەی، ئیبتیهال حسین لفتة، و منداڵە ئازیزەکانی دیار و طەیف، و براکەی جبار و سەرجەم كەسوكاری و هاوڕێ و دۆستان و خۆشەویستانی. شاكر ئەلناصري لە نێوماندا نەما، بەڵام لە ژیان و خەباتماندا ھەروەھا لە ناو ئامانج و هیواكانی ملیۆنان كرێكار و زەحمەتكێشدا دەمێنێتەوە…
بەرز و بەڕێز بێت یادی شاكر ئەلناصري!
بژی ئازادی و یەكسانی
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان
٢٢ نیسان-ئەپرێل ٢٠٢٦
hkkurdistan.org