خەڵکی کەرکوک لە ناو بەرداشتی شەرە ئاڵا و کێشەی قەومیدا

رێبوار ئەحمەد:

رۆژی ٢٧ مارس ئەوەی ناوی نراوە “ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک” بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ هەڵکردنی “ئاڵای کوردستان” لە پاڵ “ئاڵای عیراق”ەوە لە دام و دەزگا رەسمیەکانی ئەو شارەدا. خەڵکی ئەو شارە کە بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان و خزمەتگوزاریەکانەوە گرفتارن، لە جیاتی هەموو ئەوانە شانازی گەورەی ناسیۆنالیزمی کورد ئەوەیە کە ئاڵایەکی بۆ کردوون بە دیاری! ئیتر خەڵکی ئەم شارە دەبنە خاوەن ئەو بەختە گەورەیەی کە لە جیاتی یەک ئاڵا دوو ئاڵا بەسەر سەریانەوە بشەکێتەوە و ئەمە بکەنە قەرەبووی برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزارەییەکان.

چەند ساڵەی ئاڵای دەوڵەتی شۆفینیستی بەعسی عێراق بە رتوشێکی کۆنەپەرستانەی ئیسلامیەوە تەنها ئاڵا بوو لە دام و دەزگا فەرمیەکاندا، خەڵکی شاری کەرکوک یەکێک لە قوربانیە گەورەکانی سیاستە فاشیانەکانی رژێمی بەعس بوون کە لە ژێر ئەو ئاڵایەی ئێستای عێراق بەرامبەریان پیادە کراوە. ئەو ئاڵایەی بەعس تەنها سێ ئەستێرەی لابراوە و فۆنتی “اللە اکبر”ەکەی گۆڕاوە. سیاسەتی تەعریب و راگواستن و سەرکوت و لەسێدارەدان و کوشتاری بەکۆمەڵی ئەم خەڵکە دەیان ساڵ لەژێر ئەو ئاڵایەدا ژیانی ئەم خەڵکەی کردبوو بە دۆزەخ. شۆفینیستە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی دوای رژێمی بەعس کە لە راستیدا لە دڵەوە سورن لەسەر بەردەوامیدان بە کارنامەی بەعس و چاوەڕوانی ئەوەن کەی هاوسەنگی هێز دەستیان ئاوەڵا دەکات، ئامادە نەبوون تەنانەت ئەو ئاڵای عێراقە بگۆڕن کە سیمبول و بیرهێنەرەوەی مێژوویەک لە بەربەریەتە، تەنها رتوشێکی وایان کردوە کە کۆنەپەرستی و سیما ئیسلامیەکەی تۆختر بکەنەوە.

ئێستا ئاڵای ناسیۆنالیزمی کوردیش وەکو دیاریەکی گەورە پێشکەش بە خەڵکی کەرکوک کراوە. لە راستیدا تا کاتێک باس باسی دابینکردنی مافە سەرەتایی و رەواکانی خەڵکی بێدەرەتانی کەرکوک بێت، تا کاتێک لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری رابردوودا خەڵکی ئەم شارە کەوتنە بەردەم پەلاماری دڕندانەی داعش، نە حکومه‌تی ناسیۆنال-ئیسلامی عێراق خۆی بە بەرپرسیار زانیوە و نە حکومەتی ناسیۆنالیستە کوردەکان، بەڵام کاتێک کێشە دێتە سەر سامان و دەسەڵات و سیمبولەکان دەسەڵات لەم شارەدا، هەمووان خۆیان بە خاوەنی کەرکوک دەزانن. ئەوەی ئێستا ناوی نراوە ئاڵای کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا سیمبولی دەسەڵاتێک بووە کە نوقمی گەندەڵی و تاڵانی و سەرکوت و بێدەرەتانکردنی خەڵکی کوردستانە و هەر بەم بۆنەیەشەوە کەوتۆتە بەرامبەر نەفرەت و ناڕەزایەتی فراوانی خەڵکی کوردستان. تا ئەو جێگایەش کە بەشاری کەرکوک دەگەڕێتەوە رۆڵی ئەم ئاڵایە تەنها ئەوەبووە کە فاکتۆرێکی قوڵکردنەوەی ناکۆکی و قڵشتی قەومی نێوان دانیشتوانی ئەم شارەی کردوەتە سەرباری نەهامەتیەکانی دیکەی ئەم خەڵکە. سەرجەم هێزە ناسیۆنالیستە کوردی و عەرەبی و تورکی و ئیسلامیەکان، وەکو درۆیەکی گەورە و شاخدار سوێند بەوە دەخۆن کە لایەنگری ئەوەن شاری کەرکوک شاری ئاشتی و پێکەوە ژیان بێت، بەڵام بە کردەوە بە هەموو توانایان هەوڵی خۆشکردنی ئاگری شەڕ و کێشەی کۆنەپەرستانەی قەومی دەدەن. بەرزکردنەوەی ئەم دوو ئاڵایە کە یەکێکیان سیمبولی شۆفینیزم وئه‌نفالی ئیسلامی ئەوەی تریان سیمبولی نەتەوەپەرستیە، بە توندی ناکۆکن لەگەڵ پرەنسیپی پێکەوە ژیانی هەموو دانیشتوانەکەی بە دوور لە ناسنامە دەسکردە قەومی و مەزهەبیەکان.

یەکێک لە مەرامە تا سەرمۆخ دژی ئینسانیەکان کە لە پشتی هەڵکردنی “ئاڵای کوردستان” لە کەرکوکەوە راوەستاوە، ئەوەیە کە ناسیۆنالیستە کوردەکان خۆیان مەڵاسداوە بۆ ئەوەی چارەنوسی ئاوارە عەرەبزمانەکانی ئەم شارە وەکو کارتی گوشار بەرامبەر ئەگەری کاردانەوە و هەڵوێستی حکومه‌تی عێراق  دژی ئەم بڕیار و هەنگاوە بەکاربهێنن. میدیاکان ئاماژە بۆئەوە دەکەن کە لە ئەگەری ئەوەی حکومه‌تی عێراق بودجەی ئەم شارە ببڕێت، هێزە ناسیۆنالیستە کوردەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە دەرکردنی ئاوارە عەرەبزمانەکان لە پاڵ دوو کارتی فشاری دیکەوە بەرامبەر بە حکومه‌تی مەرکەزی بەکاربهێنن. واتە هەردوولایان نان و ئاو و ژیانی خەڵکی بێدەرەتان و بێ دیفاع دەکەن بە بارمتەی بردنە پێشی مەرامە کۆنەپەرستانە قەومیەکانیان.

رۆژانی دوای بەرزکردنەوەی ئاڵای ناسیۆنالیزمی کورد لە کەرکوک، تاقم و لایەنە قەومپەرستە تورکمانەکان کە ئەوانیش بە لەپشتدانیان لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیاوە، لایەکی پاڵنانی دانیشتوانی ئەم شارەن بۆ ناو شەڕ و کێشەی قەومی لە پێناو مسۆگەرکردنی بەشی خۆیان لە سامان و دەسەڵاتی ئەم شارە، کەوتنە هەڵخڕاندنی هێزەکانی خۆیان و رێکخراوە دەستسازەکانیان بۆ جوڵاندنی هەستی نەتەوەپەرستی تورکمانی و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بەرپاکرد. ئێستا خەڵکی بێدەرەتانی کەرکوک لەپاڵ هەموو بێبەشی و بێ خزمەتگوزاری و سوتان لە ناو فەزای نائەمنی و گرفتاربونیان بەدەست تاڵان و برۆی سەرجەم حزبە بورژوازیە کورد و عەرەب و تورکەکانەوە، پەلکێش کراون بۆ ناو ئاشوبێکی قەومی مەترسیدار. ئەفیونی قەومی هەر بەشێک لەم خەڵکە بەوە سەرمەست دەکات کە مافە بەتاڵانبراوەکانی لە سکی بەشێکی دیکە لە هەمان خەڵکی مافخوراو دایە. لە کاتێکدا مافی هەموان لەلایەن بۆرژوا ناسیۆنالیستە کورد و عەرەب و تورکەکانەوە تاڵانکراوە.

دانیشتوانی ئەم شارە پێویستە رێگە نەدەن کە ئەفیونی قەومی بەرچاویان تاریک بکات و نەکەونە بۆسەی ئەم هێزە ناسیۆنالیستانەوە. ئەوان ناسنامەی قەومی و ئاڵا و سیمبولە قەومیەکان بۆ پەرەدان بە ناکۆکی قەومی بەرجەستە دەکەن تا بەم جۆرە بەشی زیاتر لە سامان و دەسەڵات بۆ خۆیان بپچڕین. بەپێچەوانەی سیاسەت و هەنگاوەکانی هەموو لایەنەکانی ئەم کێشانەوە، پرەنسیپی پێکەوە ژیان و هاوچارەنوسی خەڵکی ئەم شارە و ئاسودەیی بۆ هەموان، حوکم دەکات کە هەرجۆرە سیمبولێکی قەومی و مەزهەبی و تەفرەقە ئامێز توڕهەڵبدرێن و لە دام و دەزگا فەرمیەکاندا قەدەغە بکرێن. لە جیاتی ئەوانە ئەو سیمبولانە بۆ ئەم شارە پێویستن کە ئاماژەن بە هاوچارەنوسی و هاوپشتی خەڵکەکەی. دانیشتوانی ئەم شارە پێویستە هوشیار و هەستیار بن و نەکەونە کەمینی ناسیۆنالیستە تاڵانچی و کۆنەپەرستەکانی کورد و عەرەب و تورکەوە.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *