تڕەمپ لە ساڵی یەکەمی دەسەڵاتیدا، هەلومەرجی کارو ئەمنیەتی کرێکارانی بەرەو خراپتر بردووە.  

ئامادەکردنی / شوان عەزیز

Kenneth Quinnell  January 18, 2018    

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، وا ساڵێکی تەواوی بەسەربرد وەکو سەرۆک لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

تڕەمپ لەماوەی ئەوساڵەیدا لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرباری بەڵێنەکانی؛ کە وەک هاوڕێ و هاوکاری کرێکاران خۆی وێنا دەکرد، بەڵام لەو ساڵەیدا زیاتر شوێنی کارو ئەمنیەتی بۆ کرێکاران نا ئامنتر و بەرەو ترسناکتر برد.

پێگ سێمیناریۆ، بەرێوەبەری بەشی تەندروستی و سەلامەتی لە(ئەی ئێف ئێڵ سی ئای ئؤ) بەم شێوەیەی خوارەوە باس لە کارەکانی تڕەمپ دەکات لە ماوەی ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیدا. شایانی باسە تەواوی ئەو کارانەشی بە زەرەری کرێکاران بوون.

پێگ دەڵێت:” ئیدارەی تڕەمپ لەگەڵ ڕابەرانی پارتی کۆماری و هاوپەیمانەکانیان بەیەکەوە شەڕیان ڕاگەیاند لە دژی یاساکانی پاراستنی کرێکاران، و خەڵک و کرێکارانیان خستە حاڵەتێکی نا ئەمنیەوە. تڕەمپ بووە هۆی کە سەلامەتی و تەندروستی کرێکاران بکەوێتە بەر هەڕەشە، هەقدەست و دڵنیایی باری دارایی کرێکاران هەمووی بکەوێتە بەر هەڕەشەی نەمان”.شایانی باسە کە ئەو یاسای کارانەی، کە ترەمپ پشگیریان دەکات یا پێشنیاریان دەکات کارکردی خراپیان لە سەربوون و نەبوونی کار نییە، بەڵکو کارکردی زۆر خراپیان لەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران هەیە.

کارەکانی تڕەمپ لە دژی کرێکاران:

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردویدا تڕەمپ ئەم کارانەی خوارەوەی خستە ناو دۆسیەی کارکردنی لە دژی کرێکاران وەک سەرۆکی ئەمەریکا:

١/یاسای  پیشەیی سەلامەتی، و یاسای ئیدارەی تەندروستی کرێکارانی هەڵوەشاندەوە. بە پێی ئەو یاسایە دەبوایە خاوەنکاران تۆماری دروست و تەواوی کرێکاران بپارێزن کاتێک توشی ڕووداوێک دەبن لەسەر کار.

٢/ یاسای پێدانی هەقدەستی باش و گونجاو؛ هەروەها سەلامەتی شوێنی کار؛ بۆئەوەی بەڵێندەران و خاوەن کاران پەیڕەوی لێ بکەن، هەڵیوەشاندەوە. بە پێی ئەو یاسایە دەبوایە تەواوی خاوەن کارو بەڵێندەران، لەژێر یاسای کارو سەلامەتی فیدڕاڵیدا کاریان بکردایە.

٣/.فەرمانگەو هۆبەی یاساکانی کاری هەڵوەشاندەوە. ئەو فەرماگەیە کاری ئەوە بوو کە زانیاری دەدا بە دەوڵەت و حکومەتە ناوخۆییەکانی ناو ئەمەریکا، بۆئەوەی بەرنامەی پاشەکەوتی ئارەزوومەندانەیان هەبێت بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت.

٤/ فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە ١٣٧٧١ی دەرکرد، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێویستی بە بوونی دوو کەس هەبوو بۆ پشگیری لە کرێکارێکی تازە کە دادەمەزرێت.

 فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە ١٣٧٧٧ ی دەرکرد، کە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات، بۆئەوەی ئەو یاسایانە دەستنیشان بکەن کە دەبنە هۆی بارگرانی بەسەر کارگە پیشەسازیەکانەوە، ئینجا یا هەمواریان بکەنەوە یا هەڵیان وەشێننەوە بە یەکجاری.

٥/کشانەوە لە یاسای تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی، کە ڕێگای بە کرێکاران دەدا نوێنەری خۆیان دیاری بکەن، تا بتوانن هاتوچۆ بکەن لەو شوێنانەی کە هیچ سەندیکاییەکی تێدا نییە.

٦/ پوچەڵکردنەوەی دەیان بڕیار لە یاسای ئیدارەی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی، هەروەها سەلامەتی و تەندروستی لە یاسای ئیدارەی کانەکاندا. لە ناویاندا یاسای ماددەکانی قابیل بە تەقینەوە، ماددە توێنەرەوەکان، دەنگ و ژاوەژاو لە کاری تەعمیرات، یاسای کرێکارانی پەنابەرو بیانی کە لە کانەکانی خەڵوزدا کاردەکەن. شایانی باسە بە کشانەوە لەو یاسایە، ئیتر کرێکاران بێ بوونی یاسایەک کە بیان پارێزێت، دەکەونە مەیدانی کارکردنەوە.

٧/ کشاندنەوەی یاسای کرێ و ڕێنمایی لە دابەشکردنی سەعات کار، و چۆنیەتی چەسپاندنی لەسەر بەڵێندەرە سەربەخۆکاندا. شایانی باسە کە  ئەم یاسایە بۆئەوە بوو، کە دڵنیایی هەبێ کە کرێکاران دەتوانن سوود لە یاسای پاراستنی کار ببینن، و خاوەن کارەکانیش نەتوانن کرێکاران بە شێوەی نایاسایی بەکاربهێنن.

٨/ لە پێشنیارکردنی بودجەی ساڵی ٢٠١٨دا کورتهێنانێکی گەورە دەخاتە بودجەی وەزارەتی کارەوە. لە ٢١٪ ی بودجەی  بەرنامەی مەشق و ڕاهێنانی کرێکاران لەسەر سەلامەتی و تەندروستی کەم دەکاتەوە. بۆ نموونە بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار کاری کردە سەر بودجەی توێژینەوەی سەلامەتی کار، و نزیکەی ١٧ ملیۆن دۆلاریش لە بودجەی دەستەی پەیوەندیە نیشتیمانیەکانی کار کەم کرایەوە.

٩/ دادگای فیدڕاڵی ئەمەریکا،  بڕیارێکی لقی کاری لە ٢٠١٦دا پوچەڵکردەوە کە تایبەت بوو بە ئەپدەیت و فراوانکردنی یاسای زێدەکاری، و یاسای پاراستنی ژمارەیەکی زۆری کرێکاران کە دەگەیشتە ٤.٢ ملیۆن کرێکار لە ٣١ئۆگەستی ٢٠١٧دا. ئێستاش ڕوون نییە ئاخۆ لقی کار بە تەمایە ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی ڕەت بکاتەوە؟.

١٠/فەرمانی ئیدارەی تڕەمپ بە ژمارە ١٣٧٧٢ کە داوا دەکات بە پێداچوونەوە بە بواری داراییدا. هۆبەی کار پێشنیاری هەیە کە وەڵامی ئەو بڕیارە دوابخات تا دەوروبەری ١ی تەموزی ٢٠١٩. هۆبەی کار ئێستا سەرقاڵی ئەو بڕیارەی تڕەمپە، و دەیەوێت دڵنیا بێت لە ڕووی یاساییەوە ئاخۆ پێویست دەکات پێداچوونەوەی پێدا بکرێت یان نا؟

١١/ دادگای فیدڕاڵی ئەمەریکا فەرمانێکی دەرکرد لە دژی  یاساکانی هۆبەی کار. هۆبەی کار پێشنیاری کرد کە بەرپەرچی فەرمانەکان دەداتەوە، و کۆتا بەرپەرچدانەوەش لەم زوانەدا دەبێت. ئەو فەرمانانە بۆئەوە دراون کە ڕوونی هەبێت لە سەندیکاکانی بواری پیشەسازیدا.

١٢/ تڕەمپ ستانداردی تازەی ئیدارەدانی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی بۆ مادەی بێریلیۆم دواخست بۆ ماوەی دوومانگ. گرووپەکانی پیشەسازی داوایان لە ئیدارەی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی کرد، بۆ هێشتنەوەی ئەو فەرمانە لە بواری تەعمیرات و پیشەسازی گشتی و بواری دەریاییدا. هەروەها جارێکی تر هەڵدانەوەی دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوە. هەروەها تڕەمپ پێشنیاری لاوازکردنی فەرمانی بەکارهێنانی بێریلیۆمی کرد لە بواری تەعمیڕات و دەریایییدا.( بێریلیۆم مادەیەکی سەرەتاییە و پێی دەگوترێت ئەتۆمی ژمارە چوار). ئەوەشی بەوە دەست پێکرد کە یاسای هاوکاری لەوبوارانەدا پوچەڵ بکاتەوە.

١٣/ ترەمپ بووە هۆی دواخستنی ستانداردی سلیکایی لە بواری تەعمیڕاتدا بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ تا ٢٣ سێپتەمبەری ٢٠١٧، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە کرێکاران لەو بوارەدا تووشی هەڵمژینی تۆزوخۆڵێکی زۆر ببن، ئەوەش مردنی ١٦٠ کرێکاری لێکەوتەوە. تڕەمپ جارێکی تریش ئەو یاسایەی بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژی تر دواخست.

١٤/یاسای تاقیکردنەوەی کانەکانی ئاسن و غەیرە ئاسنی دواخست لە ٢٣ی مەی ٢٠١٧ وە بۆ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧. دوبارە درێژی کردەوە بۆ جاری دووەم بۆ٢ی ئازاری  ٢٠١٨. ئەو دوبارە پێشنیاری لاوازکردنی یاساکەی کرد بەوەی، کە کانەکان پێش دەست پێکردنی کار تێیاندا تاقی نەکرێنەوە،  بەڵکو کاتێک کار تێیاندا دەستی پێکرد ئەو کارە بکرێت. ئەمەش کرێکاران دەخاتە بەر هەڕەشەی ترسناکی کتوپڕو لە ناکاو.

١٥/ تڕەمپ بووە هۆی دواخستنی دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ناردنی پوختەی زانیاری لەسەر کرێکاری بریندار، بۆ ئیدارەی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی لە ١ی تەمووزی  ٢٠١٧ وە بۆ ١ی دێسەمبەری  ٢٠١٧. ئەمەش دیسان لە بەرژەوەندی کرێکاراندا نەبووە.

١٦ تڕەمپ، بووە هۆی دواخستنی دیاریکردنی ڕۆژێکی کاریگەر بۆ دەزگای پاراستنی ژینگە، بۆ بەبەڕێوەبردنی پڕۆگرامێک بۆ دورخستنەوەی ڕووداوەکانی پەیوەست بە مادە کیمیاویەکان . بۆیە تڕەمپ بەم فەرمانەی، دەربارەی ئەم پڕۆگرامە کرێکاران و خەڵکی بەگشتی تووشی مەترسی کرد.

١٧/تڕەمپ هات ئەندرو پوزدەری دیاری کرد وەک سکرتێری کرێکاران. ئەو پیاوە بەڕێوەبەری تەواوی چێشتخانەکانی خۆراکە خێراکانە (فاست فوود). بۆیە سکاڵایەکی زۆر لەسەر ئەندروبەرز کرایەوە، کە سەلماندیان ئەو زۆر توندوتیژی بەکارهێناوە لە دژی کرێکاراندا. بۆیە نوێنەرایەتی کرێکارانی لێ سەندرایەوە.

١٨/دیسان تڕەمپ هات کەسێکی تری بەناوی دەیڤید زەیتزالۆ دانا وەک سکرتێری یاریدەر بۆ ئیدارەی سەلامەتی و تەندروستی کانەکان. ئەو پیاوەش بەڕێوەبەری گشتی کانەکانی خەڵووز بوو پێشتر. وە کۆمپانیای ئەو پیاوەش مێژوویەکی دیاری لە تووندوتیژی هەیە لەبەرامبەر کرێکاراندا.

١٩/ تڕەمپ هات، تەواوی نوێنەرانی بەشی کاری لەو کەسانە دیاری کرد کە پێشتر مێژوویەکیان هەبوو لە دژی کرێکارو مافەکانیان. بۆیە هیچ کام لەو بەرپرس و نوێنەرانە شتێکیان نەکردووە کە بەڕاستی لەبەرژەوەندی کرێکاراندا بێت.

ترەمپ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا، هیچ کارێکی نەکردووە لەبەرژەوەندی کرێکاراندا، هیچ یاسایەکیشی دەرنەکردووە لەبەرژەوەندی کرێکاراندا بووبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هاتووە، زۆر لەو یاسایانەشی پوچەڵ کردۆتەوە کە سوودێکیان بۆ کرێکاران تێدا بووە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا تڕەمپ بەم شێوە مامەڵەیە لەگەڵ کرێکاراندا، دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئەمەریکا بەهێزترو گەورەتر دەکات؟ ئەمە ساڵی یەکەمی بوو. با بزانین ساڵی دووەمی چۆن دەبێت؟

سەرچاوە/https://aflcio.org/2018/1/18/donald-trump-year-making-workplaces-more-dangerous

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢١، بەرواری ١/٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە

 

 

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *