کۆچکردن یان قبوڵکردن

نووسینی: کەریم کەریم

دیاردەی کۆچکردن وەک دیاریدەیەکی ئەنترناسیونال هەر لە سەرەتاي پەیدا بوون مرۆڤ و بوونەوەرەکان لە ڕابوردوودا بوونی هەبووە و تاوەکو  ئێستاش بەردەوامی هەیە لە هەموو کۆمەڵگاي مرۆڤایەتی دا.

دیاریدەي کۆچکردن چەندین هۆکاري دەرەکي و ناوەک و شێواز و جۆراو جۆری هەیە.

دیاریدەي کۆچکردن بەو مانایە دێت کاتێک هەر ( کەسێ، گەڵ، نەتەوە و چین )ێک کە بڕوا و متمانەیەکي تەواو بە ئایدیۆلۆجیایەک پەیدا دەکات یاخود بڕوا متمانەیەکي نوێی لەلای دروست دەبێت کە چیتر قەبووڵی ئەو ژینگە و بارودۆخە سەپێنراوەی ناکات کە تیایدا دەژی. تا دەگات بەو ئەنجامەی کە بڕوا و هزرێکی نوێ لەلای دروست دەبێت بە پێچەوانەي ژینگە و بارودۆخە هەنوکەییەکان کە بە زۆری بەسەریدا سەپێندراوە.

جا لێرەدا مرۆڤەکان لەم جۆرە ژینگە و بارودۆخەدا (٢) دوو ڕێگای چارەنووساز لەبەر دەمیدا قووت دەبێتەوە، یان ئەوەتا دەبێ کۆچ بکات یاخود دەبێ ئەو ژینگە و بارودۆخە هەنوکەییە قەبووڵ بکات. کاتێک هەر ( کەسێ، گەڵ، نەتەوە و چین )ێک ئەو ژینگە و بارودۆخە هەنوکەییە قبووڵ بکات، ئەوا بەو مانایە دێت کە دەبێ خۆی دەدات بە دەستەوە بۆ ئەو ژینگە و بارودۆخەي کە ئێستا تیایدا دەژی و تا لە ئەنجامدا بە تەواوی بڕوا و متمانەي خۆی لە دەست دەدات و دەبێت بە ناچاری ژیانی گۆشەگیری و دوورە پەرێزی قەبووڵ بکات.

جا لێرەدا کاتێک هەر ( کەسێ، گەڵ، نەتەوە و چین )ێک ئامادەن و بڕیاری کۆچکردن دەدات، ئەوا روبەڕووی چەندین شێواز و جۆراوجۆري کۆچکردن دەبێتەوە.

یەکەم: کۆچکردنی سیاسی: ئەگەر هەر ( کەسێ، گەڵ، نەتەوە و چین )ێک روبەڕووی کار و کردەوەیەکی سەرکوتکەرانە و داپلۆسین یان تیرۆریستی و جینۆساید یاخود جۆرەکانی تری لە ناوبردن ببێتەوە، ئەوا بە ناچاری بە جیا لە رێگای خەبات و رووبەرووبوونەوە، بەناچار رێگای دەربازبوون و کۆچ کردنیش دەبێتە ئەمری واقیع و بۆ زوربەی خەڵک و هیچ ڕێگایەکی تر لە بەردەمیان نامێنیتەوە تەنها ڕێگاي کۆچکردن نەبێت. بۆ نموونە: جێبەجێ کردنی پرۆسەي ئەنفاڵ و جینۆسایدی نەتەوەي کورد لە باشووری کوردستاندا لەسەر دەستي ڕژێمی دیکتاتۆري پێشووی عێراق ( صدام حسین )دا. کۆچکردنی هەزاران و ملێۆنان کوردان باشوور لە ڕێکەوتی  ٣١ ئازاري ١٩٩١ دا بەرە و شاخەکان کوردستان و پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا و ئێرانی درواسێ لە ترس قەتڵ و عامکردنی خەڵک سیڤیل نەتەوەیی کورد لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی فاشیزم و سەرکردەي دیکتاتۆر (صدام حسین)دا.

دووەم: کۆچکردن ئابووری: ئەگەر هەر ( کەسێ، گەڵ، نەتەوە و چین )ێک روبەڕووی بێکاری و بژیوی ژیانێکی خراپ ببێتەوە و هەست بە برسێتی و لە ناوبردن ببێتەوە، ئەوا لە پێناوی دەربازبوون لەم ژینگە و بارودۆخە پڕ مەترسیدارە بە ناچاری بڕیار بدات بە کۆچکردن بۆ بوژاندنەوەي ژیان. بۆ نموونە: پاش داگیرکردنی وڵاتي (کوێت) لەلایەن دیکتاتۆر (صدام حسین)، هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بڕیاری ئابڵۆقەی ئابووریان بەسەر گەلانی عێراق سەپاند و پاشان ڕژێمی دیکتاتۆری (صدام حسین) ئابڵۆقەی ئابووری بەسەر کوردستانی باشووردا سەپاند. تا لە ئەنجامدا گەلانی عێراق بە گشت و گەلی کورد بە تایبەتی روبەڕووی بارودۆخێکی زۆر سەخت و دژواری ئابووری بووە و خەڵکێکی زۆر بەناچاری وڵاتی عێراقیان بەجێهێشت ڕووە و وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیان کرد بۆ بژێوی ژیان.

سێیەم: کۆچکردنی کۆمەڵایەتی: ئەگەر هەر کەسێ یاخود بنەماڵەیەک ڕوبەڕووی کێشە و گرفتێکی کۆمەڵایەتی ببێتەوە، ئەوا باشترین ڕێگا و باشترین چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە تەنها کۆچکردنە بۆ دەربازبوون لە هەموو مەترسییەکانی ژیان. مەسەلەی کێشەی کۆمەڵایەتی زیاتر لە وڵاتانی ئیسلامی و قەومی ئاودراو بە ئیسلام سەرهەڵدەدەن بە تایبەتیش لەسەر مەسەلەی ژنان کە خۆ لە نامووس و شەرەف و کەرامەت دەبینێتەوە.

٤-کۆچکردني دەروونی (سایکۆلۆجی): ئەگەر کەسێ یاخود گروپێک لە خەڵکان روبەڕووی چەندین کێشە و گرفتی ژیان ببێتەوە و بە ناچاری ژیان یەخەی پێبگرێت لە دەرئەنجامی ئەو ژینگە و بارودۆخەی کە تیایدا دەژی کە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ژیانێکی پڕ لە خەم و خەفەت و گۆشەگیریدا بژیت. جا تاکە ڕێگایەک بۆ دەرباز و ڕزگار بوون لەم زەرفییەتدا تەنها کۆچکردنە بۆ ئەو شوێنەی کە خۆی تیایدا دەبینێتەوە کە لە ژیانێکی ئارامی و ئاسوودەیدا بژیت. ئەگەر بێتو ئەم کۆچکردنە ئەنجام نەدات ئەگەری ئەوەي هەیە دەست بۆ خۆکوشتن ببات و کۆتایی بە ژیان بهێنێت لە دەرئەنجامی ئەو فشار و کاریگەری و گیروگرفتانەی کە ژینگە و بارودۆخە هەنوکەییەکان بەسەر دەروونی کەسەکان بەزۆری دەسەپێنێت.

ئەوەي جێگاي ئاماژە پێکردنە چەندین شێواز و جۆرا و جۆری تری کۆچکردن هەیە کە ناکرێ هەموویان لەم بابەتە باس بکەم. بۆ نموونە: کۆچکردنی زانستی، کۆچکردنی فەرهەنگی، کۆچکردني ئازاد و بێ پەیمان…هتد.

بە شێوەیەکی گشتيی کۆچکردنی مرۆڤ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەیە و بۆ ئەوەی کە دەبێت (( ببێت )). لەم جۆرە کۆچکردنانەی کە باسم کردن مرۆڤ بە شێوەیەکی بەردەوام لە جووڵە دایە هەم لە ژیانی دەرەکی و واقیعی و هەم لە ژیانی دەروونيی و گیانی دا بە مەبەستی شکاندن و بڕینەوەی ئەو کۆت و بەندانە دایە کە ئارام گرتن و سەقامگیری بۆ مرۆڤەکان دروست دەکەن. وە لەهەمان کاتدا کۆچکردن لە ڕووي مێژوودا یەکێکە لە گەورەترین فاکتەر و هۆکارەکانی بنیاتنانی شارستانیەت و فەرهەنگی نوێ و پێشکەوتوو لە سەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوەwww.bopeshawa.net 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *