میدیای “بێلایەن” یان لایەنگری ناقارەمان!

رێبوار ئەحمەد:

بێلایەن بون لە کۆمەڵگایەکی پڕ ستەمی وەکو کوردستان، لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیدا کە لایەک نوقمی سەوروەت و لایەکەی تر نوقمی هەژاریە، نابێ مایەی شانازی بێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە میدیاکان بە دیاریکراوی کەناڵەکانی “RUDAWوNRT “رۆژانە چەندین جار دوپاتی دەکەنەوە کە گوایە “کەناڵی ئەهلی بێلایەننن”، بەڵام رونی ناکەنەوە کە دەیانەوێ بەم بێلایەنیە چ شانازیەکیان دەستکەوێت. ئایا مەبەستیان ئەوەیە لە کێشمەکێشی رۆژانەی ستەمکاران و ستەمکێشان، چینی چەوسێنەرو چینی چەوساوە، تاڵانچی و گەندەڵکاران لەگەل جەماوەری برسی و تاڵانکراو…ئەوان خۆیان بێلایەن رادەگرن؟! ئەگەر واشبێت ئەمە کەی مایەی شانازیە؟!

شانازی کردن لە مێژودا، مێژوی شانازی کردنە بەلایەنگری کردن لە حەق و ئازادیخوازی و چەوساوە و ستەمکێشان دژی چەوسێنەرو زۆردارو ستەمکار. تەنانەت ئەم لایەنگری کردنە تەنها لە چوارچێوەی سنوری وڵاتاندا قەتیس نەماوە، سەرتاپای جیهانی داگرتوە. تازەترین نمونەکان هاتنەدەنگی خەڵکی ئازادیخوازە لە ئەرجەنتینەوە تا ئەفغانستان، لە ئەوروپاوە تا ئاسیاو ئەفریقا بۆ لایەنگری لە کۆبانی. کوردستان کە لێواو لێوە لە ستەم و چەسانەوە و زۆرداری و کێشمەکێش، بواری شانازی بە بێلانبون بۆ هێچ لایەک نەماوەتەوە!

هەرکات زۆر سوێند بە بێلایەنی خورا، گومانی ئەوە هەیە لایەنگریەکی ناڕەوا لە پشتی ئەو سوێندخواردنەوە حەشاردرابێت. لایەنگریەک کە هەتا لە روانگەی خاوەنەکەیەوە ئەوەندە رەوایەتی تیادا نیە کە قارەمانانەو راشکاوانە بوترێت و بەرگری لێبکرێت، بۆیە ناقارەمانانە لایەنگریەکەی دەشارێتەوە. بەمجۆرە جگە لە لایەنگریەکەی کە لە روانگەی خۆشیەوە رەوایەتی تیادا نیە، خەتای تەفرەدانی بینەرانیشی دەکەوێتە ئەستۆ. لە راستیدا لە کۆمەڵگای چینایەتی پڕ لە ستەم و کێشمەکێشدا، بێلایەن بون هیچ ماناو هیچ راستی و هیچ حەقیقەتێکی تیا نیە. تەنانەت کورتە هەواڵێکیش لە دوالێکدانەوەدا قازانجی لایەک و زیانی لایەکی ئەم کێشمەکێشەی تێدایە.

“RUDAWوNRT ” و ئەو میدیایانەی خۆیان بەبێلایەن نیشاندەدەن، با ئەهلیش بن وەکو خۆیان دەڵێن، بەڵام بۆ وەقف و سەدەقە دانەنراون، بەڵکو بە تەواوی لایەندارن!..تەنها سەرنجدانی ئەو راستیەی کە لە هاتنەگۆڕی هەر باس و مەسەلەیەک لە ئاستی کۆمەڵگادا، یەکسەر مەترێک ریش لە شاشەی “RUDAWوNRT ” یەوە دێتەدەرەوە، بەسە بۆ دڵنیابون لە لایەنگریەکەیان. “NRT” کەناڵی لایەنگر لەو بەشە لە بورژوازی کوردە کە لە بەشی خۆی لە سامان و داهاتی بەتاڵانبراو و خوێنی مژراوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ناڕازیە، لایەنگری ئەو بەشەیە لە بورژوازی چەوسێنەرو مشەخۆری کورد کە نەک لە تاڵان و برۆ بەڵکو لە دابەشکردنی ئەو تاڵانیە ناڕازیە. ئەم بەشە لە بورژوازی کورد لە بزوتنەوەی گۆران و تاقمە ئیسلامیەکان و باڵی بەناوچاکسازی یەکێتیدا خۆی بەرجەستەکردوە. “NRT” لە ژێر ناوی بێلایەنیدا، سیاسەت و رێگاچارە و ئەلتەرناتیوی ئەم بەشە لە بورژوازی بەرجەستە دەکات. کەناڵی RUDAW بەرجەستەکەری ئەلتەرناتیوی ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی سێبەری دەسەڵاتە. زۆرتر رۆڵی داشکاندنی ناوەرۆکی رادیکاڵ و شۆڕشگیڕانەی رەخنە و ناڕەزایەتیەکان بۆ گلەیی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی لە دەسەلات، دەگێڕێت. بە مانایەکی تر لەسەر دەرهێنانی فلتەری تەقینەوەی ناڕەزایەتی خەڵک کار دەکات. لە بارەی RUDAW””ەوە لای خەڵکی کوردستان بەرچاورۆشنیەکی زیاتر هەیە، لە کاتێکدا خۆشباوەڕیەکی زیاتر بەرامبەر “NRT” هەیە. بۆیە هەڵدەگرێت قسەیەکی تایبەتی لەسەر بکرێت.

لە سەردەمێکدا کە دنیا بە دەستی ئیسلام و تیرۆریزمی ئیسلامی نوقمی خوێن کراوە، هێشتا “RUDAWوNRT ” ی “بێلایەنانە” بە لێشاو ریش و عەمامە دەهێننە سەر شاشە و نوێنەرانی کۆنەپەرستی و تیرۆریزمی هەوسارپچڕاو وەکو زانا و حەکیم و شرۆڤەکار و نیشاندەری رێگای نەجات بە بینەران دەناسێنن. “NRT” لە کاتێکدا هەمیشە مینبەرێکەی لە خزمەت گۆڕان و نەوشیروان مستەفایە و وەکو خەمخۆری خەڵکی بێدەرەتان بەرجەستەی دەکات، باش ئەو راستیانە دەزانێ کە ئەوان تاکە لایەنی دەستپێشکەر بوون خۆپیشاندانی جەماوەری ١٧ شوباتی ٢٠١١یان بە ئاژاوەگێر ناوزەد کرد و ئامادەییان نیشاندا بۆ هاوکاری دەزگا سەرکوتگەرەکان، دواتریش هەر ئەوان بزوتنەوەی ١٧ی شوباتیان لەباربرد و کردیان بە دەستمایەی سازان لەگەڵ دەسەڵات، دوای ئەوەش هەر ئەوان خۆڵیان کردە چاوی خەڵک و بانگەوازیان کرد شەقام ئارام راگرن و بە دەستی خاڵی بڕۆنە مالەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە شیرینی نەوت و دەسەڵات بەهەرەمەندبن، لە ژێرناوی ئەوەی بە “خەباتی پەرلەمانی” ئاواتەکانی خەڵکی ناڕازی دەستەبەر دەکەن. ئەم باڵەی بورژوازی کورد کە دوو ساڵە لە دەسەلات و  گەندەڵی بەشدارە و لەو ماوەیەشدا پاکانەی بۆ تاڵانی کردوە، ئیستا دوای ئەوەی لە دەسەڵات پەراوێز خراوە، دوبارە بەردەرگای خەڵکی گرتوە و دەیەوێ دیسان یاریکردن بە خوێن و خەباتی خەڵکی ستەمدیدە بکات بە رێگای گەیشتن بە مەرامەکانی. “NRT” مینبەرێکی چالاکە و لایەنگرانە بەدیلی ئەم باڵەی بۆرژوازی بەرجەستە دەکات. هەروەها مینبەرێکە بۆ سەرانی باڵی بە ناو “چاکسازی” یەکێتی، لە کاتێکدا ئەم  چاو بە فرمێسکە تیمساحیانە خۆیان  لەسەری سەرەوەی دەسەڵات دانیشتون و دانبەوەدادەنێن کە ئەو حزبەی خۆیان رابەرین نوقمی گەندەڵیە و خۆیان شایەتی لەسەر ئەوە دەدەن کە دەیان ملیار دۆلار لەلایەن ئەو دام و دەزگایانەوە بەتاڵانبراوە کە خۆیان سەرکردەین.

ئەگەر بە مەلایەکی مشەخۆر بوترێت بەرچاوت برۆیە، “NRT” دەیکات بە هەراو زەنا، بەڵام زۆرکات بە رستەیه‌کیش باسی پەلاماردانی هەڵسوڕاوانی ئازادیخوازو کرێکاری و کۆمۆنیست و رابەرانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ناکات. دەربارەی هەموو مەراسمێکی ئیسلامی و جمجۆڵێکی گۆڕان و هەڵوەراندنی فرمێسکێکی تیمساحی لەلایەن بەشێک لە سەرانی یەکێتی، گوزارشی دورودرێژ بڵاودەکاتەوە، بەڵام وەکو تازەترین نمونە کاتێک رۆژی ٨ی شوبات بانگێشت دەکرێت بۆ کۆنگرەی رۆژنامەگەری دەستەی ناڕەزایەتی خەڵک و زۆر نابەدڵ ئامادەی دەبێت، بەڵام تەنانەت بە نابەدڵی و بێلایەنانەش ئامادە نیە هەواڵەکەشی بڵاوکاتەوە. ئامادەیە لەسەر هەڕەشە کردن لە مەلایەک بیکات بە هەرا، بەڵام لە بەرامبەر هەوڵی ئاسایشی یەکێتی بۆ فڕاندنی هەڵسوڕاوانی دەستەی ناڕەزایەتی خەڵک نەک هەر بێدەنگی تەواو هەڵدەبژێرێت بەڵکو کە راگەیاندنەکەشی بۆ دەخرێتە سەر مێز هەر ئامادە نیە ئاماژەیەکی بۆ بکات. چاودێر و شایەتی کۆبونەوەی مامۆستایانی ناڕازیە کە لە چەند رۆژی رابردودا لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بەرپاکرا، بەڵام چونکە ناچێتە خانەی هەوڵی ئەو بەشە لە بورژوازی کوردەوە کە “NRT” لایەنگری لێدەکات، ئامادە نیە “بێلایەنانە” هەواڵەکەشی بڵاوکاتەوە. لەسەر چاوزەقکردنەوە لە مەلایەک چەندین بەرنامە سازدەکات و دنیا ئەدات بەیەکدا، بەڵام تەنها بە هەواڵێکی ساردوسڕ باسی راپێچکردنی ٧ هەڵسوراوی نارەزایەتی جەماوەری شاری هەولێر بۆ ئاسایش، لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە. ئەگەر”NRT” بیلایەنە، ئەی بۆچی رۆژانە دەیان ریش و عەمامە و “گۆران خوازی” چەواشەکارو “چاکسازی” خراپەکار دەهێنێتە سەر شاشە، بەڵام یەک لە سەدی ئەو کاتەی بەوانی دەدات، میکرۆفۆن ناخاتە بەردەم یەکێک لە دەیان هەڵسوراوی دەستەی ناڕەزایەتی خەڵک و کۆمۆنیست و کرێکاری سەربەخۆ لەو بەرەیەی کە “NRT” لایەنگری لێدەکات؟ بۆچی کاتێکدا دو وشە لە دەم گۆڕان و تاقمە ئیسلامیە داعشە کوردەکان بیتەدەرەوە چەند بارەی دەکاتەوە و رستەکانی دەخاتە ژێر شاشەکەیەوە، بەڵام لە ئاست راگەیاندن و رێگاچارەو لێدوانەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و رێکخراوە کرێکاری و جەماوەریەکان و دامەزراوە و چالاکیە سکولارو ئازادیخوازەکان چاو دەنوقێنێت و وشەیەک لە بارەیانەوە ناڵێت؟ بۆچی هەمیشە میکرۆفۆنی لەبەردەم قسەکەرانی بەشێک لە حزبە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکان و بەتایبەتیش مەلاو ئاخوندەکانە، بەڵام رابەرانی بزوتنەوە جەماوەریەکان و هەڵسوراوانی چەپ و کۆمۆنیست و رەوتی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی دژی دەسەڵات، بایکۆت دەکات؟ ئەمە بێلایەنی نیە بەڵکو لایەنگریەکی ناقارەمانانەیە لە بەشێک لە بورژوازی ستەمکاری کورد و ئەلتەرناتیوێکی کۆنەپەرستانە. ئەگەر بیەوێ بێلایەن بێت لانی کەم دەبێ باڵانسێک رەچاو بکات، خۆ ئەگەر بیەوێ شانازی پێ ببڕێت، دەتوانێ ببێت بە دەنگی نارەزایەتی ستەمکێشان.

٢١ی شوباتی ٢٠١٦

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *