دزەکان کێن!؟

موحسین کەریم:

١٦/١٢/٢٠١٧

دزەکان لەشەڕی نێوان خۆیاندا دوبارە دەیانەوێ خۆیان وەکو رزگاکەری دزیلێکراوەکان نیشان بدەن و ئەوانیش بەداخەوە بڕوایان پێدەکەن!! تا ئەم خۆشباوەڕیە بمێنێ ئەم سیناریۆ قێزەونە دوبارەو دەبارە و سەدبارە دەبێتەوە!

دەسەڵاتدارانی کوردستان دزن، چونکە قوتی خەڵك دەدزن.. مووچەی موچەخۆران دەدزن.. داهاتی کوردستان دەدزن… بەهەزارو یەك رێگا لەوداهاتەی لە کوردستان دا هەیە بەشی شێر بۆخۆیان دەبەن …… ئەمە لای هەموو کەسێك روونە.

سەرمایەدارانی دەرەوەی پۆستە رەسمیەکانی حکومەت.. دزن.. چونکە شتەکان چەندقات زیاتر لەو پارەیەی پێیان داوە بەخەڵك دەفرۆشنەوە.. گیرفانی خەڵکی رەش و رووت دادەتەکێنن… هەلپەرستانە خۆیان حەشار دەدەن و هەر گرفت و نائارامیەك بێتە پێشەوە بۆ گرانکردنی نرخی کەلوپەلەکانیان سودی لێوەدەگرن…

خاوەن کۆمپانیاکانی گەیاندن نرخی خەیاڵی لە هاوبەشەکان وەردەگرن… بە دەیان رێگا پارە لە خەڵك دەکێشنەوە… خاوەن کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار چاویان لە گیرفانی خەڵكەو بە ریكلامی هاندەرانە دەیانەوێ گرفانیان داچۆڕێنن… و .. لیستێکی درێژ!

ئەمانە ئەو دزانەنن کە ئێستا لەگەڵ یەكتردا شەڕ دەکەن… لەگەڵ دزەکانی دەسەڵاتدا شەڕ دەکەن… بەو خەڵکەی کە هەمویان بەشێوازی خۆیان تاڵانیان دەکەن، دەڵێن: لەگەڵ ئێمەبن ، ئێمە رزگارتان دەکەین لە دزەکانی دیکە کە مووچەکانتان دەخۆن!!!

دز هەردزە… ئەوەی کە بەهۆی دەسەلاتی سیاسیەوە قوتی خەڵك تاڵان دەکات و موچەکەی لووش دەدات… ئەوەی کە بەناوی خەباتی کۆنەوە مووچەی بندیواری دەقاتی مووچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی وەردەگرێ… ئەو خاوەن کۆمپانیا و بازرگانانەش کە ئەو نیوە موچەیەی خەڵك لەرێگای گرانفرۆشی و گرانکردنی نرخی خزمەتگوزاریەکان و ….تاد. لە گیرفانیان دەردەکێشن و ژیانێکی سەختیان بەسەردا داسەپاندون..

کێ دز نیە!؟ ئایا بۆرژواو سەرمایەدارێك هەیە دز نەبێ!؟

لەو دزانەی سەرەوە بگەڕێین کە باسمان کردن… با باس لەو سەرمایەدارە موحتەرەمانە بکەین کە نە دەسەڵاتدارن و قوتی خەڵك دەدزن و نە کاڵاو کەلوپەل و خزمەتگوزرایەکان بە گران دەفرۆشن بەخەڵک! باسی ئەو سەمایەدارانە بکەین کە کاڵاو کەرەستەو پێداویستەکانی کۆمەڵگا بەرهەم دەهێنن!! ئایا ئەمانە پاك و بێگەردن!! ئەمانە دز نین!!!؟؟؟ بە رەنجی شان و بە هەوڵ و زیرەکی خۆیان سامانەکەیان پێکەوە ناوە؟
بێگومان نەخێر… ئەم قسەیە رەنگە بۆ کەسانێك سەیر بێتەبەرچاو کە فکریان لەچوارچێوەی خاوەندارێتی تایبەتدا گیری خواردوەو دنیایەکی دیکە نابینێ.. بەڵام پێموایە بۆ هیچ کرێکارێکی هوشیار یان ئەوەی کەمێك هوشیاری بە ژیان و کارو ماندووبونی خۆی هەبێت و بۆ هیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان سەیر نایەتە بەرچاو…

سەرمایەدار ئەگەر دزی لە کرێکار نەکات ناتوانێ ببێتە سەرمایەدار… ئەگەر بەشێکی بەرهەمی رەنجی کرێکار رۆژانە و هەموو سەعات و دەقیقەو چرکەیەك نەدزێ، نابێتە خاوەنی سەرمایە.. نابێتە خاوەنی یەك دینار!!! نەك ئەو پارەیەی کە رەنگە بە میرات بۆی مابێتەوە بخوات و تەواوبێت، بەڵکو رەنگە نەتوانێ سکی خۆشی تێر بکات!!! ئەمە بۆرژواکانیش دەزانن، بەڵام نایانەوێ دانی پێدا بنێن و رایبگەیەنن.. ئەوانیش دەزانن کە ئامێر و کارگەو بەردوو دارو ئاسن و …تاد. هیچیان پارەی زیادو قازانج بەدەست ناهێنن، بەڵکو چەوساندنەوەی کرێکارو دەست بەسەراگرتنی بەشێك لە بەرهەمی رەنجی ئەوە سەرچاوەی قازانج و داهات و سامانیەتی.. سەرچاوەی خۆشی و رابواردن و ژیانی شاهانەی خۆی و خێزان و مناڵەکانیەتی… بە کورتی جەبانی سەرمایەداری موحتەرەم ئەگەر بەشێك لە بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی کرێکار نەدزێ ناتوانێ بژی!!!

کەواتە بۆرژوازی مووچەدز و گیرفانبڕ و مافیایی و بۆرژوازی موحتەرەمی بەرواڵەت دەستپاك هەمویان دزن.. دەبێ ئەوانەی دزییان لێدەکرێ هەموو دزەکان وەکو خۆیان و بەناو و روخسارو سیمای راستەقینەی خۆیانەوە بناسن!!

Check Also

وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە سیدنی، ئوسترالیا.  عامر سابیر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *