ئاواره‌یی!

عەبدوڵا مەحمود:

٢٦ ساڵ بەسەر ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا

ئەمرۆ ٢٦ ساڵ، بەسەر ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا تێپەردەبێت… ٢٦ ساڵ پێش ئەمرۆ، خەڵکی کوردستان بەگەورەو بچوکەوە. بەلاو و بەساڵاچوەوە. بە ژن و پیاو و مناڵ و بە تەندروست باش و نەخۆشەوە… لەبەرامبەر بە گەڕانەوەی هێزی تێكشکاو و لاوازی رژێمی بەعسی لە گۆنراودا، ئاوارەی ئێران و تورکیا و سوریا بوون. ئاوارەبوونێکی ملیۆنی، کە ترس لەهێزی قەسابی کراوی عێراق، بۆ قەسابی کردن، کۆرەوێکی وەرێخست، کە بیرچوونەوەی لەیادەوەری خەڵکی کوردستاندا، مەحاڵە. ترس بۆ خۆدەربازکردن، جێهیشتنی باوک و براو خوشک، نەخۆش و پەککەوتە، تا رادەی فەرمۆشکردنی جگەر گۆشەو فڕێدانی… راستیەکی تاڵی ئەو تراژیدیایە ئینسانییە ملیۆنییە بوو. دیارە حزبەکانی دەسەڵات و کوردایەتی و سەرانیان، سەرباری ئەو هەموو چەک و ‌هێزە چەکدارەی هەیان بوو، لەپێش خەڵکیەوە رایان کردو ئامادەنەبوون بەرەنگاریەک لەخۆیان نیشان بدەن و رووبەروی ئەو هێزە تیكشکاو و شەکەتەی بەعس ببنەوە. ئەمەش تاوانێکی نەبەخشراوە وەکو تاوانەکانی تریان لەبەرامبەر بەخەڵکی کوردستان. لەکاتێکدا هەڵسوراوانی بزوتنەوەی شورایی چ لە هەولێر و چ لەشاری سلیمانی بەو ئیمکانات کەمەی بەردەستیان، راوەستاویان لەبەرامبەر بە گەرانەوەی بەعس نیشاندا، کە بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لەم ئازیزانە، گیانیان بەختکرد.
گومان لەوەدانییە، خەڵکی کوردستان لە ترسی دڕندەیی بەعس رایانکرد و رێگای ئاوارەییان هەڵبژارد، بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆنە خەڵکێك مانگێک پێشتر هەڵسانی جەماوەری ئەنجام دابێت بەرامبەر بە رژیم و مانگێک دوای ئەوە، ناچارە لەبەرامبەر بەگەڕانەوەیدا رابکات؟ حزب و هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی مانگێک پێشتر نەخشەی راپەرینیان!! دارشتبێ، چۆنە دوای مانگێک، لە پێش خەڵکیەوە، رادەکەن؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەکرێ لەدڵی ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا، بیان دۆزینەوە.
راستی ئەوەیە، خرۆشانی خەڵکی کوردستان، بەرهەم و ئاکامی خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستان و بەرهەمی پێشرەوی حزب و ‌هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیی لەبەرامبەر بە رژێمدا نەبوو. بەرهەمی لاوازبوونی تێکچوونی هاوسەنگی هێزی بەعس لەبەرامبەر بە بزوتنەوەی دژی بەعسدا نەبوو. خرۆشان و هەڵسانی جەماوەری چ لە خواروی عێراق و چ لەکوردستان… ئاکامی تێکشکانی هێزەکانی بەعسە بەرامبەر بە جەنگخوازی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، وە خۆشباوەربوونی خەڵکییە بە سیاسەتی جەنگی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی. هەر ئەوەشە وادەکات خەڵکی خاوەنی هیچ ئیرادەیەکی سەربەخۆیی خۆی نەبێت و توانایەکی بۆ بەرگری نەبێت. حزب و هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش، بەهەمان شێوە لەژێر چەتری جەنگ و ملهوری ئەمریکاو غەربدا، کۆببوونەوە و نەک خاوەنی ئیرادەی سیاسی خۆیان نەبوون، بەڵکو هەڵکوڕماو چاو لە رێگا بوون لە ئاکامی سەرکەوتنی ئەمریکاو وهاوپەیمانەکاندا، دەستیان بە بەشی دەسەڵات لەگەڵ بەعس بگات… هەر ئەم راستیەشە وا لەم هێزانە دەکات، لەناو جەرگەی مەرگەساتی ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا، خەریکی سات و سەودا بن لەگەڵ بەعس…
ئەمرۆ ٢٦٦ ساڵ، بەسەر ئەو مەرگەسات و تراژیدیا ئینسانیەدا، دەگوزەرێ. کەچی هێشتا خەڵکی کوردستان، لەهەلومەرج و دۆخی ئاوارەییدا، ژیانێکی سەخت بەرێدەکات و هێشتا مەترسی ئاوارەبوونی تر ئەگەری حاشاهەڵنەگرن.
دوی ٢٦ ساڵ هێشتا خەڵکی کوردستان، لەسیستەمی سیاسی یەکانگیر و سەراسەری، لە حکومەتداری و یاسای یەکسان و مافی هاوڵاتی بوون دەوڵەتداری بێبەشە. دوو دەسەڵاتی مافیایی و میلیشیایی و خوشخزمەت بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، لەرێگای زۆری چەک و سەرکوتەوە، دەسەڵاتی خۆیان دەپارێزن و لەرێگای برسی کردن و بە حزبی کردن و بەبارمتەگرتنی پاروی دەمی هاوڵاتیان، کەسایەتی و شکۆی ئینسانیان تاکەکانی کۆمەڵگە دەشکینن و بێ ئیرادەیان دەکەن.
هێشتا سەرەتاییترین خواستی ئینسانی و سیاسی و ویستی ئازادی و خەونی سەربەخۆیی و… هەر خەون و خولیان و دەسەڵاتی سیاسی نە هەر رێگری سەرەکی ئەم خواستانەیە، بەڵکو لەدژیانە و بەمەش نیشانی دەدەن کە خوازیاری هێشتنەوەی خەڵکن، لەچاوەروانی و دۆخی هەڵواسراو و ناجگیردا… هەرخۆشیان بە بەبیانووی، سەربەخۆنەبوونی نیشتیمان!! و بەدەوڵەت نەبوونەوە!! هەمیشە باسی هەرەشەی دەرەکی لەسەر کوردستان دەکەن و بەم بیانوەش دەیانەوێت تورەیی و نەفرەتی خەڵکی کوردستان، پشووپێبدن و لە ژێر ناوی بوونی هەڕەشەی دەرەکییەوە، چاوترسێنیان بکەن. دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە ئاوارەیی و جیابوونەوەی بەکردەوەی کوردستاندا، هێشتا دەسەڵات و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، پابەندبوونی خۆیان بە فیدرالیزمی درۆینەی قەومیەوە رادەگەیەنن و کێشەو ململانێیان لەگەڵ بەغدا، لەسەر بەشی بودجەو پۆستە… پرسی سەربەخۆیی کوردستانیشیان کردۆتە کارتێکی گوشار، کە زۆرتر لە بەهاراندا، بەهاری خوڵقیان تیا دەبزوێت و بانگەشەی دەکەن.
مافی دواکەوتوو وە رەوای خەڵکی کوردستانە… کە دوای دوو دەهەو نێو لە دەسەڵاتدارێتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، ریزەکانیان یەک بخەن و خۆیان بۆ رووبەرووبونەوەی فراوانی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و میلیشیایی و نۆکەرە بە وڵاتانی ناوچەکە، ئامادەبکەن و لەدەوری ئاسۆی رزگاری بەخشی ئینسانی و سۆسیالیستی، وەڵامی کارسازی یەکجاری بە دۆخی مۆلەق و ئاوارە ئاسایی کۆمەڵگای کوردستان بدەنەوە لە رێگای هاتنە مەیدان بۆ جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی سەردەمی و پشت بەستوو بە ئیرادەی سەربەخۆی ئازادانەی هاوڵاتیانی. گومانی تیا نییە بزوتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی ناوچەکەو دنیا، دەبنە پشتیوانی بزوتنەوەی رەواو پێشکەوتنخوازانەی کوردستان. هەر ئەمەشە دەتوانێ دەستی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ستەم دیدەی کوردستان کۆتا بکات و کارتی سەربەخۆیی نیشتیمانی و درۆی خەباتسازی بۆ دەوڵەت سازیان لەدەست دەربهێنرێت…
ئەم وتارە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١ی بەرواری ١/٤/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *