بۆرژوازی گۆڕ هەڵکەنی خۆیەتی”

سەردار عەبدوڵا حەمە:

من ئەوەم لێ مەعلومە کە ریفراندۆمەکەی پارتی ویەکێتی وبارزانی ئەنجامی قەیرانێکە رووی تیێکردوون و دەیانەوێ لەو قەیرانە بێنە دەرەوە و ڕزگاریان بێت، بەڵام دەسەڵاتی بۆرژوازی دەسەڵاتێکە خودی قەیرانەکانی دەبنە هۆی لە ناوبردنی. قەیران بۆ نیزامی سەرمایەداری وەک کوشندەترین نەخۆشیە تا لەناوی نەبات واز ناهێنێ، تا ئەوەندە ئەتوانێ بژی کە قەیرانەکان بە سەر خەڵکدا بشکێنیتەوە، بەڵام تاسەر ناتوانێ ئەمە بکا سەرەنجام قەیرانەکان دەبنە هۆی تەفروتونا کردنی. زۆر جار بۆ رووبەروونەوەی قەیرانەکانی، بورژوازی دەست بۆ کارێک دەبات کە بۆ خەڵکی باشترە تا بۆ خۆی، یەکێ لەوانە ڕیفراندۆمە واتە گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی یان فراوانکردنی ئازادی سیاسی وبیروڕا کە خەڵک زیاتر ئەتوانن هێزو توانای خۆن بێبنە مەیدان بۆ داسەپاندنی خواستی زیاتر. خواستی ریفراندۆم پێش ئەوەی خواستی حزبێک یا بنەماڵەیەک بێت خواستی خەڵکی ستەم دیدەیە. خواستێکە وەک خواستەکانی نەمانی بێکاری وگرانی وهەژاری وئازادی سیاسی و بیرورا و پێدانی مووچە،،هتد.  خواستێکە وەک داواکردنی ئاو و کارەبا ،،هتد. وا فەرز بکەین دەسەڵات چووە ژێر باری دابینکردنی کارەبا بە نمونە دەکرێ بڵێم نامەوێ چونکە ئەو دەسەڵاتە دەیدا، مەنتیق نییە چونکە خەڵک هەتا خواستێکی زووتر بێتەدی هاوسەنگی ئەو لەمملانێکەیدا لەگەڵ دەسەڵات باشتر دەکات بە قازانجیەتی خەڵک، ئەگەر کارەبای هەبێت ئیتر بیر لە باشترکردنی شتی تری دەکاتەوە. خەڵکی هەتا مووچەی هەبێ بیر لە شتی باشتر دەکاتەوە بۆ ریفراندۆمیش هەروایە، دەکرێ بڵێم ئەو دەسەڵاتە دەیکات کە نەفرەت لێ کراوە لە لایەن خەلکەوە مەنتیق نییە بڵیم نامەوێ. ئەگەر ریفراندۆم بکرێ خەڵک سەربەخۆی بێت ئێتر موشکیلەیەکیان لە کۆڵ دەبیتەوە ترسی ئەوەیان نامیـنێ جارێکی تر ئەنفال بکرێ وکیمیاباران بکرێ و رۆڵەکانی ئیعدام بکری ترسی لەشکرکیشی حکومەتی مەرکەزیان نابێت، ئەنجا ترسی ئەوەیان نامێنێ دسەڵاتدارانی کوردیش بکەونە مفاوەزات و سات وسەودا بکەن بە مەسەلەی ستەمی میللیەوە. ئەو موشکیلەیە هەتا زووتر حەل ببێت باشترە. وا دابنین بارزانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی ناوێ، بەڵکو بۆ قازانجی خۆیەتی پێگەی خۆی پێ بەهێز دەکا واتە نیوەی خواستەکەی خەڵکی بەجێ هیناوە کە سەربەخۆی خواستی خەڵکیە، لەم ریفراندۆمە خواستێک ئەگەر نیوەشی بەجێ بێت باشترە لە سفر، بەڵام ئەوکات خڵلک دەتوانن بەرۆکی بارزانی بگرن بۆ نیوەکەی تریش تا سەربەخۆیی بە سەردا فەرز دەکەن. ئەمە ململانێی نێوان خەڵک و دەسەڵاتەو ڕاناوەەستێ  و بەردەوام درێژەی دەبێت. دیارە من پێم باشە ریفراندۆمی کوردستان بە هاوبەشی هەموو حیزبەکانی ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت واتە (لایەنەکانی دەسەڵات و لایەنەکانی ئۆپۆ زسیۆنیش)  چونکە هەر شتتیک ببێتە هۆی سەرنەخستنی ڕیفراندۆم و ڕاپرسی  لەزیانی خەڵک تەواو دەبێت ئەگەر لەو مەنتییقەوە چاو لەڕیفراندۆم بکەین کە گرفتێکی سەرەکی خەڵکی کوردستان چارەسەر دەێیت و یەکێ لەخواستە گرنگ ومێژوویەکانی ئەم خەلکە جێبەجێ دەکرێ، بۆیە پێم وایە هەردوو لای دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنیش ئەو مەنتیقە نابینن بۆیە گرفت لە بەردەمیا دروست دەکەن بە هەردووکیانەوە.

خواستی ریفراندۆم دوو سیفەتی باشی هەیە یەکەمیان ئەوەیە لە کاتی جیابونەوە کۆمەڵێ گرفتی خەڵکەکەی چارەسەر دەکات وەک نەمانی هەرجۆرە ستەمێکی میللی دووەمیان دەوڵەتی مەرکەزی لە ترسی جیابوونەوە مافی زیاتر دەدات بە خەڵکەکەی تا ئاستی مافی یەکسان لەگەل خەڵکەکەی بن دەستی خۆی، کە ئەمە وادەکا چەند جاریش ناسیونالیزمی نەتەوەی بن دەست داوای ریفراندۆمیش بکات دەنگی پیویست نەهێنێ بۆ جیابونەوە، لەبەرئەوەی خەڵککەی هەست بە دەرەجە دووی ناکا کە ئەمەش جۆرە حەلێکی باشە واتە پێکەوە ژیان بە یەکسانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان. کوبیک لە کەنەدا هەرێمێکی فەرەنسی نشینە حیزبێکی ناسیونالیستی گەورەی هەیە هەر جارە ناجارە ئەم حیزبە داوای ریفراندۆم ئەکا بۆ جیابوونەوە، بەڵام دەنگی پێویست ناهێنێ چونکە حکومەتی  کەنەدا بە یەک چاو سەیری خەڵکی ئەم هەرێمە دەکا لە هەموو بارێکەوە مافی یەکسانی یان هەیە لەگەڵ  سەرجەم خەڵکی هەرێمەکانی تری کەنەدا. کەوایە ستەمێک نابینرێ ئیتر خەڵکەکەی بۆ جیابونەوەی بوێ؟. جا لێرەدا ئەمەوێ ئەوە بڵیم جیابوونەوە زۆر جار باش نییە بەڵام دەکرێ بە هۆی ئەم فشارەوە دەوڵەتی مەرکەزی مافی زیاتر بدات وئەوکاتە جیابونەوەکە ڕوونادات، بەڵام بۆ عێراق کە بە ولاتیکی عەرەبی خۆی ناساندووە سەد ساڵە نەیتوانیوە خواستی خەڵکی کوردستان جێبەجی بکات کە مافی یەکسان بوونیانە لەگەل سەرجەم هاوڵاتیانیدا، بۆیە جیابوونەوە باشترە لێی، واتە گرفتی خەڵکی کوردستان بە دەوڵەتی سەربەخۆ چارەسەر دەێیت.

یەکێکیتر لە باشیەکانی ریفراندۆم ئەوەیە ئەگەر خەلک رەئی بدات بە جیابووبنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ بەڕە لە ژێر پێی ناسیونالیزمیش دەرئەکێشرێ ئیتر بۆ جواب بەنارەزایەتیەکانی خەلک ناڵێت خەتای دەوڵەتی مەرکەزیە، خەڵکی ڕاستەوخۆ یەخەی خۆیان دەگرن  بۆ داخوازیەکانیان. ئەگەر بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵک بە‌‌هێز بێت ویەکگرتوو بێت زۆر ئاسانتر دەتوانێ ئەو دەسەلاتە خۆجێیەی بورژوازی لابدەن  و دەسەڵاتی خۆیان  دامەزرێنێنن ، هەموو ١٧ شوبات و نارەزایەتیەکانی تری کوردستانمان لەبیرە کە چەندە بەهێز بوو هیچی کەمتر نەبوو لەو ناڕەزایەتیانەی لە میسروتونس ولیبیا ویەمەن کرا کە بووە هۆی لە ناوبردنی دەسەلاتەکانیان کە لە کوردستانیش بۆ ڕووخانی ئەم دەسەلاتە خەلکی هاتنە سەر جادە بەلام خەلک نەیدەزانی بڵێ کێ بروخێ، شتێک بە ناوی حکومەتەوە نەبوو وەک ئەو دەوڵەتانەی تر، بۆیە  ئەوە هۆیەکی سەرەکی سەرنەکەوتنی ئەو ڕاپەرینانەی خەڵکی کوردستان بوو.

کە دەولەتی سەربەخۆی کوردستان دامەزرێ و خەڵکی کرێکار وزەحمەتکیش دەتوانن بە هێزی یەکگرتوویی خۆیان وبە ئیرادەی خۆیان دەسەلاتی خۆیان بسەپێنن بە سەر بورژوازیدا، نەک تەنها دەوڵەتێکی سکۆلار، بەڵکو سۆشیالیزمیش دامەزرێنن بۆیە ریفراندۆم ودەوڵەتی سەربەخۆ لە قازانجی ئەم چینەیە. بۆرژوازی کوردی بەم هەنگاوەی دەتوانێ ئەم چینە نزیک بکاتەوە لەم ئامانجەی، راستە دەڵین “بۆرژوازی گۆڕ هەڵکەنی خۆیەتی”  لەم مەنتیقەوەیە پشتگیری ریفراندۆم دەکەم.

٢جولای ٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٧ دا، بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *