بارودۆخی ئێستای کوردستان و کاریگەری لەسەر ژنان

لاوژە جەواد:

هەمومان ئاگاداری ئەم بارودۆخە خراپ و ناهەموارەیەن کە لە ئیستادا لە کوردستان بەڕێوە دەچێت. ئەوەی جێگای سەرنجی منەو پێموایە دەبێت ئەمساڵ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان کاری لەسەر بکات و تیشکی بخاتە سەر پشکی ژنانە لەم باوودۆخەی کە سەپاوە بەسەر کۆمەڵگادا، بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بە دەست نیشانکردن و بەرجەستەکردنەوەی کاریگەریە خراپەکان ئەم دۆخە لەسەر ژنان ڕونی بکاتەوە چە ئاسوارێک بەجێیدەهێلێت لە سەر داهاتووی کۆمەڵگا.

بەڵگە نەویستە ئەزمونی شەڕ و ناهەمواری و خراپی بارودۆخی ئابوری لە مێژوی جیهاندا پێمان دەڵێن کە منداڵان و ژنان هەمیشە قوربانی یەکەم بوون و بە گیان و جەستەیان زۆرترین باجیان داوە.

لە کوردستان ئێمە ئەزمونی ساڵی نەوەتەکانمان هەیە، شەڕی ناوخۆ، ئابلۆقەی ئابوری، گرانی و برسیەتی وە نابەرپرسیاریەتی دەسەڵاتدارانی خۆماڵی لەبەرامبەر بارودۆخو ژیانی خەڵک وەک هەمیشە، چ دۆخێکی نا هەمواری هێنا ئاراوە لە کوردستان.

بەداخەوە لێکۆڵینەوەی زانستیانە و بەهێز سەبارەت بە خەسارەتی ژنان لە کوردستان وەکو پێویست نەکراوە ، تا ئێستا بەدواداچونێکی ئەوتۆ نیە کە بە بەڵگە بیخاتە ڕوو ژنان چەندە زەرەرمەندبوون.

یەکێک لەو بەڵگە دەگمەنانەی کە لێکۆڵینەوەیەکی وردی کردووە لەسەر دۆخی ژنان وە تایبەتە بە پەرەسەندنی لەشفرۆشی لە کوردستان، کتێبی ( ئۆقیانۆسێک لە تاون) ی بەڕێز ( خەندان حەمە جەزا) پێمان دەڵێت زۆربەی ئەم ژنانەی کەوتونەتە بازاری لەشفرۆشی قوربانی توندو تیژی وە خراپی باری ئابوری و نەبونی جێگاو ڕێگان.

وە هەروەها من بابەتێکم سەبارەت بە کۆچ و کاریگەریەکانی لەسەر ژنان بۆ ڕۆژنامەیەکی دانیمارکی ئامادەکردووە (Dagbladet information).

بەدواداچونێکی فدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی لە مانگی 10 ی ساڵی پار ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەدا 75ی ئەوانەی سەفەریانکردبوو بۆ دەرەوەی وڵات تا پایزی پار گەنجانی کوڕ بوون.

لەمبارەیەوە من گفتوگۆم لەگەڵ چەند ژنێکی قوربانی دیاریدەی کۆچی نەوەتەکان ئەنجامدا، کە بە شێوەی جۆراو جۆر هێشتا باجی ئەو دۆخەی نەوەتەکانیان دەدەنەوە، بۆنمونە یەکیان هێستاش نازانێت هاوسەرەکەی چی بەسەر هاتووە، یەکێکی تریان هاوسەرەکەی لەگەڵ ژنێکی تر ژیانی هاوسەری پێکهێناوەو لێی نەپرسیوەتەوە. وە لە لایەکی ترەوە لەشکرێک لە کچان هەرگیز زەواجیان نەکرد و بەداخەوە ئەمڕۆ بە ” قەیرەکچ” ناوەدەبردرێن لە کۆمەڵگادا.

ئەگەر سەیری دۆخی کوردستان بکەین لە ئێستادا، لەوانەیە لە نەوەتەکان زۆر نالەبارو نا هەموارتربێت، من نایەمە سەر کێشەکان چونکە زۆری لەسەر وتراوە، بەڵام ئەوەی پێویستە بچینە سەری کاریگەریەتی لەسەر دۆخی ژنان.

کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریە، ژنان کەمتر لە پیاوان سەیردەکرێن، هەمیشە لەکاتی نەبونی و فشاری ئابوری و باری دەرونی ئینسانەکان نا جێگیری و خراپتر دەبێت و زوتر تورە دەبن و توشی هەڵچون دەبن.

لەبەرئەوەی ژن وەک بونەوەرێکی لاواز سەیردەکرێن زۆر ئاسان لەم حالەتەدا لەوانەیە ڕق و کینەکە لەناو خێزاندا بە ژن هەڵبڕێژرێت یاخود بە کچی گەنج لە خێزان و منداڵەکان، ئەوەش وادەکات کە توندو تیژی خێزانی زیاتر بێت و ژنان بکەونە ژێر فشارەوە.

بەشێکی زۆری ژنان بەتایبەتی لە شارو شارۆچکەکان کارمەندن و موچە خۆرن، باشتر بونی بارودۆخی ژیان لە جەند ساڵی ڕابردودا وایکردبوو کە ژنانیش بتوانن نەفەسێکی پاکتر هەڵمژن و کەمتر توندو تیژی قەبوڵ بکەن. لە بەر ئەوەی کە توانیبونیان لە بواری ئابوری لە سەر پێی خۆیان راوەستن و ئاسانتربوو بۆیان بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن و ناچار نەبوون بە هەموو شێوازێک توندو تیژی قبوڵبکەن و ئاسانتر دەیانتوانی خاوەن هەڵوێست و بڕیاری خۆیان بن و دەیانتوانی جیا ببنەوە. بەڵام ئێستا کە موچەکە بە پچر پچر دەدرێت و بەچارەک کراوە، وە ئەم بوارەی کە بۆ پیاوان ڕەخساوە کە بچنە بازاری کارو کاربکەن بۆ ژنان کەمترە، ئەمە وادەکات کە ژنان ناچاربن توندوتیژی زیاتر قبوڵبکەن. وە دەرئەنجام ئەمەش لەوانەیە کاردانەوەی زیاتری خۆکوژی و خۆسوتاندن و تەنانەت کوشتنی ژنانی لێبکەوێتەوە.

ئێمە لە نەوەتەکان لەگەڵ لەشکرێک لە قوربانیانی ئەنفال و کمیاباران و کوشت و کوشتاری حکومەتی فاشیستی بەعس ڕوبەڕوبوین، کە زۆربەیان ژنان و منداڵان بوون.

ئێستاس ئەم لەشکرە کێشەی خۆیان هەرماوەو کاریگەری ئەم کارەساتانەیان بەسەردا ماوە، وە لە ئێستادا قوربانیانی هێزی فاشیستی ئیسلامی داعەش و قوربانیانی تری شەڕی تائیفی و مەزهەبی ناوچەکەی هاتۆتە سەر. هەر ئێستا لە کوردستان کۆمەڵێک ژنی زۆر هاوسەریان لەدەستداوەو بە هەموو شێوازێک ژیانی خۆیان و منداڵیان کەوتوەتە مەترسیەوە، لە کۆمەڵگایەکدا کە چاویان لەسەر ژنانەو وەک ئامرازی سێکسی بۆ پڕکردنەوەی حەزەکانی پیاوان دەبیندرێن.

لە هەمان کاتیشدا بە ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن کە زۆربەیان ئەوانەن کە لە کەمپەکاندا لە دۆخێکی خراپدا دەژیەن و بە گشتی ژنان و منداڵانن. پرسیار لێرە ئەوەیە کام چارەنوس چاوەروانی ئەم ئینسانانە دەکات؟

دیاریدەی کۆچ کە یەکێکی تر لە دەرئەنجامەکانی خراپی دۆخی ئێستای کوردستانە دیسانەوە ژنان قوربانی گەورەیان بەردەکەوێت.

هەرچەندە ئێمە گوێبیستی ئەوە دەبین کە خێزانەکان کۆچدەکەن و لە ئاوی ئیجە دەبنە قوربانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەوانەی کە کۆچدەکەن و کوردستان بەجێدەهێلن گەنجانن وە تا ئێستاس ئەو دیاریدەیە دەبینین کە پیاوان تەنها کۆچدەکەن و ژن و منداڵ بەجێدەمێنن. ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هاوسەنگی نەمێنێت لە کۆمەڵگاو ژمارەی ژنان زیاتر بێت. کوردستان لە بنەڕەتدا کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریە وە دەسەڵاتیش لە 25 ساڵی ڕابردودا هەموو هێزی خۆی بەکارهێناوە بۆ پەرەپێدان بە کۆنەپەرستی لە کۆمەڵگا.

بەرەی کۆنەپەرستی و ئیسلامی سیاسی لە کۆمەڵگا ئەمە دەکەنە فرسەتێک بۆ ئەوەی کە کۆنەپەرستی زیاتر پەرە پێبدەن و ژنان زیاتر بخەنە ژێر فشارەوە. بینیمان لە ساڵانی ڕابردودا هێرشی مەلاکان بۆ سەر ژنان زیاترو زیاتر بوو لە میمبەری مزگەوتەکانەوە، دەنگی بانگەوازی فرەژنی بەرزترو بەرزتر دەبۆوە بە بەهانەی ئەوەی کە ژنان ژمارەیان زۆربووە لە کۆمەڵگادا، یاخود شاهیدی هێنانە پێشەوەی پرۆژە یاسای کۆنەپەرستانەی وەک “زەواجی میسیار” هاتونەتە پێشەوە.

بەجیا لە هەمو وئەمانەش بیرمان نەچێت کە ئەزمونی نەوەتەکان پێماندەڵێت کە هەژاری و قەیرانەکان لە کۆمەڵگادا هەمیشە دەورەی زێڕینن بۆ ئیسلامی سیاسی و گەشەکردنیان.

ئەوەشمان بیرنەچێت ئەم شێوە پەروەردەی لە کۆمەڵگا هەیە ژنان وەک بونەوەرێکی لاواز پەروەردە دەکات و فێرناکرێن کە بەهێزبن و لە تەنگانە هەوڵی خۆ ڕزگاربوون بدەن، بە نمونە زۆر بەکەمی ژنانی وڵاتانی ئێمە فێری مەلە دەبن هەربۆیەش کەمنین ئەم ژنانەی بەمهۆیەوە دەبنە قوربانی کۆچ و لە ئاوەکاندا دەخنکێن.

ڕۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا

ئەگەر سەیرێکی کۆمەڵگای کوردستان بکەین لە حەفتاکانەوە ژنان لە شارەکان و شارۆچکەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە خزمەتتکردن کۆمەڵگا.

هەر ئێستا ژنان پشکی شێریان بەردەکەوێت بۆ خزمەتکردن و لە زۆربەی فەرمانگاو خوێندنگاکان، بەو ڕێژەیەی کە لە کۆمەڵگا دەرفەتی دابێت ڕۆڵیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بەم ئەندازەیەش دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە باشکردنی بارودۆخی کوردستان.

ژنانی مامۆستاو کارمەندو دکتۆرو …تاد. زۆر گرنگە کە خۆیان لە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان کۆببنەوەو بە دەستەی ناڕەزایەتی خەڵکەوە پەیوەست بن.

وە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانیش بەڕای من دەبێت ئەمساڵ بەتایبەتی سەرنجی لەسەر کاریگەری ئەم دۆخە خراپە بێت لەسەر ژنان وە بیخاتە دەستوری کاری خۆی و هاواری مارسی ئەمساڵی ڕێکخراوبوونی ژنان بێت، شان بەشانی هەموو چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا.

ئێمە نمونەی حوکمڕانی هەمو حیزبەکانی کوردایەتیمان بینی هیچکامیان نایانەوێت هیچ ئاڵوگۆڕێک بە بەرژەوەندی بێتە ئاراوە، بۆیە خۆجیاکردنەوەی ڕێزی ناڕەزایەتی لە بەرژەوەندی ئەم حزبانە و ڕێکخراوبوون لە ڕیزی سەربەخۆ بۆ دابینکردن مافەکانی ژنان مەرجی سەرەکیە بۆ پێشڕەوی، پاداگری لەسەر دابینکردن یاسی یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت زۆر گرنگە لە پێناو خەباتی یەکسانی ژن و پیاو.

http://www.awene.com/2016/03/02/3074/

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *