هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

…  ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

کرێکارانی پیشەسازی ئاسنی ئەهواز بەردەوامن لە مانگرتن و ناڕەزایەتی!

نزیک بە ٢٠ رۆژە، کریکارانی پیشەسازی ئاسن لە ئەهواز بەردەوامن لە مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوە، لەبەردەم ناوەندە حکومیەکان و شەقامەکانی شاری ئەهواز.

سەرەڕای هەرەشەو چاوسورکردنەوە، پیلان گێران و دەستگیری رابەرانی کریكاری، وە هینانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان، بەڵام کرێکاران بەردەوامن لە سەر مانگرتن و پیداگرن لەسەر داخوازییەکانیان… ئەم مانگرتن و هاتنە مەیدانەی کرێکاران هێندە بەهێزو رەوایە، کە توانیوویەتی پشتیوانی بەشیکی زۆری کرێکاران و جەماوەری شاری ئەهوازو دەرەوەی ئەهواز بۆ خواستەکانی رابکێشێت… هەرەشەو ترس و توقاندن و ئابلۆقەی هێزە ئەمنیەکان، کارایی لەدەستداوە، بۆیە کرێکاران بە هیزی رێکخراوی خۆیان و ئەو پشتیوانییە چینانیەتیەی لێیان دەکرێت توانیویانە ئابڵۆقەی هێزە ئەمنیەکان بشکێنن، و بەرەو باڵەخانەی پارێزگا و شەقامەکانی ناوەڕاستی شاری ئەهواز بەڕێبکەون. هاوکات تادێت زۆرتر لە لاوان و ژنانی شارەکە پەیوەست دەبن بە خۆپیشاندان و نارەزایەتییە کرێکارییەکەوە…

رۆژانە کاتێک خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێدێت… کەنوێنەری کرێکاران ڕایدەگەیەنێ” ئێمە لێرەوە دێینەوە، بەڵام جارێکیتر و جارێکیتر و جارێکیتر… دێینەوە…. بەدواییدا خۆپیشاندەران جەخت لەسەر قسەکانی نوێنەری کرێکاران دەکەنەوەو بە شیعاری” نا بۆ زەلیلی” خۆپیشاندانەکەیان بەم شیعارانە کۆتایی پێدەهێنن…

ئێمەی کرێکارانی پیشەسازی ئاسن دژ بە ستەم خەبات دەکەین.

دایکی گەندەڵی لەم ئەهوازەیە لێرە..لێرە

دەوڵەت و مافیا.. یەکگرتنتان پیرۆزە..

خەڵکی خۆزستان دەمرن، بەڵام زەلیلی قبووڵ ناکەن..

نا بۆ زەلیلی

دەبێ کرێکارانی زیندانی هەفتە تەپە ئازادبکرێن.

بە دەیان هەزار لە کرێکارانی کۆریای باشوور دەست دەدەنە مانگرتن و خۆپیشاندان!

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، بە دەیان هەزار لە کرێکارانی کۆریای باکور دەستیان داوەتە مانگرتن و خۆپیشاندان لە سیۆڵی پایتەخت و ١٣ شاری تری کۆریای باشوور.

بەپێی ڕاگەندراوێکی کۆنفدراسیۆنی ئیتیحادیە کرێکاریەکان، ژمارەی بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانە مەزندە کراوە بە ١٦٠ هەزار کرێکار.

هەروەها دەوروبەری ١٠ هەزار کرێکار خۆیان گەیاندە بەردەمی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و شیعارو داواکاریەکانیان بەرزکردەوە.

ئەو خۆپیشاندانەی کرێکارانی کۆریای باشوور کە تەنها نیو ڕۆژی خایاند، لەبەر ئەوە بووە کە: ١- دەوڵەت پاشەکشەی کردووە لە چاکسازی لە بواری کارو سیاسەتێک کە لەبەرژەوەندی کرێکاراندایە ٢- لە بەرئەوە بووە کە دەوڵەت پێشنیاری کردووە بۆ ٥٢ کاتژمێر کارکردن لە هەفتەیەکدا ٣-  بۆئەوەی موون سەرۆکی ئەو وڵاتە بەڵێنەکانی بەرێتە سەر، کە لە کاتی هەڵبژاردندا دەیدان. بۆ نموونە سەرۆک دەیگوت کە کرێی سەعات کار لە ٧،٥٣٠ وەنەوە کە دەکاتە (٦ دۆلارو ٦٦ سەنت) بەرز دەکاتەوە بۆ ١٠ هەزار وەن کە دەکاتە ٨ دۆلارو ٨٥ سەنت ٤- هەروەها بۆئەوەی سەرۆک بڕیارێک دەربکات تاکو کرێکارە بە کاتی دامەزراوەکان بکرێنە کرێکاری هەمیشەیی و هەمان مافی کرێکارەکانی تریان هەبێت.

جێگەی باسە کە بە پێی قسەکەری کۆنفدراسیۆنی سەندیکا کرێکارییەکان کە بۆ الجەزیرە قسەی کردووە دەڵێت” لەوەتی موون بووەتە سەرۆک  سەرباری ئەوەش کە لە ١٦٪ ی لانی کەمی کرێی بەرزکردەوە بەڵام هێشتا سیاسەتی کار بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە “.

 

کرێکارانی ئەمازۆن شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندان بەڕێدەخەن!

بە پێی هەواڵێک کە لە پۆرتاڵی یو ئێن ئای گڵۆبەڵ یونیەن دا کە پۆرتاڵی سەندیکای کرێکاری جیهانیە بڵاو کراوەتەوە، کرێکارانی ئەمازۆن مانیانگرت.

لە هەفتەی بلاک فرایدەی دا، کرێکارانی ئەمازۆن لە زۆرێک لە وڵاتانی کیشوەری ئەوروپادا دەستیان دایە بەڕێخستنی شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و مانگرتن.

ئەو شەپۆلی مانگرتنە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتالیا و بەریتانیای گرتەوە.

کرێکارەکان دەڵێن ئیتر نابێت بابەتی ” لە دووەم ڕۆژدا کەل و پەلەکان دەگەن” ببێتە مایەی سەرئێشە و مەینەتی هەتاهەتایی کە کرێکارانی ئەمازۆن پێیەوە بناڵێنن.

ئەو کرێکارانەی ئەمازۆن لە ٢٣-١١دا ئەو مانگرتنەیان دەست پێکرد و بە هەزارانیان چوونە بەردەمی سەنتەرەکانی کۆمپانیای ئەمازۆن. جێگەی باسە کە لە ڕۆژێکدا ئەو مانگرتنەیان دەست پێکرد کە بە پڕفرۆشترین ڕۆژ دادەنرێت بۆ کۆمپانیای ئەمازۆن. ئەمەش نیگەرانیەکی زۆری بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو کۆمپانیایە دروست کرد. هەروەها بە لێدانێکی توندیش دەژمێرێردرێت لە سەرمایەی ئەو کۆمپانیایە.

کرێکارەکان بۆیە ئەو مانگرتن و خۆپیشاندانەیان ڕاگەیاند؛ چونکە بۆماوەیەکی زۆر دەبێت کە لە بارودۆخێکی وادان کە ڕێک پێچەوانەی یاساکانی سەندیکای کرێکارانە. بۆ نموونە کرێکارەکان دەخرێنە ژێر فشاری زۆرەوە بۆئەوەی لە کەمترین ماوەدا زۆرترین کاڵاو کەل و پەل بفرۆشن. یاخود کرێکاران ڕووبەڕووی سزادان و مەترسیەکانی سەرکار دەبنەوە لە کاتی کارکردنیان، ئەمەش دوژمنایەتیەکی ڕاستەوخۆی یاسای ئیتیحادیەی کرێکارەکانە.

دەسەڵاتدارانی کۆمپانیای ئەمازۆن ڕازی نین کە قسە لەسەر بارودۆخی کرێکارەکان بکرێت و قسە لەسەر ئەو مەترسیانە بکرێت کە کرێکارەکان تووشی دەبن. بۆیە مەترسیەکان وەک خۆیان بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و برینداربوونی کرێکارانیش هەر بەردەوامە.

 

کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا لە ژێر هەڕەشەدان و پشتگیریان پێویستە!

پەرلەمانی کەنەدا یاسای (گەڕانەوەی بۆسەرکاری) پەسەند کرد!!!

بە پێی هەواڵێک کە لە هەردوو ماڵپەڕی (مارکسیزیم وفایت باک) دا بڵاو کراوەتەوە، کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا پێویستیان بە پشتگیری هەیە.

یەکیەتی کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا(سی یو پی دەبلیو) کە دەوروبەری ٥٤ هەزار ئەندامی هەیە ،بڕیاری ئەوەی داوە کە مانگرتنەکانیان بکەنە دەوری. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە هەر جارەو هەر کاتەی لە شوێنێک و لە شارەکانی سەر بە پارێزگایەک مانگرتن ڕابگەیەنن. ئەمەش دەسەڵاتدارانی بە ڕاددەیەک نیگەران کردووە کە دەستیان بۆ یاسایەک بردووە کە ئیتر دەبێتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر کرێکارەکان و مانگرتنەکانیان. جێگەی باسە کە کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا لە ئۆکتۆبەری ٢٢ -٢٠١٨ وە دەستیان داوەتە مانگرتن و هەر جارەی لە شوێنێک دەست پێدەکەن.

حکومەتە لیبڕاڵەکەی تڕودۆ وا خەریکە دەست بۆسەپاندنی یاسایەک دەبات، لە بەرامبەر کرێکارانی پۆست و بەریدا ، کەبە ” یاسای گەڕانەوە بۆ سەر کار” دەناسرێت. بە پێی ئەو یاسایە ئیتر مانگرتنی کرێکارانی پۆست و بەرید بە کارێکی نایاسایی دادەنرێت.  بۆیە هەر کاتێک کە کرێکاران ملکەچی ئەو یاسایە نەبن سزای ئەنجامدانی کاری نایاساییان بەسەرا دەسەپێنرێت. ڕۆژی ٢٧/١١ پەرلەمانی کەنەدا ئەو یاسایەی پەسەند کرد و دەبێتە فشارێکی یاسایی بۆ گەڕانەوەی کرێکاران بۆسەرکار. بەڵام یەکێتیەکە لەهەوڵی ڕازی نەبوونە بەو یاسایە.

هەر لەو بارەوە قسەکەرانی یەکیەتی کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا دەڵێن: “هەر کاتێک کە مانگرتنی ئێمە کاریگەری دابنێت لەسەر دەسەڵاتداران، لە جیاتی ئەوەی کە داواکاریەکانمان جێبەجێ بکەن دێن یاسای نایاسایی بوونی مانگرتن لە دژی ئێمەی کرێکار دەر دەکەن”.

هەر بۆیەش ئەو سەندیکایە پێی وایە کە کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا پێویستیان بە هاوکاری و پشتگیری لەدەرەوەی خۆیان هەیە تاکو دەری بخەن کە ئەوان بە تەنیا نین.

کرێکارەکان دەڵێن کە هۆی سەرەکی ئەو مانگرتنانەیان بریتیە لەوەی کە جیاوازی هەیە لە کرێی ناو شارو دەرەوەی شارو شوێنە لاچەپ و لادێکان. کە دەیانەوێت وەک یەکی لێبکەن. جێگەی باسە کە کرێکارانی شوێنە چەپەک و لادێکان زیاتر لە کرێکاری ژن پێک هاتوون و کرێی کاریشیان کەمترە لەهی ناو شارەکان، هەروەها هۆیەکی تریش ئەوەیە کە لە ئەنجامی کاری زۆرو سەعات کاری زۆر کە سەپێنراوە بەسەر کرێکارەندا زۆریان توووشی بریندار بوون دەبن. ئامارێک دەری خستووە کە لە هەر ٤ کرێکارێک ١ کرێکار ساڵانە تووشی بریندار بوون دەبێت. ئەمەش وای کردووە قەیرانێک لەوبارەوە دروست ببێت لە ناو ئەو سێکتەرەدا.

تێبینی : فایت باک ڕێکراوێکی شۆڕشگێڕانەی مارکسیستیەو لە کەنەدا دامەزراوە، بەڵام لقێکە لە بزووتنەوەی مارکسیستی جیهانی. کار دەکات بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە بە کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی. کاری ئێستاو گرنگ و دەستبەجێی بریتیە لە پێگەیاندن و چەکدارکردنی نەوەی تازە بە ئەدەبیاتی ڕەسەنی مارکسیستی. هەر بۆیەش ئێستا زیاتر چالاکی و کارەکانی لە نێو زانکۆ و خوێندکارانی زانکۆدا دەنگی داوەتەوە.

تێبینی: ئەم هەواڵەی سەرەوە لە ٢٣-١١ دا بڵاوکراوەتەوە بەڵام لە ٢٦-١١هەواڵێکی تر لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکراوەتەوە لە ماڵپەڕی گڵۆبەڵ نیوز دا کە بەپێی ئەو هەواڵە یەکیەتی کرێکارانی پۆست و بەرید کەوتۆتە هەڕەشەکردن لە ئەندامەکانی خۆی. بەو پێیە بێت ئێستا کرێکارانی پۆست و بەرید کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی هەم سەرەوەی یەکیەتیەکەیان و هەمیش دەسەڵاتدارانی حکومی لە پۆست و بەریدا. هەواڵە تازەکە دەڵێت:” یەکیەتی کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا هەڕەشەی دەرکردن لە یەکیەتی لە ئەندامەکانی خۆی دەکات کە ئەگەر بێت و ڕازی بن بە زێدەکاری لە ڕۆژانی مانگرتندا” هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە ئێستا مانگرتنی کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا مانگرتنەکانیان کردۆتە دەوری. واتە هەر جارەو هەر ڕۆژەی لە شوێنێک، ئا لێرەدا دەسەڵاتداران دەیانەوێت بۆشاییەکانی کارکردن بە کرێکاران خۆیان پڕ بکەنەوە. بەمەش دەبێت کرێکاران زێدەکاری بکەن. ئا لێرەدا یەکیەتی کرێکاران ڕوو دەکاتە ئەندامەکانی دەڵێ: ئێمە ئەو مانگرتنەمان کە کردۆتە دەوری وەک تاکتیک بەکاری دەهێنین و هەر کەسێکیش ڕازی… بێت بە زێدەکاری ئەوە دژی تاکتیکی کارکردنی یەکیەتیەکەیە و بەم کارەشی لە کاریگەری مانگرتنەکان کەم دەکاتەوە. بۆیە ئێمە دەری دەکەین و ئیتر ئەندامی ئێمە نابێت.

Canada Workers’ Struggles Solidarity Appeals

 

کرێکاران و ستافی گەورەترین هێڵی ئاسمانی ئەڕجەنتین مانگرتن و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

ماڵپەڕی (بلووم بێڕگ)هەواڵێکی مانگرتنی کرێکاران و ستافی گەورەترین هێڵی ئاسمانی ئەرجەنتینی بڵاوکردەوە. بە پێی ئەم هەواڵە کرێکارانی هێڵی ئاسمانی ئێڕۆلاینز ئەڕجەنتیناس ڕۆژی ٢٦، ٢٧ی مانگی ١١ تەواوی گەشتەکانیان وەستاند و ڕێگەیان نەدا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس گەشت بکات.

هۆی ئەو مانگرتنە ناڕازی بوونی کرێکاران و ستافی ئەو هێڵە ئاسمانیە بوو لە بەرامبەر ئامادەکاری دەوڵەتی ئەڕجەنتین بۆ پێشوازیکردن لە سەرانی دەوڵەتانی(جی ٢٠) کە دۆناڵد تڕەمپ یەکێک دەبێت لەو سەرکردانە. هەروەها بۆ ئەوەش بوو کە هەقدەست و مووچەکانیان باشتر بکرێت و ڕێگەش نەدرێت بە پێشبڕکێیەک کە ببێتە هۆی دابەزاندنی هەقدەست و مووچە.

جێگەی باسە کە لەسەرەتای مانگی ١١وە زیاتر لە ٦ سەد گەشت لەو هێڵە ئاسمانیەوە ڕاگیراو هەروەها تەنها لە دوو ڕۆژی ٢٦، ٢٧ ی ١١ دا ٣٧١ گەشتی ئاسمانی لەو هێڵە ئاسمانیەوە ڕاگیرا. لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی هێڵی سەب وەی و پاسەکانی خزمەتگوزاری ڕاگیران.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی؛ هەڕەشە لە تونس دەکات بە فرۆشتنی ئەو وڵاتە لە هەراجی ئاشکرادا ئەگەر حکومەت ملکەچی داواکاری خۆپیشاندەران بکات!!!

سندوقی دروای نێودەوڵەتی هەڕەشەی لە تونس کردووە و دەیخاتە هەراجی ئاشکراوە، ئەوە ئەگەرحکومەت ملکەچی داواکاریەکانی فەرمانبەرانی مانگرتوو بێت لە زیادکردنی مووچەکانیان.

بەڕێوەبەری گشتی سندوق ( کرستینا لاگارد) گووتی” ئەو دەزگایەی ئێمە ڕێکخراوی خێرخوازی نییە” و ئاماژەی بەحکومەتدا کە ئەگەر توانای دانەوەی سەروخواری قەرزەکانی نییە و دەرۆزە دەکات. یان توانای توندکردنەوە و سکهەلکوشینی هاونیشتمانیان و پشتگوێخستنی خزمەتگوزاریەکانی نییە، و توانای نییە کە ببێتە بارمتەی وڵاتانی کە قەرزیان پێداوە”.

کرستینا هۆشداری حکومەتی تونسیدا بەوەی کە چاوێک بکەین لە داواکاری فەرمانبەران “ئەمڕۆ داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن، بەبێ ئیعتباردانان بۆ سوودی ئەو قەرزەی کە لەسەریانە، سبەینێش خۆپیشاندان دەکەن لەدژی دانەوەی قەرزەکانمان”. باشترە ئەمڕۆ هەر ٦٥٠ هەزار خۆپیشاندەرەکان دەربکرێن، بۆئەوەی پاشەکەوتێک بکەن بۆ دانەوەی بەشێک لەو پارەیەی کە پێویستە بیگەڕێننەوە بۆ ئێمە.!!! بەمجۆرە دەرسێکیان دەدەن، کە لەداهاتوودا دژ بە ڕێنوێنیەکانمان نەوەستنەوە.

کرستینا داوای لە تونسیەکان کرد؛ کە وازبێنن لە داواکاریەکانیان و بگەڕێنەوە هۆش خۆیان و سەرکارەکانیان بۆئەوەی ئەو پارەیەی لەسەریانە بیدەنەوە بە سندوق. “ئەگەر بە مووچەکانتان ڕازی نین لەئێستادا بۆ گوزەرانتان، ئەوا سبەی کە وڵاتەکەتانمان بە بارمتە گرت، ئەو مووچەیەش نابێت، ئەو خانوەش نابیننەوە کە ئێستا لێی دانیشتوون مانی تێدادەگرن. ئەو شەقامەش نابیننەوە کە خۆپیشاندانی تێدا دەکەن. ئاواتەخواز دەبن لە وڵاتدا بمێننەوە وەک کۆیلە لەلامان”!!!

 

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤١ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *