دیمانە لەگەڵ…سەردار عەبدوڵا حەمە سەبارەت بە چۆنیەتی گیران و بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی ڕژێمی بەعس

بەشی یەکەم

تێکۆشانی کۆمۆنیستەکان، لە پێناو دنیایەکی باشتر و دامەرزاندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستیدا، مێژوویەکی درەوشاوەیە… لەو رێگایەدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمۆنیستەکان گیانیان لەدەستداوە، یان لەلایەن جەلادەکانی بەعس و پارێزەرانی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەدارییەوە، توشی راوەدونان و گرتن و شکنجە بوونەتەوە… بۆپێشەوە بە مەبەستی ناساندنی رۆڵی تیکۆشەرانەی ئەو کۆمۆنیستانەی لەلایەن بەعسەوە گیراون، تەوەرەیەکی تایبەتی دەکاتەوە… کەهەر جارەی گفتوگۆیەک لەگەڵ یەکێک لەو هاوڕێیانە دەکات، کە زیندانی کراون…
لە لایەن” ئاراس ڕەشید”ەوە ئامادەکراوە.
گفتوگۆی ئەم ژمارەیەمان لەگەڵ هاوڕێ( سەردار عبدوڵا حمە)یە.
بۆپێشەوە: سەرەتا پێمان خۆشە خۆتان بناسێین.
سەردار: ناوم سەردار عەبدوڵا حەمەیە، لە دایکبووی هەڵەبجەم وسەرەتایی وناوەندیم هەر لەوێ تەواوکردووە. بەشی زانستی ئابووریم لە زانکۆی موسڵ تەواو کردوە. ئێستا هاووڵاتیەکی کەنەدایم و لەم وڵاتەش ئەژێم و باوکی پێنج منداڵم.
بۆپێشەوە: ئێوە لەگەڵ چ لایەنێکی سیاسی بوون، بۆ گیران و چۆن گیران؟
سەردار عەبدوڵا حەمە: ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت لەسەر کام لایەنی سیاسی دەسگیرکرام، من بەتۆمەتی چالاکی سیاسی لە ڕێکخراوی “دەستە ی پێشڕەوانی پڕولیتاریا” و” ڕەوتی کۆمۆنیست” دەسگیر کرابووم. من لە دوولاوە خەبەرم لەسەر درابوو، بەڵام من بۆ خۆم لەوکاتەی دەسگیرکرام ئەندامی کۆمیتە مەحەلی سلێمانی دەستەی پێشرەوان بووم.
بۆپێشەوە: لەکوێ گیران و ماوەی چەند زیندانی بوون؟
سەردار عەبدوڵا حەمە: کاتێ کە زانیم بەشێک لە هاورێکانم دەستگیراون منیش بە پەلە لەگەڵ هاوسەرم وکۆرپە ساواکەمان ماڵمان بەجێ هێشت بۆ ئاگادارکردنەوەی هاورێکانی رێکخستنمان، دەستمان کرد بە سەردانی ماڵی ئەو هاورێیانەم کە لە سلێمانی بوون، تاپێیان بڵیم خۆیان بشارنەوە وخۆیان ببپارێزن. ئەوکاتە تەلەفۆن ومۆبایل نەبوو، وەهیچکام لە هاوڕیکانیشم تەلەفۆنی ماڵەوەیان نەبوو، ناچار بەپیادەڕەوی ملی ڕێگامان دەگرت. یەکەم ماڵ کەچووم ماڵی هاوڕێ (کاوان قادری هونەرمەندی پەیکەرتاش بوو) ئەو بەرپرسی شانەیەکی سەرەکی ڕێکخستن بوو، کە یەکێ لەو سێ شانەیە بوون کە من بەرپرسیان بووم. گەیشتینە ماڵیان کاتێ تەقەمان لە دەرگایان ئەدا کەچی دراوسێکانی یەکسەر وتیان ئەمشەو کاوانیان گرت وبردیان؛ لەم ناوەوە مەمێنن. پاشان چووم بۆ ماڵی وەستا سابیر، ئەوم ئاگادار کردەوە (هەرچەندە لە ڕێکخستندا پێکەوە نەبووین، بەڵام هاورێی نزیک بووین) وە لەڕیگەی ئەوەوە پێم وت پەیوەندی بە سامان کەریمەوە بکات تا هەویەیەکی تەزویرم بۆ بکات بۆئەوەی لە شار دەرچم، وتی باشە ئاگاداری ئەکەمەوە (سامان کەریم ئەو کاتە یەکێ لەو سێ کەسەی دامەزرێنەری دەستە بوو ئەوکاتە ئەندامی ناوەندی بوو). ئیتر چاوەڕێ بووم، ئەنجا بەڕێ کەوتین بۆ ماڵی شیخ حسێن لەگەڕەکی چوارباغ، کاتێ چووینە ئەوێ و خوشکەکەیمان بینی (ئەو لەگەڵ خۆشکی ئەژیا لە حەوشەیەکی کرێدا بوون) وتی: ئەمنی اقتصاد شیخ حسێنیان بانگکردوە لە ماڵەوە نییە، ئێستا چووە بۆ شاهیدی دان لەسەر خاوەن ماڵەکەی کەگوایا کەلوپەلی لە دوکانەکەی بەگران فرشتووە (وەک پیلانێک بوو بۆ گرتنی شیخ حسین). ئنجا نیو سەعاتی نەبرد حەوشەی ماڵەکە پڕ بوو لە ئەمن یەکسەر منیان ڕاگرت بەپێوە و وتیان: ڕوو لە دیوارەکە بکە و دەستت بەرز بکەوە، دەستیان کرد بە پشکنینیم هیچیان نەدۆزیەوە جگە لە هەویەیەک کە ناوی جوانە مەرگی برام و وێنەی خۆمی لەسەر بوو وتیان: تۆچی ئەکەی لێرە؟ وتم: من کارمەندم لە بەغدا وکوڕی خۆشکی خاوەن ماڵەکەم بیستم کە ئەوتان گرتوە هاتووم بزانم مەسەلە چییە، وتیان: باشە بڕۆ ئەولاوە. من و سروە (هاوسەری ئەوکاتەم) و مناڵەساواکەم چووینە ناو خێزانی خاوەن ماڵ، و لەگەڵ خۆشکی شێخ حسێنی هاوڕێم دەست بەسەرکراین. لەو کاتەدا من نەمدەتوانی قسە لەگەڵ کەس بکەم جگە لە سروە، بەڵام سروە بە بیانووی مناکەڵەکەمانەوە دەیتوانی لەگەل ژنەکان هاتووچۆ بکات و قسەیان لەگەڵ بکا. بیرم لە پیلانێک کردەوە بۆ خۆدەربازکردن، بە لەهجەی هەورامی پیلانەکەم بە سروە وت ئەمنەکان تێ نەگەیشتن ئەمە چ زمانێکە، چونکە تەنها سۆرانی فێرببوون. پیلانەکەش ئەوە بوو؛ کە بە ژنی خاوەن ماڵەکە بڵێت: ئێمە شێخ حسێن ناناسین وخاوەن ماڵەکە خاڵی منە و بۆ سەردانی ئەوان هاتوین. ئیتر لەوکاتانەدا ئەمنەکان مەشغول بوون خەریکی پشکنینی داروبەرد وناوماڵ و سەر درەختی ناوحەوشەکەش بوون. تا هەموو کەسەکان وناوماڵەکەیان خستبووە ژێر کۆنتڕۆلی خۆیانەوە. کات بووە دوانزەی شەو خاوەن ماڵی دەسگیرکراو بە ئۆتۆمبیلەکەی بەڕێوەبەری ئەمن هێنرایەوە بۆ ماڵەوە و شیخ حسێنی هاورێمیان لە ئەمنە سورەکە گل دابووەوە. لەو کاتەدا بە هەورامی بە سروە م گوت، بە ژنی ماڵەکە بڵێت وئەویش بە خاوەن ماڵە ئازادبووەکە بڵیت ئەویش بە مدیر ئەمن بڵێت ئەمە خۆشکەزامە، ڕێگامان بدات تا برۆینە دەرەوە لەو ماڵە لەبەر ئەو مناڵە ساوایە. پیلانەکەم سەریگرت ومدیر ئەمن فەرمانی بە ئەمنەکانی تردا رێگا بدەن ئەمانە بڕۆن. ئێمە بە پەلە هاتینە دەرەوە لە ماڵەکە وخۆمان دەرباز کرد لە دەستیان. لەو کاتەدا برای شیخ حسێنمان بینی لە بەردەم ماڵەکە کە ناوی کاک عیسی بوو، چاوەڕێی هەواڵی براکەی دەکرد. ئەو بە پیادەڕەوی بردینی بۆ ماڵێک بۆ ئەوەی بمانشارێتەوە لە ڕێگادا هەموو هەواڵیکمان پێ وت. ئەو بردینی بۆ ماڵی ژن وپیاوێکی خزمی خۆی هەر لەو گەڕەکە (ئەوانیش ناویان سەردار وسروە بوو). شەو لەسەربان جێگیان بۆ ڕاخستین و خەوتین. بەیانی هەستاین لەخەو پاش نان وچای بەیانی بەڕێکەوتین بۆ ماڵی خوشکم (چیمەن) لە گەڕەکی خەبات. باسی مەترسیەکەم بۆ کرد کە لە سەرمانە دوو شەو لەوی ماینەوە دواتر بڕیارمدا جێگامان بگۆڕین، تاکسیمان گرت وچووین بۆ ماڵی خاڵم لە خانوە قوڕەکان، بە خاڵم نەوت خۆمان شاردوەتەوە لە ئەمن هەڵهاتویین، وتم هاتووین بۆ سەردانتان شەوێک لەوێ ماینەوە. بۆ بەیانی سەردانی وەستا سابیرم کردەوە وتم بزانم سامان کەریم هەویەکەی بۆ دروست نەکردووم، بۆئەوەی دەرچین لە شار؟ وتی نەخێر هیچ جوابی نییە (ئەمەش یەکێ لە هۆی دەسگیر گرتنم بوو). ئنجا بڕیارمدا جێگامان بگۆڕین، چووین بۆ زەرگەتە بۆ ماڵی پووری سروە (شوکریە)و بە نیازی ئەوە نا کە لەوێ بمێنینەوە، بەڵکو بە نیازی ئەوەی بچینە ماڵی هاورێیەکی کۆمەڵەی ئێرانم لەوی نزیک بوو، لە شەهیدانی سەرچنار بوو، بەڵکو ئەو دەرمان بکا بۆ ناو کۆمەڵە، بەڵام کە چووین لە دەرگاماندا هاورێێ کۆمەڵە (حەمە رەزا) لەوێ نەبوو گەڕاینەوە ماڵی پووری سروە هەواڵمان گەیاند بە خوشکی سروە (دڵخواز کە ژنێکی حاملە بوو لەوکاتەدا)، ماڵیان لە کانیسکان بوو. ئێمە کە سەلامتین بە کەس وکار بڵێن خەمی ئێمەیان نەبێ تا ئێستا نەگیراوین، وە لە زەرگەتەین لە ماڵی شوکریە. ئیتر ئەمە بووە هەڵەیەکی مێژووی من بووە هۆی دەسگیرکردنمان شەو سەعات لە بەینی ٣ وە ٤ ی سەرلەبەیانی ڕۆژی٩لەسەر ١٠ ی مانگی ٩ی ١٩٩٠، ملازم عەلی طەواری و دەیان ئەمن بەسەر دیواری ماڵەکەدا بازیان دایە ناوحەشەی ماڵەکە، و ملازم عەلی خۆی هەڵدایە سەر جێگای خەوتنەکەم لەهەیوانی ماڵەکە کەلەگەڵ مناڵەکەم و هاوسەرم لەوێ خەوتبوین. نەیهێشت من لە جێی خۆم بجوڵێم وکەلەپچەی کردە دەستم؛ وتی :(شنواسمک) ناوت چییە وتم “باقی”، ناوی جوانەمەرگەی برامم پێ وت، ئەویش وتی:” ئێ وەڵلا سدیگ بس انت باقی” تۆ راست ئەکەی ناوت باقیە، چونکە تەنها تۆ ماوی دەسگیرمان نەکردووی، شەقازلەیەکی توندی لێدام منیش دوای ئەوە زانیم ئیتر من ئەبەن، بە سروەم وت، با ئەڵقەکەت بدەمێ بیفرۆشە، بیدە بە شیر بۆ مناڵەکە، ئەمنەکان خەریکی پشکنینی ماڵەکە بوون (لەو شەوەدا باوکی سروە یادی بەخێر بە هۆی بیستنی هەواڵەکەوە هاتبوو لەگەڵمان، لەگەڵ پیاوی ماڵەکە کاک “ئەبوبەکر” یادی بەخێر و سێ کورەکەی هەموویان پشکنین). وتم بە سروە قوتووی شیرەکە بێنە ئەو مناڵە برسیەتتی شیری بۆ بکە (چونکە دەم ویست قوتوی شیرەکە نەکەوێتە دەست ئەمنەکان ناوی تەشکیلاتی سلێمانیمان لەبنی شیردا شاردبوەوە. وتم بەڵکو قوتووەکە لە ماڵەکەدا بشارینەوە کەچی ملازم عەلی وتی ئەو قوتووی شیرە بکەنەوە یەکێ لە ئەمنەکان قوتوی شیری هەڵپچڕی منیش زۆر ترس دای گرتم (هەرچەندە ناوەکان ناوی ئەسلی خۆیان نەبوو، بەڵام وەک تەنها بەڵگەیەک بوو بەدەست منەوە بیگرن و مەسەلەکەم لەسەر قورس دەبێت)، بەڵام باش بوو ئەمنەکە کە سەری قوتوی کردەوە شیری بینی وتی سەیدی هەر شیری تێدایە لەوێ بەجێیان هێشت و من وسێ کوڕی گەنجی ماڵەکەیان بردە دەرەوە. بینیم نزیکەی ١٠ لانکرۆز پڕ لە ئەمن ئەو ناوەیان گرتبوو، و دڵخواز لەیەکێ لە لاندکرۆزەکاندا بوو (ئەویان دەستگیرکردبوو پێیان وتبوو: ئەبێ ئەو ماڵەمان پیشان بدەی کە سەردار خۆی تێدا حەشار داوە. ئەویش حاملە بوو زۆر ترسابوو لە ترسی گیانی خۆی شوێنەکەی منی بەوان دابوو. کاتێ منیان خستە لانکرۆزێکەوە و سێ کوڕەکەیان خستە لانکرۆزێکی ترەوە (ئەم سێ کوڕە گەنجە هەمان ڕۆژ ئازاد کران). سروە بەخۆی وبە مناڵەکەوە هات وتی نابێ: ئەو مێردەم ببەن ئەگەر ئەو دەبەن دەبێ منیش بەرن وتیان باشە تۆش دەبەین، وتی ئەو مناڵە ساوایەش دەهێنم، وتیان بیهێنە. سروە و مناڵەکەشیان خستە لاندکرۆزێکی ترەوە، (سروە پێی وابوو بەڵکو بەزەییان بێتەوە بە ژن ومناڵەکەمان وئازادم کەن لەبەر ئەوان، کەچی ئەوانیش بوونە تۆمەتبار) هێنران بۆ ئەمنە سوورەکە. لەڕێگادا بەرەو ئەمنە سورەکە لە ناو لانکرۆزەکدا زۆریان لێدام بە پشتی دەمانچە و بەبۆکس ولێدانی جۆراوجۆر، وەک سەگی هار تێم بەربوون. دەیانووت: کێت لەگەڵە و کێ دەناسیت، با ئێستا بچین بیهێنین وخۆت ئازاد دەکەین، منیش دەمووت: ئێوە بە هەڵە منتان گرتووە؛ من کەسێکی سیاسی نیم وکەس ناناسم، ئەوەندەی تر لێیان دەدام. نزیکەی کاتژمێر ٦ی بەیانی کە گەشتینە ئەمنە سورەکە، بەچاو بەستراوی وبە کەلەپچەوە منیان دایە دەست جەلادێکەوە کە ناوی ئەبو دەلەف بوو، زۆر کەتە وزل بوو پۆستاڵ لەپێ وجلی سەربازی لەبەردا بوو، بە لێدان بردمی بۆ زیندان، یەک شەقی ئەوندە توندی تێ سرەواندم دەرگای ئاسنی صالۆنی ئینفرادیەکانی خوارەوەی پێ کردمەوە، پاشان بەستمیەوە بەشیشێکی ئاسنەوە لەبەرانبەر چەند ژوورێکی ئینفرادی بە جێی هیشتم. لەوکاتەدا٤ زیندانی کۆن لە ژوورەکانەوە قسەیان لەگەڵ کردم و خۆیان پێ ناساندم، ئەوەی یەکەم جار ناسیم مامۆستا جەبار، کە بەتۆمەتی ئیغتیالاتی کۆمەڵە گیرابوو، یەکی تریشیان دکتۆر کامەران بوو بە تۆمەتی ڕەوتی کۆمۆنیست گیرابوو، بەڵام دوانەکەی ترم بیر نایەتەوە، ئەو دوو زیندانیە زۆر هاندەرم بوون بۆ خۆڕاگری، زۆر شتیان لێوە فێربووم. بۆ بەشی دووەمی ئەم پرسیارەتان من ٦ مانگ لەم زیندانەی ئەمنە سوورەکە بووم…
ماویەتی
تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٨ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *