لەگەڵ ئین ئارتی.. بەرنامەی دووجار بیربکەرەوە….

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

تەوەرەی بەرواری ١٣/١١/٢٠١٧

ئایا حزبەکانی کوردستان دەتوانن نوێنەرایەتی هاوڵاتیان بکەن؟

ئەوەی کە بەتاقیکردنەوە دەسەلمێ، کاریگەریەکەی لەسەدان توێژینەوە ولێکدانەوەو باسی سیاسی زۆرترە…

کاتێک حزبێکی سیاسی پێک دێت، یان حزبێک بەرنامە و پرۆژەو نەخشەیەک دەخاتە، روو، پاکیجێک پێشکەش دەکات، بەڵین دەدات، بانگەشە دەکات… هیچ هونەرێک نیشان نادات، ئەگەر لە مەیدانی کردەوەدا، تاقی نەکرێتەوە. ئیمە هەموومان شاهیدی بەرنامەو گوتاری حزبەکانی کوردستانین، بەڵام لەوە زۆرتر شاهیدی رەفتار و کردار و ئەزموونی بەکردەوەی ئەو حزبانەشین. بۆ هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی سیاسەت و نەخشەی هەر حزبێکی سیاسی، دەبێ تەماشای پراکتیک و کرداریان بکرێت، نەک وتارو بانگەشەکانیان. ئەگەر لەو سۆنگەیەوە تەماشای حزبە بۆرژوازییەکانی گۆرەپانی سیاسی کوردستان بکەین، ئەوا ئەزموونی ٢٦ ساڵەی رابردووی کوردستان ئەو راستیەمان نیشان دەدات کە حزبەکانی کوردستان بە قەومی و ئیسلامیەوە، تاڵترین ئەزموونیان کردوە بە گەروی خەڵکی کوردستاندا و ئەو مەرگەساتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوریەی ئەو حزبانە بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێناوە، نەک دابراو نییە لە ئەزمون و مەرگەساتی پێشتری سەردەمی بەعس، بەڵکو رێک دریژکراوەی ئەو و کۆپی دەسەڵاتی ئەوە بە تیکەڵکردن و تۆخکردنەوەی کۆنەپەرستی ئیسلامی و گرتنەبەری نۆکەرایەتیەکی بێ سنور.

باسی نوینەرایەتی هاوڵاتیان، بەو فۆرمەش کە لەدنیادا هەیە و لەرێگای پرۆسیسی پەرلەمانیەوە باسی نوێنەرایەتی هاوڵاتیان دەکرێت، ئەوەش لە کوردستان و لەسەر دەستی ئەو حزبانە ئەزموون کراوە، کەئەمەش درۆیەکی رووهەڵماراوە…

لەهیچ زەمینەو بوارو کایەکی کۆمەڵگەی کوردستاندا، نوینەرایەتی هیچ خواستێکی رەوای خەڵکی کوردستان نەک نەکراوە، بەڵکو فەلسەفەی وجودو کارکردی ئەو حزبانە دژایەتی ئاشکرای خواست و ویستەکانی خەڵکی کوردستان بووە لەبەرامبەر بە خۆشخزمەتی و نۆکەرایەتی بە وڵات و قوتبە ناوچەیی و جیهانیەکان و، پرکردنی کاسە و بانکی هەمەرەنگی کەڵەکەکردنی سەرمایەو لوشدانی داهاتی هاوڵاتیان و دەستبەسەراگرتنی داهاتی سەرزەوی و ژیر زەوی و نەقدی و غەیرە نەقدی کوردستان. نوێنەرایەتی هاوڵاتیان کە گوایە لە رێگای پەرلەمانەوە دەکرێت و ئەندام پەرلەمانەکان نوینەری دەنگ و ویستی خەڵکن بۆ دەورەیەکی چەندساڵی، بەکردەوە ئەوەی نیشانداین، کە خۆیان بونە ملیۆنیر و بەهرەمەند بوون لە ژیانی شاهانەو زوربەی زۆری خەڵکیش لە برسیتی  و بی موچەو گەداییدان… لە ٢٦ ساڵی رابردودا یەک دەستکەوت و یەک کاری جیگا شیاو یەک هەنگاوی ئینسانی و یەک پرۆژەی پیشکەوتنخوازی و یەک پەیمانی ئومید بەخش لە مەیدانی واقعیدا لە ریگای پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکانەوە، نەبۆتە نسیبی خەڵک و هەر رۆژە دۆخی خەڵکی کوردستان بەرەوخراپتر و خراپتر چووە و حزبەکانی کوردستان و پەرلەمانەکەیان خۆیان هۆکاری سەرەکی ئەو هەلومەرجە نائینسانییە بوون. ئەو حزبانە چونکە حزبی کۆنەپەرست و دواکەوتوو، حزبی بنەماڵەو خیڵ، حزبی نۆکەرو خۆشخزمەت، حزبی چینە دارارو دەوڵەمەندو بازرگانەکان بوون، ئەوەی بۆیان گرنگ نەبووە نییە، نوینەرایەتی خەڵک و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بووە. ناکرێ و نابێ هیچ چاوەروانیەک لەو حزبانە بکرێت و نابێ بە وێنەی حزبی سیاسی و نوینەری خەڵک بناسێنرێن و بانگەشەیان بۆ بکرێت. بە ئەزموونێکی بەکردەوەو بە نەخشەو پراکتیکێک کە کردویانە نیشانیان داوە ئەوان لە بەرێک و خەڵکی کوردستان و خواستەکانیان لە بەرێکی ترن و وەبەرپرسن لەو دۆخەی لە کوردستاندا هەیە. ئەگەر بریار بێت خەڵکی کوردستان دەروازەیەکی باشتریان بۆ ژیانی باشتر دەست بکەوێت، هەنگاوی یەکەمیان خۆ دورخستنەوە لەو حزبانەو خۆجیاکردنەوەیانە لە ئاسۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیلی هێنەری ئەو حزبە بۆرژوازییە کۆنەپەرست و خۆشخزمەت و کرێگرتانە. ئەو حزبانە یەکێک لە کارە سەرەکیەکانیان، بە ناوێ نوێنەرایەتی خەڵکیەوە، سەلبکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانە بۆ گەران بەدوای بەدیلی جێ دڵخوازی خۆیان و حزبێک کە نوێنەرایەتی خواست و ویستەکانی خەڵکی کوردستان بکات.

تەوەرەی بەرنامەی بەرواری ٢٠/١١/٢٠١٧

 ئایا گەنجان دەتوانن گۆڕانکاری لەحکومرانی هەرێمدا بکەن؟

گومان هەڵنەگرە، گەنجان یان لاوان سەرمایەکی گەورەو کەرەستەی داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەکن بۆ نەخشاندنی ژیانێکی باشتر… بۆ ئایندەی گەشاوەی هەر کۆمەڵگەیەک، پیویستە ئێستای گەشاوەی گەنج نیشان بدرێت و لاوانی ئەو کۆمەڵگەیە هەست بە غرور و بروا بە توانایی خۆیان بکەن. بیگومان لاوان لەهەر کۆمەڵگەیەکی سالمی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، دەتوانن و بەکردەوە ئەوان داینەمۆی رووی درەوشاوەی گەشەی کۆمەڵگەن. توانایی لاوان، تەنها توانایی جەستەیی نییە، تەنها حەماس و هەیەجان و گەران بەدوای خولیا جوان و هەمەرەنگەکانیاندا نییە… تەنها خەون و خەیاڵی جوان نییە… بەڵکە هاوکات دید و ئایدیای نوێشە کە ئەوان زوو دەتوانن ببنە خاوەنی، زوو دەتوانن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگەدا خۆیان بگونجێنن و ئەزموون لە دەستکەوتەکانی ئینسانی وەربگرن… داهێنان بکەن و داهینان بگوازانەوە… لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەو زانست و دەستراگەیشتن بە شارەزایی و پسپۆری، توانای وەرگرتن و تیگەیشتنیان بەرزە و خێرایە… لە دۆخی شیاوی گونجاوی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی سالمدا، دەتوانن تونایەکانیان و توانایی و بەهرە شاراوەکانیان پیشان بدەن و لە خزمەت کۆمەلگەدا دای بنێن… وە دەتوانن بەکردەوە هیزی وەجوڵە خستنی کۆمەڵگەو ئاڵوگۆر پیکهێنانی بن…

بەداخەوە لە کوردستانی ژیر دەسەڵاتی تواناکوژ و خەونکوژی لاواندا، خولیاو خەونەکانی لاوان خنکێنراون، هیواکان لەمەنگەنەو ئایندەی گەشیان، سپێردراوەتە ئایندەیەکی نادیار و لێڵ و تەڵخەوە… هەلومەرجی پەرەوەردەیی و کۆمەڵایەتی لاوان، بە مانای وشە دۆزەخ ئاسایە… تەنانەت ئەو لاوانەی بەوپەری سەختی ژیانەوە خوێندن تەواو دەکەن، ئایندەیان و نەک هەر بە خیرایی رەوانەی بازاری بێکاری دەکرێن. بەڵکو هەرچی مافی فەردی و مەدەنیان هەیە ژێر پێخراوەو پایماڵ دەکرێت… ژینگەیەکی نەخوازروا کراوەتە بەشی لاوانی کچ و کوڕ… سیستەمی پەروەردەیی دواکەوتوو، خوێندن و فیرکردنی وێران… گەورەبوون لەناو کەشی نەبوونی و گرانی و دۆخی ئاڵۆسکاوی سیاسی و نائارامی و ناسەقامگیریدا، وایان کردووە لاوان تواناکانیان و برستی گۆرانکاری تیایاندا، لاواز بکرێت. لاوانی کوردستان بۆ دەرچوون لەو دۆخەو و بۆ رووبەرووبونەوە لەگەڵ ئەم ژینگە ناتەندروست و خاڵییە لە ژیان کردن، ناچارکراون بەشەپۆڵ بەدوای ژیاندا وێڵ بن و کوردستان جی بهێڵن… لەو روبەرووبونەوە نابەرابەرەدا، تا ئیستا بەسەدان لاوی دڵ پر لە هیوای وێل بەدوای ژیان و خەونەکانیاندا، بوونەتە قوربانی برینی سنورە ئەڵغامکراو و زنجیر کراوەکان، بوونەتە قوربانی شەپۆلی سەرکیشی بێرەحمی دەریاکان و لۆریە هەوابر و سەرداخراوەکان، یان بەناچاری دەستیان بردووە بۆ سەندنەوەی ژیان بەدەستی خۆیان… بەرپرسی سەرەکی لەم هەلومەرجە دڵهەژینەی لاوان، دەسەڵاتی سیاسی و حزبۆکراتی نابەرپرسی بزوتنەوەی کوردایەتییە… کە ٢٦ ساڵە کار لەسەر بیئیرادەکردنی لاوان دەکات و باکی بە ژیان و چارەنووسی ئایندەی لاوانەوە نییە… لاوان لە هەلومەجێکی ئاوادا تواناییان بۆ ئاڵوگۆرهێنان بەسیستەمی حکومرانیدا، لاوازو کەم کاریگەرە… سوکانی سەرجەم حزبەکانی کوردستان و سیاسەت و پرۆژەی ئەو حزبانە، پرۆژەو سیاسەتی پیر و ماوە بەسەرچوون. هێشتا هیچ حزبێکی سیاسی لەکوردستان نابینرێت، جەنگ لەسەر مافی لاوان بە ئەرکی خۆی بزانێت… جەنگ بۆ ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان بە کاری سەرەکی خۆی بزانێت، تیکۆشان بۆ ژینگەیەکی ئارام و گەشەی توانایی گەنجان لەدەستوریدا دابێت… لاوان زۆرتر وەکو زەخیرەی جەنگی حزبۆکراتی لە ململانێی دەسەڵاتدا بەکاردەهێنن، تەنانەت گەر لاوان گەنجانیك لە هەرەمی سەرەوەی حزب و دەسەڵاتدارێتیدا ببینرێن، بە ئەجندای کۆن و پرۆژەی کۆنەپەرستانە و لەقاڵبدانی دیدو روانینی نوێ باوەوە، سەرقاڵن، لە بیری ئەوەدا نین، رێگاکانی نەفەسی تازەو لاو بکەنەوە تا سیاسەت بە لاوی و ئاڵوگۆری لاوانە لە کۆمەڵگەدا برەو پەیدا بکات… ئەم دۆخە ئەرکی لاوانی زۆر سەخت کردووە،  ئاخر ئینسان بۆ ئەوەی سیاسەت بکات، کارو هەڵسوران بۆ گۆرینی کۆمەڵگەو چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگ بکات، پێویستی بە نان و شوینی نیشتەجی بوون و ژیان کردنێکی نۆرمال هەیە… رێك ئەو پیداویستیانەی دەسەڵاتی سیاسی قوڵفی لێداون.

لاوان دەتوانن رۆڵی گرنگ و چارەنووساز لە سیستەمی حکومرانیدا بگێرن… ئەوکاتەی بواریان پێ بدرێت یان خۆیان لەسیاسەت و پرۆژەی کۆنەپەرستانەی حزبە گەنیوو دواکەوتوەکان جیابکەنەوە… باسی گەنج و توانای لاوان تەمەن نییە… ئیمە لە کوردستان چ لە حزبەکان و چ لە حکومەت و پەرلەماندا ژمارەیەکی زۆر گەنج  دەبینین، لە باری تەمەنەوە گەنج و لەباری دیدو روانین و تازەگەریدا کۆنەپەرست و دواکەوتوون و کویلەی حزب و سیاسەت و پرۆژەی دواکەوتوانەی کۆمەڵگەن… ئیمە لەکوردستان و لە خانەوادەی بۆژوازی کوردیدا چ حزبە دەسەڵات بەدەست و چ حزبە ئۆپۆزیسێۆنەکان و تەنانەت ئەو هەموو رێکخراوە بەناو کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، هیزو حزب و رێکخراوێکی مەدەنی نادۆزینەوە… کە مۆدێرن بێت، بروای بەمافە فەردی و مەدەنیەکان بێت، تێکۆشەری جیایی دین و قەوم لەدەوڵەت و پەروەردەو فێرکردن بێت. تێکۆشەری بەکردەوەی یەکسانی ژن و پیاو بێت،… تاد. لاوانی تیکۆشەرو چالاک بۆ گۆرینی کۆمەڵگە پیویستە ریزی خۆیان لەو حزبانە جیابکەنەوەو بروا بە فریوکاری حزبەکان و رێکخراوەکان نەکەن، و تەماشا رەفتارو کرداریان بکەن کە چۆن دژی گەنج و نوێکاری و ئاڵوگۆرن بەرەو پێشەوە… لاوان پێویستە ببنەوە بە خاوەنی ١٧ شوبات، ببنەوە بەخۆیان و بۆ وەدیهێنانی خەون و ئارەزوەکانیان، دەست بدەنە تیکۆشان و دروستکردنی ناوەندو وەسیلەی کارای بۆ بۆ ئاڵوگۆر و پێشخستنی کۆمەڵگە… بێگومان لاوان ئەگەر بچنە سەر رێچکەی تیکۆشانی خۆیان بە وەسیلەی کارای ئینسانیەوە، بۆ گیرانی رۆڵی شایستەی خۆیان دەتوانن نەخشی زۆر گەورە بگێرن چ لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و چ لە پرۆسەی حکومرانیدا… 

٢٠/١١/٢٠١٧

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی ژمارە ١٧ ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

 

Check Also

وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە سیدنی، ئوسترالیا.  عامر سابیر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *