فەزای سەرکوت دژی هەڵسوڕاوانی (نەوەی نوێ) سەرکۆنە دەکەین! …

ماوەی چەند رۆژێکە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کەمپینێكی هەڵکوتانەسەر ئۆفیسەکانی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) یان دەستپێکردوە، بەمەبەستی دەستگیرکردنی ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوان و ئەندامانی بزووتنەوەکەو تائێستاش ژمارەیەکیان دەستگیرکراون. هۆکاری ئەم هەڵکوتانەسەر و دەستگیرکردنانە گوایە لەسەر داوای دادوەرەو پەیوەندی بە هەڕەشەی ناوزڕاندنەوە هەیە.

ئێمە لە کاتێکدا هەرجۆرە هەڕەشەو فشارو ناوزڕاندنێك دژی هەر کەس و هەر لایەنێکی سیاسی، لەلایەن هەر کەس و لایەنێكەوە ئەنجام بدرێ، بە تاوان هەژمار دەکەین و دەبێ لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێ، بەڵام هاوکات رایدەگەیەنین کە نابێ تۆمەتبار بەمەبەستی لێکۆڵینەوە دەستگیرو زیندانی بکرێ تا تۆمەتەکەی لەلایەن دادگاوە لەسەر ساغ دەبێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوەی ئاسایشی سلێمانی لە دژی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) دەیکات کەڵك وەرگرتنە لەو کەیسە بە مەبەستی سەرکوتکردنی نەیاران و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی خۆیان و بەرتەسك کردنەوەی ئازادیە سیاسیەکان، دەنا چەندین تۆمەتباری دیکەی ناو حزبە دەسەڵاتدارەکان هەن کە نەك دەستگیرنەکراون بگرە بانگیش نەکراون بۆ دادگا.

پێویستە دەزگای دادوەری کوردستان و سلێمانی بەڵگەکان سەبارەت بە تێوەگلانی هەر کەسێك لەناو (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) دا لە تاوانی (هەڕەشەی ناوزڕاندن) دوور لە بارگاویکردنی سیاسی و بەشێوەی یاسایی مامەڵە بکات، بەشێوەیەکی عادیلانەو بە ڕەچاوکردنی هەموو پێوانە جیهانیەکان بۆ پاراستنی مافی ( تۆمەتبار). دەبێ تۆمەتبار وەکو بێتاوان مامەڵە بکرێ تا ئەوکاتەی تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە. پیویستە تۆمەتباران دەستیان بە هەموو هۆکارەکانی بەرگریکردن لەخۆیان بگات. لەغەیری ئەوەدا هەرجۆرە دادگایی کردنێکی هەر کەسێك و هەر هەڵسوڕاوێکی نەوەی نوێ، دەچێتە خانەی سەرکوت و زیندانی سیاسی و مایەی قبوڵکردن  نیە لەلایەن جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانەوە.

 حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٧/٥/٢٠١٩

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *