وەڵامی دەسەڵات هەڕەشە و سەرکوتە و ڕێگەچارەی خەڵکیش خۆئامادەکردنە بۆ وەلانانی دەسەڵات

بنار مسته‌فا:

 دەربڕینی ناڕەزایەتی فەرمانبەران و مامۆستایان تا دێت فراوانتر و بە گوڕتر دەبێت و پلانە دژە مرۆییەکانی دەسەلاتداران یەک لە دوای یەک شکست دێنن.  دەسەڵاتدارانی سلێمانی چەندین ڕێگەیان گرتە بەر تا بتوانن ناڕەزایەتییەکان کپ بکەنەوە، لە هەوڵێ گۆڕینی ڕووی ناڕەزایەتییەکانەوە بۆ سۆنگەیەکی تر تا نیشاندانی پشتیوانی و لە هەمان سەنگەردابوونی ناڕەزایەتییەکاندا. یەک بە دوای یەک ئەم هەوڵانە مایەپوچ و بێ هودە مانەوە. هەڵبەت دەستیشیان لە سەرکوت و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە نەپاراستوە و وەک هەمیشە ئامادە باشن بۆ بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکانیان بۆ گیان و سەرکوتی جەماوەری ناڕازی.

دەسەڵاتداران لە هەولێر تەنها بەوە نەوەستان، کە ڕێگە لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵکی بگرن و فەزای شار بکەنە فەزایەکی سەرکوتگەرانە، بەڵکو بۆ باشتر نیشاندانی جددیەتی ئامادەباشیان بۆ سەرکوت، هەزارانیان لە هێزە چەکدارەکان بە ناوی خۆپیشاندان بۆ “بەرگری لە شەرەفی کەس و کاری شەهیدان” لە ناوەندی شاردا کۆکردەوە و پەیامی دەسەڵاتیان گەیاندە خەڵکی ناڕازی. هەر ئەم نمایشە گاڵتەجاڕانەیە نیشانیدا، کە هێزی چەکدارەکان لە میلیشیایی دەسەڵاتی سەرکوتگەر هیچی تر نییە.

زۆر ڕۆشن و بێ پێچ و پەنا دڵنیامان دەکەنەوە لەوەی، کە هێزە چەکدارەکانیان بۆ بێدەنگ کردنی جەماوەری ناڕازی و بۆ ئەگەری هاتنە مەیدانی خەڵکی لە ئامادەباشیدان. نیشانمان دەدەن، کە سەختی ژیانی خەڵک، نەبوونی و هەژاری، بۆ دەسەڵاتداران جێگەی سەرنج نییە و نیازیان نییە وەڵامی پێ بدەنەوە، ئەگەر خەڵکیش هاتنە مەیدانی لە بەرنامەدا بێت، ئەوا پەنا بۆ هێزە چەکدارەکانیان دەبەن. پەیامی ڕاستەوخۆی دەسەڵات بە خەڵکی ئەوەیە، کە بارودۆخی ئێستا قەبوڵ بکەن و بیر لە ڕیگای تر نەکەنەوە.

ئەگەر لای کەسانێک تا ئێستا بچووکترین ئومێد و چاوەڕوانی لە دەسەلاتداران مابێت، ئەوە ڕووداوەکانی ماوەی ڕابردوو نیشانی‌دا، کە چیتر بنەمایەک بۆ ئەم ئومێدە نەماوەتەوە. ئەم ڕاستییە هەم بە کردەوە ئەزموون کراوە و هەم لە لێدوان و پەیامی سەرانی دەسەڵاتدارانیشدا ڕاستەوخۆ بەیان کراوە. دەسەڵاتداران بەوپەڕی بێدەربەستیەوە بەرانبەر بێدەرەتانی خەڵک وەستاون. خەڵک و دەسەڵات لە دوو بەرەی جیاواز و بەرانبەر بە یەکن. چاوەڕوانی چاکسازی و ئاڵوگۆڕ بە قازانجی خەڵک، جگە لە چەواشەکاری هیچی تر نییە. دەمێکە ئەم دەسەڵاتە شەرعیەت و متمانەی لە دەستاوە و کۆتایی پێهێنانی بۆتە پێدایوستییەکی چارەهەڵنەگر. خەڵکی دەمێکە دروشمی “بڕوخێ” دەڵێتەوە، لە راستیدا خواستی ڕووخان خواستیکی فراوانی خەڵکە، کە تا ئێستا تەنها لە خواستدا ماوەتەوە. بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا چارەیەکی تری نییە جگە لەوەی بگۆڕێت بە بزووتنەوەی کۆتایی هێنان بە دەسەڵات. بەڵام ئەمە تەنها بە دروشم نابێت، بەڵکو پێویستە ئامادەکاری بۆ بکرێت و پێداویستیەکانی فەراهەم بکرێت. واتە دەبێت ئەوە بکرێتە باوەڕی فراوانی خەلکی ناڕازی، کە ئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت و ئەم دەسەڵاتە هۆکاری نەگبەتیە بۆ خەڵکی کوردستان. هەروەها دەبێت ئەم بزووتنەوەیە خۆی رێکخراو بکات، شورا و رێکخراوە کرێکاری و جەماوەریەکان پێکبهێنرێن. ڕیزی بزووتنەوەی جەماوەری لە ڕیزی لایەنکانی شەریکی دەسەڵات جیا بکرێتەوە. دەست بردن بۆ ئەم کارانە، دەکریت بە کردەوە بەرەو کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە دژی خەڵکییە هەنگاو بنێت.

یەکێک لە گرفتەکانی بزووتنەوەی جەماوەری ئێستا دانەبڕانێتی لەو حزبانەی کە پێیەکیان لە ناو دەسەڵاتە و بە پێیەکەی تریان ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن نمایش دەکەن. ئەمانە لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان بەشداری دەسەڵاتدا بکەن، لە هەمان هاوکێشە دان و ئەنجامی تاقیکردنەوەکەیان لە دەسەلات باشتر نەبووە. بەڵێنی باشتربوونی ژیانی خەڵک بە گەشتنیان بە وەزارەتەکانی حکومەت، پێچەوانەکەی دەرچوو. هیچ یەک لە بەرنامە و پڕۆژەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی دەسەڵات تێناپەڕێنێت. تەنانەت لە کاتی سەرکوتەکاندا، خۆپیشاندەرانیان تاوانبار کرد و پشتیوانی دەسەڵاتیان کرد و بە کردەوەش سەلماندیان کە جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ دەسەڵاتداراندا نییە.

تێکڕای ئەم حزبانەی پەرلەمان نیشانیان داوە، کە دەتوانن لە نێو خۆیاندا بجەنگن و هەروەها ڕێکیش بکەون، لە هەردوو حاڵەتەکەدا بەرژەوەندی خەڵکی دوورە لەو کار و سیاسەتانەی پیادەی دەکەن. بۆیە دەرکەوتنی ئەم حزبانە لە ڕیزی ناڕەزایەتییەکاندا ناڕەوایە و چاوەڕوانی لەوەی کەم ئەم حزبانە شتێک بکەن، بنەمایەکی نییە و زیاتر دروستکردنی خۆشباوەڕیە تا چاوڕوانییەکی واقعی. بە ئێستاشەوە کیشمەکیشی ئەم حزبانە لەگەڵ دەسەڵات لەسەر دەسەڵات و دابەشکردنی داهاتە، نەک هەلومەرجی کۆمەڵگا و ژیانی خەڵک. وای نیشان دەدەن، کە چارەسەری کێشەکان بەندە بە بەهێزبوونی پێگەی ئەوان لە دەسەڵات، بەڵام لە ڕاستیدا تێپەڕاندنی ئەوان لەلایەن بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەوە مەرجێکی گرنگە بۆ سەرکەوتن.

ڕێگای سەرکەوتن، رێگای رێکخراوبوونی سەربەخۆی خەڵکی ناڕازیە، بە ڕیکخرابوون دەتوانن رێگای سەرکەوتن بنەخشێنن و بەری سەرکوتی ئەم ‌هێزانەش بگرن و ئاڵوگۆڕی گەورە و ڕیشەدار لە بەرژەوەندی خۆیان پێکبهێنن. چینی کریکارو و توێژانەی کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و دەسەڵاتداران لە بەرانبەریاندا وەستاوە، پێویستە دەستدەنە دەستی یەک و ڕێکخراوی خۆیان پێکبهێنن و بە پشتیوانی و هەماهەنگی گشت جەماوەری چەوساوە، لە بەرانبەر دەسەڵاتدا ببنە هێزێکی ئومێدبەخشی ئاڵوگۆڕبەخش. ئەمڕۆ مامۆستایان لە سەرەتای ئەم خەباتەدان و بە سنوردبەندی لەگەڵ حزبەکانی پەرلەمان دەتوانن هەنگاوێکی گەورە لەم ڕووەوە هەڵنێن و ڕیزی خۆیان پتەوتر بکەن. گرنگە لاوان و ژنان و کرێکاران و فەرنابەرانی بوارەکانی تر بە هەمان شێوە و فراوانتریش هەمان ڕێگە بگرنە بەر و پێکەوە کاری لەسەر بکەن.

ئەم ڕێکخراوبوونە دەتوانێت ئومێدێک بە ئاڵوگۆڕ لە بەرژەوەندی خەڵک بێنێتە ئاراوە و گۆڕانکاری دروست بکات. دەسەڵاتێک، کە چاکسازی هەڵناگرێت و باکی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی نییە و تەنانەت ئامادەشە هێزی چەکداری لە بەرانبەر ناڕەزایەتی دەربڕیندا بەکاربهێنیت و دەستبەرداری سەروەتی کەڵکەبووی نابێت، بە بەراورد بە ژیان و گوزەرانی خەڵک، لە ئەستێرەیەکی ترە و ئارەزوومەندانە پاشەکشە ناکات. خەڵکی تەنها لە خەباتی خۆیان و پشست بەستن بە هێزی ڕێکخراوبوونیان و پشتیوانی ئازادیخوازان لە دەرەوەی کوردستان، دەتوانن پاشەکشەی بەسەردا بسەپێنن و ئاڵوگۆڕ لە هاوکیشەکەدا بکەن و دەستکەوت بۆ خەڵکی – تا ئاستی کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە – دابین بکەن.

18.12.2016

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *