گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ مریەم عبدولڕەحمان

هەڵسوڕاوان لەبارەی پرسی ژنەوە دەدوێن

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ مریەم عبدولڕەحمان

 بۆپێشەوە: سەرباری پێشکەوتنی کۆمەڵگە و چوونە سەری ئاستی چاوەڕوانیەکانی تاک و کۆمەڵگە، کەچی توندوتیژی لە دژی ژنان، نەک کەم ناکات، بەڵکە دەتوانین بڵێین زیادی کردووە. هۆکاری ئەمە چیە؟

مریەم عبدولرەحمان: پێوانەی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و ڕادەی بەرزبوونەوەی ئاستی ژیانی هەموو کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بەڕاددەی دابینکردن و پاراستنی مافەکانی ژنان. تەنها سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتەکان دەتوانن بەر بە  توندوتیژی بەرامبەر ژنان بگرن.

سیستەمی سەرمایەداری بنەما ئایینی و کەلتووری دواکەوتووانە و ناسیۆنالیستی لەخۆ دەگرێت، کە سەرچاوەیەکن بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان، وە پشتدەبەستێ بەیاسایەک کە بنەماکەی ئەو بیروبۆچوونە دواکەوتووانەن.

تاوەکو ئێستا لە هەموو وڵاتانی جیهان توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامە. لەهەر وڵاتە بەجۆرێک و لە ئاستێک مافی ژنان پێشێل دەکرێت. بە نموونە لە وڵاتە بەناو پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا، تاوەکو ئێستا جیاوازی دەبینرێت لە کرێی ژنان و پیاواندا لە بەرامبەر کاری یەکسان. لە شوێنی کار بەردەوام ژن بەرەوڕووی توندوتیژی دەبێتەوە و بەردەوام هەست بەئەرکێکی زیاتر دەکات. لەسیستەمی سەرمایەداری ئەو وڵاتانە بەردەوام ژنان تووشی تووندوتیژی لە جۆری تووندوتیژی سێکسی و توندوتیژی سوکایەتی لەکاتی قسە کردندا دەبنەوە. لە وڵاتانی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەتایبەت بەحوکمی باڵادەستی ئایین لەناوچەکەدا، کە لەپرسیاری دووەمدا دەچمە سەر ڕۆشنکردنەوەکەی، بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو و ڕۆژانە ژنان دەبنە قوربانی ئەم یاسایانە. لە کوردستانیشدا ساڵ بە ساڵ ڕێژەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی تا دەگات بە کوشتن زیاتر دەبێت لەژێر دەسەڵاتی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی و هێزە ئیسلامیەکانەوە، کە بە درێژایی ٢٧ ساڵی حوکمڕانیان، کە هەرخۆی هیچ یاسایەک پەیڕەو ناکرێ بەگشتی و بەتایبەتیش یاسای پاراستنی مافی ژنان پەیڕەو ناکرێت. زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر ژنان هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی شەڕو نائارامی و ناجێگیری لەناوچەکە، کە ژنان و منداڵان  قوربانی یەکەمن لە شەڕەکان. بۆ نموونە لەکاتی داگیرکردنی شەنگال ژنان بەرەنگاری زۆرترین توندوتیژی بوونەوە، لە دەستدرێژیکردنی جنسی. جگە لەوەی بوونی شەڕ لە هەر ناوچەیەک کەقەیرانی ئابووری بەدوای خۆیدا دێنێ ژنان دوبارە زەرەمەندی یەکەم دەبن، بەحوکمی زیادبوونی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و کێشەی خێزان. لە ئەنجامی ئەو توندوتیژیانە لە هەموو وڵاتانی جیهان ژنان لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. ئەوەش هەنگاوێکە بۆ وەستانەوەی ژنان بەرامبەر توندوتیژی و خۆڕێکخستنی ڕیزەکانیان.

بۆپێشەوە: حزب و رێکخراوە ئیسلامیەکان وئایین بەگشتی، چ کاریگەرییەکی لەسەر ژنان و مافەکانیان هەیە؟

مریەم عبدالرحمان: ئەگەر سەرنجێک بەمێژووی ئایین بەگشتیدا بخشێنینەوە، زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت کە ئایین بۆچی دامەزراوە و دروستکراوە. ئایین کاری بنەڕەتی ڕێکخۆشکردن و ئاسانکاریی بووە بۆ دەسەڵاتداران بۆئەوەی هەرچی ئاسانتر خەڵک دەستەمۆ و گوێڕایەڵ بکەن بۆدەسەڵات. حیزب و ڕێکخراوەکانیش بەتایبەت لە ئێستادا وەک ئامرازێک هەمان کاردەکەن. ئەوەی سەرەوە بۆ کۆمەڵگە بەگشتی ڕاستە. بەڵام سەبارەت بە ژنان و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش ئەوە تایبەتیترە و زیاتر کاری کردوە بەدڵنیایەوە بەلایەنە سلبیەکەی. من دەمەوێت تیشک زیاتر بخەمە سەر ئایینی ئیسلام چونکە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە، ئیسلام بۆتە بەشێک لە کەلتووری باوی دەسەڵات و کۆمەڵگە. دەسەڵاتداران لەڕێگەی دەستور ویاسا و ڕێسایەک کە بنەما سەرەکی بڕگەکانی لەسەر سەوابتی ئیسلام داڕێژراوە. سەوابتی ئیسلامیش جگە لە بێمافی و بێبەشکردن و سەرکوتی ژنان، هیچی دیکەی تێدا نییە. بەنموونە؛ چاوێک بەکاری ئەو ڕێکخراو و حیزبە ئیسلامی و بانگخوازەکانیدا بگێڕین لە کوردستان و و عێراق و وڵاتە ئیسلامی و عەرەبیەکان، دەبینین؛

  • ژنان بەکەم عەقڵ و پلە دووی کۆمەڵگە ئەژمار دەکرێن!
  • لە یاساکانی باری کەسێتی( احوال الشخصیة) دەبینین (ڕێگەی پیاوان دەدات کە ٤ ژنیان هەبێت، مافی جیابوونەوە و تەڵاق دەدا بەپیاوان، بەتەنیا چوونە دەرەوەی ژنان بەبێ وەلی ئەمر لەژن دەسەننەوە، تەنانەت لە عەرەبستانی سعودی لە ساڵی پارەوە ڕێگا دراوە بەژنان شوفێری بکەن، لێدان و سوکایەتی پێکردن بەژن، مافی سەرپەرشتی منداڵ دوای جیابوونەوەی لێ سەندراوەتەوە، لەئێرانی جمهوری ئیسلامی حیجابی ئیجباری سەپێندراوە…هتد).
  • بەستنەوەی شەرەف و کەرامەتی خێزان و خێڵ و عەشیرەت بە ئەندامی سێکسی ژنەوە!
  • پەرلەمانی عێراق ساڵی پار یاسای بەشودانی کچی ٩ساڵەی پەسەند کرد!
  • هەموو جۆرەکانی توندوتیژی تاڕادەی کوشتن لە بەرامبەر ژنان لەژێر پاساوی پاراستنی شەرەف!

ئەمانەی سەرەوە بەشێکن لەو مەینەت و بێمافیەی ژنان کە ئایینی بەگشتی و ئیسلام لەڕێگەی مزگەوت و مەلاو بانگخواز و ئەزهەر و حیزب و ڕێکخراوەکانی خوشکانی موسوڵمان و خانمان… بەدیاری بۆژنانیان هێناوە. ئەگەر لەو نموونە کورتانەوە بڕوانینە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و کەسایەتی ژنان، دیارە لەو بێمافی و دواکەوتووییەی کەبەسەر ژنانیان هێناوە زیاتر چاوەڕوان ناکرێت. لەکاتێکدا” پێوانەی پێشکەوتنی هەرکۆمەڵگەیەک، پەیوەستە بەئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و جێگەوڕێگەی ژنان لەبەرهەم هێنانی ئەو کۆمەڵگەیەدا”.

بۆیە بەڕای من دەبێ دەستی ئایین کۆتا بکرێت لەبەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. هەربۆیە دەبێ ژنان بەهاوپشتی و هاوئاهەنگی لەگەڵ پیاوانی پێشکەوتنخواز شیعاری” جیایی دین لە دام و دەزگای دەوڵەت” بەرز بکەنەوە و بۆی تێکۆشن. بۆئەوەی ئایین لە خوێندن و پەروەردە و سەرجەم فەرمانگەکان و شوێنە گشتیەکان نەخوێندرێت و پیادە نەکرێت. ئایین ببێتە کارێکی شەخسی و بچێتەوە حوجرەی مزگەوتەکان. هەروەها دەسەڵاتیش لە مەلا و شێخ و پیاوی ئایینی بسەندرێتەوە. دەستور و یاساکانش بەتەواوی لە کاریگەری ئایین پاکبکرێنەوە.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *