چەند هەواڵی جۆراوجۆری کوردستان بخوێننەوە…

پێویستە دەست بەجێ سەرجەم گیراوەکانی بادینان ئازاد بکرێن، ئەم دۆسیەیە گەیشتە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا

زیاتر لە مانگێک بەسەر خۆپیشاندانی نارەزایەتی جەماوەری شیلادزی و بادینان تێپەری بەدژی ملهوری و بنکەکانی سوپای دەوڵەتی فاشیستی تورکیادا. بەدوای خۆپیشاندانەکە هێزەکانی پارتی ژمارەیەک خۆپیشاندەرو هەڵسوڕاوی دەستگیر کرد و هەمان تۆمەتی رژێمی لە گۆڕنراوی بەعسی” خیانەتی نیشتیمانی” خستە پاڵیان و بەهەمان مادە و یاسای بەعسیش، تۆمەتبار کران. لەو چەند ڕۆژەدا ژمارەیەک لەو خۆپێشاندەرو چالاکوانانە بە کەفالەت!! ئازاد کراون… بەڵام هێشتا ژمارەیەکیان ئازاد نەکراون لە زیندانەکانی پارتیدا راگیراون. ئەم هەڵسوڕاو و خۆپیشاندەرانە تەنها بەو هۆیەوە دەستگیر کراون کە پەتی سەبریان بەرامبەر بە داگیرکاری و ملهوری سوپاو هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا پچرا، کە رۆژانە خەڵکی سفیلی ناوچەکەی دەکردە قوربانی. خۆپێشاندانیان وەڕێخست و بە ئیرادەی خۆیان توانیان یەکێک لە بنکەکانی ئەو سوپاو بنکە لەچەک هەڵکێشراوە، دەست بەسەرابگرن و نیشانی بدەن، کە دەتوانن بە هێزی خۆیان، ئاودیوی تورکیایان بکەنەوە… لەبەرامبەردا پارتی کە ئوڵفەتی بە کرێگرتەیی گرتووە، لە جیاتی سنور دانان و ڕیگری کردن لە سوپای تورکیا و داوکردنی کە لەکوردستان بڕۆنە دەرەوە، وە لەجیاتی ئیدانەی روون و ئاشکرای دەستێوەردانی هیزەکانی تورکیا لە کوردستای عێراقدا، کەوتنە دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوان و خۆپیشاندەران، کە تا ئێستا و بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ پێنج کەسیان ئازاد نەکراون… لەچوارچیوەی هەوڵ و گوشارەکان بۆ ئازادکردنی سەرجەم دەستگیر کراوەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات شاندێکی رێکخراوی 17Shubat  بۆ مافەکانی مرۆڤ چاوی کەوتووە بە پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا “بۆدیل ڤالێرۆ” کە هەڵبژێردراوی پارتی ژینگەی سويد لەپەرلەمانی ئەورپا، کەتیادا باسی پێشلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەکوردستان بەگشتی و کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان بەتایبەت کراوە.
هەر له کۆبوونەوەکەدا بۆدیل بەلێنی داوە بەدوا داچوون بکات بە هاوبەشی لەگەڵ دیسکی عیراق لەسەر کەیسی زیندانی کراوان و پێشلکارییەکان.

لە کاتێکدا کە جەماوەری ئازادیخوازو پیشکەوتنخوازی کوردستان و دەرەوەی وڵات پێویستە گوشارو چالاکیەکانیان بۆ ئازادکردنی سەرجەم زیندانییەکان پەرەپێبدەن، هاوکات پێویستە خواستی چوونە دەرەوەی سەرجەم و سوپاو بنکەو بارەگا سەربازی و جاسوسیەکانی رژیمی تورکیا بەدەستەوە بگرن.

قوربانیانی توندوتیژی و نامووسپەرستی

* بەرواری ٢٤ی فێبریوەری ژنێکی سەرو تەمەن ٦٠ ساڵ، بەناوی” م، ع”لە گەرەکی شەهیدانی ئازادی لە شاری سلێمانی لە رێگای چەقۆ لە خۆدانەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە… دەوترێت پەڕاو بۆ دۆسیەکەی کراوەتەوە…

* بەرواری٢٤ فیریوەری کچیک بەناوی” ک،ئ،م” تەمەن ٢١ ساڵ لە گوندی” خەربەندەلو” سەر بە قەزای چەمچەماک لەرێگای چەکەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.. دەوترێت پەڕاو بۆ دۆسیەکەی کراوەتەوە…

* بەرواری ٢٣ی فیبریوەری ژنیك بەناوی “خ، گ” لە یەکێک لە ئاواییەکانی سەدەشت بەناوی “نەڵاس” لە رێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە…

* بەرواری ١٨ی فێوریەی ٢٠١٩)، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵی بە ناوی ”ز، ئ “ کە خەڵکی بەخشی ”پەهلە“ سە ربە شاری دێهلۆڕانی پارێزگای  ئیلام بووە، لە رێگای چەکەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

* بەرواری ١٧/٢/٢٠١٩ کچێکی خوێندکاری دوا قۆناغی زانکۆ بەناوی”ب،م،س” لەگەرەکی شەهیدانی زەرگەتەی زەرگەتەی شاری سلێمانی لەڕیگای چەکەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا…

* بەرواری ١٦/٢/٢٠١٩ ژنێکی تر بەناوی” ڕ، ع، ع” تەمەن ٢٠ ساڵە، بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی دەست دەبات بۆ خۆسوتاندن کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا…

* هەروەها ئێوارەی ١٥ی ئەم مانگە ژنێکی گەنج بەناوی ” ش”، لە شارەدێی بازیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە فیشەکی تاپڕ کوژراوە، لەوبارەیەوە بنەماڵەکەی ڕایان گەیاندووە، کە “خۆی خۆی کوشتووە”

* بەرواری ١٧ بیبریوەری کچییک بەناوی لیندا تەمەن بیست ساڵ لەلایەن باوکییەوە لەشاری مهاباد بەتاوانی!! خۆشەویستی کوژراوە..

* بەرواری ١٩ فێبریوەری، ژنێک “ه، ‌ئ، ع” ٣٠ ساڵە لە حاجیاوای سەر بە ئیدارەی راپەرین، بە سوتاوی گەیەنراوەتە خەستەخانە لە شاری سلێمانی و کە ٩٠% جەستەی سوتاوە.

پرۆژەی دزی دوای مام، بۆ مام و بنەماڵە

 بەرواری ٢٢ی فێبریوەری و لەمەراسیمێکی تایبەتدا، لەهۆڵی سینەمایی یەڵماز گۆنای لە مۆزەخانەی ئەمنە سورەکە، پڕۆژەی “ماڵی مام” ڕاگەیەنرا… ئەم پڕۆژەیە کەلەسەر پانتایی ٨٠ دۆنم زەوی بنیات دەنرێت، بڕی ٧٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە…

لە کاتێکدا سەرانی حزبەکانی بزوتنەوەی کورداتی، لە ڕیگای دەست بەرسەراگرتنی بازار و کایەکانی بەرهەم هێنان و وەبەرهینان و بازرگانیدا، وە لەدەست بەسەراگرتنی چەندین کێڵگەی نەوتدا، بە ئاشکرا داهاتی خەڵکی کوردستان دەدزن و فەرهودی دەکەن، وە لە کاتێکدا کە لە ژیاندا، ژیانی کۆشکنشینی فیرعەونی بۆ خۆیان و خانەوادەیان زامن دەکەن، لە دوای مردنیشیان ڕێرەوی تاڵانی و بە فیرۆدانی داهاتی کوردستان، دەست لێ هەڵناگرن و لەژێر ناوی جۆراوجۆرو بە پیرۆز ڕاگرتن و بە پیرۆزکردنی رەمزە حزبیەکان و کەسایەتیەکانیاندا، داهات و سامانی کوردستان لوش دەدەن. ئەم پرۆژەیەی ماڵی مام… یەکێک لەو پڕۆژانەیە.

پرۆژەکانی هاوڵاتیان، وێران دەکەن، هەرزان فرۆش دەکەن، گوێی پێنادەن، کەچی پرۆژەی ماڵی مام و کاک و جەنەراڵەکان!! و گڵکۆکانیان… لەسەر داهاتی هاوڵاتیان و بە گوژمەی دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار بڕیار لێ دەدەن… ئەوە لە کاتێکدایە کە بەدەیان هەزار خێزان، شوێنی حەوانەوەی پێویستیان نییە، بەدەیان هەزار خێزان وێڵی ١٠٠ مەتر زەوین بۆ خانوو دروستکردن. هێشتا کەمی قوتابخانە و خەستەخانەو خزمەتگوزارییەکان، لە ڕاستییە ئاشکراو بەرچاوەکانن. لەدڵی هەلومەرجێکی هەرە نەخوازاودا کە کریکاران و موچەخۆران و فەرمانبەران تیایدا ژیان دەگوزەرێنن، کەچی بۆ بەپیرۆزراگرتن و بۆ بەخواکردنی سەرکردە حزبییەکانیان، بۆ داتاشینی میژووی بە درۆ نوسراو، میژوو سازی ساختە، دەست دەنێنە قوت و داهاتی خەڵکی کوردستانەوە، کە لەژێر سایەی هەر ئەو جەنابانەدا، توشی ئەو هەموو نەبوونی بێدرەتانی و برسێتی و بێ مافییە بوون… پرۆژەی ماڵی مام، پرۆژەی درێژە دانە بە داکەتاندنی گیرفانی هەژاران، بەشێکە لە تاڵانییەکی ئاشکرا، لە کاتێکدا هاوڵاتیان بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن. پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو پرۆژەیە، بەناوی پرۆژەی دزی دوای مام، بۆ مام، ناو بنێن و لەلیستی دزیی نەوت و بازار و داهاتی کوردستاندا تۆماری بکەن.

تێبینی: ئەم بابەتانە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *