تەنها تێکۆشانى هاوبەشە پەتى سێدارە دەپچڕێنێت

عبدالرحمن رسول
لە ڕۆژ هەڵاتى کوردستان ڕۆژانە گوێ بیستى هەواڵى دڵتەزێنى لەسێدارەدانى گەنجان و لاوان دەبین هەروەها گوێ بیستى هەواڵى کوشتنى کۆڵبەرانى زەحمەتکێشى کورد دەبین. گوێ بیستى زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانى گەنجان دەبین، گوێ بیستى هەواڵى بێ مافى وبێکارى و هەژارى و سەرکوت وگەندەڵى و دزى و قەیران و کێشەکان دەبین. ئەم هەواڵ و دەنگوباسانە ئەوا بە درێژایی ٤٠ چل ساڵە بەردەوامە ئەمەش لەسایەى هەبوونی دەسەڵات و سیستەمى کۆنەپەرست و فاشیزمیی ئیسلامیی ئێرانەوەیە، بە دڵنییایەوە هەتاوەکو ئەو سیستەمە دژە ئینسانییە بەردەوام بێت لە دەسەڵات لەئێران سەرجەم هەواڵە ناخۆش و دڵتەزێنە جۆراوجۆرو قەیران وکێشەکان درێژەى دەبێت. لەدرێژەى هەبوونى هەواڵ و دەنگوباسە ناخۆشەکاندا بەپێی ئەو هەواڵانەى کە لە میدیاکان وڕۆژنامە و ماڵپەڕ و ناوەندەکانى ڕاگەیاندن بڵاوکراوەتەوە کارەبەدەستانى کۆمارى فاشیزمیی ئیسلامیی ئێران (رامین حسێن پەناهی) کە زیندانێکى سیاسی کوردە بۆ قەرەنتینەی زیندانی سنه گواستۆتەوە. واتە بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە بنەماڵەى رامین حسێن پەناهى و پارێزەرەکەی دراوە سێ شەممە ١ی مەی ٢٠١٨ (١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧هـ.) زیندانی سیاسی کورد “ڕامین حسێن پەناهی” بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی بۆ قەرەنتینە گوازراوەتەوە. لە ئێستادا ڕامین حسێن پەناهى لەگەڵ چەندین زیندانى تر بەناوەکانى (هیدات عبداللە پوور و زانیار مورادى و لوقمان مورادى و ابوبکر روستەمى و کمال احمد نەژاد و چەندینى تر کە ناوەکانیان بڵاونەکراوەتەوە لە زیندانەکانى ترى ئێران لەلایەن رژێمی ئێرانییەوە چاوەڕێی لەسێدارەدان دەکەن. بڕیاربوو رۆژی پێنجشەمە ٣ی ئایار لەسێدارە بدرێت ڕامین حسێن پەناهی. ئەگەرچى لەئێستادا لە ژوورى تاکە کەسێ وە گواستراوەتەوە ژوورى گشتى لەو بەروارو کاتە لەسێدارە نەدراوە ڕامین بۆ کاتێکى نادیار دوای خستووە، بەهەرجۆرێک بێت به پێی ئەزموونی پێشوو بەداخەوه ئەمه نیشانەی ئەوەیه که کات و ساتی ئێعدامی رامین نزیکه. ئەوەش زانراوه که لێژنەیەک له تارانەوه چوونه زیندانی سنه لیژنەکە ناوى (لێژنەی مەرگ)ە. بۆى هەیە بەنهێنى لەسێدارەى بدا و پاشان هەواڵى لەسێدارەدانى بە بنەماڵەکەى ڕابگەیەنێت، یاخود بەنادیارى بیهێڵێتەوە هەروەکو کارە دژە ئێنسانییە هەمیشەیییەکانى کە ساڵانە چەندەها کەس لەسێدارە دەدا و تەرمەکانیشیان ناداتەوە یاخود لەناو زیندان بەشێوازى جۆراوجۆر دەیان کوژێت بە شارەوەیی و نهێنى دەمێنەوە. بەڵام زۆر بەداخەوه هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گواستنەوەی رامین بۆ قەرەنتینەی زیندان، نیشتمان حسێن پەناهی تەمەن ٢٥ ساڵ که دەبێتە خوشکەزای رامین و ئەفشین حسێن پەناهی، له ژێر گوشاری زۆری دەروونی و خەمی رامین و بنەماڵەکەیدا دەگوترێت دەستی داوەته خۆکوژی و کۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه. بەڵام زۆر ڕوون نییە کە نیشتمان خۆی کوشتبێت، بەڵکو ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومه‌تی ئیسلامی ناراسته‌وخۆ نیشتمان خۆشکه‌زای ڕامین یان کوشتووە بەهۆى ئەوەى دەستى بەناڕەزایەتى دەربرین کردووە و دەنگى بەرزکردۆتەوە لە دژى لەسێدارەدانى ڕامین. کاربەدەستانى ناو زیندان بۆ بێ دەنگ کردنى بە ناڕاستەخۆیی کوشتوویانە. بەگوێرەى هەواڵەکان هاوسەرى (مێردى) نیشتمان هەر له پێوەند لەگەڵ پەروەندەی رامین زیندانی کراوه. بەپێى ئەو هەواڵ و دەنگوباسانەى کە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە لە ماوەی نزیک بە یەک ساڵی ڕابردوو و بە دوای دەستگیربوونی “ڕامین حسێن پەناهی” و بێ سەروشوێن بوونی بۆ ماوەی ٢٠٠ ڕۆژ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە، رۆژی پێنجشەممه رێکەوتی ٢٥ی ژانویە بەرامبەر به ٥ی رێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی حوکمی ئێعدامی تێکۆشەری سیاسی رامین حسێن پەناهی لەلایەن دادگای دژە ئینسانى کۆمارى فاشیزمی ئیسلامیی لە شارى سنەوه به وەکیلەکەی (پارێزەرەکەى) راگەیەندرا. شایانی باسه رامین حسێن پەناهی رێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ به دوای ئەوەدا کە بۆ سەردانی دایک و باوکی بەساڵاچووی گەڕابۆوه کوردستانی رۆژهەڵات، له شاری سنه کەوتە ناو کەمینی هێزەکانی سپای پاسداران و به برینداری به دیل گیرا. لەو کاتەوه تا ئێستا له زینداندا ئەشکەنجه و ئازاری زۆر دراوه. دەرکردنی حوکمی ناعادڵانەی لەسێدارەدان لەلایەن دادگای ڕژیمى مەلاکانەوە بۆ ڕامین حسێن پەناهی به تاوانی ئەندامەتی کۆمەڵه بووه و چەندین تۆمەتی دیکەشیان داوەته پاڵی، ئەگەرچى لەلایەن ڕامینەوە تۆمەتەکان ڕەتکراوەتەوە، بەڵام هەر حکومى قەرەقوشى بەسەردا سەپاوە سیستەمى مەلا ئیسلامییەکان ئەڵێن ئەبێت ڕامین لەسێدارە بدرێت. بەدرێژایی چەند هەفتەیە لە وڵاتانى ئەوروپا و چەند وڵاتى تر چەندین میتینگ و ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى جۆراوجۆر لەلایەن ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستانەوە ئەنجامدراوە، کەمپینى کۆکردنەوەى ئیمزا و ناردنى نامە بۆ ناوەندەکانى ڕێکخراوە و ناوەکاندەکانى داکۆکى کار لەمافەکانى مرۆڤ وناردنى نامە بۆ ئەندامە پەرلەمانەکانى وڵاتانى ئەوروپا و بەریتانیا. دەشگوترێ چەندین ڕێکخراوى جیهانى و ئەوروپایی کە بەرگرى لەمافەکانى مرۆڤ دەکەن نامەى ناڕەزایەتیان ئاراستەى بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران کردووە داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارەیان کردووە، بەڵام بەرپرسانى کۆمارى فاشیزمیی ئیسلامیی گوێێان بەهیچ نەداوە و بەقسەى کەسیان نەکردووە هەروەک ئەڵێن لەکەرى شیتان نەهاتوونە خوارەوە ئەڵێن ڕامین هەر لەسێدارە دەدەین. بۆ پاشەکشەکردن و هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى لەسێدارەدان بنەماڵەى ڕامین حسێن پەناهى و سەرجەم بنەماڵەى زیندانییەکانى تر پێویستییان بەهاوکارى و پشتیوانى سەرجەم مرۆڤ دۆستان و ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانى کورد و سەرجەم هاوڵاتیانى تێکۆشەرى ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستى دونیایە، کە بەهانایانەوە بچن بەیەکەوە و یەکگرتوانە دژایەتى هەبوونى یاساى لەسێدارەدان لەئێران بکەن. ناکرێت چیتر ڕێگە بدرێت ڕۆژانە گەنجان و لاوانى کورد لە ئێران لەسێدارە بدرێن، پێویستە سنوورێک بۆ ئەم سیستەمە فاشییە دابندرێت. دانانى ئەم سنوورەش بۆ پچراندنى پەتى سێدارەو ڕاگرتنى شەپۆلى بەکۆمەڵى سەربڕین و سەرپەڕاندنى گەنجان و لاوانى تێکۆشەرى ڕۆژ هەڵاتى کوردستانە، ئەتوانین سەربکەوین و پەتى سێدارەش لەت لەت بکەین و خەندەو پێکەنینیش بەگەڕێنینەوە بۆ سەر لێوى دایک و باو ک و خوشک و براکانى سەرجەم زیندانى کراوانى ئێستا کە چاوەڕوانى لەسێدارانى ئازیزانیانن، بەڵام بەم جۆرە تێکۆشانەى ئێستا نا! بەم خۆبادان و خۆدەرخستنە سیاسى و حیزبییەى ئێستا نا! بەم جۆرە گروپ بەندى و کوتلەبەندى و بەش بەشێن و لەیەکتر خوێندن و ڕەخنەى مل شکاندنى یەکترى نا! ئەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە پێش ئەوەى ئەوانى تر لە هەڵە و کەموکوڕى دابن ئەوا خۆمان زۆر زیاتر لەوان ولە تۆ لە هەڵە و کەموکوڕى داین!! خۆمان ئەبێت ڕەخنە لەخۆمان بگرین بە جۆرێک ناخ و دەروونى خۆمان بریندار بکەین کە بەخوێنى خۆمان ساڕێژى برینەکانى یەکترى بکەین. دەستى هاوکارى و پشتیوانى بۆ یەکترى درێژ بکەین بە جۆرێک هیچ هێزێک نەتوانێت لەمپەربێت و ڕێگربێت لەنێوانماندا. ئەکرێ پەتى سێدارەکان بسوتێنین لەجیاتى چاوەڕوانى گیان لەدەستدانى ئازیزانمان، بەڵام بە مەرجێک هەموو ئەوانەى کە دڵییان بۆهێنانەدى ئازادى و مافەکانى مرۆڤ لێدەدات تەبا ویەکگرتووبن لە تێکۆشان بۆ دژایەتیکردنى لەسێدارەدان. لە هەر دەوڵەت و وڵاتێکى جیهان هەیە کوردى لێ یە، لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا و کەندا و ….هتد بە هەزارەها و بگرە بە ملیۆنان کورد هەیە لەو وڵاتانە تاک تاکە و بەتەنها یاخود بە گروپ بەندى و حیزبایەتى هەریەکەیان سنگى خۆی دەردەپەڕێنى دەڵێ من ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستم، بەڵام ناتوانن بەیەکەوە مرۆڤ دۆست بن و ئازادیخوازبن نەخشەڕێگایەکى هاوبەشیان هەبێت بۆ تێکۆشانى هاوبەش لەدژى بەجێبەجێکردنى یاساى لەسێدارەدان لەئێران ,لە دژى کوشتنى کۆڵبەران. بۆ تەنها جارێک بە هەزارەها و بەملیۆن کورد لەپاریس یان لە لەندەن یا لەبەرلین و لەهەر شوێنێک بێت بێنە سەر شەقامەکان بەیەکەوە هاواربکەن بۆنەفرەت کردن لە چەوسانەوە و نەفرەت کردن و دژایەتیکردنى جێبەجێکردنى یاساى دژە بەشەرى لەسێدارەدان لەئێران بە دڵنییایەوە کاریگەرى زۆر باشى دەبێت. ئەتوانین سەرکەوتووبین لمۆزمى مەلاکان تێک بشکێنین کە دەیانەوێت یاساى لەسێدارەدان جێ بەجێ بکەن، بەمەرجێک هەموو ئەوانەى کە داکۆکى لە هەبوونى سیستەمێکى سیکۆلار و ئازاد دەکەن یەکگرتوو تەبابەن بۆ تێکۆشان بۆ ڕوخانى سیستەمى فاشیزمیی مەلاکانى ئیسلامیی لەئێران. بە دڵنییایەوە هەموو خەڵکى تێکۆشەرى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران زۆر بێزارە لەهەبوون و جێبەجێکردنى یاساى دژە ئینسانى لەسێدارەدان، بەڵام ئەو خەڵکە پێویستى بە ڕێکخرابوونە بۆئەوەى بەیەکەوە بە یەک دەنگ و بە تێکۆشانى یەکگرتوانە بە دەنگى بەرز هاوار بکەن و نەفرەت بکەن لەدژى هەبوونى یاساى لەسێدارەدان. تاک تاکە و بەتەنها بۆڵەبۆڵکردن هیچ کاریگەرى نییە بۆ گۆرانکارێکى باشتر لە کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەگەر هەموو ئەوانە یەکگرتووبن و خەباتى هاوبەش بکەن کە خودى خۆیان دەڵێن ئێمە دژى هەبوونى یاساى دژە ئینسانى لەسێدارەدانین بە دڵنییایەوە سەردەکەوین، بەڵام بە جێبەجێکردنى نەخشە ڕێگایەک کە گەشە بەتێکۆشانى هاوبەش و یەکگرتوانە بدات.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٨ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *