هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی ئێران موژدەی دەورانێکی تازەی لە خەباتکردن پێیە!

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (the conversation) ئێران مانگرتنێکی سەرتاسەری مامۆستایانی بەخۆیەوە بینی. ئەو مانگرتنە مامۆستایانی سەرەتایی و دواناوەندی دەیان شاری گەورەی ئێرانی گرتەوە. مانگرتنەکە بە وێنە و پیشاندانی ڤێدیۆیی تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنی. سەرباری ئەوەی کە کە لەناوەوەی ئێران تەواوی دەزگا پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەخۆوە خەریک کردبوو، بەڵام دەزگا ڕاگەیاندنەکانی سەربەحکومەت ئەومانگرتنەیان بە گرنگیەکی زۆر کەمەوە باس لێوە دەکرد و هەندێکیان هەر باسیشیان نەدەکرد.

هەروەها ڕاگەیاندنەکانی باوی سەربەکۆماری ئیسلامی لەدەرەوەی وڵات ئەو مانگرتنەیان بەشێوەیەک پیشانی ڕای دەرەوە دەدا کە ئەوە هەندێک لە مامۆستایانن کە داوای مووچە دەکەن و هەروەها بۆیەش هاتونەتە سەر شەقامەکان تا ناڕەزایی خۆیان لە دژی ئەو ئابڵوقە ئابووریە نیشان بدەن کە ئەمەریکا خستوویەتیە سەر گەلی ئێران!

بەڵام لەڕاستیدا ئەو مانگرتنەی مامۆستایان زۆر لە داواکاری بۆ مووچە و ڕاوەستان لە دژی ئابڵوقەی ئابووری ئەمەریکا لەسەر ئێران واوەتر رۆیشت.

چەقی داواکاری مامۆستایان لەو مانگرتنەدا بریتیبوو لە دادپەروەری لەبواری فێرکردندا. بۆ نموونە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی مامۆستایان کە زۆر گرنگە بە ڕوونی نیشانی دەدا کە مامۆستایان لەو مانگرتنە سەرتاسەریەدا مەبەست و ئامانجیان چیە و داواکاریەکانیان لە چیدا چڕکردۆتەوە. بۆ نموونە یەکێک لەو مامۆستایانە لەو ڤیدیۆیەدا بە ڕوونی لیستی داواکاریەکانیان دەخوێنێتەوە کە بۆچی خوێندکارەکانیشیان هاتوونەتە سەرشەقام و مانیان گرتووە. ئەو دەڵێت ئەمانەی خوارەوە داواکاریە سەرەکیەکانمانن:

١- بۆیە مان دەگرین؟ چونکە چالاکوانانی سەندیکا و ئیتیحادیەکانی مامۆستایان دەگیرێن و زیندانی دەکرێن. بۆ نموونە مامۆستا موحەمەد حەبیبی و دەیانی تر…٢-  بۆیە مان دەگرین؟ چونکە خوێندن و پەروەردە بە ئەهلی دەکرێت. ٣- لەبەرئەوەی ناو پۆلەکانی خوێندنگاکانمان سەلامەت نین بۆ خوێندکارو هەروەها لە توانای خۆیان زیاتر خوێندکاریان تێدەکرێت. ٤- مان دەگرین لەسەر ناوڕۆکی پەڕتووکی خوێندن و وانەکان. ٥- لەبەرئەوەی جوداخوازی و ڕەگەزپەرستی بوونی هەیە لە سیستەمی خوێندندا. ٦- لەبەرئەوەی ئێمە دەبینین کە دزین و تاڵانی و بەهەدەردان هەیە لە سەروەت و سامانی گشتی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.

جێگەی باسە مانگرتنێک کە مامۆستایان کردیان لەبەردەم بینایەی حکومەت بۆ بودجە و پلاندانان لە تاران کە تێیدا ١٤ مامۆستا گیران و لە نێویشیاندا چالاکوان (موحەمەد حەبیبی) بوو کە بە ١٠ ساڵ زیندانی و ٧٤ جەڵد لێدان  سزا درا.

هەروەها لەبەرئەوەی کە کۆماری ئیسلامی زۆر کاریگەری ئەومانگرتنەی لەسەر بوو کە پێیان وایە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە مانگرتنی فراوانی لەو شێوەیەی مامۆستایان ڕووی نەداوە. بۆیە لە ٢٧ی مانگی سێپتەمبەر موحەمەد جەعفەر مونتەزیری، داواکاری گشتی ئێران، هەڕەشەی سزای مردنی لە مانگرتووەکان کرد.

لە فلیپین کۆمەڵێک لە کرێکارانی قامیشی شەکر کۆمەڵکوژ دەکرێن!

لە شاری سەگای نیگرۆسی سەر بە ویلایەتی ئۆکسیدێنتڵ لە وڵاتی فیلیپین،  لە کاتی شەودا تەقە لە کرێکارانی ناو قامیشی شەکر دەکرێت و ٩ کرێکاریان دەسبەجێ لێ دەکوژرێت.

ئەو هێرشە لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە کراوەتە سەر ئەو کرێکارانە و هەر٩ کرێکارە کوژراوەکەش ئەندامی سەندیکای چەپی نیشتیمانی کرێکارانی شەکر بوون.

لە ڕاپۆرتێکی پۆلیسی شاری سەگای دا هاتووە، کە هێرشبەرەکان ژمارەیان ٥ بۆ ٦ چەکداربوون و لە کاتی نان خواردنی شێواندا هاتوونەتە سەر کرێکارەکان و تەقەیان لێ کردوون. وە لە ئەنجامی ئەو تەقەیەشدا ٩ کرێکار دەسبەجێ گیان لەدەست دەدەن. هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە ئەو کرێکارانە لە زەوی کەسانی تردا چادریان هەڵداوە و تێیدا ژیاون.

هەر بە پێی ڕاپۆرتی پۆلیس خەڵکانێک کە لەودەوروبەرە بوون وتوویانە کە بۆ ماوەی پێنج شەش خولەکێک دەنگی تەقە بیستراوە.

گرووپی مافپەروەرانی کاڕاباتان ئیدانەی ئەو قەتڵ و عامەی کرێکارانی کردوو پێیان وایە ئەو جۆرە ڕووداوانە ڕەنگدانەوەی برسیەتی و نەبوونی کرێکارانە. وە دەڵێن کە کرێکارەکان شوێنێک نەبووە کە تێیدا بژین . هەر بۆیەش لە زەوی خەڵکی تردا چادریان هەڵداوە.

هەروەها ئەو گرووپەی کاڕاباتان داوا لە ڕێکخراوی مافی مڕۆڤ دەکات کە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە ئەنجام بدات لەسەر ئەو ڕووداوە.

ڕێپێوانی ناڕەزایەتی سەدان هەزاری لە کرێکاران و خەڵک، هاتوچۆ لە ناوجەرگەی شاری ماڵبۆڕن دەوەستێنی!

بە پێی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی یەکێتی سەندیکا پیشەییەکانی ئوستڕالیا(ئەی سی تی یو) دەوروبەری ١٧٠ هەزار کەس بەشداری لەو ڕێپێوانەدا کردووە.

زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکان کە چاوپێکەوتنیان کردووە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەڵێن: ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە هەمووی لەبەر گرانی و سەختی ژیان لە لایەک و کەمی و نزمی هەقدەستەکانیانە لە لایەکی ترەوە.

لەو ڕێپێوانە گەورەیەدا تەنانەت سەرۆکی حکومەتی خۆماڵی ڤیکتۆریاش بەشداری کردوو چووە پێشەوەی ڕێپێوانەکە. ئەویش بۆ میدیاکان قسەی کردو  گرانی و کەمی هەقدەستی لە تەواوی ئوستڕالیادا پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە دەبێت ئاستی هەقدەست بەرز بکرێتەوە تاکو هەموو کرێکارێک بتوانێ ژیانێکی باشی هەبێت.

ئەو ڕێپێوانە لەسەر داخوازی و بانگەوازی ئەنجومەنی سەندیکا پیشەییەکانی ئوستڕالیاوە ڕێکخراو سەرپەرشتی دەکرا.

ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێپێوانە بریتیبوو لە بەرزکردنەوەی هەقی کار، باشتر کردنی هەل و مەرجی کار، هەروەها دڵنیایی دان بە بەردەوامی و مانەوەی کرێکار لەسەر کارەکەی.

مانگرتنەکە زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئوستڕالیای گرتەوە و بوو بە ڕێپێوانێکی سەرتاسەری لە تەواوی ئوستڕالیادا. وەک بەشێک لە بەدەمەوەچوونی باگەوازەکەی ئەنجوومەن.

تەنانەت سکرتێری یاریدەدەری یەکێتی سەندیکاکانی نۆژەنکردنەو، دارستان، کانەکان، هەروەها وزە کە قسەی بۆ ڕادیۆی ئەی بی سی شاری ماڵبۆڕن کرد دەڵێت: من هەست دەکەم هیچ پەیوەندیەک لە نێوانی سەندیکاکان و سیستەمی دەسەڵاتدا نەماوە. چونکە ئەگەر بمابایە ئەو هەموو خەڵکە ناڕازیە لێرە نەدەبینرا بە شێوەی ڕێپێوانی ئاوا گەورە.

جێگەی باسە کە داتاکان ئەوە نیشان دەدەن کە دەورووبەری ٢٨ هەزار کەسێک لە ئوستڕالیا بێ خانە و لانەن، سەرباری ئەوەی کە بە بەردەوامیش بە دەوامی تەواوەوە کار دەکەن. ئەوەش ئەوە دەگەێنێت کە هەقی کار زۆر نزمە لە پەیوەند بە گرانی شتەکانەوە.

خەڵکی ناڕازی دەڵێن کە لە ئوستڕالیادا لانی کەمی دەستکەوتی کەسێک لە ساڵێکدا کە بەبەردەوامی و دەوامی تەواوەوە کار بکات دەگاتە ٣٧ هەزار دۆلار. ئەوەش بەشی تێچووی ژیان ناکات بەتایبەتی لەشارەگەورەکندا.

پشتگیری ڕۆژنامەنووسان بەرەو هەڵکشان دەچێت بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێک دەربکات بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان.

ڕۆژلە دوای ڕۆژ داخوازی ڕۆژنامەنووسان لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرەو زیادبوون دەچێت بۆدەرکردنی بڕیارێک بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی جیهان.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فیدڕاسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی جیهان، دۆسیە وکەیسی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان دەبرێتە ناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆڕک.

ڕۆژی ٢٢-١٠-٢٠١٨ نوێنەرانی ڕۆژنامەنووسان، ڕاگەیاندکاران، بێژەرو هەواڵنێرەکان، هەروەها نوێنەری ڕۆژنامە و گۆڤارو بڵاوکراوەکان لە سەرتاسەری جیهان، کەیسی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانیان بردە ناو ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، و داوایان لێکردن کە بەکرداری هەڵوێست لەدژی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان بنوێنن.

ئەو نوێنەرانە کۆبوونەوەیان کرد لەگەڵ تەواوی نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا، ئاسیا، ئەفریقای باکوور، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای لاتین، هەروەها نوێنەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری فیدڕاسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسانی جیهان.

لەو کۆبوونەویەدا نوێنەرەکان داوایان لە نوێنەری وڵاتەکان کرد کە بە کرداری بڕێارێک دەربکەن کە ڕاگەیاندکارانی پیشەیی لە تەواوی جیهاندا بپارێزێت.

جێگەی باسە کە داتاکان نیشانیانداوە کە لە ئەمساڵی ٢٠١٨ دا لە هەر هەفتەیەکدا ٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون و پلان داڕێژەری کوشتنەکانیش هیچ هەڵوێستێک لەبەرامبەریاندا نەگیراوەتەبەر.

هەر بۆیەش ساڵی ڕابردوو کە فیدڕاسیۆنی جیهانی ڕۆژنامەنووسان ئەو دەستپێشخەریەی ڕاگەیاند پشتگیریەکی زۆری سەرتاسەری جیهانی لەنێو ڕاگەیاندکارو سەندیکاکانی میدیاییدا بەدەست هێنا. بۆنموونە پشتگیری ئەمانەی بەدەست هێنا: پشتگیری ڕێکخراوی مافی مڕۆڤ، کۆمەڵەی خاوەندارانی ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکان، یەکیەتی میدیایی ئەوروپا، هەروەها فیدڕاسیۆنی یەکێتیە پیشەییەکانی جیهانی میدیاکاران کە دەوروبەری ٢٠ ملیۆن کرێکاری میدیایی وەک ئەندام لەخۆدەگرێت.

جێگەی باسە کە لەو کۆبوونەوەیەدا تەواوی نوێنەرەکانی میدیایی و نوێنەری وڵاتەکان هاوڕابوون لەگەڵ یەکتری و هەر یەکەشیان لەلای خۆیەوە گلەیی و گازندی لەو بوارەدا ڕاگەیاند. هەر بۆیەش نوێنەرانی میدیاکاران بە تووندی ئیدانەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانیان کرد کە هەموویان بە بەرنامەوە کوژراون. بۆ نموونە لەم دواییاندا ڕۆژنامەنووسی دیاری واشتنتۆن پۆست بە ناوی خاشگچی کە لەناو قونسوڵیەی سعودیەدا لە ئەستەمبوڵ کوژرا..

هەڵوەشاندنەوەی فیزەی چوونەدەرەوەی کرێکاران لە قەتەر کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکومەتی قەتەری گووتی” هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەی لەسەر کرێکارە بیانیەکان پێویست دەکات بەوەرگرتنی ڤیزا بۆ گەڕانەوە، دوای ئەوەی مۆڵەت لە خاوەن کارەکانیان وەردەگرن، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە تویتێکدا کە وەزارەتی ناوەوەی قەتەری دەریکردوە” یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٨، هاتنە ژوورە و گەڕانەوە ڕێکدەخات کەوتە بواری جێبەجێکردن”.

کۆمەڵێکی مافپەروەر ماوەیەکی زۆرە داوایانکردوە ڤیزای چوونە دەرەوە هەڵوەشێننەوە، کە بەندێکی بنەڕەتیە لە سیستەمی کەفالەت کە زوربەی وڵاتی کەنداو پیڕەوی لێدەکەن، و وەک سیستەمی کۆیلەتی شارستانیە لە ئێستادا”. بەپێی ئەم یاسایە تازەیە، مافی زوربەی کرێکارانە، بەدەر لە ٥% ی ئەو هێزی کارەی( کە پۆستی بەرزیان هەیە) لە یەکێک لە کۆمپانیاکان، کە وازلەکارەکەیان بێنن بەبێ وەرگرتنی ئیزن لە خاوەن کارەکەیان.

 

بەردەوامی لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی شارەوانی شاری گلاسکۆ لەسەر کرێی یەکسان.

بەهۆی مانگرتنی نزیک ٨٠٠٠ هەزار لە فەرمانبەرانی خزمەتگوزاریەوە، خزمەتگوزاریەکانی ئەوشارە کێشەی گەورەیان تێکەوت. ڕابەری یەکێتیە کرێکاریەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە نەچوونەپێشەوەی گفتوگۆکان. ئەنجوومەنی شارەوانی گووتیان کە شەڕ بۆ یەکسانی کرێ بەڕاستی دەستیپێکردووە و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بۆیە پێویست بە مانگرتن ناکات. کۆکردنەوەی زبڵوخاشاکی ڕۆژانە کۆنەکرانەوە بەهۆی مانگرتنی ٦٠٠ لە کرێکارانی پاکردنەوە.

کرێکاران و فەرمانبەرانی مانگرتوو لە ٤ وێسگەی ڕێسایکل بۆ ڕۆژی دووەم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی مانگرتن، لەلایەن ئەنجوومەی شارەوانیەوە بە نایاسایی دانراوە و یەکێتیەکانیان لێ ئاگادارکردۆتەوە.

خویندگا بنەڕەتیەکان و باخچەی ساوایان بۆ دووەم ڕۆژ بەردەوام بوون لە مانگرتنە ٤٨ سەعاتیەکە. هەروەها خزمەتگوزاریەکانی ناوماڵانیش کێشەی بۆ دروستبووە، دوای ئەوەی ئەندامانی یەکێتی GMB و Unisonدەستیان لەکارکێشایەوە. مانگرتنی ڕانەگەیەنراوی پاکوخاوێنی لە ڕۆژی سێشەممە دەستیپێکرد و بۆ ڕۆژی دوایی بەردەوامی هەبوو.

هەروەها ژمارەیەک لە کرێکارانی پارک و مۆزەخانەکانیش پشتیوانیان لە مانگرتنەکە کردووە و ئامادەی مانگرتنەکە بوون.

ئەنجوومەن کە پارتی نیشتمانی سکۆتلەندی سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاند کە مانگی کانوونی دووەمەوە دانووسان و گفتوگۆ دادگا بەردەوامە بۆ یەکسانکردنی کرێ.

بەڵام ڕۆژی ٣ شەممە هەزاران لە فەرمانبەرانی شارەوانی دەستیان کردە مانگرتنێکی گەورە و دەستیان لەکارکێشایەوە. ئەم مانگرتن و خۆپیشاندانە بەگەورەترین دادەنرێت لەپێناو یەکسانی کرێ لە شانەنشینی یەکگرتوو( بەریتانیا).

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٩ بەرواری ١/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *