مەلا بەختیار، گەمژەکان شۆک دەکات!!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لە دیمانەیەکدا مەلا بەختیار بەرپرسی پێشووی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەباسی پێگەی یەکێتی نیشتیمانی و هەڵبژاردنەکاندا، دەڵێت:”…یەک کورسی بێنین و ١٠٠ کورسی بێنین، ئێمە یەکێتین…” وە دەڵێت:” هێزێک بیر لەوە بکاتەوە زۆرینەی هێناوە، چەکمان بکات، ئەوە با بیری لێنەکاتەوە…جومگە سەرەکیەکان بەدەست ئێمەوەیە، پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، زانیاری… هێزمان هەیە…”

هیچ لەوە رۆشنتر نییە، کە لە چارەکە سەدەی رابردوودا، دەسەڵات لە کوردستان حزبۆکراتی پشت بەستو بەمیلیشیا بووە، وە بۆیەک سات و رۆژیکیش چییە، دەسەڵاتێکی واقعی یاسایی و پەرلەمانی بوونی نەبووە، حکومەتێک بە مانای واقعی و بە پێناسەی حقوقی کەمافی فەرمانرەوایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ فەرمی ناسرابێت لە ئارادا نەبووە، لە جیگای ئەوە دوو دەسەڵاتی حزبی پشت بەستوو بە میلشیاو  دەزگای جاسوسی و سەرکوت و تاڵانی داهاتی کۆمەڵگە، وە بە خۆبەستنەوە بە سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکاو غەرب و گوێرایەڵی بەوڵاتانی ناوچەکەو ە، خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە… پەرلەمان و حکومەتیش تەنها دوو روخساری بەناو یاسایی وفریوکار بوون، بۆبە یاسایی نیشانادنی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشایی، بەو مانایە قسەکانی مەلا بەختیار پیداگری و دوپاتکردنەوەی راستیەکی ئەزموونکراوی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییە، لە رێگای حزب و میلیشایەوە… ئەوەی کە تازەیە داننانە بە راستیەکەدا، لەدەمی خۆیانەوە…

ئەوەی لەو نیوەدا سەیرە، دانپیانانی مەلا بەختیار نییە، بەراستیەکی بەکردەوە دەرهێنراو ئەزموونکراو، سەیر ئەوەیە هێشتا ریزێکی بەرین لە نووسەر و قەڵەم بەدەست، رۆژنامەنووس و سیاسی و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی! کادر و بەرپرسی حزبە ئۆپۆزیسێۆنەکان!! ە، کە توشی شۆک هاتوون و ئەوە بە بومەلەرزەی سیاسی و  ژیر پێخستنی بنەماو کایەکانی کایەکانی دیموکراسی دەزانن و لێیەوە بەو داهێنانە دەگەن… کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ریز لە دەنگ و  ئاکامی هەڵبژاردنەکان ناگرن و مل کەچی دیموکراسی نابن… چ دنیایەکی سەیرە!! چ دنیایەکی سیاسی وێرانەیە!! چ گەمژەیەکە!! دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بێداربیتەوە و لات وابێت، یەکێتی و پارتی بە هۆی هەڵبژاردنەکان و دەنگ هێنانیانەوە، بکەر و ببر و فەرمان رەوان؟ هیشتا  ئەو ریزو خێڵە بیر قوڵفدراوە، دوای زیاتر لە چارەکەسەدەیەک چاوی بینین و گوێچکەی بیستنیان بۆ ناسینی ماهیەتی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی نییە… هەموو کەسێکی بیر وەگەرخستوو دەزانێت، چ یەکێتی و چ پارتی بۆیە خاوەنی دەسەڵاتن، چونکە پارەو چەک و میلیشیایان هەیە، بۆیە خاوەنی هەژمووندارین لە زۆنی خۆیان، چونکە پارەو چەک و میلیشیایی خۆیان لە زۆنی خۆیان، لەدەستی خۆیان قۆرغ کردووە… باسێک لە دیموکراسی بەهەرە جۆرە بێزراو و بێ ناوەرۆکەکەشەوە لە کوردستاندا نییە… یەکێتی و پارتی یەک کورسیش لەهەڵبژاردنەکاندا نەهێنن لە زۆنی خۆیاندا کەس ناتوانێت دەسەڵاتیان لەدەست دەربهێنێت… وەهیچ کام لە یەکێتی و پارتیش خاوەنی دەسەڵات و بریار لەزۆنی یەکتریدا نین… نەپارتی خاوەنی دەسەڵات و بریارە لە زۆنی سەوز و نە یەکێتی خاوەنی دەسەڵات و بریارە لە زۆنی زەرد، ئەمە کورسیان هەبیت یان نەبێت… تەنانەتە ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی لە هەولێر یان بادیناندا، زۆرینەی کورسیەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بهێنێت، هەر ناتوانێ دەسەڵات و بریار لەدەستی پارتی دەربهێنێت و بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر پارتی لە شاری سلێمانی زۆنی سەوزدا، زۆرینەی کورسیەکانیش بەدەست بهێنێت، ناتوانێت دەسەڵات و بریار لەدەستی یەکێتی دەربهێنێت… ئەوەش ئەو راستیانەمان بۆ دەردەخات، کە یەکەم: لەکوردستاندا، هیچ حکومەت و پەرلەمانێکی خاوەن ماف و دەسەڵاتی حقوقی یاسایی و بوونی نییە، حکومەت و پەرلەمان موچەخۆری حزبن، بۆ رەوایەتی دان بەدەسەڵاتی میلیشیایی و حزبی. دووەم: هیشتا کوردستان دوو ئیدارە و دوو زۆنی ژێر سایەی دوو دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتییە… سێهەم: هەرکام لەو دوو حزبە، خاوەنی دەسەڵاتی سەرەکین لە زۆنی خۆیان، لەدەرەوەی زۆنی خۆیان خاوەنی دەسەڵات و بریاری سەرەکی نین، چوارەم: چ پارتی و چ یەکێتی لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە دەسەڵاتیان لەدەست دەرناهێنرێت و نە لەئاستی کوردستان و نەلەئاستی زۆنەکاندا.

لە کۆتاییدا ماوە بلێم، ئەو دانپیانانەی مەلا بەختیار داننانە بە راستیەکی ئەزموونکراو، جیگای رامان و راچەنین نییە، ئەوەی جیگای رامان و سەرنجە، شۆک بوونی ئەو خێڵە لە نوسەرو رۆشنبیر!! و نوخبە سیاسییە، کەدوای چارەکە سەدەیەک بە وتنی راستیەکی بە کردەوە ئەزمونکراو توشی رامان و راچەنین و شۆک هاتوون…

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/١/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *