فیدرالیزمەکەی ڕۆژئاوا، هەنگاوێک بۆدواوە !!

عەبدوڵا ساڵح

ڕۆژی 17 / 3 / 2016 لە کۆنگرەیەکدا لە شارۆچکەی ڕۆمیلان لە حەسەکەی سوریا بە بەشداری چەندین لایەنی سیاسی و نوێنەری هەرسێک لە کانتۆنەکانی کوبانی و عەفرین و جەزیرە، سیستمی ( فیدرالیزمی دیموکراتی لە ” ڕۆژئاوا – باکوری سوریا ” ) ڕاگەیەنرا .

(پە یە دە ) ، وەک هێزی سەرەکی لەو ناوچەیە و لە نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەشداریەک و ڕۆلێکی بەرچاوی هەبوو چ لە کۆنگرەکە و چ لەدەرئەنجامەکانی . ڕاگەیاندنەکە هاوکات بوو لەگەڵ وەلا خستنی ئەو هێزە سەرەکیە کوردە لە گفتۆگۆکانی جنێڤ دەربارەی چارەنوس و ئایندەی سوریا ئەویش لە ژێر فشاری توندی دەوڵەتە ئیسلامیەکەی ئەردۆگان لە تورکیا .

شک لەوەدا نیە خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی هێزێکی دڕندەی وەک داعش لەلایەن شەڕڤانانی ( یەپەژە و یەپەگە ) و سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانیان لە مەیدانی شەڕدا دژی ئەو هێزە دڕندەیە کە بە هەموو شێوەیەک لە لایەن دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە ( تورکیا ، سعودیە و قەتەر ) پشتیوانی لێدەکرێ، دەسکەوتی یەکجار گەورەو بەرچاون ، هەر ئەوەشە وای کردوە تورکیا هەموو هێز و توانای خۆی بخاتە گەر بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر نەخشەو پلانێک ، سیاسی یا سەربازی، کە لە لایەن پەیەدە وە دادەڕێژرێ .

پێکهێنانی سێ کانتۆنی ( کوبانی ، جەزیرە ، عەفرین ) و دانانی دەستوری مەدەنی تیایاندا بە جۆرێک کە دەوڵەت و دین لێکجیاکراونەتەوە ، یەکسانی تەواوی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ئیداری و سیاسی و ئابووری و سەربازی، نەک تەنیا دەسکەوتێک بوو بۆ هەموو دانیشتوانی ناوچەکە ، بگرە دڕکێکیش بوو بۆ چاوی هەموو هێزە کۆنەپەرستەکان ، بە ناوخۆیی و دەرەکیەوە .ئەم مودێلە لە حوکمڕانی هەنگاوێکی دڵخۆشکەربوو ئەم هێزەی لەهێزە تەقلیدیە کوردەکان جیاکردەوە.

ئا لەم هەل و مەرجەدا و لە جەنگەی ئەو سەرکەوتنە سیاسی و سەربازیانەدا پرسیارەکە ئەوەیە : ئاخۆ ” فیدرالیزم ” بارتەقای ئەم هەموو پێشڕەویانەیە ؟

سیستیمی فیدراڵی ، بمانەوێ و نەمانەوێ مرۆڤەکان جیا دەکاتەوە لەسەر بنەمای نەتەوەیی ، ئایینی یا مەزهەبی ، زەقکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی بۆ بەشێک لە دانشتوانی سوریا ، وە بەتایبەت لە هەل و مەرجی ئەمڕۆدا و لە بەر ڕۆشنایی ئەم هەموو دەسکەوتانەدا ، بێشک هەنگاوێکە بۆ دواوە . ئەگەرچی لە ڕاگەیاندنەکەدا مۆرکی قەومی بە فیدرالیزمەکەوە دیار نیە ،بەڵام بەگوێرەی ئەندازەی پێکهاتە نەتەوەیەکان و ڕۆڵی سەرەکی پەیەدە هەر بەلای کوردا دەشکێتەوە .

ئەم مودێلە لە حوکمڕانی کە بەشێک لە حیزبە کوردیەکان ( پارتی و یەکیەتی ) لە عێراق ئاڵا هەڵگری بوون و بەم دوایانەش حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئێران ، زۆر ئاشکرا فەشەلی هێنا . یە پە گە ، چەندین هەنگاو لە پێش ئەم حیزبە تەقلیدیانەوە وەستاوە بۆیە ئەم هەنگاوەی پآشەکشەیە نەک پێشڕەوی ، هێزە چەپ و ئازادیخوازەکان کە پیشتیوانی خۆیان بۆ هەموو ئەو سەرکەوتنانەو دەستکەوتانەی لە کوردستانی سوریا بەدەست هاتوون ڕاگەیاندوە و بەپەرۆشەوە چاوەڕێ دەسکەوتی زیاتر بوون، بەم هەنگاوەی ئەم دواییە ناکرێ نیگەران نەبن !

پەرەپێدانی ئەو تاقیکردنەوە سەرکەوتوانەی کانتۆنەکان بەرەو یەکگرتنەوەیان لە ژێر دەسەڵاتێکی مەرکەزیدا و هێنانە کایەی سیستمێکی سکولاری غەیرە قەومی لەبری فیدرالیزم ، دەتوانی وەڵامدەرەوەی ئەم بارو دۆخەی ناهەموارو ترسناکەی ئێستای کوردستانی سوریا بێت بەتایبەت کە دەوڵەتی تورکیا لەسەنگەردایە دژی هەر پێشڕەویەک لەو ناوچەیە و مەترسی داعش ئێستاش بە توندی لەئارادا ماوە .

2 / 4 / 2016

a_salih11@hotmail.com

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *