حكومەتی کاتی و هەڵبژاردن، رێگاچارەنین، رێگاچارە کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی…

عەبدوڵا مەحمود

روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، ئاڵوگۆرێکی گەورەی بەسەر هاوسەنگی هێزی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لەگەڵ بزوتنەوەی ناسیونال-ئیسلامی شیعی دەسەڵاتداردا، هێناو بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی توشی پاشەکشەیەکی گەورە کرد. بزوتنەوەی کوردایەتی ئەگەر لەساڵی ١٩٩١ دا و بەخۆبەستنەوەی بە جەنگخوازی ئەمریکاو غەربەوە توانی دەستی بە دەسەڵات و بەشداری دەسەڵاتی لەناوەندا بگات، ئەوا ١٦ ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش بە خۆشباوەری بە ئەمریکاو غەرب، و خۆشخزمەیەکی چاوەروانکراوی باڵیکی یەکێتی، گڵۆڵەی دەسەڵاتدارێتیەکی کەوتە لێژی و بەشێکی یەکجار زۆر لە قەڵەمڕەویەکەی لەئاستی سیاسی و ئابوری و سەربازی و جغرافیاو دیبلۆماسی و … لەدەستدا.

ئەم پاشەکشەیە لەسەردەستی هیرش و ملهوری حکومەتە کرێگەتەکەی عەبادی و نۆکەرەکانی، رویداو لەئیستادا هاوسەنگی هێز بەزیانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردو بە سودی بزوتنەوەی ناسیونال- ئیسلامی سیاسی شیعی دەسەڵاتدار شکاوەتەوە.

ئەم دۆخە بۆ خانەوادەی بۆرژوازی کورد، سەرباری هەر ململانێیەکی نێوخۆیان، سەرباری هەر بەرنامەو ئەجندایەکی تایبەتیان… وە تەنانەت سەرباری ئەوەی کە هەرکام لەو لایەنانە سەر بە چ بلۆک و قوتبێکی ناوچەیی و جیهانیین… لەترسی لەدەستچوونی ئەو ئەزموونەی ٢٦ ساڵە، بۆیان بۆتە سەرچاوەی دەسەڵات و دەوڵەمەندبوون… لە ژێر ناوی دۆخی تایبەتی و تیپەرین لەم ئەزمەیەی تێی کەوتوون و هەمووشیان بەرپرسیارن لەو ناکامی و شکستەدا، بە ناچار دەورەیەکی تر لە گفتوگۆ و سازانیان دەسپێکردووە. لەو نێوەدا باسی پیکهێنانی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی، حکومەتی کاتی، بچوککردنەوەی حکومەت و دوبارە هەڵبژاردنەوە، هێنراونەتەوە گۆڕ.

دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە بەهەموو فۆرمەکانەوە خۆی ئەزموون کردووە، ئەگەر شکست و بنەبەستی ئێستای لەگەڵ دەسەڵاتی فیدرالی عێراقدا، و روداوی ١٦ ئۆکتۆبەر ئاکامی تکچوونی هاوسەنگی هێزەی نیوان هەولیرو بەغدایە دوای جەنگی داعش و بەرهەمی شکستی فیدرالیزمی قەومییە… ئەوا شکست و ناکامی ناسیونالیزمی کورد لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان، بەرهەمی سەرکوت و بیمافی و شکستە لە وەڵامدانەوە بەسەرەتاییترین ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستاندا. شکستی سەرەکی لێرەوە دەست پێدەکات. ئەگەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد یان بەشێکی ئەو بزوتنەوەیە لەدۆخی ئیدارەی جیاوازو هەرێم و زۆنی جیاجیادا نموونەو ئەلگۆیەکی سەرکەوتووی نیشان دابا… هەرگیز چارەنووسی بەو دۆخەی ئیستا نەدەگەیشت و لە ئاستی عێراق وناوچەکەشدا شکست دان و دارماندنی کاری چەند سەعات و سازشی چەند بودەڵەو ناخۆریكی کرێگرتە نەدەبوو.

ئەو دەسەڵات و بزوتنەوەیە… لە ٢٦ ساڵی رابردوودا بە ئاشتی و شەرەوە بە هەڵبژاردن و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی، بە حکومەتی هاوبەش و جیا و جیا، پان و تەسک و فییفتی فیفتی، حکومەتی زۆربە و هاوبەش، بەبەشداری ئۆپۆزیسێۆن!! و بێ بەشداری ئەوان… ماوە درێژ و ماوە کورت، لە مەحەک دراوە. شکستی دوای شکست نیشان داوەو خەڵکی کوردستانی روبەروی سەخترین دۆخی ژیان و گوزەران کردۆتەوە، لەهەموو زەمینەکاندا پاشەکشەی بەسەر کۆمەڵگەدا هێناوە… لە خوێندن و پەروەردەوە بۆ تەندروستی و فەرهەنگ و هونەر، لە زانست و زانیاریەوە بۆ کەلتور ئەخلاقیات، لە ماف و ئازادیەکانەوە، بۆ یاساو ریسا و مافی تاک، لەوەرزشەوە بۆ گەشت و گوزار و نوسین و توێژینەوە تا دەگاتە خزمەتگوزارییە کۆمەلایەتیەکان… بە کورتیەکەی لەهەموو بوارێکدا چەندین هەنگاو کۆمەڵگەی بەرەو دواوە بردۆتەوە.

لەلایەکەوە ژمارەیەکی کەم سەرمایەدارو بازرگان و لەگەڵ هەموو بەرپرسە حزبی و حكومیەکان، لیستی درێژی هەموو ئەندام پەرلەمانە خانەنشیکراو ناخانەنشینکراوەکان، وەزیر و جێگر وەزیری خانەنشین کراو ناخانەنشین کراو، هەموو بەڕیوەبەرە گشتیەکان، هەموو ئەندام مەکتەب سیاسی و سەرکرادیەتیەکان، هەموو کادرە بڵند باڵا سیاسیە حزبی و فەرماندە سەربازییە و راوێژکارە گەمژەکانیان… ریزی دەوڵەمەندو مەلتی ملیاردیر و ملیۆنەرن و بەشی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانیش برسی و هەژار و بێکار و نەدارن… تەنانەت ئەو جەنابە بەرپرسە حزبیانەی فەزلفرۆشی پێشمەرگایەتی و خەباتی شاخ بەخەڵکی کوردستان دەفرۆشنەوە، هەر سەعاتەکەی چەندین هەزار دۆلار لەسەر خەڵکی کوردستان کەوتوون… و ئەو کرێکارو کارمەندانەش کە رۆژانە رەنج دەدەن و ماندودەبن، موچەکەیان شایستەی باس نییەو ئەوەش ئێستا کراوەتە نیوەو چارەکە موچە.

 سەرانی حزبەکانی کوردستان، باسی کام حکومەت دەکەن و کام حکومەتی کاتی؟ کام هەڵبژاردن؟ دوای ٢٦ ساڵ شکست و شکست، دزی و تاڵانی، بیمافی و سەرکوت، نۆکەرایەتی و تیکشکاندنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان… دەیانەوێ ئەم جارەش لە ژێر ناوی تێپەرین لەو قەیرانەی ئیستای تێی کەوتوون، پرۆژەی پیکیهێنانی حکومەتی کاتی، یان درۆی دوبارەی هەڵبژاردنەکان، بهێنەوە ئارا.

خەڵکی کوردستان و بەشی هۆشیار و تیکۆشەری دژی تاڵانی و گەندەڵی و نابێ ریگەبدەن سەرانی ئەو حزبانە جارێکی تر یاری بە چارەنووسی ئیستاو داهاتووی خەڵکی کوردستانەوە بکەن… رێگا چارە حکومەتی کاتی، یان هەڵبژاردن و حکومەتی تر نییە… ئەو فۆرم و ئەلگۆیانە ئەزموون کران و خۆیان کێشەو ریگری ریگاچارە کارسازو دروستەکانن. چارە کۆتاییهێنانە بەو دەسەڵاتە و سەرجەم بزوتنەوەی کوردایەتی و رەوتگەلی دینی… چارە دەستبەسەراگرتنی داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستانە لەلای سەرانی ئەو حزبانە لە حزب و حکومەتدا… چارە گیرانەوەی داهاتی دزراوە، چارە پەلکیشکردنی دزانی داهاتی کۆمەڵگەو نۆکەرانی وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ بەردەم دادگای جەماوەری.

شکستدانی دەسەڵات و کەنارخستنی بزوتنەوەی کۆنەپەرست و تاڵانچی و خۆشخزمەتی کوردایەتی، لەرێگای خەبات و تیکۆشانی جەماوەری بەرابەری بەشێ پێشرەوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان… شکستی راستەقینەی فایرۆسی ترسناکی بزوتنەوەی کوردایەتییە و نەک شکست و پاشەکشەیان لەبەرامبەر عەبادی و حکومەتە کۆنەپەرست و ئیسلامییە نۆکەرەکەیدا.  ئەو جەماوەرەی دەتوانێ بزوتنەوەی کوردایەتی رابمالێت… دەتوانێت هیرش و پلانی عەبادی و وڵاتانی ناوچەکەش مایەپوچ بکاتەوە…

کات کاتی دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەرییە، دەسەڵاتێک کە سەرچاوەی هێزی جەماوەرو بریاری جەماوەری بێت… دەسەڵاتێک کە خۆی بریار و یاسا دارێژەرو هاوکات جێبەجێکەری بریار و یاسا بێت.

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی ژمارە ١٧ ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە سیدنی، ئوسترالیا.  عامر سابیر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *