بۆپێشەوە: هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بەژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا، چییە؟

گۆشەی ژنان

توندوتیژی دژ بەژنان، لە هەڕەشەو سوکایەتیەوە بۆ لێدان و تیرۆرکردن، یان ناچارکردنی ژنان بە خۆکوژی، دیاردەیەکی شەرماوەری کۆمەڵگای کوردستانە… بەمەبەستی تاوتوێکردنی بنەماو هۆکارەسەرەکیەکانی توندوتیژی و رێگەگرتن و کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە، بۆ پیشەوە، ئەم تەوەرە تایبەتییەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە کردۆتەوە، کە هەر جارە لەگەڵ یەکێک لە رابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، سازی دەکات.

لەم ژمارەیەدا ”بۆپێشه‌وه‌“   روو دەکاتە سامان کەریم و دەپرسێت:

بۆپێشەوە: هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بەژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا، چییە؟

سامان کەریم: توندوتیژی لە کوردوستانی عێراق بەرانبەر بە ژن دیاردەو عادەتێکی ‌ئێجگار فراوان وسامناکە. بە شێکی وەکو پاشماوەی سەردەمی جاهیلەکانی ناوگێراوی عەرەب “الجزیرة العربیة” پێویستە سەرنج بدرێت کە ئەویش کوشتن و ئەنفالکردنی ژنانە و لەمبارەوە دواکەوترین ناوچەو مەمەلکەتی سەر زەوییە. ئەگەرچی باسی توندوتیژی هەر کوشتن ناگرێتەوە هەموو ئازاردانێکی فیزیکی و سایکۆلۆجی و روحی دەگرێتەوە، کە بەرانبەر ئینسان دەکرێت.

 

بۆ بەوردی ناسینی ئەم دیاردە قێزەون و ناشیرین و کۆنەپەرستانە لە کوردستان وە بەتایبەتی کوشتنی ژن وەک قێزەونترین وبەرزترین ئاستی توندوتیژی وە نیشاندانی دەرکەوتن و سەر‌هەڵدانی ئەم فەرهەنگ و عادەتە، پێویستمان بە گەڕانەوەیەکی مێژوویی دەبێت. کە بەداخەوە لێرەدا ناتوانین بچینە نێو ئەم بابەتەوە. ئەنگلز لە پەرتوکی بەناوبانگی خۆیدا” سەرچاوەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت/ ل٣٧ چاپی ئەلکترۆنی” دەڵێت:” ئەم فۆرمی خیزانە مانای گواستنەوەیە لە زەواجی دوالیەوە بۆ تاک زەواجی. لەپێناو دابینکردنی ئەمنیەتی ژن، و زەمانەتی  باوکایەتی منداڵەکان، ژن خرایە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای پیاوەکەیەوە. ئەگەر بیکوژێت، هیچی نەکردوە جگە لە پیادەکردنی مافێکی خۆی نەبێت” . ئەوە باسی قۆناغیکە تازە لەباری مێژووییەوە خەریکە شارستانی دەست پێدەکات و لەسەردەمی بەربەرییەت رزگارمان بوە، واتە قۆناغی پێش مێژوە. واتە گواستنەوە لە زەواجی دوالیەوە بۆ تاک زەواجی، کە لەگەڵیدا یەکەم دابەشکردنی کار لە نیوان ژن و پیاودا لە دایک دەبێت ئەویش بەرهەمهێنانی منداڵە. لەو کاتەوە کە هێندە دورە کە ساڵەکانی لە ژماردن نایە، تا ئێستا ژن لە باری ناوەرۆکەوە لە کوردوستانی عیراق، هەمان ناوەرۆکی هەیە. ئەگەر ژنەکەی بکوژێت، کە چەندین هەزار کوژراوە، ئەوا بەقەوڵی ئەنگلز. مافێکی خۆیان پیادە کردوە. بەڵام ئەم مەسەلەیە هەر لەگەڵ دەرکەوتنی شارستانی و” نوسیندا” نوسینی سەر دارو بەرد، راستەخۆ ڕەنگدانەوەی ئاستێک لە خاوەندارێتی تایبەت و سەرکەوتنی مێژوی بوو بەسەر خاوەندارێتی گشتی ” کۆمۆنیزمی سەرەتایی” دا… کە جگە لە بەرژەوەندی ماددی وئابوری شتێکی دیکەی لە پشتەوە نەبوو، کە ئەویش مەسەلەی مافی بۆماوە” ویراسەت’ بوو، لە باوکەوە بۆ مندالەکان….

بەو ئاستەی کومەڵگاو شیوە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان لەوکاتەوە تا ئێستا گەشەیان کردوە، ئێستاشی لەگەڵدا ئەم کەلچەرو فەرهەنگ و عادەتانە گیانێکی هێجگار سەختیان لەبەردابوەو بەشیوەی جۆراوجۆر سیستەمە چینایەتیە جیاوازەکان هەمیشە ئەبدەیتیان کردۆتەوە بە پێی بەرژەوەندی چینایەتی سەردەمەکەیان.

لە کوردوستانی ئەمرۆی سەرمایەو ئابوری تا ئەوپەڕی لیبڕالدا، ژن خاوەنەکەی کراوە بە پیاو، بەڵام پیاو خۆی کۆیلەی سیستەمێکە کە ڕۆژانە وڕو گێژە لە سایەی ئەو شیوازە لە ئابوری سەرمایەداریدا، لە سایەی بێ موچەیی و بێ کارەباییدا. ئابوری بازارو لێبڕال و نەبونی موچەو کارەبا تەنها لە کوردوستان هەیە، ڕیک وەکو نوکتە پێمان دەلێ کورد لەشێرە، جادەی قیرو کارەبای بۆچییە!!. ئابوری بازارو لێبڕال و ژن کوشتن لە کوردوستان دروست ئەو ڕاستی یە نیشان دەدات، کە ئەم سیستەمە پێوێستی بە کاری ژنان نەماوە جگە لە مندال بون و لەشفرۆشی و سلیبرێتی سێکسی نەبیت. بەتایبەت لەسایەی نەبوونی یاسایەک بۆ پارێزگاری لە یەکسانی ژن و پیاو. کوردوستانی ئابوری بازاڕو لێبراڵ، بەڵام دەسەڵاتی سەرکوت و ڕێگر لە ئازادییە سیاسیەکان و دەسەڵاتێک کە بە ئاسانی نەک لە سایەیدا ژن زۆر بە ئاسانی دەکوژرێت بەڵکو ئەوەندە ژن کوژن پاساویشی بۆ دەهێننەوەو دەمی هەرچی مجەورو مەلاو ئاخوندە بەریان داوەتە ژنو ڕۆژانە ٥ جار جگە لە ڕادێوو کەناڵەکان،  کەرامەت و هەست وسۆزیان ئەتک دەکرێت. بە جۆریک ئەگەر پێگەی ژن لەم هەلومەرجە لەگەڵ سەردەمی حامورابیدا بەراورد بکەیت ئەوە، ئەو سەردەمە، پێگەی کۆمەلایەتی ژن بە‌‌هێز تر بوو.

کاتێک ئینسان کوشتن ئاوا ئاسان بێت ئەوا سوکایەتی و ملهوڕی و ئەتکردن و لێدان و شێوەکانی دیکەی توندوتیژی سایکۆلۆژی و روحی بەرانبەر بە ئینسان” ژن” دەبێتە ئاو خواردنەوەو کاڵچەری باو و کاری هەمە رۆژە. ئەم دەسەڵات و سیستەمە لە کوردوستان بە ئاشکرا ژن وەک “قطیع” مێگەل تەماشا دەکات و بە ئاشکرا وەکو ” مەجزەرە” قەسابخانە دەسەڵاتی داوەتە کۆمەڵگە ژن ئەنفال بکات.

ئەم باسە لە کوردوستانی عیراق، جیاوازی هەیە تەنانەت لە کوردوستانەکانی دیکە. بەجیا لە پایەی ئابوری ئەم باسە، ڕیرەوێک کە بزوتنەوەی ناسیونالیزم و بزوتنەوەی ئیسلامی وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتی گرتویانەتە بەر، هەروەها خەباتی چینایەتی ودواکەوتنی ئەم خەباتە و لاوازبونی بزوتنەوەی چینایەتی کریکار لەبەرچاو بگرین و پاشان دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی . هەروەها شیوەیەک لەچەرخاندنی سەرمایەی کەمپی ئاوارەیی لەسەرەتاوەو دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بەڕێوەبردنی بازاڕ وەک ئابوری تەشاروکی نێوان دەسەڵات و سەرمایەدار” بونی بەرپرسەکانی دەسەڵات بە سەرمایەدار” بە کۆمەکی سەرمایەی جیهانی گەورە لە ئەمریکاوە بگرە تا دەگاتە ئەوروپا و کوریاو تورکیاو ئێران و ئیمارات دواتر روسیا… لە کۆتاییدا دەست شتنی لیبرالیزم لەسەرخانی خۆی، واتە مافە سیاسی و فەردیو مەدەنیەکان.. لە ئاستی جیهانی و بەتایبەت لە وڵاتان و ناوچەکانی ژێر سایەی وڵاتانی زلهێزدا. هەروەها دواکەتویی چوارچیوەی فکری و فەرهەنگی باو لە کۆمەلگەدا لە سایەی ئیسلام و داگیرکاری و دواتر بزوتنەوەی کوردایەتی دا… هەموو ئامانە پێکەوە ئەم هەلومەرجەی پیكهێناوە.

بۆپێشەوە: رێگاچارە چییەو دەبێ چ بکرێت، بۆ کۆتاییهێنان بەو ستەم و توندوتیژییەی، دژ بەژنان لە ئارادایە؟

سامان کەریم: کۆتا وەڵام بە توندوتیژی دژ بە ژنان، تەنها بە شۆرشی کرێکاریی و دامەزراندنی سیستەمی سۆشیالستی مەیسەر دەبێت ئەویش لە دوا قۆناغەکانیدا، ئەگەر نا بەتەواوی لە کۆمۆنیزمدا بنەبڕ دەبێت. بناغەی توندوتیژی بەرژەوەندی ئابورییە. تا کۆمەلگە ئازاد نەبێت لە سیستەمی کاری بەکرێ لە سەرمایەدارو کرێکار، وە تاکو یەکسانی ئابوری دابین نەکەین… کە هەموو کەس بەهرەمەند بێت لە سەروەت و سامانی کۆمەلگە بەیەکسانی. توندوتیژی کۆتایی پێ نایەت. ئەمە لایەکی مەسەلەکەیە. لە لایەکی دیکەوە هەمیشە وەکو زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتی و مێژووی دیکە وە تەنانەت وەک زۆر دیاردەی سروشی دیکە، کالچەر و نەریت وەکو سیستەمی خزمایەتی زۆر هێواش مێژوو دەتوانێت ناکامی بکاتەوە یان وەکو مارکس دەڵێت وەکو … مەسائیلە سەرخانیەکان لە سیستەمە ئاینی و یاسایی وفەلسەفیەکان … بەماوەیەکی زۆر دوای ئاڵوگۆڕە بنەرەتیەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت…

بەڵام ئەم قەزیەیە هەر ئێستا وەڵامی دەوێت، وەڵامەکەی لە راستیدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە گەشەو ریکخراوبونی بەشی پێشڕەوی چینی کڕیکارو ‌هێزگرتنی کۆمۆنیزمەوە… بەو ئاستەی ئەم ‌هێزە گەشە دەکات وبەتوانا دەبیت، بەهەمان ئاست وەلامی دان شکین دەدرێتەوە بە پیاوسالاری و دەسەڵاتەکەی لە کۆمەلگەدا وبەم پێەش کەمبونەوەی کوشتن و توندوتیژی بەگشتی… ئەگەر نا ئەمە کاری رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی نییە، بەڵکو کاری بزوتنەوەیەکی سیاسی شلگیری یەکسانیخوازی ژنانە کە بەشێکە لە بزوتنەوەی فراوانتری چینایەتی کریکار.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩ بەرواری ١/٨/٢٠١٧ دا بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *