هەڕەشەو گوڕەشەکانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق سەرکۆنە دەکەین!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان

ماوەیەکە هەڕەشەو چاوسورکردنەوە لە خەڵکی کوردستان لە لایەن پەرلەمان و حکومەتی عێراق و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە پەیوەند بە ریفراندۆمەوە گەرم بووە. لەژێر ناونیشانی” پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق”دا کە دەیان ساڵ رژێمی نەتەوەپەرست و شۆڤێنی بەعس و رژێمەکانی پێشووی عێراق، خەڵکی کوردستانیان سەرکوت و کۆمەڵکوژ دەکرد، دەیانەوێ مافی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە دانیشتوانی کوردستان قەدەغەو زەوت بکەن. پەرلەمانی عێراق دەستی عەبادی ئاوەڵا دەکات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە یەکپارچەیی عێراق بکات و عەبادیش هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکات لە کاتی پێویستدا. هادی عامری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەوەی راگەیاندووە کە دەیانەوێ عێراقێکی بەهێزو یەکگرتوو هەبێ و دژی دابەشکردن و هەرێم سازکردنە! لەپاڵ ئەم هەڕەشەو راگەیاندنە ئاگرینانەدا، کەمپەینێکی رق و دەمارگیری لەلایەن ئەندام پەرلەمان و سیاسەتمەدارو سەرکردەی گروپ و لایەنە سیاسیە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیە عەرەبی و تورکمانیەکان دەستی پێکردوە وهەموو هەوڵێکیان بۆئەوەیە کە رێگری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بگرن، بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە بەناوچەی “کێشە لەسەر” ناودەبرێ!

ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی سیاسی کوردستان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، مافێکی سەرەتایی و دیموکراتیکی خەڵکی کوردستانە. هاوکات رێگایەکە بۆئەوەی بەشێوەیەکی دیموکراتی و دوور لە شەڕ و خوێنڕشتن ئەم کێشەیەی کە دەیان ساڵە بۆرژوازی کوردو عەرەب کاسبی لەسەر دەکەن، کۆتایی پێبێت و کرێکاری کورد عەرەب لەسەنگەری بۆرژوازیەکانی خۆیانەوە نیشانە لە سنگی یەکتر نەگرن! بەڵام حکومەت و پەرلەمانی عێراق کە  ئاڵاهەڵگری فاشیزمی ئیسلامی و میراتگری ناسیۆنالیزم و شۆڤێنیزمی عەرەبین، ناتوانن ئەم مافە سادەو سەرەتاییە بە خەڵکی کوردستان رەوا ببینن.

ئەم هەڕەشەو شمشێر راوەشاندنانەی فاشیزمی ئیسلامی موتوربەکراو بەشۆڤێنیزمی عەرەبی، ترس و دڵەراوکێی لە کەرکوك و ناوچەکانی دیکەدا بڵاوکردۆتەوە و مەترسی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دروستکردوە. لەولاشەوە، ناسیۆنالیزمی کورد دەیەوێ بە هەڵخڕاندنی هەست و سۆزی نەتەوەیی و دەمارگیری کوردایەتی بەرامبەر بەم هەڕەشەو هەنگاوە شۆڤینیستیانەی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ناوەند کاردانەوەی خۆی نیشان بدات.

ئێمە ئەم سیاسەتە نەتەوەپەرست و شۆڤینیستانەی پەرلەمان و حکومەتی عێراق و هەڕەشەکانیان بۆ ترساندنی خەڵك و ناچارکردنیان بۆئەوەی دەستبەرداری مافی خۆیان بۆ ئەنجامدانی رایفراندۆم ببن، بە توندی سەرکۆنە دەکەین و دژی دەوەستینەوە. هەڕەشە ملهورانەکانی حکومەتی عەبادی و لایەنە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکانی عێراق و میلیشیا تاوانکارەکانیان، ئەو راستیە بۆ خەڵکی کوردستان چەند بارە دووپات دەکاتەوە کە هەرکات ئەم شۆڤێنستانە توانا پەیدا بکەن بە زەبری چەک و سەرکوت خەڵکی کوردستان ملکەچی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەو فاشیاستانەی خۆیان دەکەن. ئەمەش بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان پێداگری لەسەر ریفراندۆم و جیابونەوە  بکەن، نەک دەست هەڵگرتن لەو مافانە.

هاوکات حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەرجۆرە نەعرەتە و هاندانێکی نەتەوە پەرستانە لەلایەن ناسیۆنالیزمی کوردەوە وەکو کاردانەوە بەرامبەر نەعرەتەی شۆڤێنستی عەرەبی سەرکۆنە دەکات و کاردانەوەیەکی کۆنەپەرستانە و ناکۆکە لەگەل ئامانجی ئازادیخوازانەی خەلکی کوردستان. جەماوەری خەڵکی ئەم ناوچانە نەک هەر دوژمنایەتی و هیچ بەرژەوەندیەکی ناکۆکیان نیە، بەڵکو ئەوان بەدەر لە ناسنامەی دروستکراوی نەتەوەیی و دینی و تائیفی، خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش و بە هاوپشتی دەتوانن سەرجەم دەسەڵات و هێزە ناسیۆنالیست و دینیەکان پاشەکشە پێبکەن و ناچاریان بکەن بە ملدان بە مافەکانیان. ریفراندۆمیش مافێکی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیە و رێگایەکە کە بەدور لە هەر ملهوڕی و شەڕ و کێشەیەک هاوڵاتیان لە رێگای دەنگدانەوە چارەنوسی خۆیان بنوسن.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی خەڵکی عێراق و کوردستان و بە تایبەتی کەرکوك و ناوچە” کێشە لەسەرەکان” دەکات کە بە هوشیاریەوە مامەڵەی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرست و شۆڤێنیستیانەی حکومەت و پەرلەمانی عێراق بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە داوی ئەو پیلانە چەپەڵەوە کە ئەحزابی نەتەوەپەرست و ئیسلامی بۆ تێکدانی ژیان و ئەمنیەتی خەڵک دایانڕشتوە. پێویستە یەکدەنگ و یەکدەست دژی هەرجۆرە دەمارگیری و هاندانێکی نەتەوەپەرستی بوەستنەوە کە لەهەر لایەکەوە دەستی بۆ دەبرێت و دەبێتە مایەی تێکدانی باری ژیان و گوزەران و ئاسایش و دەیان کاتەوە بە گژی یەکتردا.  ئێمە هاوکات ئەوە رادەگەیەنین کە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەرانسەری کوردستاندا بە “ناوچە کێشە لەسەرەکان” یشەوە مافێکی خەڵکە بەبێ رەچاوکردنی نەتەوەو دین و مەزهەبیانەوە. هەروەها پێویستە ئارامی و ئاسایش و ژینگەیەکی گونجاو ئازاد بۆ دەنگدانیان لە ریفراندۆم دا دەستەبەر بکرێت و بپارێزرێن لەهەر جۆرە هەڕەشەو ترساندن و ئیجبارکردنێك بۆ دەنگدان بە پێچەوانەی مەیل و ویستی خۆیانەوە.

بانگەوازی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز و لایەنەکانی بەرگریکار لە ئازادی و مەدەنیەت دەکەین لە عێراقدا کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان دژی بڕیارە قەرەقوشیەکانی پەرلەمان و دادگای فیدراڵ و حکومەتەکەی عەبادی بەرزبکەنەوە و ئیدانەی بکەن و ناچاریان بکەن بە ملدان بە سەلماندنی مافی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپاکردنی ریفراندۆم و جیابونەوە. ئەگەر بوارێک مابیتەوە بۆ پێکەوەژیان ئەوە تەنها بە بڕیاری ئازادانەی خەڵکی کوردستان مەیسەر دەبێت، نەک بە زەبری چەک و ملهوڕی.

١٩/٠٩/٢٠١٧

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *