بەشداری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپانێڵێک سەبارەت بەریفراندۆم لەشاری کەرکوک

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦-٩-٢٠١٧ لەشاری کەرکوک لە هۆڵی شەهید سیروان تاڵەبانی پانێڵێک سەبارەت بەریفراندۆم لەلایەن ناوەندی سکۆلار لەشاری کەرکوک سازدرا، ئەم پانێڵە بەبەشداری هەریەک لە ئازاد تۆفیق لەیەکێتی نیشتمانی کوردستان و خەسرەو سایە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و کاوێز مەلا پەروێز لەپارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.
لە نۆبەی بەشداری خۆیدا هاوڕێ خەسرەو سایە سەرەتای قسەکانی بەو پرسیارە دەستپیکرد کە بۆچی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، پشتیوانی لەریفراندۆم دەکات و داکۆکی لە جیابونەوە ودەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکات؟ سەرەتا ئەو هەقیقەتەی خستەڕوو کەمەترەح بونی مەسەلەی ریفراندۆم لەکوردساتدا بەم شێوەیەی ئێستا لە نێو کۆمەڵگا ولە نێو ئەحزاب و لە ئاستی جیهانیدا، کۆمەک دەکات بەمەسەلەی ئەوەی کەهەرێمی کوردستان زووتر چارەنوسی سیاسی یەکلابێتەوە و ریفراندۆم ببێتە بزوتنەوەیەکی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی کێشەیەک، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ریفراندۆم وەڵامدانەوە نیە بەمەسەلەی قەیرانەکان لەکوردستان هەر لەنەبونی کارەبا وبێکاری وخزمەتگوزاریەکان تا مەسەلەی مافەکانی خەڵک وەک مەسەلەی ژن و ئازادیەکان، هەروەها باسی لەوەکرد کە ریفراندۆم وەڵامێک نیە بۆ شێوازی سیستەمی سیاسی لە دوەڵەتی داهاتودا، بەڵکو ریفراندۆم دەیەوێت مەسەلەیەک چارەسەر بکات ئەویش مەسەلەی کوردە، ئەو مەسەلەیەی کەبۆتە مایەی شەڕ و دەعوای قەومی و کێشەی پێکهێناوە، ئەو باسی لەوەکرد کە ئەحزابی ناسیونالیستی کورد بەردەوام مەسەلەی کوردیان وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و وەرگرتنی ئیمتیازات لەدەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لەعێراقدا، سات و سەواداکانی ئەم ئەحزابانە ومفاوەزاتی ئەمانە هەن لە مێژوودا، هەروەها ئەم مەسەلەیە بۆتە وەرەقەیەک و هەر جارەی بە ڕێگاچارەی خۆیان مامەڵەیان پێوەکردوە جارێک لەڕێگای ئۆتۆنۆمی و جارێک لەڕیگای فیدراڵیزمی قەومی و کاتێکیش گەیشتونەتە دەسەڵات ئەم کێشەیان بەچارەسەرنەکراوی هێشتۆتەوە، بۆنمونە لە جەنگی دووەمی کەنداودا سیاسەتی خۆیان گرێدایەوە بەسیاسەتی جەنگ وماڵوێرانی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی، کە جەنگێکی کاولکاری وماڵوێرانکاریان خولقاند. ئەمانە دەستیان کردە نێو دەستی کۆمەڵێک ئەحزابی کۆنەپەرستی تایەفی وقەومی کەسەرتاپا دژی هاوڵاتیانی خەڵکی کوردستان و دژی هاوڵاتیانی ژێردەستی خۆیان بوون، ئەوەی کە دەڵێن دەستوری عێراقی مافی هاوڵاتی عێراقی جێبەجێ نەکردوە، بەڵام ئەوە تەنها هێزە ئیمپریالیستەکان وهێزەکانی سونە وشیعە نەبون نین کە خەتا باربن لەم مەسەلەیەدا، ناسیونالستە کوردەکان خۆیان شەریک بوون لە نوسینەوەی دەستوری عێراقیدا، خۆیان چوون ئەم دەستورەیان لەسەر بنەمای پێکهاتەی قەومی ودینی وتایەفەیی داڕشتەوە وفیدراڵیزمێکیان پێکهێنا، بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیە هەر بمێنێتەوە و بۆ ئەوەی دەورەیەک لەسەر مادەی ١٤٠ شەڕ بکەن دەورەیەک لەسەر بودجە شەڕ بکەن، لەسەر موچەی پێشمەرگە شەڕ بکەن لەسەر مەسەلەی فرۆشتنی نەوت شەڕ بکەن، ئەمە بەرنامەکارو ئیستراتیجی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد بوە، کە هەمیشە بەپێی تێکچونی تەوازنی هێز لە نێوان حکومەتی عێراق وخەڵکی کوردستان، ئەمان هاتون مەسائیلێکیان مەترح کردەوە کە هیچ پەیوەندیەکی بەژیان وچارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە نەبوە، خەڵکی کوردستان دەیەوێت ئەم مەسەلەی قەومیە کۆتایی پی بێت، لەئێستاشدا دەیانەوێت مەسەلەی ریفراندۆم لەمافێکی ئینسانی خەڵکی کوردستانەوە بگۆڕن بۆ مەسەلەیەکی قەومی و بەرگێکی قەومی بەبەردا بکەن، ئەمەش بەوەی کاتێک باس لەدەوڵەتی کوردستان دەکەن وەک دەوڵەتی کوردی و پێکهاتەکان، واتە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی قەومی دەورانی حکومەتی عێراقی، هەتا بەجۆرێک ئەو بژاردەیە ناخەنە بەردەم خەڵکی کوردستان کە چ جۆرە دەوڵەتێک ببێتە بنەمای حوکمرانی.
لەدرێژەی قسەکانیدا هاوڕێ خەسرەو باسی لەوەکرد کە ئێمە پێمان وایە کە ریفراندۆم دەیەوێت کێشەیەک چارەسەر بکات ئەویش مەسەلەی کوردە، مەسەلەی کوردیش مەسەلەی خاك نیە مەسەلەی نەوت نیە، پۆست نیە، هەتاوەکو مەسەلەی ئیتنیکیش نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی سیاسیە، کێشەیەکی سیاسیە لەکوردستان، کە لەماهیەتدا ئەوەیە، لەگەڵ دروست بوونی دەوڵەتی عێراقدا، ستەمی قەومی بوو بە بەشێک لەسەرخانی سیاسی ئەم دەوڵەتە، ناسیونالیستیەی عەرەب، کەمافی هاوڵاتی بوونی یەکسانی بۆ خەڵکی کوردستان بەرەسمی نەناساند، بوە مایەی هەڵبەزینەوەیەک کە ناسیونالیستی کورد ئاڵاکەی هەڵکرد، ئەمەش سەرئەنجام کێشەیەکی هێنایە ئاراوە کەدەیان کارەسات وموسیبەتی لێکەوتەوە.

لەساڵی ٢٠٠٣ وە زوڵمی قەومی نەما لەکوردستان، بەڵام لە ژێر سایەی سیستەمی فیدراڵی قەومیدا، ئەم مەسەلەیە هەرمایەوە کە چارەنوسی سیاسی کوردستان نادیار بوو، کوردستان بەکردەوە لەعێراق جیابوەوە، بەڵام لەئاستی نێودەوڵەتیدا هیچ ناسنامەیەکی ڕەسمی نەبوو، ئەمەش زەمینەی بۆ ئەوە خۆش کرد کەئابوری وسیاسەت هیج مانایەکی واقعی نەبێت و ببێتە مایەی گەندەڵی و تاڵانی، لەبازاڕی فرۆشتنی نەوتدا، کوردستان وەک دەوڵەتێکی بەڕەسمی ناسراو مامەڵەی لەگەڵ نەکرا، بۆیە دەبینین وەک دەڵاڵیەک نەوت فرۆشی پێوەکراوە، ئەمەش وای کرد کە بارودۆخی کۆمەڵگا ئاسایی نەبێت و خەباتی چینایەتی مانایەکی نەبێت، سنورەکانی نێوان دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن لێک جیانەکرێنەوە و وون بووە، خەڵک نازانێ لەبەرامبەر کێ دا خەبات بکات…؟ یاسا نیە ، پەرلەمان مانای نیە، تەوافقی نێوان ئەحزاب ئەتوانێ هەموو شتێک دروست بکات بەپێچەوانەش دەتوانێ هەموو شتێکیش هەڵوەشێنێتەوە. ئەمە سونەتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردە، زیاتر لەبیست ساڵ نەیانتوانی دەوڵەتداری بکەن. گەندەڵی، شەڕی ناوخۆ، بێ مەسئولیەتی لەبەرامبەر ژیان وگوزەرانی خەڵک، بەدرێژایی حوکمڕانیان بەردەوامی هەیە.

لەم ڕووەوە ریفراندۆم وجیابونەوە و سەربەخۆیی کورستان مایەی پشتگیری ئێمەیە، کە دەوڵەتێک دادەمەزرێت و فرسەت دەدات بەخەڵک شۆڕش بکات و هەروەها کوردستان لەم گێژاوی شەڕو کێشمەکێشی قەومی رزگار دەکات، هاوکات کۆمەڵگای کوردستان لە گێژاوی نادیاری چارەنوس وهەویەتی سیاسی دەردەهێنێ.

ئامادەکردنی :عرفان کریم

١٨-٩-٢٠١٧

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *