عێراق: کۆتایی خەتی فیدڕاڵیزمی ساختە

    فاتح شێخ    

    ئەو شتەی لە عێراقی پاش بەعس ناوی “فیداڕاڵیزم”ی لێ نراوە، ڕێوشوێنێکی سیاسی تایبەتە کە هیچ لێکچوونێکی پۆزەتیفی بونیادی نییە لەگەڵ نیزامە فیدڕاڵییە ناسراوەکان. ڕژێمی ئێستای عێراق زادەی داگیرکردنی ئەو ووڵاتە و کەوتنی ڕژێمی بەعسە بەهۆی هێرشی سەربازی ئەمریکا و بەریتانیاوە. تێکەڵەیەکە لە حاکمییەتی هاوبەشی ڕەوتگەلی نەگونجاوی مەزهەبی و قەومی کە ئەندازیارەکەی برێمەر، حاکمی ئەو کاتەی ئەمریکا لە عێراق، بەردی بناغەکەی بە خوار و خێچی دانا و ئێستا بە تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ، دیواری خوار و خێچی ئەو حاکمییەتە لە دەستی پاشماوەکانی ڕژێمی سەرکوت و ستەمدا بەجێماوە کە تیاماون چی بکەن تا نەڕمێ بەسەریانا.

لە عێراقی ئێستادا قاسم سلەیمانی زیاتر لە دەستەی هەیئەی فەرمانڕەوای بەغدا لە مەعسوم و عەبادی و جبوری و مالکی و عەمار حەکیم و موقتەدا سەدر تا عەللاوی و نوجەیفی و موتڵەگ و شەریکەکانیان، میراتی برێمەریان بە تاڵان بردووە و لە دنیای واقعیدا بوونەتە میراتگری مەوقعییەتی ئەو و جێبەجێکاری ڕۆڵی داگیرکاری ئەو لە بەغدا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە سلەیمانی، حاکمی داگیرکەری ئیسلامیی ئەمڕۆ، بە پێچەوانەی برێمەرەوە، حاکمی داگیرکەری ٢٠٠٣، خۆی بە ناچار نازانێ کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان ڕیککەوێ. بە پێچەوانەوە، نیازی ئەوەیە کە هەر ڕێککەوتنێکیش برێمەر لەگەڵ ئەوان کردوویەتی بە زۆر یان بە پیلانگێڕی وەریگرێتەوە. ئەمە دروست هەمان هەل و مەرجە کە خەریکە کۆتایی فیدڕاڵیزمی ساختەی عێراق ڕادەگەیەنێ.

ئیلحاقی دەوڵەتی دوفاکتۆی سەربەخۆی کوردستان بە دەوڵەتی نامەعلوم و نەبوو لە بەغدای داگیرکراو ساڵی ٢٠٠٣، یەکەمین خشتی ئەو دیوارە خوار و خێچە بوو کە بە هەڵواسینی تابلۆی تەزویری “فیدڕاڵیزم” پیایدا لەسەر بنەمای تەوافوقی بێ بنەمای برێمەر و ئەحزابی حاکمی کوردستان داڕێژرا. ئیلحاقی کوردستان بە عێراقەوە لەو ڕۆژانەدا، بە پێچەوانەی پاساوەکانی سەرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردەوە، “یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانە” نەبوو. بەڵکو تەسلیمبوونێکی ئارەزوومەندانەی ئاشکرا بوو بە بەڵێنی پووچی برێمەر دەربارەی گەرەنتی بەشداربوونیان لە “ڕژێمی فیدڕاڵی عێراق”. ئیلحاقێکی تەسلیم تەڵەبانە بوو چونکە ئەحزابی حاکمی کوردستان بەبێ ئەوەی ڕای خەڵکی کوردستانیان پرسیبێ مۆریان کرد.

لە بەرامبەردا بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی کوردستان لە ٢٥ سێپتێمبەر ٢٠١٧و دەنگی سەرووی ٩٢،٧٣% بەڵێی دەنگدەران وەڵامێکی بەهێزی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بوو بە ڕابردوو و پاشکۆکانی تەسلیم تەڵەبی ئەحزابی حاکمی کوردستان. لە هەمان کاتدا دەنگی نایەکی گەورە بوو بە فیدڕاڵیزمی ساختە و شکستخواردووی عێراق، نایەکی گەورە بوو بە بنەمای ئەو فیدڕاڵیزمە لە ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٠٣ی حزبەکانی کوردستان لەگەڵ برێمەر.

نابێ فەرامۆش بکرێ کە خەڵکی کوردستانی عێراق جارێکی دیکەش لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕیفراندۆمێکی نافەرمیدا بە نەوەد و هەشت و نیو دەرسەدی دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، نای گەورەی خۆیان ووتبوو بە سیاسەتی ئیلحاقی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد و فیدڕاڵیزمی تەزویرکراوی عێراق. جێگای سەرنجدانی جدییە کە ئەم نایەی ساڵی ٢٠٠٥ ی خەڵکی کوردستان، هاوکات بوو لەگەڵ سەر دانەواندنی ئەحزابی حاکمی کوردستان لە بەرامبەر “دەستووری” تا سەر مۆخ و ئێسقان کۆنەپەرستانە و ئیسلامیی عێراق، کە خۆشیان لە نووسینەوەیدا بەشداریان کردبوو و هەوڵیاندا لە ڕیفراندۆم بۆ پەسەندکردنیشی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ دەنگپێدانی ڕاکێشن. حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بە گوێچکەکانی خۆیان گوێبیستی دەنگی بەرزی نای گەورەی خەڵک بوون بە دژی فیدڕاڵیزم و “دەستوور”ی عێراق و بە ئەنقەست فەرامۆشیان کرد، چونکە لەو کاتەیا لە تەرازووی بەشێک کە لە سەرووی ڕەهاترین خەونەکانیانەوە بە چنگیان هێنابوو ڕازی بوون.

سەرئەنجام دوای ئەوەی کە بەڕەی ساختەبوونی “فیدڕاڵیزم” لە عێراق کەوتە سەر ئاو، دوای ئەوەی کە ڕۆژگاری خێرا گوزەراوی “شەریکبوون لە حاکمییەت” و بەشداربوون لە بردنی دەسەڵات و سامانی کۆمەڵگا بە کۆتایی خەت گەییشت، بینیمان کە هەندێ لە سەرانی حاکم بەسەر کوردستانەوە دواجار ئیعترافیان کرد کە ئیلحاقی ساڵی ٢٠٠٣، لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و دەوڵەتی نەبووی عێراق، “هەڵەیەکی گەورە” بووە. بەڵام هەندێکی تر لەوان، کەسانێ کە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەشداریان کرد و بە شانازییەوە دەنگی بەڵێیان دابوو، دوای هێرشی سوپا و حەشدی شەعبی و هێزەکانی سوپای قودس و حزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر کوردستان، لە ناکاو لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی خۆیان بێ بەری کرد و پەشیمانیان نیشاندا. لەوەش قەبیحتر، کارکردی باڵێک لە یەکێتی نیشتمانی بوو کە زیادەڕۆیی زیاتری کرد و بە ڕەسمی و ئاشکرا لەگەڵ هێزە سەرکوتگەر و ستەمگەرەکاندا پیلانیان گێڕا و دەستیان تێکەڵ کرد و هاوکارییان کرد. لەگەڵ هێزگەلێکا پەیمانی یەکێتیان مۆرکرد، کە هێرشی سەربازییان کردە سەر چەندین ناوچەی فراوانی کوردستانی عێراق، لە خورماتوو و کەرکوک تا خانەقین و شەنگاڵ، تاوانگەلێکیان ئەنجامدا لە ئاستی تاوانی جەنگیدا.

ئەمڕۆ نزیک بە دوو مانگ لە پەلاماری سەربازی ١٦ ئۆکتۆبەری سوپای عێراق و حەشد و سوپای قودس و غەیری ئەوان بۆ سەر خورماتوو و کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە ڕێکەوتنی باڵێکی یەکێتی نیشتمانی دەگوزەرێ. ڕەنگە بتوانرێ بووترێ کە تەجرەبەی خەڵکی ستەمکێشی کوردستان لەگەڵ کارنامەی ئەحزابی حاکم بەسەر ژیانی سیاسییانا لەم دوو مانگەی ڕابردوودا، بە ئاشکرا دەوڵەمەند تر و ئەڵبەتە لە هەمان کاتدا کارەساتبارتر و خەمئەنگێزتر بووە لە تەجرەبەی حاکمییەتی ڕەتکراوەیان لە دوو دەیە و نیوی ڕابردوودا.

خەڵکی هەموو ناوچەکانی کوردستانی عێراق چی لە جوگرافیای هەرێم و چی لە دەرەوەی ئەو بە لێبڕاوییەکی باڵاوە دەنگیان بە سەربەخۆیی داوە و بەو دەنگەشیان لە لایەن خۆیانەوە، دوایین بزماریان داوە لە تابوتی فیدڕاڵیزمی عێراق. لە لایەکی دیکەشەوە عەبادی، پارلەمانی بەغدا و دادگای “ئیتیحادی”ش بە پێداگری فاشیستییان لەسەر “هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم” بەش بە حاڵی خۆیان بە ئاشکرا هاواریان کرد کە فیدڕاڵیزمێک لە کاردا نییە. ئەوان بە تەواوی هێزی سەرکوتی سەربازی و سیاسی و قەزایی خۆیان و پارێزەرانی تاوانکاریان لە جمهوری ئیسلامی ئێران کۆششیان کرد و دەیکەن کە سەرەتایی ترین مافەکانی خەڵکی کوردستان جارێکی تر لەژێر زنجیری تانکەکانیاندا لەناوبەرن. عەبادی سەرەڕای فشارەکانی دەوڵەتانی ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا هێشتا ملی نەداوە بە گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی بەناو ڕەسمی و یاسایی هەرێمی کوردستان. بەڵام دەوڵەتی هەرێم سەرباری “سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم”، بۆ گفتوگۆ لە “چوارچێوەی دەستوری عێراق”دا هەموو ڕۆژێک ئامادەیی خۆی ڕادەگەیەنێ و لەوانەش بە خۆشباوەڕی بە جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور کە لە دە ساڵی ڕابردوودا دەیان جار سەرانی ڕژێمی بەغدا مەرگی ئەویان ڕاگەیاندووە، دەسەودامێنن.

ئاشکرایە کە نە عەبادی، نە پارلەمان و دادگای عێراق ناتوانن ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان “ڕەت” بکەنەوە. دەوڵەتی هەرێمیش هیچ جۆرە حەقانییەتێک و سەلاحییەتێکی نییە بۆ لەبەرچاو نەگرتنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، تەنانەت “سڕکردنی”شی. هەر ئەم تەجرەبە دوو مانگییەی کارنامەی دەوڵەتی عەبادی حوکمێک دەردەکا کە هەر چەشنە سات و سەودایەکی دەوڵەتی هەرێم لەگەڵ ڕژێمی بەغدا کە پێچەوانەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بێ لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە، لە تەنیشت سیاسەتی ئیلحاق و تەسلیمبوونی ساڵی ٢٠٠٣ و لەبەرچاو نەگرتنی دەنگی نەوەد و هەشت و نیو دەر سەدی ڕیفراندۆم، ئەگەر چی نافەرمیش، بەڵام ئێجگار شەفاف و لێبڕاوی ساڵی ٢٠٠٥ دادەنرێ و مۆری بەتاڵ بوونی لێ دەدرێ.

واقعیاتی کۆتایی هاتنی خەتی فیدڕاڵیزمی ساختە لە عێراق، ڕەوایەتی ڕای سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لە ڕیفراندۆمی ٢٥ سێپتێمبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەسەلمێنێ. ڕێگای دەربازبوونی کۆمەڵگای کوردستان لە زەلکاوی گەنیو و ئیسلام لێدراو و کەڵەکەبوو لە ئەنجامی گەندەڵیی فیدڕاڵیزمی عێراق، ڕێگای دەرهێنانی ژیانی سیاسی خەڵکی ستەمکێشی عێراق و ئازادیخوازی کوردستانە لە ژێر دەستی سەرکوتگەریی دوولایەنەی فاشیستەکانی ڕژێمی بەغدا و جمهوری ئیسلامی ئێران و پێداگرتنی قاتعانەیە لەسەر دیفاع لە دەنگی ئەو خەڵکەی دایان بە سەربەخۆیی.

سەرکوت و وەحشیگەری ڕژێمەکانی عێراق و جمهوری ئیسلامی بەرامبەر بە ئیرادەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستانی عێراق مەحکوم بە شکستی حەتمییە.

لایەنی زیاتری ئەم ڕەوەندە لە نووسینەکانی داهاتوودا پەیگیری دەکەین

 

Check Also

وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە سیدنی، ئوسترالیا.  عامر سابیر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *