هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

پەرستاران و برینپێچانی زیمبابۆی دەست دەدەنە مانگرتن و حکومەتی ئەو وڵاتەش ١٦هەزار پەرستاری لە سەر کار لادا.!!

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە حکومەتی زیمبابۆی بە بەهانەی بەشداریکردن لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکاندا، دەستی کرد بە دەرکردنی ١٦ هەزار پەرستار لەسەر کارەکانیان. لەو بارەشەوە پەرستاران پێیان وایە ئەم هەنگاوە نا دیموکراتیەی حکومەت بۆئەوەیە فشار بخاتە سەر پەرستاران و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و دەست بەرداری مانگرتن بن لەسەر مافەکانیان.

بۆیە پەرستاران لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە دژە دیموکڕاتیەی حکومەتی زیمبابۆی هاتنە دەنگ و ڕایان گەیاند کە ئەوان گوێ بە بانگەوازو بڕیاری حکومەت نادەن و بەردەوام دەبن لە مانگرتن. هەر لەو بارەوە ئەم کارەی حکومەتیان ئیدانە کرد و ڕەتیان کردەوە کە بەو جۆرە فشارانە بچنەوە سەر کار.

جێگەی باسە کە ئەو بڕیارەی حکومەت لەسەر داخوازی جێگری سەرۆکی حکومەتی ئەو وڵاتە بە ناوی “کۆنستانتینۆ شیوێنگا” بووە. ئەو پیاوە لە ساڵی ٢٠١٧ وە بۆتە جێگری حکومەت و پێشتر جەنەڕاڵێکی نێو بەشی سوپا بووە و  خانەنشینیش بوە.

لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی حکومەتدا کۆمەڵەی پەرستارانی زیمبابۆی بە ناوی” ZINA،زینا ” کە بەشێکە لە ڕێکخراوی” پی ئێس ئای” ڕایگەیاند کە ئەوان ئەو بڕیارەی حکومەت ڕەت دەکەنەوە و هەموو ڕێکارێکی یاساییش دەگرنەبەر بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو بڕیارە،  ئەو دۆسیەیەش دەبەنە  دادگای گشتی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان. ئەوەی کە پەرستاران داوای دەکەن و لە پێناویدا هاتووونەتە سەر شەقام و مانگرتنیان لە پێناویدا ڕاگەیاندووە، بریتیە لە باشترکردنی کرێی کار و باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی.لە بارەی گەیشتنی فەرمانی ڕەسمی دەرکردنی پەرستارانیش سەرۆکی زینا وتی هێشتا نامەی دەرکردن بەڕەسمی نەگەییشتۆتە دەستیان. هەروەها وتی حکومەت بەشێوەیەکی زۆر خراپ و نادیموکراتیانە هەنگاوی ناوە لە بەرامبەر پەرستارانێک کە داوای مافی خۆیان دەکەن.هەر بۆیەش ڕێکخراوی جیهانی پی ئێس ئای پشگیری ڕاستەوخۆی خۆیان ڕاگەیاند بۆ پەرستارانی زیمبابۆی و پشتگیری داخوازیەکانیان دەکەن.

فلیپین و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی سیاسی و ڕێکخراوەیی!!

حکومەتی فلیپین ڕێگا نادات نوێنەرو ڕابەری ڕێکخراوە پیشەییەکان بچنە ناو فلیپینەوە.!

“BWI ،بی دەبلیو ئای” ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کرێکارانی بەشی بیناسازی و دارە. ئەو ڕێکخراوە ئیدانەی ئۆفیسی کۆچبەرانی وڵاتی فلیپین دەکات کە ڕێگەی نەدا دوکتۆر ڕاجیو شەرمە بچێتە ناو وڵاتی فلیپینەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی ئەو ڕێکخراوە. ڕاجیو کە بەرپرسی سیاسەتی ئاسیا-پاسیفیکی ئەوڕێکخراوە بوو. لە  ١٥ی مانگی نیسانی ئەمساڵدا ویستی سەردانی فلیپین بکات، بەڵام نووسینگەی کۆچبەرانی وڵاتی فلیپین ڕێگای بە ناوبراو نەدا بچێتە ناو فلیپینەوە.

 

کاری دوکتۆر ڕاجیو ئەوە بوو؛ کە بچێت ۆڕکشۆپێک لە شاری مانیلای پایتەختی فلیپین بکاتەوە بۆ پەرەپێدانی کاری گونجاو و شیاو لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئەی دی بی”،بانکی گەشەپێدانی ئاسیا”دا . ناوبراو لەبەرئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ دا بەشداری کۆبوونەوەیەکی کردبوو لە شاری مانیلا، لەبەر ئەو هۆیە خرابووە لیستی ڕەشەوە. بۆیە تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٤ دا ناوبراو ویستی سەردانی فلیپین بکات بەڵام ئەو ساڵەش ڕێگای پێنەدرا.

ڕێکخراوی “بی دەبلیو ئای” نامەی ئەستۆپاکی ناوبراوی ئاراستەی نووسینگەی کۆچبەرانی فلیپین کردبوو، بەڵام هێشتا ئەوە بەس نەبووە تا ڕێگا بە ناوبراو بدرێت بچێتە ناو ئەو وڵاتەوە. بۆیە لە زۆر لاوە لەلایەن ڕێکخراوە پیشەییەکانەوە هەوڵی ئەوە دراوە کە ناوبراو لە لیستی ڕەش دەربهێنڕێت کە لەلایەن حکومەتی فلیپینەوە بەسەریاندا سەپاوە.

شایانی باسە، هەر هەمان ڕۆژ کە دوکتۆر ڕاجیو ڕێگای لێگیرا بچێتە ناو فلیپینەوە، لەولاشەوە لە فڕۆکەخانی شاری سێبو لە فلیپین گیاکۆمۆ فیلیبەک دیپۆرت کرایەوە و وەدەرنرا لە فلیپین. ناوبراو جێگری پارتی سۆسیالیستەکانی ئەوروپا بوو. ئەو بۆیە سەفەری کردبوو بۆ فلیپین تا بەشداری کۆنگرەی ئەکابایان بکات. ئەرکی ناوبراو ئەوە بووە تا ڕێگای دروستی دادپەروەری بۆ کوژراوانی فلیپین بدۆزێتەوە.

“بی دەبلیو ئای” خەمی ئەوەیانە کە ئێستا حکومەتی فلیپین ڕێگە نادات ڕێکخراوێک پێبنێتە ناو وڵاتەکەیان، نەوە کە لە ڕووی نێونەتەوەییەوە مافی ئازادی سەفەری هەیە و بۆ کارێکی ئاشتیانە سەردانی وڵاتی فلیپین دەکات. سەردانەکەی ئەوان هەر لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین  بۆ دیفاع لە ئازادی و مافی مڕۆڤە.

لەو بارەوە ڕێکخراوی  بی دەبلیو ئای داوا لە سەرۆکی فلیپین دەکات کە بە سیاسەتەکانی نووسینگەی کۆچبەرانی فلیپین دا بچێتەوە، و  نوێنەرانی ڕێکخراوە پیشەییەکان لە لیستی ڕەش دەربهێنن و بۆیان هەبێت سەفەری وڵاتی فلیپین بکەن لە چوارچێوەی ئازادی سەفەر و هات و چۆ بۆ نوێنەرانی رێکخراوەکان .

 

 

پاڵپشتی یەکیەتی نێونەتەوەیی سەندیکاکان بۆ سەربەخۆبوونی  یەکیتییە پیشەییەکانی وڵاتی بیلاڕوس .!

نوێنەرایەتی نێونەتەوەیی بۆ نوێنەرانی یەکێتیەکانی کرێکارانی بەشی خۆراک”ئای یو ئێف”، پیشەسازی و” پی ئێس ئای، و ئای تی یو سی” خۆپیشاندانێکیان بەڕێخست. ئامانجی ئەو خۆپیشاندانە بۆ پاڵپشتی بوو بۆ سەربەخۆبوونی بزووتنوەی یەکێتیە پیشەییەکانی وڵاتی بیلاڕوس.جێگەی باسە کە حکومەتی بیلاڕوس بەردەوامە لە تەنگ پێهەڵچنین و جارسکردنی هەموو ئەو یەکێتی و سەندیکایانەی کە سەربەخۆن و ڕاستەوخۆ سەر بە کرێکارانن و لە ژێر کۆنتڕۆڵ و فەرمانی حکومەتدا نین. هەر لەو ماوەیەدا حکومەت لەژێر ناوی لێکؤڵینەوە لە تاوانباران دەستی داوەتە بانگکردن و جارسکردنی ڕابەرانی یەکێتیە کرێکاری و بزوتنەوەی سەربەخۆی کرێکاران. بۆ نموونە؛ دوو ڕابەری دیاری کرێکارانی بەشی کارەبا بانگ کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.  ئەو دوو ڕابەرە دیارە و سەندیکاکانیان نزیکایەتیان هەبووە لەگەڵ کۆنگرەی یەکێتیە پیشەییە دیموکڕاتیەکان. هەر ئەوانیش بوون کە خۆپیشاندانی گەورەیان ساڵی پار ڕێکخست لەدژی بڕیاری سەرۆکایەتی بیلاڕوس بۆ سەپاندنی باج تەنانەت بەسەر خەڵکی بێکاریشدا. یەکەمین کاری نادیموکڕاتیانەی حکومەتی بیلاڕوسیش ساڵی ٢٠٠٤ ئەوە بوو، کە نوێنەرایەتی سەندیکایەکی بەشی خۆراکیان گۆڕی، لە شوێنیدا کەسانی سەربە دەزگا ڕەسمیەکانی دەوڵەتیان دانا.

هەروەها جێگەی باسە کە زۆرێک لە سەندیکاو ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران وا خەریکی یەکگرتنن ، وا  پێ دەچێت کە نزیک دەبنەوە لە سەندیکای گەورە لە ژێر ناوی ڕێکخراوی فرە پیشەسازیەوە. ئەو سەندیکا گەورەش بەشێک دەبێت لە ڕێکخراوی ئای یو ئێف” یەکێتی خۆراکی جیهانی.

خەڵاتی نێونەتەوەیی ئاڕثەر سێڤنسن بۆ ساڵی ٢٠١٨ دەدرێتە ڕابەری سەندیکایەکی سەربەخۆی پیشەیی لە کازاخستان.!

لاریسە خەرکۆڤە، سەرۆکی بزوتنەوەی سەندیکای پیشەیی سەربەخۆ( KNPRKکەی ئێن پی ئاڕ کەی) لە وڵاتی کازاخستان، خەڵاتی ساڵی ٢٠١٨ی The Arthur Svensson International Prize “ ئاڕثەر ستیڤنسن” ی پێدرا. ئەو سەندیکا سەربەخۆیە نوێنەرایەتی دەکرێت لەلایەن لاریسە خەرکۆڤە، نوربەگ کوشاکباییڤ، وە ئەمین عەلی سینۆڤ وە.

ئەو خەڵاتە تایبەت بوو بە مافەکانی سەندیکا پیشەییەکان.

جێگەی باسە کە نوێنەران و ڕابەرانی ڕێکخراو و سەندیکا کرێکاری و پیشەییە سەربەخۆکان، چەندین ساڵە ڕووبەڕووی سەرکوت و بێدەنگکردن دەبنەوە لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتدارانەوە لە وڵاتی کازاخستان. ئەو سەرکوتەش لەبەرامبەریاندا هەر لەبەرئەوە بووە کە ئەو ڕابەرانە کاری جدیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کارگەرو چینی کرێکار. بۆیە کە تا ئەوڕۆش دوو لەو ڕابەرانە بە ناوی نوربەگ و ئەمین عەلی سینۆڤ هەر لەزینداندان. هەروەها لاریسە خەرکۆڤەش لەژێر دەیان کۆت و بەندی یاسایی حکومەتدا ژیان بەسەر دەبات. هەر لەو بارەوە دادگای نیشتیمانی سزای دارایشی سەپاندووە بەسەر ٣ لەو ڕابەرانەدا کە زۆر قورسە بتوانن بیدەن..

فرۆد ئالفهەین، بەرپرسی پێدانی ئەو خەڵاتە بە لاریسە خەرکۆڤە، ڕایگەیاند کە ئەوان دەستەوەستان دانانیشن، لە کاتێکدا هاوڕێکانیان لەسەر داواکاری چینی کارگەردا دەخرێنە زیندانەکانەوە یاخود سزای دارایی دەسەپێنرێت بەسەریاندا. هەروەها وتی کە ئەوان داوا لە حکومەت دەکەن کە ڕێز لە پێکهێنانی ڕێکخراوە و سەندیکای سەربەخۆ بگرن.

سزادان و خستنە زیندانی ڕابەران و نوێنەرانی ڕێکخراوەو سەندیکای سەربەخۆی کرێکاری دەبێت لەسەرتاسەری جیهاندا ئیدانە بکرێت!

حکومەتی کازاخستان هیچ ڕێزێک لەو سەندیکا و یەکێتیە سەربەخۆیانە ناگرێت و هەمیشە دەیان خاتە ژێر فشارەوە. بە شێوەیەکی زۆر بێبەزەییانە و دڕندانە سەرکوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دەکات. بۆ نموونە؛ لەساڵی ٢٠١١ دا کاتێک کە کرێکارانی شاری نەوتی ژانەۆزێن مانیان گرت و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، حکومەت لەڕێگەی هێزەکانی پاراستنی یاساوە تەقەی لێکردن و ١٤ کەسیان لە مانگرتووەکان کوشت.

دیسان جێگەی باسە کە سەرباری ئەو پێشێلکاریەی کە حکومەتی کازخستان دەیکات لە بەرامبەر ئازادی و مافی چینی کرێکاراندا، ئەوەتە هەندێک سەرکەوتنی باشیشی بەدەست هێناوە، وەک ڕوتوشێک لە نێو دنیای دیموکڕاسی وڵاتاندا. بۆ نمونە کازاخستان نوێنەری هەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، لەو بارەشەوە خەڵاتی تایبەتی پێدرا لە لایەن سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەروەها دیسان خەڵاتێکی تریشی پێدرا لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمەریکاوە، بەڵام سەرباری هەموو ئەو سەرکەوتنانە، و ئەو خەڵاتانەش هێشتا پێویستە ئیدانەی کارە نادیموکراتیکەکانی کازاخستان بکرێت لەسەر زیندانیکردنی ڕابەرانی سەندیکا سەربەخۆکان.

 

پۆلیسی تورکیا چاودێری خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی کرێکاری دەکات لە ئەستەنبوڵ

ڕۆژی هەینی، ٢٧/٤/٢٠١٨، نووسینگەی پارێزگاری ئەستەنبوڵ گوتی؛ دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگا نادەن بە جێبەجێکردنی چالاکیەکان لە ڕۆژی کرێکاری جیهانی لە شارەکە، تەنیا سنووردار دەبێت بە ناوچەیەکی دیاریکراو و دوور لە ناوەندی شار. هەروەها دەست دەکرێت بە بڵاوەپێکردنی ٢٦ هەزار لە هێزەکانی ئاسایش بۆ چاودێری کردنیان.

لەم ساڵانەی دواییدا، پۆلیس سۆندەی ئاو و گازی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ناوەڕاستی شار ڕێپێوانیان ڕێکدەخست، نزیک بە گەڕەک و مەیدانی بەناوبانگی تەقسیم، کە ساڵی ١٩٧٧ دەیان کەس کوژران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی کرێکار کە نەقابە کرێکاریەکان ڕێکیانخستبوو.

لە ڕاگەیاندنێکدا؛ پارێزگار داوای کردووە خۆدوورکەنەوە لە” هاندان و تێکدانی ئارامی ئاسایش” لە ڕۆژی ٣ شەممەی داهاتوو. هەروەها حیزبێکی بچووکی چەپ گوتی” ژمارەیەک لە ئەندامەکانیان دەستگیرکراون، پێش ئەوەی کۆبوونەوەکانی ١ی ئایار دەستپێبکات، سەرەڕای ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی”.

 

هەزاران کرێکاری کانە مەعدەنیەکان؛ ناڕەزایەتی لەبەرامبەر لانی کەمی کرێ لە باشووری ئەفەریقیا دەردەبڕن.

باشووری ئەفەریقا/ جۆهانسبێگ

هەزاران لە کرێکارانی کانە مەعدەنییەکان لە باشووری ئەفەریقا دەستیانکرد بە مانگرتنی هەمەلایەنە لە ڕۆژی ٤ شەممە، لەسەر لانی کەمی کرێ کە حکومەت پێشنیاری کردوە. ڕێپێوانەکە لە ناوەڕاستی کیپ تاون دەستیپێکرد. ئەندامانی یەکێتی و نەقابە کرێکاریەکان بەشداریان تێداکرد. سەرۆکی باشووری ئەفەریقای تازە(سیریل ڕامافۆسا)، بەڵێنی چاککردنی گوزەرانی هاوڵاتیانی داوە، بەکارکردن لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسیەکان. ئەمەش دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان بەسەرۆکی تازە، دوای دەست لەکارکێشانەوەی  جاکوب زۆما لە ڕۆژی ٣ شەممە لە ٢٤/٤/٢٠١٨.

مامۆستایان لە ئەمەریکا خۆپیشاندان دەکەن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر کەمکردنەوەی مووچەکانیان.

ئەمەریکا/ ئەریزۆنا، کۆلارادۆ

هاتنە سەرشەقامی هەزاران لە مامۆستایانی ئەمەریکا، لە هەردوو ویلایەتەکانی ئەریزۆنا و کۆلۆرادۆ، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر کەمکردنەوەی مووچەکانیان. مامۆستایان لەویلایەتی ئەریزۆنا مانیانگرت لە کار، لە هەوڵێکدا بۆ فشارخستنە سەر حکومەت بۆ زیادکردنی مووچەکانیان بەڕێژەی ٢٠%، بۆئەوەی لەگەڵ ویلایەتەکانی دیکەدا مووچەی یەکسانیان هەبێت. بەپێی تۆڕی هەواڵی( ئەی بی سی)ی ئەمەریکی، مامۆستایانی ئەم دوو ویلایەتە لە پلەی ٤٦ی ڕیزبەندی مووچەکانیانن. ئاشکراکردنی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن پەیوەندی فێکاری نیشتمانی دەریکردووە. ناڕەزایەتیەکان بوونە هۆی ئامادەنەبوونی ملیۆن و نیوێک لە خوێندکاران لە خوێندنگاکاندا. ئەم ناڕەزایەتیانەش دوای ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایانی ویلایەتی ئۆکلاهۆما دێت، کە دوای ٩ ناڕەزایەتی توانیان حکومەت ڕازی بکەن بۆ بەرزکردنەوەی مووچەکانیان لە مانگێکدا بە بڕی ٦٠٠٠دۆلار بۆ هەر مامۆستایەک.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *