هەڵوێستێکی ئەنتی پارتیانە هەمان هەڵوێستی ئەنتی گۆڕانە !!

(دوو هەڵوێستی جیاواز بەرەو دوو بەرەی جیاواز لە ڕیفراندۆم)

لە پەراوێزی چەند بیروو بۆچوونێکدا لە سەر ڕیفڕاندۆم

شوان عەزیز

کوردستان بە هێزی ملیشیاییەوە دوو هێز کۆنترۆڵی کردووە، ئەوانیش یەکێتی و پارتین. لە ڕووی پانتایی جوگرافیشەوە دابەشیان کردووە بەسەر دوو زۆنی(ناوچە) زەردو سەوزدا . ئەم پارتی و یەکێتیانە لە ڕووی بەرژەوەندیەکانیانەوە، بە تەواوی هاوئاوازو و هاوکردارن لە گەڵ یەکتردا بە درێژایی ساڵانی حوکمڕانیان. ئەم دوو هێزە کە خاوەنی میلیشیای زەبەلاحی جۆراو جۆرن لە ژێر شەبەحی حزبایەتی ولە ژێر پەردەی کوردایەتیدا خۆیان حەشارداوەو بەهەردووکیان حکومەتێک بەڕێوەدەبەن کە خاوەنی دووئیدارەی تەواو سەربەخۆ لە یەکترن. خەڵکی کوردستانیان بەسەر ئەم دوو زۆنە دابەش کردوە. ئیتر لەدەرەوەی ئەم دوو حزبە سیاسیە کە لە بەرگی کوردایەتیدان چەند هێزو و تەیارو حزب گەلێکی تر هەن کە هێزوو توانای جەماوەری و ئیمکاناتی خۆدەرخستنیان هەر ئەوەندە ڕێگای پێداون کە ناچار بن لە دەوری تەوەری یەکێ لە پارتی یا یەکیەتیدا بخولێنەوە. لە نێو ئەو حزب و تەیارە سیاسیانەشدا هەن کە ڕاستەوخۆ شێوەی کارکردنیان وئاوازی قسەکردنیان نیشانی دەدات کە ئینسان وا هەست بکات کە ئەوانە دروستکراوی دەستی پارتی یا یەکێتین. ئەوەش دیارە کە بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ ڕۆژی ڕەشی خۆیان و بۆ بەکارهێنانیان لە یەکلایی کردنەوەی ململانیکانیان لە گەڵ یەکتریدا.

گۆڕان کە لە منداڵدان و هەناوی یەکێتیدا سەری هەڵداو لەدایک بوو، هەر پانتاییە جوگرافیەکەی یەکێتیشی بۆ ئاسانتر بوو کە گەشەی تێدا بکاو لە کۆتاییشدا وەک هێزێکی سیاسی بەدەر لە پارتی و یەکێتی خۆی بخاتە سەرشانۆی سیاسی لە کوردستان. گۆڕان زیرەکانە توانی ناوجەرگی زۆنی سەوز و هەناوی بابەگەورەی خۆی کە یەکێتیە بنکۆڵ بکا، و لە سەر قووتێک خۆی پیگەیاند کە یەکێتی و پارتی بۆیان هەڵڕشت لە ماوەی دوورودرێژی حوکمڕانیان. ئەو ناعەدالەتیەی کە پارتی و یەکێتی سەپاندبوویان بە سەر خەڵکی دا، بوو بە هەوێنی گەشەکردنی گۆڕان و ناڕەزایەتی خەڵکی کردە دەستمایە بۆ بوون بە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن و دواتریش بەشداریکردن لە دەسەڵات. بۆیە گۆڕان ڕێک ئەو شێوە دیموکراسیەتەو پەڕلەمانیەی کە پارتی و یەکێتی پەیڕەویان لێدەکرد، دیارە بۆ چاوبەستەکی دنیای دەرەوەبوو، گۆڕان بە قازانجی خۆی وەبەرهێنانی تێدا کرد. کار گەیشتە ئەوەی کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر زۆنەکەی بابە گەورە(زۆنی سەوز).  بۆیە ئەمەی لێ قبووڵ نەکراو بە دەیان شێوەی جۆراوجۆر دیارە بە هاوکاری لەگەڵ دەستە براکەی کە پارتیە یەکێتی توانی گۆڕان لە گەشەکردن رابگرێت، و تەنانەت وای لێکرد کە بەقەدەر جەماوەرەکەو هەوادارانیشی قورسایی بۆ حیساب نەکات.

دوێنێ وئێستای کوردستان نیشانی ئێمە دەدات کە لە ڕاستیدا یەک زۆن  ماوە کە  توانیبێتی وەک زۆنی سەرەکی خۆی پاراستبیت ئەویش زۆنی زەردی پارتی دێموکراتی کوردستانە. زۆنەکەی تر تووشی نەخۆشی و شەلەلی پارچەبوون هاتووە و ناتوانرێت بگوترێت تەنها سەوزە و بەس( بۆتە زۆنی سەوز و نیلی). سەوز نەیتوانی پارێزگاری لە قەوارەی خۆی بکات. کەواتە ئێستا بۆمان هەیە بڵێین نیلی هاتۆتە تەنیشت سەوزەوە. وە زۆر جارانیش ڕەنگە نیلی ئیدیعای براگەورەییش بکات. بۆیە جەختکردن لیرەدا دێتە سەرئەوەی کە ئیتر سەوز ناتوانێت بە تەنیا لە گەڵ زەردا وەک پێشوو ڕەفتار بکات. گۆڕان پێش کۆچی رێکخەرەکەی نەک هەر قەبووڵی ئەوەی نەئەکرد کە وای لێ بکەن بەدەوری تەوەرەی یەکێک لە پارتی یان یەکێتیدا بخولێتەوە، بەڵکو دەیویست یەکێک لەو دوانە ئەگەر هەردووکیانیشی بۆ مەیسەر نەبن ئەوا لانی کەم یەکێکیان، کە دیارە دەبیت هەر یەکێتی بێت، بەدەوری گۆڕاندا بخولێتەوە. بەڵام کاتێک کەپارتی  شەقی هەڵدا لەپەرلەمان و دوای ئاودیوکردنیان بۆ ئەودیوی دێگەڵە، نەک هەر ئەو خەونەی گۆڕان  بە تەنیا چووە دواوە، بەڵکو تێک شکان و چوونە دواوەی هەموو حزبەکانی تریش بوو لە بەرامبەر پارتیدا. دیارە بەنەمانی نەوشیروان مستەفاش یەکیەتی مەبەستیەتی نەک هەر نەبێتە پاشکۆی گۆڕان، بەڵک و مەبەستیەتی گۆڕان لە بەرامبەر پارتیدا هەمیشە وەک کارتی فشار،  وە ئەگەر بۆی بلوێت وەک پاشکۆش، بەکاربێنێت.

گۆڕان ئەگەرچی بێ باوکێکی دەستڕۆیشتووی بێ ڕکابەری پێوە دیارە، بەڵام هێشتا بۆ ئیدامەدان بەژیانی دەم لەهەندێ شت دەکوتێت. گۆڕان بە ئاشکرا ڕای گەیاند : یا من یان نا بۆ ڕیفراندۆم. گۆڕان تا ڕادەیەک توانیویەتی بەشێکی خەڵکی ئەم کوردستانە پەلکێشی بەرەکەی خۆی بکات، کە نابێت دەنگ بەڕیفراندۆم بدرێت تا ناوماڵی کوردو و پەڕلەمان ئاسایی نەکرێتەوە. بەدوایدا یەکسەر کۆمەڵی ئیسلامیش هاتە سەر هەمان بیروڕا. کە بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردوستان ڕوونە مەبەستیان لە ناو ماڵی کوردی چیە؟  بۆیە یەکێتیش تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە خۆی یەکلا بکاتەوە. واتە بەفەرمی نە لەگەڵ ڕیفڕاندۆمەکەدایە و نە بەفەرمیش دژایەتی دەکات. بە واتایەکی تر پڕۆژەکەی زۆنی زەرد بۆ ڕیفڕاندۆم هێندەی دیکەشی یەکێتی تووشی بن بەست کردووە. واتە لەگەڵ پارتی دەبێت هەر وەی لەگەڵی نابێت هەر وەی !!! لێرەدا بە ڕای من ئەوە دەبینم کە یەکێتی هێزو و جەماوەری جارانی لەدەست داوە لە بەرامبەر گۆڕاندا. وە لە ناو خۆشیدا لە دووباڵیەوە بۆتە چەند باڵی. ئەمەش هێندەی دیکەی یەکیەتی تووشی بێ هێزی و بێ هەڵوێستی مەرکەزیانە کردووە. بە واتایەکی تر یەکیەتی ناتوانێت لەئێستادا حساب بۆ گۆڕان نەکات. ئەمەش وەک مۆتەکەی شەو وایە بۆ پارتی.

بۆیە بە ڕای من، هەر تێڕوانینێک و هەڵوێست گرتنێک لە بەرامبەر ڕیفڕاندۆم دا، لەلایەن حزبە قەومی و ئیسلامیەکانەوە، دەچێتە ناوسەبەتەو قەرتاڵەی سوودو و بەرژەوەندی یەکێک لەو دوو بەرەیە. بە واتایەکی تر هەڵوێست وەرگرتن لە دژی ڕیفڕاندۆم خاوەنەکەی دەخاتە بەرەی ئەنتی پارتیەوە، و لەگەڵدابوونیشی خاوەنەکەی دەخاتە بەرەی ئەنتی گۆرانەوە. بۆیە هەر هێزو حزبێک کە نەتوانن خۆیان بەرەی خۆیان و دیدگای سەربەخۆیان هەبێت، با لە ئێستاوە دڵنیا بن کە حەتمەن هێزی موگناتیسی یەکێک لەو دووبەرەیە بۆلای خۆیانی راکێش کردوون. بۆیە هەر پاساو هێنانەوەیەک بۆ بوون لە گەڵ ریفراندۆمدا تەنیا کارێک کە دەی کەن ئەوەیە زیاتر خۆیان دەخەنە بەرەی ئەنتی گۆڕانەوەو بە پێچەوانەش حەتمەن دەخرێتە بەرەی خۆفرۆشی و دژە کوردایەتیەوە (کە پارتی ڕابەرایەتی ئەم هەڵوێستە دەکات)و لە کۆتاییشدا دەچنە بەرەی ئەنتی پارتیەوە. وەک چۆن پاساوەکان بۆ بوون لەگەڵ ڕیفراندۆمدا حەتمەن بەشێکیان لە ئەنتی گۆڕانەوە سەرچاوە دەگرن هەر ئاواش دژایەتی ڕیفراندۆم بەشێک لە پاساوەکانی لە ئەنتی پارتیەوە سەرچاوە دەگرن. بۆ هەر لایەکیش لە پاساوەکان بەشێک لە ڕاستیان تێدا هەن.

پوختە:

بێجگە لە پارتی و گۆڕان و یەکێتی زۆرێک لە هێزو و حزبەکانی تر بەناسیونالزیم و ئیسلامی و هەروەها زۆرێک لەچەپەکان، ناتوانن وەها زوو ئیمکانیاتی ئەوەیان لە بەردەست دانیە و ناتوانن کە لە دەرەوەی ویست وبەرنامەی پارتی ویەکێتی  وگۆڕاندا وەک هێز و بەرەی سێیەم هەبن.

بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ویستی بەکردار لەدەرەوەی ویست و بەرنامەی یەکێتی و پارتی کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکات، ئەویش بە هێنانی پرۆژەی ڕیفراندۆم بوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٥. بەڵام ئاکامەکەی ئەوە بوو کە شەڕیشیان پێ فرۆشرا لە لایەن یەکێتی نیستیمانی کوردستانەوە. وە هەروەها جێگاشیان بۆ کار و چالاکی سیاسی لە لایەن پارتیەوە پێ لێژ کرا. بەهانەکەش ئەوە بوو کە حزبی کۆمۆنیست داوای سەربەخۆیی کوردوستان و یەکسانی نێوان ژن و پیاوی کردووە. یەکیەتیش خاڵی سەربەخۆیی وەک هەڕەشە بۆ سەر یەک پارچەیی خاکی عڕاق لە دژی حیزبی کۆمۆنیست بەکار هێنا. ئەمە هۆیەک بوو لەو هۆیانەی کە یەکێتی حزبی کۆمۆنیستی پێ دایە دادگاکەی سەر بەخۆیان و بەهێزی چەکداری بارەگاکانیان پێداخستن لە سلێمانی. بەڵێ ئینکاری ئەوە ناکرێت کە ئێستا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وەک تاکە هێزێک بەراشکاوی دیفاع لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەکات، بەڵام  چونکە بە فۆرم و سیاسەتێکە کە زۆر جیایە لە بەرنامەی پارتی، بۆیە بەبڕوای من حیزبی کۆمۆنیست ناکەوێتە بەرەی پارتی کەهەمان بۆچونی هەبێت لەسەر ڕێفڕاندۆم. لەبەرئەوەی هەردوو بەرەی لایەنگری ریفراندۆم و دژی لە پارتی و بەرەکەی تر، هەموویان (بەڕەئی من) لە ڕووی بەرژەوەندی حزبیەوەیەو کێشەکانیشیان هەرلەسەرئەمەیە. بەپێچەوانەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئیدامە پێدەدات. حیزبی کۆمۆنیست پێی وایە کە گرێ کوێرەیەک و کێشەیەکی مێژوویی و سەرەکی هەیە کە ئەویش مەسەلەی میللیەو لەو ڕێگەیەشەوە کۆتایی پێ دێت. ئیتر کە کۆتایی بەم کێشە سەرەکیە هات رێگای خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەگەڵ دەسەڵاتی خۆوەڵاتی کوردیدا خۆشتر دەکات. وە هەر ئەمەش دەبێتە هۆی کە زۆرێک لەخۆشخەیاڵی مقدەسات و پیرۆزیەکان کاڵ دەکاتەوە کەرێگرن لەبەردەم خەباتی چینایەتیدا. بۆیە دەبێت(بە ڕای من) حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش لە هەلومەرجی ئێستای بێتەدەرەوە و ببێتە هێزێکی کاریگەری وا کە وەک هێزی سێهەم مۆری خۆی بنێت بە ئاڵوگۆڕی ڕووداوەکانەوە، بەشێوەیەک کە بتوانێت بەشێک لەبەڕەکەی ژێر پێی حزبەکانی کوردایەتی کە مەسەلەی میللیە دەربهێنێت. وە حیزبی کۆمۆنیست بەم ڕێڕەوی کارکردنەی بە نەزەری من ئەو ڕاستیەش بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان یەکلا دەکاتەوە کە کام هێزە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی خەڵك جووتە و تێکۆشان دەکات بۆ دنیایەکی ئارامتر،  بەختەوەرتر، وە جێگیرتر. وە ڕوون دەبێتەوە کە کام لا بە جیددی کاری بۆسەربەخۆیی کوردوستان کردووەولە بەرامبەریشدا ڕووندەبێتەوە کە کام هێزو حیزبەیە ئەمەی بە جیددی لێ چاوەڕوان ناکرێت و تەنها بەرژەوەندی حیزبی و کەسییان لە لا لە پێشترە وەک لە ویستی خەڵکی کوردوستان.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩ بەرواری ١/٨/٢٠١٧ دا بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *