ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی، وەک هەوڵێکی پێشگیرانە بە پارتی…

عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

پاش چەندین کۆبونەوە سەرئەنجام یەکێتی و گۆڕان رێکەوتننامەیەکیان ئیمزاکرد، دیارە ئەم رێکەوتننامەیە لە دۆخێکی ئاساییدا روینەداوە، وە تەنها بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیشیان نییە لەگەڵ یەکتری یان بۆ کۆک بوونیان نییە لەسەر ئەم پرسانەی لە رێکەوتننامەکەدا هاتووە… بەڵکە ئەم ڕێکەوتننامەیە دەسپێکی دەورەیەکی نوێیە، لە دۆخێکی تایبەتیدا کە دەیەوێت چاوبخشێنێتەوە بە پێگە سیاسی خۆیان و ئەو گۆڕانی باڵانسەی لە پێگەی ‌هێزەکاندا، پێکهاتووە.

هیچ لەوە رۆشنتر نییە، کە دۆخی یەکێتی نیشتمانی چ بەوێنەی هێزێكی سیاسی بەشدار لە دەسەڵات و چ وەکو وەزعی ڕیکخراوەیی و ناوخۆیی و چ پێگەی لە ململانێی هەرێمایەتیدا، تادەگات بە وەزعی سیاسی خۆی لەو ناوچانەی لەژێر قەڵەمرەوی خۆیدایە… دۆخێکی تێكچژاو هاوکات کێرفی روو لەداکشانە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا بەشێکە لەدەسەڵاتی هەرێم و بەشدارە لە سیستەمی سیاسی و حکومڕانیدا… بەڵام ئەمە لەئێستادا نەبۆتە مایەی بەشدارییەکی راستەقینە لەپرسە سیاسیە چارەنوسسازەکان و بڕیارە گرنگەکاندا… یەکێتی نیشتمانی لە دنیای واقعی سەرساحەی سیاسی کوردستاندا زۆرتر رۆڵی ئۆپۆزیسێۆنێکی شەرمۆک دەبینێ، لە بەرامبەر پارتی هاوپەیمانی دوێنیدا. هەموو دەسەڵاتە گرنگەکانی فەرمانڕەوایی، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم… وە هەموو جومگە بناغەیەکانی حکومڕانی و بڕیاری چارەنوسسازی ئەو جغرافیا سیاسیەی ناوی هەرێمی کوردستانە، لەدەستی پارتیدایە. یەکێتی لەناوخۆشیدا هێشتا بەدەست گرفتە ناوخۆیەکانی، بەدەست تەکەتولات، بەدەست گورزی جیابوونەوەی بەشێکی زۆر بەرچاوی بزوتنەوەی گۆڕان، دەناڵێنێ. ناکۆکی لە بانگەشەو دروشمەکانی لەگەڵ پراکتیک و مامەڵەی واقعیدا، گرفتێکی واقعی تری یەکێتییە. بە جیا لەهەموو ئەمانە یەکێتی روبەرووە لەگەڵ گرفتی رابەری، یەکێتی تا ئێستا نەک نەیتوانییوە جیگەی تاڵەبانی پربکاتەوە، بەلکە جەنگ بۆ میراتگری جیگەی تاڵەبانی یەکێتی کردۆتە چەند باڵ و لاباڵ و چەند ناوەند و مینبەر و قسەکەر، وە سەختیش دێتە بەرچاو کە تاڵەبانیەکی تر، دروست بێتەوە بۆ یەکێتی. لە ئاستی ناوچەیشدا یەکێتی کە میحوەری ئیران و مالیکی گرتووە، خودی ئەم میحوەرە دەرگیری دۆخێکی شکندەیە… لە ناوخۆی عێراقدا ئێران بەهۆی پشت راستکرنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی و هاتنی داعش و هێزەکانیەوە، باڵی شیعەی سیاسی راسپێردروای خۆی، بێ رەقیب نەماوە. پایەی ئێران وەکو سەرەتا نەماوە و پاشەکشەی پێکراوە. یەکێتی لەژێر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی خۆیشیدا، وەزعی باش نییە…بەشیکی زۆی جغرافیای ژیر دەسەڵاتی یەکێتی نیلییە، نارەزایەتی و نەفرەتی جەماوەری لە دەسەڵاتی یەکێتی بێئەژمارە… ئەمە دۆخی یەکێتییە.

بزوتنەوەی گۆڕان، وەکو بەرهەمی قوڵبونەوەی ململانێێ ناوخۆیەکانی ناو یەکێتی لە ژێر کاریگەری کەوتنی دەسەڵاتی بەعس و هەلومەرجی سیاسی دوای بەعسدا، وە لەبەرامبەر رەوتی روو لەپاشەکشەی یەکێتیدا لەسەر ساحەی سیاسی کوردستاندا، توانی خۆی وەکو هیزیکی سیاسی نوێ لەساحەکەدا، نمایش بکات و ئوردویەک لە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری لەدەسەڵات، بکاتە سەرچاوەی هێزی خۆی و پشتیوانی لە پرۆژەو سیاسەتەکانی. ئێستا ئەویش پێگەی بەرەو لاوازی چووەو دەچێت. بانگەشەکانی بزوتنەوەی گۆران بۆ چاکسازی و گۆرانکاری، تا دەگات بە بەشداری لە حکومەتی بنکە فراواندا، نەیتوانێ بە جێگایەک بگات و ئاڵوگۆر لە دۆخی سیاسی و ژیان و گوزەرانی خەڵک و جۆری حکومداریدا، بکات. هەروەها کەمڕەنگ بوونەوەی یان باشتر بڵیێن رۆشن بوونەوەی ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازی زۆر بەرجەستەی لەگەڵ سیاسەت و نەخشەکانی یەکێتی و پارتی نییەو بەشیک نییە لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جەماوەری بۆ ئالوگۆری بناغەیی سیستەمی سیاسی و حکومرانی لە کوردستاندا، وە هەلگری پرۆژەی لە بنەرەتدا جیاواز لە هی پارتی و یەکێتی نییە. جیا لەوانە لەناو مەدی دژە دینی کە بەهاتنی داعش هەڵکشا، هاوپەیمانیەتی گۆران لەگەڵ رەوتە ئیسلامیەکاندا، بزوتنەوەی گۆرانی و وەکو هێزێکی کۆنسێرفاتیف خستە ریزی بەرەی پاشکەتووی کۆمەڵگا… وە پشت بەستنی گۆران بە میحوەی ئیران و راسپێردراوەکانی لە عێراقدا… دوخی ناوخۆیی و بەیەکدادانی نەوەی نوێی سیاسی گۆران لەگەڵ سەرانی پیشووی یەکێتی لەناو گۆراندا…تاد، زیاد کرد. هەموو ئەو هۆکارانە، بزوتنەوەی گۆرانی بەرەپاشەکشە بردووە. لە زونی سەوزیشدا نەیتوانی رەوتی روولەپێش بپێوێت و یەکێتی نیشتیمانی کەناربخات و ببێتە میراتگری پیگەی یەکێتی نییشتیمانی.

ئەم هەلومەرجە چ بۆ گۆران و چ بۆ یەکێتی نیشتیمانی، دۆخێکی کوشندەیە. گۆران و یەکێتی لەسەر زۆرێک لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکانی عێراق و ناوچەکە و ناو هەرێمی کوردستان لەیەکەوە نزیکن، تارادەی وەکو یەک بوونیان. ئەمەش حاڵەتێکی چاوەروانکراوە، چونکە گۆڕان و یەکێتی دەرهاویشەی یەک بزوتنەوەی سیاسی و یەک مۆدیلی حزبی بزوتنەوەی کوردایەتین، بەشێک لە هۆکاری لێکترازانیان ریشەی لە مامەڵەی نەرمی یەکیتی لەگەڵ پارتی و رێکەوتنی ستراتیجیدا بوو، ئێستا ئەمە سەلما ئەگەر یەکێتی پێشووی بەر لە جیابونەوەی گۆرانخوازان! لێی، شانسی سەرکەوتنی ململانێی لەگەڵ پارتی بە هۆی نزیکایەتی و کەم بوونەوەی جیاوازییەکانیەوە لەگەڵ پارتی لەدەستدا. گۆرانیش چ بە ئۆپۆزیسیۆن بوون و چ بە بەشداری لەگەڵ دەسەڵات و لە حکومەتی بنکە فراواندا نەیتوانی کارتەکانی ململانێی لەگەڵ پارتی تاسەر بەدەستەوە بگرێت، حکومەت و پەرلەمان لای پارتی تەنها دوو دەزگای فریوکاری و قۆرغکاری دەستی خۆیەتی و لەهەرکاتێکدا هەر حزب و لایەن و رێکخراو و هێزێک بیەوێت ئەم قورغکاریەی لێ زەوت بکا و دەسەڵاتەکانی بەسەریدا لاواز بکا… بە سانایی و بیسڵەمینەوە بە رێگای جۆراو جۆر تا بەکارهێنانی هێزی میلیشیایی ئامادەن ئەو دوو دەزگا کارتۆنییە، کە هەندێک حزب و نوسەری ناحاڵی بە دەزگای شەرعیان دەزانن، لەکار بخەن و ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانیان وەکو موچەخۆر رەوانەی ماڵەوە بکەنەوە. هەر وەکو بە کردەوە ناوەرۆکی پوچی حكومەت و پەرلەمانیان، بە زەبری هێزو ملهوری خستە کەنارەوە… کۆمەڵگاش وەکو جاران دەچەرخێ، چونکە لە بنەرەتەوە حکومەت و پەرلەمان، روخساری دزێوی یاسایی دەسەڵاتی میلیشیایین لە کوردستان، نەک دوو دەزگای یاسادانان و جێبەجێکردن و پێکهاتەی یاسایی بەرێوەبردنی وڵات و دەوڵەتێکی ئاسایی…

رەوتی داکشانی کێرفی یەکیتی و گۆران لەسەر گۆرەپانی کوردستاندا، لەبەرامبەر قۆرغکاریەکان و ملهوریەکانی پارتی، زۆر مەلموس تر لەهەمیشە بەرجەستەتر دەبوو… بەرگرتن بەم رەوتی داشکانە و سنوردانانێک بۆ زۆر ڕۆیی پارتی و نەخشەکانی، ناکرێ نەبێتە دەستور و نەخشەی هاوبەشی یەکیتی و گۆران لەدەورەی داهاتوودا.. بەو مانایە رێکەوتننامەی گۆڕان و یەکیتی، رێکەوتنامەی بڕیار وەرگرتن و دەست بردنە بۆ نەخشەو سیاسەتی هاوبەش، وەکو هەوڵێکی بەرگریکەرانەو پێشگیرانە بە سیاسەت و پیگەی پارتیدا…

دیارە گۆران و یەکێتی بەهێنانە ئارای پرسەکانی سیستەمی پەرلەمانی بۆ حکومداری هەرێم، کاراکردنەوەی بی مەرجی پەرلەمان!!، پیکهێنانی هاوپەیمانیەتی بۆ فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، رێگەدان بە بەشداری هەڵبژاردنەکان بەلیستی هاوبەش، ئامادەکردنی دەستورو سەربەخۆیی دادگاکان و بە دامەزراوەییکردنی هیزەکانی پێشمەرگەو پەیوەندیەکانی دەرەوە، تا دەگات بە پرسی نەوت و چاکسازی شەفافیەت… کە هەموو لایەنەکان پێداگریان لەسەر دەکەن جیاوازیەک لەگەڵ هیزو لایەنە سیاسیەکانی تر ناخاتە روو، ئامانج لەمانە بە جیا لەوەی دەیانەوێت ئامانجی بنەرەتی ڕیکەوتننامەکەیان کەم رەنگ بکەنەوە کە هەوڵیکی بەنەخشەیە بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەسیاسەت و نەخشەکانی پارتی و سەنەدی “نا” وتن و راگرتنی پارتییە. دەیانەوێت نیشان بدەن کە ئەم رێکەوتننامەیە دژی پارتی و لەبەرامبەر بەواندا نییە.. کە دیارە ئەمە فریوکارییەکی ئاشکرایە. هەروەها هینانە ئارای ئەم پرسانە کە پێشتر زۆرتر بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لەسەریان هەبووە، دەتوانێ بۆ کورت ماوە جەماوەری گۆران ئابدەیت بکاتەوە. قبوڵکردنی یان کۆک بوونی یەکێتیش لەسەر ئەو پرسانەی لە رێکەوتننامەکەدا هاتوون، ناردنی سیگناڵێکە بۆ پارتی کە هیچی تر ئامادە نییە، دەستەمۆی سیاسەت و نەخشەکانی ببێت و بەو بەشە رازی بێت، کە پارتی وەکو سەدەقە داویەتی پێیان. هەرچەندە یەکێتی و گۆران دوو حزبن و گۆرەپانی هەڵسورانیان زۆرتر زونی سەوزە، بەڵام ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە، کە کاریگەری لەسەر پارتی و زونی زەرد نەبێت. گۆران و یەکێتی بەو رێکەوتتنامەیەو بەهەڵخراندنی ‌هێزو جەماوەری خۆیان لە زونی زەردا، دەتوانن گوشارەکان بۆ سەر پارتی زیاتر بکەن، پارتی ناچار بکەن، بەشی گۆران و یەکێتی لە دەسەڵات و داهاتدا زیاد بکات…. ئامانجی رانەگەینروای یەکێتی و گۆرانیش هەر ئەمەیە… هەر جۆرە خۆشباوەریەکی تر لەم رێکەوتننامەیە، جگە لە خۆخەلەتاندن شتیكی تر نییە… ئەمەش هیچ لە هەلومەرجی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناگۆرێت، ئازادییەکان و ژیان و گوزەرانی خەڵک باش و بەرین ناکاتەوە…

لە چارەکە سەدەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردا، تا دەگات بە ئەمرۆ حزب و رێکخراوەکانی ئەم بزوتنەوەیە، بە جیا لەشەرە زنجیرە یەکە یەک لەدوای یەکەکانیان، دەیان هاوپەیمانیەتی و رێکەوتننامەی جۆراوجۆری دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و چوار قۆڵی و پێنج قۆڵی و… یان ئیمزاکردووە، چەندین جۆر حکومەت و پەرلەمانیان، سازداوە… لە حکومەتی هاوبەشەوە بۆ حکومەتی رێکەوتنی ستراتیجی و دوو قۆڵی، تا دەگاتە دوو حکومەت بۆ دوو ئیدارەی جیاواز و حکومەتی بنکە فراوان و… تاد.

هەموو ئەو رێکەوتننامانە، نە حکومەتێکی ئاسایی و لێ بەرهەم هات نە هەریمی کوردستانی یەکگرتوو کرد و نە توانی پەیوەندیەکی تەندروست لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە سازبدات و نە توانی ئایندەیەکی سیاسی دیاریکراوی رۆشن … بخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان. تەنانەت نەیتوانی پەیوندیەکی سالمی سیاسی لە نیوان حزبەکاندا، جێ بخات. لە جێگای ئەمانە لەهەموو ئەو رێکەوتننامانەدا بەشی حزب لە قەڵەمرەوی دەسەڵات و داپاچینی داهاتی و دزینی سامانی کوردستان بووە… ئەم رێکەوتننامەیەش بە جیا لە هەوڵێکی یەکێتی و گۆران بۆسنوردانان بۆ پارتی و پچرینی بەشداری زیاتر لەدەسەڵات و بەشی داهاتی زۆرتر هاوکات هەوڵێکیشە بۆ ئاشتکردنەوەی جەماوەری نیگەرانی خۆیان و یەکخستنەوەی ریزەکانیان…

ناوەڕاستی ئایاری ٢٠١٦

Check Also

وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە سیدنی، ئوسترالیا.  عامر سابیر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *